جیاوازی نێوان هەردوو ڕەگەز لە تەمەنی کۆرپەلە و دوای لەدایکبوون

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-04-11:52:00 - کۆدی بابەت: 4132
جیاوازی نێوان هەردوو ڕەگەز لە تەمەنی کۆرپەلە و دوای لەدایکبوون
جەستەی مرۆڤ

لە تەمەنی کۆرپەلە ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە هەردوو ڕەگەز یەکسانە بەڵام ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە کۆرپەلەی نێرینە زیاترە لە مێینە

ناوه‌ڕۆك

جیاوازی نێوان هەردوو ڕەگەز

پاش ئەوەی کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا دەگاتە تەمەنی ١٠ هەفتە ئاستی هۆرمۆنەکانی هاندەری چیکڵدانە و هاندەری زەردەتەن زیاد دەکەن لەناو خوێن و هانی گەشەی کۆئەندامی زاوزێی کۆرپەلە دەدەن.

كاریگەری هۆڕمۆنەكان

لە تەمەنی کۆرپەلە ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە هەردوو ڕەگەز یەکسانە بەڵام ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە کۆرپەلەی نێرینە زیاترە لە مێینە، کەواتە هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن زۆر پێویستە بۆ جیاکردنەوەی نێرینە، لە بەرامبەر ئەوەش هۆرمۆنەکانی هێلکەدان(واتە مێینە) زەرووری نیە بۆ جیاکردنەوەی مێینە، هەروەک باسمان کرد کەوا هۆرمۆنی نێرینە (تێستۆستیرۆن) جۆری ڕەگەز دیاری دەکات، لە هەموو تەمەنی کۆرپەلەدا ئاستی هۆرمۆنی هاندەری چیکڵدانەFSH لە کۆرپەلەی مێیە زیاترە لە کۆرپەلەی نێرە، هەروەها بە هەمان شێوە لە گشت ساڵانی تەمەنی منداڵیدا، لەدوای لەدایکبوون بەچەند هەفتەیەک ئاستی هەردوو هۆرمۆنی FSH و LH زۆر بەرز دەبێتەوە، بە ڕێژەیەک لە هەموو تەمەنی منداڵیدا ناگات بە ئەو ئاستە، هەردەم ئاستی ئەو دوو هۆرمۆنە لە منداڵی مێینە بەرزترە لە منداڵی نێرینە، بۆیە زووتر گەشە دەکات و باڵغ دەبێت.

١-کۆرپەلەی نێرینە ماوەی ٣-٥ ڕۆژ زیاتر دەمێنێتەوە لەناو سکی دایکیدا لە کۆرپەلەی مێینە، دوای لە دایکبوون کۆرپەلەی نێرینە زووتر گەشە دەکات تاوەکو ٧مانگی یەکەم، پاشان مێینە زووتر و زیاتر گەشە دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی چوارەمی تەمەن.

٢-ڕێژەی لەدایکبوونی کۆرپەلەی نێرینە بە ٪٥ زیاترە لە مێینە، بەڵام ڕێژەکە یەکسان دەبێت کاتێک گەیشتنە تەمەنی هەرزەکاری، ئەو ڕێژە زیادەیە باوە لە زۆربەی کۆمەڵگەکان، بەوەی بەرامبەر هەر ١٠٠ مێینەیەک ١٠٥ نێرینە لەدایک دەبێت، ئەوەش واتای ئەوەیە کەوا توانای پیتێنی سپێرمی هەڵگری کڕۆمۆسۆمی نیشانەی Y زیاترە لە توانای کرۆمۆسۆمی نیشانەی X.

٣-ڕێژەی مردنی نێرینە زیاترە لە مێینە لە هەموو قۆناغەکانی ژیان پاش تەمەنی پێگەشتن، دەگاتە ١/٢ بۆیە دەبینین ژمارەی مێینە زیاترە لە نێرینە لە هەموو کۆمەڵگاکان بەبێ جیاوازی.

٤-کاتی لەدایک بوون، نێرینە درێژترە لە مێینە بە 5 بۆ 10 سم و کێشەکەشی ١٠٠-١٥٠ گرامی زیاترە، ئەم جیاوازیە دەمێنێت تاوەکو کۆتایی ژیان، بەرەی نێرینە درێژتر و قورسترن لە مێینە.

٥-لە کۆرپەلەی تازە لەدایکبوو بڕی چەوری لە مێینە زیاترە وەک لە نێرینە بەتایبەتی ناوچەی حەوز و ژێر پێست، هەروەها ئەو جیاوازیە بەدی دەکرێت لە تەمەنی هەرزەکاری و پێگەشتوویدا، چونکە نێرینە ڕێژەیەک چەوری وون دەکات لە تەمەنی پێگەشتندا، بەڵام لەلایەکی ترەوە بارستەی ماسولکەکانی گەورەتر دەبێت، بەمەش بەشێوەیەکی گشتی کێشی نێرینە لە مێینە زیاترە لەو تەمەنە.

٦- پەیوەندی نێوان هۆرمۆنەکانی دایک و کۆرپەلەی مێینە توندە، هەر ئەوەشە وای کردووە کە رێژەی مردنی کۆرپەلە لەناو منداڵدان، تووشبوون بەنەخۆشیە زگماکیەکان و مردنی دوای لەدایکبوون هەموویان لە مێینەدا کەمترە بە بەراورد لەگەڵ نێرینە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی لەدایکبوونی نێرینە زیاترە لە مێینە هەروەک باسمان کرد.

٧-توانای ووزە بەرهەم هێنان و چالاکی لە نێرینەدا زیاترە هەر لە تەمەنی منداڵیەوە تاوەکو پیری، لەبەر جیاوازی نێوان دڵ و سییەکان و خوێن، هەروەها کاریگەری هۆرمۆنی نێرینە کە تێستۆستیرۆنە، ئەمە لە لایەکەوە لە لایەکی تریشەوە دەبینین مێینە زووتر ددان دەردەکات و ئێسکەکانی زووتر گەشە دەکەن، زووتر دەتوانن دانیشن و دەست بەڕۆشتن بکەن، تاوەکو هەرچی زووترە بگەن بە تەمەنی زاوزێ، چونکە بەهەر شێوەیەک بێت لە ٤٥-٥٥ تێپەڕ ناکات.

بەم شێوەیە دەبینین لە ڕووی جەستەیی یەوە نێرینە و مێینە جیاوازن لە قۆناغە جیاجیاکانی تەمەنیاندا.


سەرچاوەکان



927 بینین