سوودەکانی منداڵبوونی سروشتی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-13-16:58:00 - کۆدی بابەت: 4462
سوودەکانی منداڵبوونی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

منداڵبوونی سروشتی

هەر بەو ناوەیدا کە هەیەتی بەتەواوی ڕوونە کە دەکرێت باشترین هەڵبژاردن بێت بۆ منداڵبوون، هەرگیز ڕێگایەک کە سروشتی بێت ناتوانێت بێتە هۆی هەندێک نیشانەی خراپ.

منداڵبوونی سروشتی ڕاستە کە ئازارێکی زۆری هەیە بۆ دایکان بەڵام سوودی زۆری هەیە بۆیە لە نەشتەرگەری پێمان باشترە.

سوودەکانی منداڵبوونی سروشتی چییە بۆ ژنان؟

جەستەی ئافرەتان بە جۆرێکە کە بتوانێت بە ئاسانی ڕێگاکانی منداڵبوونی سروشتی تێپەڕێنێت، هەروەک دەوترێت منداڵبوونی سروشتی یەکێکە لەڕێگا زۆر باشەکان کە زیانی نییە بۆ دایکەکە، بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە دایکان لەبەر ترس لە ژانی منداڵبوونی سروشتی ڕەتدەکەنەوە و پەنا دەبنە بەر منداڵبوون بە نەشتەرگەری.

سوودەكانی ئەم جۆرە منداڵبوونەش بریتیین لە :

١- زوو چاکبوونەوەی دایکەکە دوای منداڵبوونی سروشتی:

یەکەمین سوودی منداڵبوونی سروشتی ئەوەیە کە جەستەی دایکەکە دەستکاری ناکرێت، لە نەشتەرگەریدا سکی دەدڕن کە لەوانەیە دواتر ببێتە نیشانەی خراپ بۆی و کاریگەری هەبێت، وەک هەوکردنی برین و مانەوەی شوێنەواری برینەکە لەسەر پێست و هتد...
دوای منداڵبوونی سروشتی جەستە زۆر زوو چاکدەبێتەوە و دایکەکە زووتر هەڵدەستێتتەوە، بەتایبەت ئەو برینانەی کە لە دامێندا دروستبوون یاخود لەناوەوەی منداڵداندا زۆر زوو چاکدەبنەوە و دەگەڕێنەوە باری ئاساییان.

٢- ڕێژەی خوێنبەربوون کەمترە لەکاتی منداڵبوونی سروشتیدا:

خوێنبەربوونی دایک لە منداڵبوونی سروشتیدا نیوەی خوێنبەربوونی منداڵبوونە بە نەشتەرگەری، خوێنبەربوون زیانی زۆر دەدات لە جەستە و جەستەی ئافرەتەکە لاواز دەبێت، کەواتە تەواوی هەوڵمان دەبێت بۆ ئەوە بێت کە نەشتەرگەری منداڵبوون کەم بکەینەوە.

٣- کەمبوونەوەی کێشەکانی هەناسەدانی منداڵەکە:

تێپەڕبوون بە منداڵبوونی سروشتیدا بۆ مندڵەکە زۆر پێویستە، بەو هۆکارەی کە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەو فشارەی کە دەکەوێتە سەر منداڵەکە لەکاتی لەدایکبوونیدا بەڕێگەی سروشتی زۆر باشە بۆ هەناسەدانی، چونکە شلەیەک لە سییەکانی منداڵەکەوە دێتە دەرەوە و دەبێتە هۆی ئاسانکردنی هەناسەدانی منداڵەکە.

٤- ئاسانی لە پێدانی شیردا:

ئەو گرژبوونەی کە لە منداڵداندا ڕوودەدات زۆر سودبەخشە بۆ دایکەکە، چونکە هەندێک هۆڕمۆن هان دەدات کە کار دەکاتە سەر شیردانی دایکەکە، ئەو ئافرەتەی کە نەشەرگەری منداڵبوون ئەنجام دەدات چونکە سڕ کراوە و سڕکردنی بۆ ئەنجام دراوە خێرا دوای منداڵبوونەکەی ناتوانێت شیر بدات بە منداڵەکەی.

٥- هۆشی زیاتری دایکەکە کاتی منداڵبوون و چێژ بینین لە ساتی هاتنە دەرەوەی منداڵەکەو بینینی:

لەگەڵ ئەوەی کە ژنان لەکاتی منداڵبووندا ئازارێکی زۆر دەچێژن، بەڵام زۆر جار شایەتی ئەو ڕاستییە بووین کە ژنانێکی زۆر منداڵبوونی خۆیان بە یادگاریەکی زۆر خۆش و بەچێژ باسدەکەن، چونکە لە تەواوی کاتی منداڵبوونەکەدا بەتەواوی بە ئاگا بووە و ساتی هاتنە دەرەوەی منداڵەکەی بینیووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو  ژنانەی نەشتەرگەری دەکەن لە کاتی نەشتەرگەریەکەدا بەتەواوەتی بێهۆشن و هیچ ئاگایان لە منداڵبوونەکە نییە.

بەراوردی نیشانەكانی منداڵ بوون

نیشانەکانی منداڵبوون بە نەشتەرگەری بەرامبەر بە منداڵبوونی سروشتی:

نەشتەرگەری منداڵبوون نەشتەرگەریەکی تەواو گەورەیە، کە کێشە و نیشانەی زۆری بەدواوەیە وەک: 

١- دایکەکە ئازارێکی زیاتری دەبێت دوای منداڵبوونەکەی.

٢- نەلکانەوەی نەوەوەی سک کە یەکێکە لە نیشانە باوەکان کە لە دوای نەشتەرگەری منداڵبوون دروست دەبێت بەڵام دوای منداڵبوونی سروشتی نا

٣- دوای نەشتەرگەری ئافرەتەکە پێویستی بە چاودێری زیاترە تا زوو چاککبێتەوە

کەسێک کە ئازار و ژانی منداڵبونی سروشتیش دەچێژێت و بەڵام ناتوانێت منداڵەکەی بەڕێگای سروشتی ببێت ئیتر بە هەر هۆکارێک بێت و بە نەشتەرگەری دەیبێت، پلەیەک لەپێش ئەو کەسەوەیە کە بەبێ ئازار و ژان نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.


سەرچاوەکان



52016 بینین