لەدایکبوونی منداڵ بە مردوویی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-05-13:38:00 - کۆدی بابەت: 5163
لەدایکبوونی منداڵ بە مردوویی

ناوه‌ڕۆك

لەدایکبوونی منداڵ بە مردووی چۆنە؟

ئەگەری هەیە ژنان بە هەست نەکردن بە جوڵەی منداڵەکەیان لە منداڵدانیاندا هەست بەم بابەتە بکەن، پزیشک بە سوود وەرگرتن لە (Doppler ultrasonography) گوێ لە لێدانی دڵی منداڵەکە دەگرێت و لە حاڵەتێکدا ئەگەر لێدانی دڵی نەبێت، بە ئەنجامدانی سۆنەرکردن بۆی یەکلایی دەبێتەوە کە منداڵەکە ماوە یان نا، لە هەندێک کاتدا سۆنەر دەتوانێت زانیاری بدات لەبارەی هۆکاری مردنی منداڵەکەوە، هەروەها دەتوانرێت لە ڕێگای پشکنینی خوێنەوە چەند ئەگەرێک لەبەرچاو بگیرێت بۆ مردنی منداڵەکە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر بتەوێت پزیشک دەتوانێت بە ئەنجامدانی پشکنینی (amniocentesis) بەدواداچوون بکات بۆ کێشە کرۆمۆسۆمیەکان کە ڕۆڵیان هەبووە لە مردنی منداڵەکەدا.

هۆکارەکانی مردنی منداڵ لە منداڵداندا

لە هەندێک حاڵەتدا هۆکاری مردنی منداڵەکە هەرگیز دەرناکەوێت و لە هەندێک حاڵەتی تریشدا، لەوانەیە زیاتر لە یەک هۆکاری هەبێت مردنەکەی، هۆکارەکان دەکرێت ئەمانە بن:

گەشەکردنی منداڵ

ئەو منداڵانەی کە گەشەکردنیان زۆر خاوە ئەگەری مردنیان زیاترە.

زوو جیابوونەوەی وێڵاش لە منداڵدان

هۆکارێکی تر ئەوەیە کە لەوانەیە پێش منداڵبوون وێڵاشەکە لە منداڵدان جیاببێتەوە.

کێشەی بۆماوەیی

ناڕێکی لە کڕۆمۆسۆمدا، بۆماوەیی ئەمانە دەکرێت کێشە بن بۆ مردنی منداڵەکە.

هەوکردن

هەوکردنی دایک یاخود منداڵ یەکێکی ترە لە هۆکارەکان، بەتایبەت ئەگەر هەوکردن پێش هەفتەی ٢٨ـی دووگیانی بێت، ئەو هەوکردنانەی کە لە مردنی منداڵدان ڕۆڵیان هەیە وەک ڤایرۆسەکانی (Parvovirus، Cytomegalovirus، Listeri، Syphilis).

کێشەی پەیوەست بە ناوکە پەتک

ئەمە حاڵەتێکی کەم و دەگمەنە بۆ مردنی منداڵەکە بەڵام هەر هەیە، لەحاڵەتی گیرانی ناوکەپەتک، یاخود پەیوەندیەکی هەڵە لەنێوان ناوکە پەتک و وێڵاشدا ئەوکات ئۆکسجینی پێویست ناگات بە منداڵەکە و دەمرێت.

ڕووداوی تریش وەک کەمبوونی ئۆکسجین لەماوەی منداڵبووندا، هەروەها بەرکەوتنی زەختێکی گەورە بە دایکەکە وەک لێدانی ئۆتۆمبێل یان بەرکەوتنی شتێک پێی.

ئەو هۆکارانەی وادەکەن کە مەترسی مردنی منداڵ زیاد ببێت

ئەگەر چی مردنی منداڵ لەناو منداڵداندا شتێکی زۆر و بەربڵاو نییە بەڵام لە هەندێک ژناندا ئەم دیاردەیە زیاترە کاتێک یەکێک لەم شتانەیان تێدابێت:

١- پێشتر پێشینەی مردنی منداڵی هەبووبێت لەناو منداڵدانی یاخود کێشەی گەشەی ناوەوەی منداڵدان.

٢- پێشینەی منداڵبوونی پێش کاتی خۆی و بەرزی فشاری خوێن لەماوەی دووگیانیدا و یان ژەهراویبوونی دووگیانی.

