ئەحمەد موفتی زادە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-07-14:43:00 - کۆدی بابەت: 5203
ئەحمەد موفتی زادە

ناوه‌ڕۆك

موفتی زادە كێیە؟

ئەحمەدی موفتی زادە، ساڵی 1934 لە شاری سنە لە بنەماڵەیەكی ئایینی‌و زانستی ناودار دایكبووە، مەلا مەحمودی باوكی یەكێك لە كەسایەتییە ناودارەكانی شاری سنە بووەو ماوەیەكیش حاكمی شەرعی‌و موفتی ئەوێ بووەو ماوەیەكیش مامۆستای فیقهی شافیعی بووە لە زانكۆی تاران، باپیری ئەحمەدی موفتی زادەش كەناوی مەلا عەبدوڵا بووە ناوبانگی "عەللامەی دشەیی" بووە، مەلا محەمەدی موهری، مامەی موفتی زادە، سەردەمێك مامۆستای حقوق‌و ئەدەبیات بووە لە زانكۆی ئەستەمبوڵ‌و دكتۆر محەمەدی مامیشی دكتۆرای لەزانستی ئیلاهیاتدا هەبووەو مامۆستای زمانی كوردییە لە زانكۆی تاران‌و مەلا خالیدی موفتی مامەیشی ماوەیەك موفتی‌و حاكمی شەرعی ڕەسمی كوردستان بووە.

لەدایكبوون

شوباتی 1933

شوێنی ژیان سنە - كرماشان - تاران
نازناو عەللامە
كۆچی دوایی 9/2/1993
ئارامگا سنە
پیشە نووسەر، شاعیر، فەقێ، وتەبێژی ڕادیۆ، زانای ئیسلامی، ڕابەری ئەهلی سوننەی ئێران لە شۆڕشی ئێران، حاكی شەرعی كوردستان، سیاسی
دامەزرێنەری مەكتەب قورئان، شورای ناوەندی ئەهلی سوننەت (شەمس)
هاوسەر خەدیجە موهتەدی
منداڵ محەمەد ژیان موفتی

موفتی زادە هەر لەمنداڵییەوە عەشقی خوێندن‌و فێربوون لەلای چەكەرە دەكات‌و لە سەرەتاوە لە سنە دەچێتە حوجرە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێیوابووە كە خوێندنەكەو وانەكانی نامونەزەم‌و ناتەرتیبە، بۆیە لەتەمەنی سیازدە ساڵیدا بەمەبەستی فێربوون دەچێتە شاری "مەریوان"‌و پاش سێ مانگ باوكی دەیباتەوە بۆ سنە.

وەكو خۆی دەڵێت دووبارە شەوقی فێربوون داویەتی لەسەری‌و بڕیاری داوە بڕوات بۆ كوردستانی عێراق بۆ خوێندن‌و ئەم بڕیارەشی لەو ڕووەوە داوە كە كەس‌و كارەكەی ناتوانن بیبەنەوە، لەماوەی دووساڵی سەرەتای ساڵی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا لە كوردستانی عێراق، لە سلێمانی لای دكتۆر مستەفا زەڵمی ‌و لە بیارە لای مەلا عەبدولكەریمی مودەریس دەخوێنێت‌و هەر بەمەبەستی فێربوون دەچێتە خانەقین‌و هەڵەبجەو ماوەیەكیش لە گوندی عەبابەیلێ وانەی خوێندووە.
لەپاش دووساڵ‌و لەپاش ئەوەی باوكی نامەیەكی پڕ حەسرەت‌و تامەزرۆی دیتنی‌و خەفەتی دایكی بۆ دەنووسێت، دەگەڕێتەوە بۆ سنەو لەپاش چەند ڕۆژێك باوكی دەیباتە مزگەوتی "دارولئیحسان" ‌و بە مەبەستی تاقیكرنەوەی كوڕەكەی، داوای لێدەكات لەبری ئەو وانە بە فەقێكان بڵێتەوە.

باوكی ویستیویەتی ئەحمەدی كوڕی تاقیبكاتەوە، بەڵام كە دیویەتی ئاستی زانستی هێندە بەرزە سەری سوڕماوەو بڕیاری داوە بەیەكجاری تەدریسی فەقێكانی پێ بسپێرێت.

لەپاش پێنج ساڵ وانە وتنەوە لە سنە، دواتر لەساڵی 1956 دەچێتە تاران‌و بۆ ماوەیەك لە زانكۆی تاران، لە كۆلێژەكانی " ئیلاهیات‌و ماف‌و فەلسەفەو مەزهەبە ئیسلامییەكان "دا وانەی وتووەتەوە.

