نەزرکردن

نەزرکردن

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-23-13:17:00 - کۆدی بابەت: 4783
نەزرکردن

ناوه‌ڕۆك

باسی نەزرکردن

واتە: واجبکردنی خواپەرستییەک کە لەسەری واجب نەبێ.

جۆرەكانی

ئینجا بزانە: نەزر دوو جۆرە:

یەکەم: (نذر اللجاج) واتە: نەزری ڕقەکاری و تووڕەیی، وەک بڵێ: ئەگەر گفتوگۆت لەگەڵ بکەم لەسەرم نەزر بێ بەڕۆژوو ببم. جا ئەبی یان ڕۆژووەکە بگرێ، یان کەففارەتی سوێندێک بدات.

جا ئەمەش بزانە: ئەو جۆرە نەزرکردنە مەکروهە، چونکە وەکو سوێند وایە (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: أن النبی ﷺ نهی عن النذر، وقال: إنه لایأتی بخیر وإنما یستخرج به من البخیل) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نەزر مەکەن، چونکە نەزر هیچ چاکەتان بۆ ناهێنێ، تەنها ماڵ لەدەست ڕەزیل دەرئەهێنێ.

دووەم: (نذر التبرر) واتە: نەزری چاکەکردن، ئەم بەشەیان خێرە، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَلْيُوفُوا نُذُورَهُمْ) با نەزکراوی خۆیان جێبەجی بکەن.

نەزرکردنی چاکە واجب ئەبێ لەسەر نەزرکەرەکە لە پاداشتی بوونی شتێکی باش، یان لاچوونی شتێکی خراپ بەو مەرجەی نزرکردنەکە حەڵاڵ بێ و نەزرکراوەکەیش خواپەرستی بێ، واتە: ئینجا لەسەری واجب ئەبێ وەک بڵێ: ئەگەر خوا نەخۆشەکەم چاک بکاتەوە، یان بڵێ: ئەگەر خوا کوڕێکی پێ بەخشیم لەسەرم نەزر بێ بۆ خوا بەڕۆژوو ببم، یان لەسەرم واجب ببێ نوێژێک بۆ خوا بکەم، یان بڵێ: خێرێکم لەسەر بێ بیکەم، ئەگەر مرازەکەی هاتە جێ، لەسەری واجب ئەبێ لەو شتانەی لە سەرە خۆی نەزر کردووە ئەندازەیەکی وەها کە ناوی شتەکەی لێبێ، واتە: بەلای کەمی ئەبێ دوو ڕەکعەت نوێژ بکا، یان ڕۆژێک بەڕۆژوو ببێ، وە شتێکی کەمیش بکاتە خێر.

ئەگەر -لەگەڵ نەزرکردنەکە- ئەندازەیەکی دیاریکردبوو، وەک بڵێ: لەسەرم بێ ئەم مەڕە، یان دە دینار بکەمە خێر، یان مانگێک بەڕۆژوو ببم. ئەوە بە گوێرەی گوتنی خۆی لەسەری واجب ئەبێ.

نەزر دروست نییە لەو شتانەی کە گوناهن وەک بە ناحەق بڵێ: ئەگەر فڵان کەسم کوشت لەسەرم بێ ئەم شتە بکەم، یان بڵێ: لەسەرم نەزر بێ فڵان کەس بکوژم، یان زینا بکەم (عن عمران بن حصین -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: لا وفاء فی معصیة ولا فیما لایملك العبد) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: جێبەجیکردنی نەزری گوناهـ دروست نییە و نەزرکردنی شتێ کە هی خۆی نەبی دروست نییە.

نەزری چاکە دائەمەزرێ و واجب ئەبێ، هەرچەند بە شتێکی تریشی نەبەستبێ، وەک یەکسەر بڵێ: لەسەرم نەزر بێ بەڕۆژوو ببم، یان بڵێ: لەسەرم نەزر بێ قوربانی بکەم.

نەزر دانامەزرێ لەسەر کردن و نەکردنی شتی حەڵاڵ کە پەیوەندی بە خواپەرستییەوە نەبێ وەک بڵێ: لەسەرم نەزر بێ گۆشت ناخۆم و شیر ناخۆمەوە، وە هەرچی لەو شێوەیە بێ، وەک بڵێ: لەسەرم نەزر بێ ئەخەوم، یان ئەم ترێیە ئەخۆم (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: أن النبی ﷺ رأی رجلا قائما فی الشمس، فقالوا: إنه نذر أن یقوم ولا یقعد ولا یستظل ولا یتکلم ویصوم، فقال: مرة فلیتکلم ولیستظل ولیقعد ولیتم صومه) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ پیاوێکی بینی لەبەر ڕۆژ بە پێوە ڕاوەستاوە، گوتیان: ئەمە نەزری کردووە: کە بەرۆژوو بێ و دانەنیشێ و نەچێتە بەر سێبەر و گفتوگۆ نەکا، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی با دابنیشێ و بچێتە بەر سێبەر و گفتوگۆ بکا و ڕۆژووەکەیشی تەواو بکا.

نەزرکردنی ماڵی کەسێکی دیاریکراو دروستە بەو مەرجەی گوناهکاری نەبێ، وەک بڵێ: ئەم خانووەم نەزری فڵانکەس کرد، یان بڵێ: نەزری ئەم مزگەوتە بێ. کەوابوو: خانووەکە ئەبێتە موڵکی نەزربۆکراوەکە و پەشیمانبوونەوەیش دروست نییە، بەڵام نەزرکردنی (عبادة)، واتە: پەرستن -جگە لە خوا- بۆ هیچ کەسێکی تر دروست نییە.

ئەگەر نەزرکەرەکە مرد، واجبە: پێش بەشکردنی میرات ئەو نەزرەی بۆ جێبەجێ بکرێ، هەروەها ئەگەر نەزرەکە تەنها خواپەرستی بوو، میراتگرەکان بۆی جێبەجێ ئەکەن (عن ابن عباس -رضي الله عنهما-: استفتی سعد بن عبادة النبی ﷺ: فی نذر کان علی أمه توفیت قبل أن تقضیه؟ قال: إقضه عنها) رواه الشیخان، (سعد) پرسیاری لە پێغەمبەر ﷺ کرد: دەربارەی دایکی کە نەزری لەسەر بووە و مردووە؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: تۆ بۆی بکە.

هەر خێرکردنێک -کە نەزری کردبێ- دروست نییە بیداتە دەوڵەمەندان، جیاوازی نەزری زیندووان و مردووان نییە، هەروەها دروست نییە: نە بە خۆی و نە ئەو کەسانەی ئەرکی بەخێوکردنیان لەسەر ئەوە، لەم نەزرکراوە بخۆن.


سەرچاوەکان

171 بینین