ناوهڕۆك
چۆنیەتی دروستکردنی کارەبا لە موگناتیسەوە
پاش ئەوەی ئۆرستد دۆزیەوە کە تەزووی کارەبا دەتوانێت بواری موگناتیسی پێک بهێنێت ئەمە وای لە زاناکان کرد کە بیر لەوە بکەنەوە کە تەزووی کارەبا دروست بکەن، بە هۆی بواری موگناتیسیەوەم تا لە ساڵی ١٨٣١ دا هەردوو زانا بە جیاجیا مایکڵ فارادای لە ئینگلتەرا و جۆزیف هێنری لە ئەمریکا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە تەزووی کارەبا دروست بکەن، هەرچەندە هێنری یەکەم کەس بوو ئەو کارەی ئەنجام دا بەڵام ئەنجامەکانی فارادای زۆر ڕوون و ئاشکراتر بوو.
زانا فارادای شتێکی زۆر گرنگی تێبینی کرد لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکەی لەسەر ئاڵقە کارۆموگناتیسیەکەدا، لە ساتی بەستنی تەلی موگناتیسە کارەباییەکە بە پاترییەکەوە نیشاندەری گەلڤانۆمیتەرەکە دەجووڵاو تێپەڕبوونی تەزووی کارەبایی نیشان دەدا، وە نیشاندەری گەلڤانۆمیتەرەکە دووبارە لای دەدا لە ساتی کردنەوەی موگناتیسە کارەباییەکە لە پاتریەکە، بەڵام لە کاتێکدا کە موگناتیسە کارەباکە بە شێوەیەکی بەردەوام دەبەسترا بە پاترییەکەوە گەلڤانۆمیتەرەکە هیچ لادانێکی نیشان نەدەدا بە مانای هیچ تەزوویەک دروست نەدەبوو. فارادای بۆی دەرکەوت تەزووی کارەبا بە کۆیلی دووەم تەنها کاتێک دروست دەبێت کە بوارە موگناتیسیەکە لە گۆڕاندا بێت، چونکە بوارەکە زیاد دەکات و نامێنێت کاتی داخستن و کردنەوەی سوڕی کۆیلی موگناتیسە کارەباکە، ئەو کرداری دروست بوونی تەزووی کارەبایە کە لە ئەنجامی گۆڕانی بواری موگناتیسەوە دروست دەبێت پێی دەوترێت هاندانی کارۆموگناتیسی یان کارۆموگنەکاری.
هاندانی کارۆموگناتیسی گرنگییەکی زۆری هەیە لە دروست بوونی وزەی کارەبادا، دینەمۆی کارەبایی ئامێرێکە هاندانی کارۆموگناتیسی بەکاردەهێنێت بۆ گۆڕانی وزەی میکانیکی بۆ وزەی کارەبایی.
ترانسفۆمەر
ئامێرێکی تر کە لەسەر بنچینەی هاندانی کارۆموگناتیسی کاردەکات بریتییە لە ترانسفۆرمەر، ترانسفۆرمەر جیاوازی ئەرکی تەزووی گۆڕاو بەرز یان نزم دەکاتەوە ترانسفۆرمەری سادە پێکهاتووە لە دوو کۆیل لە تەلی هەڵکراو لەسەر ئەڵقەیەکی ئاسنی داخراو، کۆیلی یەکەمیان (سەرەتایی) دەبسەترێت بە سەرچاوەیەکی وزەی تەزووی گۆڕاوەوە، ئەم تەزووە ئەڵقە ئاسنینەکە دەکات بە موگناتیسێکی کارەبایی، بوارە موگناتیسەکەی موگناتیسی کارەباییەکە بە شێوەیەکی بەردەوام لە گۆڕاندا دەبێت لەگەڵ هەر گۆڕانێکی ئاڕاسەی تەزووە کارەباکە، ناووکە ئاسنینەکەی ترانسفۆرمەرەکە ئەو بوارە موگناتیسیە گۆڕاوە دەگوێزێتەوە بۆ کۆیلی دووەم (ناوەندی) و جیاوازییەکەی ئەرکی لەسەر دروست دەبێت کە دەتوانێت تەزووی کارەبا بنێرێت بۆ سوڕێکی دەرەکی.
بەرزکەرەوە و نزم کەرەوە
ژمارەی پێچەکانی کۆیلی سەرەتایی و کۆیلی ناوەندی دەستنیشانی ئەو ترانسفەرە دەکات کە ئایا ڤۆڵتیە بەرز دەکاتەوە یان نزمی دەکاتەوە، ترانسفۆرمەر بەرزکەرەوە دەبێت ئەگەر ڤۆڵتیە بەرزبکاتەوە، وە نزم کەرەوە دەبێت ئەگەر ڤۆڵتیە نزم بکاتەوە، لە هەردوو بارەکەدا وزەی هاتوو (تێچوو) لەگەڵ وزەی دەرچوو بە نزیکی یەکسانە.
گواستنەوەی وزەی کارەبا بۆ ماڵآن
ئەو تەزووە کارەبایەی وزەی کارەبایی ماڵان دابین دەکات بە لایەنی کەمەوە بە زۆری سێ جار دەگۆڕێت، لە وێزتگەی دروستکردنی وزەی کارەبادا جیاوازی ئەرک بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لە گوێزانەوەکەی دا بۆ شوێنە دوورەکان وزە کەم بە فیڕۆ بدات، وە ئاشکرایە پێش دابەشکردنی بەسەر ماڵاندا جیاوازی ئەرک نزم دەکرێتەوە، دوو ترانسفۆرمەری نزمکەرەوە بەکاردەهێنرێت پێش گەیشتنی کارەبا بە ماڵان.