كاتێك موفتیزادە دەچێتە زانكۆی تاران، دەبێتە جێگە سەرنجی " حاجی ڕەحمان ئاغای موهتەدی"باوكی هەردوو سەركردەی حیزبی دیموكراتی ئێران" سەڵاحەدینی موهتەدی‌ و عەبدوڵای موهتەدی" كە كەسایەتییەكی ناودارو زانایەكی گەورەی ئایینی بووەو لەگەڵ باوكی موفتیزادەدا، مامۆستای فیقهی مەزهەبی شافیعی دەبن‌و لەوێوە لێهاتوویی‌و وریاییەكەی ئەحمەدی موفتی زادە، وا لە ڕەحمان ئاغای موهتەدی دەكات كە بیكاتە زاوای خۆی ‌و " خەدیجە"ی كچی دەبێتە هاوسەری موفتی زادەو " محەمەد ژیان" تەنها منداڵی ئەوان دەبێت.

موفتیزادە، وەك بەرپرسی كۆمیتەی تارانی حیزبی دیموكرات

لەبەر ئەوەی لەلایەن دەزگای هەواڵگری "شا"وە – ساواك- ڕێگری لێدەكرێت، ناچا ر دەبێت زانكۆی تاران جێبهێڵێت‌و ئیدی خۆی یەكلایی دەكاتەوە بۆ كاری سیاسی‌و دەبێتە بەرپرسی كۆمیتەی تارانی "حیزبی دیموكراتی كوردستان"‌و لە هەمانكاتیشدا لێپرسراوی پەیوەندی نێوان حیزبی دیموكرات‌و توركیاش بووە، هەر لەو كاتەدا لەگەڵ ژمارەیەك كوردی نیشتەجێی تارانیشدا ڕۆژنامەی "كوردستان" دەردەكەن.

چالاكیییە سیاسیی‌و كاریگەرییەكانی موفتی زادە لەو دەمانەدا لە ڕیزی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا، كە بەرپرسی كۆمیتەی تارانی ئەو حیزبە بووە، وا لە دەزگای ساواك دەكات كە ساڵی 1964 لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی حیزبی دیموكراتدا دەستگیری بكەن‌و لە زیندانی مەترسیدارو پڕ ئەشكەنجەی " ئەوین" زیندانی بكەن.

لە دوای شەش مانگ لە ئازارو ئەشكەنجەی جۆراو جۆرو پاش خۆڕاگری‌و نەدركاندنی هیچ زانیارییەكی حیزبی‌و سیاسی، ئازاد دەكرێت.

دوای زیندان

شەش مانگی زیندان، دەبێتە وێستگەی وەرچەرخانێكی قوڵ‌و جەوهەری لە ژیانی ئەحمەدی موفتی زادەداو گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە بیرو بۆچوونیدا ڕوودەدات‌و خۆی ئەمە بە ئەزموونێكی تایبەتی عیرفانی دادەنێ و زوهدو عیرفان‌و پەروەردە دەبنە بەشێكی گەورەی ژیانی ئەو.

ئەو لە دوای زیندان، لە تاكەكانی كۆمەڵگەوە شۆڕشی گۆڕانكاری دەستپێدەكات‌و وەكو بیریارو كۆمەڵناسێكی گەورەو ڕۆحانییەكی مەزن، ئاوێزانی كۆمەڵگە دەبێت‌و لەوانە هەفتانەییەكانیدا خەڵكانێكی زۆر بەشداریی دەكەن‌و لەوێدا وەڵامی پرسیارە دیینی‌و فیقهی‌و كۆمەڵایەتییەكانی ئەوانی دەدایەوە، بەوتەی "حەسەنی ئەمینی" كە یەكێك لە قوتابی‌و هاوڕێ نزیكەكانییەتی، لەو كاتەدا ئەحمەی موفتیزادە وەكو بیریارێكی گەورەی دینی ناوی دەركردووە.

حاكمی شەرعی شاری سنە

كە دەگەڕێتەوە بۆ سنە، دوای هەوڵێكی زۆر لەگەڵیداو لەسەر داوای وەزارەتی داد، لەپاش باوكی‌و حاجی مەلا خالیدی مامی، دەبێتە حاكمی شەرعی شاری سنە.
دوای ئەوەی كە بڕیارو هەڵوێستەكانی ئەحمەدی موفتیزادە بە دڵی كاربەدەستانی ئێران نەبووە بۆیە هەستدەكەن كە دوچاری هەڵەیەكی گەورە بوون‌و توانای لابردنیشیان نییە، بۆیە موفتی زادە تا كۆتایی تەمەنی ڕژێمی شای ئێرانیش وەكو حاكمی شەرعی مایەوە.