٣- بوونی نەخۆشی درێژخایەن وەک: لۆپۆس، فشاری خوێن، شەکرە، کێشەکانی گورچیلە، نەخۆشی سرۆمبۆفیلیا (کە تێکچوونێکە دەبێت هۆی کەمبوونی پەڕەکانی خوێن) یان نەخۆشیەکانی غودە.

٤- کێشانی جگەرە، خواردنەوەی خواردنەوە کهولیەکان و یان بەکارهێنانی هەندێک جۆری ماددەی هۆشبەر.

٥- قەڵەوی زۆی دایکەکە.

ڕێگاکانی دەرهێنانی منداڵی مردوو لەناو منداڵداندا

پزیشک دەتوانێت دوای دڵنیابوونەوە و دیاری کردنی مردنی منداڵەکە، هەرچی زووە خێراترین هەنگاو بنێت بۆ دەرهێنانی منداڵەکە لەناو منداڵدانی دایکەکەدا لەسەر بنەمای کاتی لەدایکبوونی منداڵەکە کاتێک دادەنێت بۆ منداڵبوونی سروشتی و دەرهێنانی منداڵەکە لە منداڵدانی دایکەکە، دایکەکە بەدرێژای ئەم ماوەیە لەژێر چاودێری پزیشکیدا دەبێت، بۆ دەرهێنانی منداڵەکە سوود لە دوو ڕێگا وەردەگرن.

ئینداکشن (inducation)

ئەگەر دایکەکە لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیەکەیدا بێت کەواتە ئەم ڕێگایە بەکار دەهێنرێت، لەم ڕێگایەدا ئەگەر ملی منداڵدان ئامادە نەبێت بۆ منداڵبوون و بە بڕی پێویست نەکرابێتەوە، پزیشک دەرمان دەنێرێت لەڕێگەی دامێنی ئافرەتەکەوە و کرانەوەی ملی منداڵدان زیاتر دەکات و دواتر بە دەرزی هۆڕمۆنی (ئۆکسیتۆسین) کە دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولکەکانی منداڵدان و فەرمانی منداڵبوون دەدات و زۆرێک لە ژنان ئەم ڕێگایانەیان دەوێت واتە منداڵبوونی سروشتی.

پاککردنەوەی منداڵدان بە کورتاج

ئەگەر دایکەکە لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیەکەی بێت و هەموو پێداویستێەکی پزیشکی هەبێت، پزیشک دەتوانێت لە ڕێگەی نەشتەرگەریەکەوە بەناوی پاککردنەوە بە کورتاج ئەو منداڵە لەناو منداڵداندا دەربهێنێت، ئەم ڕێگایە لەوانەیە بێ هۆشی گشتی یاخود نیوە بێ هۆشیەک لە ڕێگای دەرزییەوە بۆ نەخۆش بکرێت و دواتر پزیشک ملی منداڵدان دەکاتەوە و دواتر لەڕێگەی چەند ئامێرێکەوە منداڵەکە لە منداڵدان جیا دەکاتەوە و لەڕێگەی ئامێری سەکشنەوە (suction) منداڵەکە لە منداڵدانەوە دەردەهێنێت.

هەنگاوەکانی دوای دەرهێنانی منداڵەکە

دوای دەرهێنانی منداڵەکە لە منداڵدانەوە، تیمێکی پزیشکی بە چەند پشکنینێک دەتوانن هۆکاری مردنی منداڵەکە بزانن، و ڕاستەوخۆ دوای هاتنە دەرەوەی منداڵەکە وێڵاش و ناوکە پەتک دەخرێنە ژێر پشکنینەوە ئەگەر خێزانەکە ڕازی بن پشکنینی بۆ ماوەی و ئەشیعە و MRI دەکرێت بۆ منداڵەکە تا هۆکاری مردنەکەی بزانرێت، هەرچەندە لەوانەیە ڕێگریەکان نەتوانن هۆکاری سەرەکی بزانرێت بەڵام هەر چەند زانیارییەک دەدات بە پزیشک و ئەو زانیاریانەی کە دەست کەوتووە ژن و پیاوەکە دەتوانن سوودی لێ ببینن بۆ دووگیان بوونێکی تری ژنەکە.


سەرچاوەکان



14192 بینین