دامەزراندنی مەكتەب قورئان

لەپاش بەربوونی لەزیندان‌و گەڕانەوەی بۆ سنە، موفتیزادە بەتەنیا چالاكییە ئایینی‌و كۆمەڵایەتییەكانی ئەنجام دەدات‌و لەڕێگەی مەراسیمە گشتییە ئاینییەكان‌و كۆبوونەوەكانی مزگەوت‌و بۆنە كۆمەڵایەتییە جیاوازەكانەوە خەڵكی لە زوڵم‌و ستەمی حكومەت‌و درۆو دەلەسەی پیاوانی ئایینی ئاگادار دەكردەوەو كۆبوونەوەو وتارەكانی ئەو لە شارەكانی "سەقز، بۆكان، پاوە، مەریوان، جوانڕۆ، كرماشان"دەنگدانەوەیەكی زۆر دروستدەكات‌و لەوێوە كۆمەڵێكی زۆر لە خەڵكانی ئازادیخوازو زانای ئایینی شارەزاو بەهەڵوێستی ئەوكاتە دەبنە هۆگری ئەحمەدی موفتیزادەو دواتر دەبنە هەوێن‌و بناغەی "مەكتەب قورئان".

لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەركەكەیدا وەكو حاكمی شەرعی شاری سنە، موفتیزادە بەردەوامبوو لە سازدانی كۆڕو كۆبوونەوەو وانە وتنەوەو سەرگەرمبوون بە چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتییەكانەوەو وەك ڕێبەرێكی ڕۆحی‌و بیریارو كۆمەڵناسێكی گەورە ڕۆڵ‌و كاریگەری ئەو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا بەرجەستە بوو، هەر لێرەشەوەو لەناوەڕاستی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا " مەكتەب قورئان" وەك سەنتەرێكی فیكری‌و ئەخلاقی، كە تائێستاش ناوی شوێنكەوتوان‌و قوتابییەكانی ئەوە لە دایكبوو.

هەر زوو، "مەكتەب قورئان" كە لە سەرەتاوە ناوی "مەدرەسەی قورئان" بوو، دەكەوێتە بەر هەڕەشەو فشاری توندی دەزگای ساواكەوەو موفتیزادە خۆی دەڵێت كە ساواك هەوڵیان دەدا وازبێنم، یان هاوكارییان بكەم، " لەو ڕۆژانەدا هاوسەرەكەم توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو بوو، وتیان دەیبەین بۆ ئیسرائیل بۆ چارەسەر، بەمەرجێ تۆ وازبێنی یان هاوكاریمان بكەیت".

وتارەكانی موفیزادەو كۆڕو كۆبوونەوەكانی‌و لقەكانی مەدرەسەی قورئان، لەسەروبەندی شۆڕشی خەڵكی ئێراندا، ڕۆڵێكی گەورەیان گێڕاوە لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك سەبارەت بەو ستەمانەی لەبەر كورد بوونیان یان لەبەر موسوڵمان بوونیان لێیان دەكرێت.

لە ساڵانی بەر لە ڕووخانی شای ئێراندا، موفتیزادە تەنها كورد بووە كە بەئاشكراو لە كۆڕو كۆبوونەوە ئایینی‌و كۆمەڵایەتییەكاندا، باسی لە ستەم‌و نادادییەكانی ڕژێمی شا كردووەو لە وتارێكیدا لە شاری بۆكان، شای ئێران بە فیرعەون دەچوێنێ‌و دەڵێت:" ئێران زۆر سەری نا بەلغاوەوە، زۆر پاڵی نا بە خەڵكەوە، دەستیكرد بە هەموو خود سەرییەك هەروەك فیرعەونە مەشهورەكانی مێژوو".

بەوتەی حەسەنی ئەمینی، بەرپرسی مەكتەب قورئان، لە كاتی شۆڕشدا موفتیزادە بووە بەڕێبەری بزوتنەوەی كوردستان‌و هەموو ئەوانەشی بەناوی چەپ‌و عەلمانییەوە كاریان دەكرد تێكەڵ بە خۆپیشاندانەكانی مەدرەسەی قورئان دەبوون‌و لەپەنای ئەواندا كاریان كردووە.

لەڕۆژانی سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی شای ئێراندا لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانداو لەناوجەماوەری خۆپیشاندەرەوە ناوی ئەحمەدی موفتیزادە لە گەڵ ناوی خومەیینیدا دەبراو كاتێكیش لەو ڕۆژانەدا كە خومەینی لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا لە تاران وتاری دەدا، بەدوای ئەودا ئەحمەدی موفتیزادە وتار دەخوێنێتەوە و قسە بۆ جەماوەری خۆپیشاندەر دەكات.

تا ئەو دەمەی بۆی ڕووندەبێتەوە كە ڕژێمی نوێی ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەو بەڵێنانەدا ڕاست ناكات كە بە میللەتی كوردو ئەهلی سوننەی ئێرانی داوە، موفتیزادە پشتگیری سەرانی شۆڕش دەكات.

موفتیزادە و حیزبە چەپ‌ و عەلمانییەكان

پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەبارەت بە هەڵبژاردنی شێوازی نوێی ڕژێمی ئێران، لە 30- 3- 1979 گڕ لە ناكۆكییەكانی نێوان مەكتەب قورئان‌و حیزبە چەپ‌و عەلمانییەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بەر دەدات، كاتێك كە چەپ‌و عەلمانییەكان بەشداریكردن لە ڕیفراندۆمیان ڕەتكردەوەو بایكۆتیان كردو لایەنگرانی مەكتەب قورئان بە سەرۆكایەتی ئەحمەدی موفتیزادە بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا كرد.

ئەگەر تا سەرووبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تا ئاستێك كوردەكان یەكڕیزبووبن، ئیدی لەوە بەدواوەو لە ڕۆژانی سەرەتای سەركەوتنی شۆڕشدا، یەكڕیزی كورد پەكی دەكەوێت‌و پەرش‌و بڵاوی‌و ناتەبایی لە بزوتنەوەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی كوردستانی خۆرهەڵاتدا سەر هەڵدەدات.

لە ڕیفراندۆمی دیاریكردنی شێوازی نوێی ڕژێمی ئێراندا، تەنها دوو بژاردە هەبوو "ئیسلامی یان پاشایەتی"، بژاردەی سێیەم نەبوو، لایەنە چەپ‌و عەلمانییەكان پێیانوابوو كە ماف‌و خواستەكانی كوردی تێدا ڕەچاو نەكراوەو بایكۆتیان كرد.

لەپاش ڕیفراندۆمەوەو لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێ‌و هەڵكشانی كێشەكانی نێوان ڕژێمی نوێی ئێران‌و هێزە كوردییە عەلمانی‌و چەپەكان، هێرشی چەپ‌و عەلمانییەكان بۆ سەر ئەحمەدی موفتیزادەو ئەندامانی مەكتەب قورئان پەرە دەسێنێت‌و حیزبە عەلمانی‌و چەپەكان، لافی ئەوەیان كردووە كە ئەحمەدی موفتیزادە پشتی لە داواو خواستەكانی كورد كردووەو لە هاوینی ساڵی 1979 چەپە توندڕەوە كوردەكان پەلاماری بنكەیەكی مەكتەب قورئان دەدەن‌و لە بنكەكەدا 11 كەس دەكوژن.

لەو دەمەدا موفتیزادە بڕوای وابووە كە پێویستە لەڕێگەی گفتوگۆو یاداشتەوە هەوڵی وەدیهێنانی ماف‌و خواستەكانی كورد بدرێت‌و پێیشیوابووە كە لەڕێگەی شەڕەوە كورد دەرەقەتی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی نابێت، ئەو لەیەكێك لە وتارەكانیدا باس لەوە دەكات كە بە هێزە چەپ‌و عەلمانییە كوردەكانی وتووە كە ڕێگەی میللەتی كورد ڕێگەی چەكدارانە نییەو دەبێت بە تەوافوق كار بكەین تا كێشەكانی كورد لەڕێگەی سیاسی‌و لەڕێگەی یاداشت‌و قسەكردنەوە حەلبكەین‌و لەم ڕوەشەوە عەبدولڕەحمانی قاسملۆ تا ئاستێكی زۆر هاوڕای موفتیزادە بووە.

موفتیزادە خۆی دان بەوە دەنێت كە لەدەورانی شۆڕشدا ڕووبەڕووی هەڵەبووەتەوەو هەڵەی كردووە، بەڵام بەبڕوای عەبدولكەریم فەتاح، نوسەرو شارەزای عیرفان‌و مێژووی ئیسلامی، دوو هۆ هەبووە بۆ ئەوەی ئەو هەموو هێرشە ناڕەوایە لە لایەن چەپ‌و عەلمانییە كوردەكانی ئێرانەوە ئاڕاستەی موفتیزادە بكرێت:" دروست نەخوێندنەوەی ئەو هەلومەرجەی لە دەورانی ئینقلابدا هەبوو، هەروەها بیركردنەوەی بەرتەسك‌و ئایدۆلۆژیانەی ئەو ئەو حیزب‌و گروپانە لە تێڕوانین‌و هەڵسەنگاندنی دەرەوەی خۆیاندا".

گروپ‌و هێزە كوردییەكان، موفتیزادە بەوە تۆمەتبار دەكەن كە "پێشمەرگەی موسوڵمان" لەلایەن موفتیزادەو مەكتەب قورئانە بۆ لێدان‌و شەڕكردنی هێزە كوردییەكان دروستكراوە، بەڵام موفتیزادە، نەك هەر دروستكەری نەبووە، بەڵكو هەڵوێستی توندی دژ بەو هێزە چەكدارە وەرگرتووە كە سەرانی ڕژێمی ئێران لە ناوچە كوردییەكان پێكیان هێنابوو.

حەسەنی ئەمینی، سەبارەت بە هێرش‌و پەلامارەكانی هێزو گروپە چەپ‌و عەلمانییەكان بۆ سەریان دەڵێت:" هەر حكومەت شانی بۆ ئەو تاقمانە شلكرد، دەستیانكرد بە كوشتنمان، ڕاستە ئێمە شەڕێكی فیكریمان لە نێواندا هەبوو، وە دورو نزیك قسەو باسمان بەیەكەوە هەبوو، ئەوان دەیانووت ئیسلام ئەوەیەو ئێمە دەمانوت ئەوەیە، خۆ دیاریشە گروپ‌و تاقمەكان پێكەوە قڕەیان هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان چەكیان پێبوو، دەستیانكرد بە كوشتن لێمان‌و زۆریان لێكوشتین، هەر لە شاری سنە لە بنەماڵەی "نمەكی" سێ برایان پێكەوە كوشت، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئێمەدا بوون‌و مەكتەب قورئانی بوون".

موفتیزادە و ڕێگرتن لە خوێنڕێژی

ئەو دەمەی ئەندامانی مەكتەب قورئان‌و شوێنكەوتوانی موفتیزادە لەلایەن چەپ‌و ماركسییە كوردەكانەوە دەكوژران‌و لە فشارو زەبرو زەنگێكی تونددا دەبن، داوا لە ئەحمەدی موفتیزادەی ڕێبەریان دەكەن كە با خۆیان چەكدار بكەن‌و بەچەك بەرگری لە خۆیان بكەن‌و وەڵامیان بدەنەوە، ئەو پێیاندەڵێت: "سوێند بەخوا ئەگەر دانە دانە بمان كوژن، بەڕەوای نازانم دەست بدەینە چەك، با شەهید بكرێین‌و سینگمان خوێناوی بێت، باشترە لەوەی دەستمان خوێناوی بێت بە خوێنی خەڵكانێك كە نامانناسن‌و نازانن ئێمە چەندە دڵسۆزی ئەوان‌و گەلی كوردستانین".

نوسەرو ڕۆشنبیر، تەحسین حەمە غەریب، پێیوایە كە موفتیزادە یەكێك لە بیریارانی جیهانی ئیسلامی بووە كە توانیویەتی بەر لە خوێنڕیژی بگرێت‌و ئەو وەكو دوایین فەیلەسوفی شارستانیەتی ئیسلامیش ناوی دەبات، لە كتێبی "دواییینەكان" دا، تەحسین حەمە غەریب دەڵێت:" دەشێت موفتیزادە ناو بنێین دوایین فەیلەسوفی شارستانیەتی ئیسلامی".

سەلاحەدینی موهتەدی كە ئەو كات یەكێك لە ڕێبەرانی گروپە چەپە كوردەكانی ئێران بووەو هەم ژنبرای موفتیزادەشە، لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: "لە ژیانمدا عەزیەتی زۆری كاك ئەحمەدی موفتیزادەم دا، بەڵام ئێستا زۆر پەشیمانم، بریا ئازارم نەدایە، پیاوێكی دڵسۆزو نەرم‌و نیان بوو، هیچكات زیانیشی بە كێشەی كورد نەگەیاندووە".

دروستكردنی شورای مەركەزی (شەمس)

هێرش‌و فشاری زۆری گروپە چەپ‌و ماركسییە كوردییەكان وا لە موفتیزادە دەكات كە خۆی‌و زۆرێك لە ئەندامانی مەكتەب قورئان، سنە بە جێبهێڵن‌و كۆچ بكەن بۆ كرماشان.

لەپاش كۆچكردنی لەسنەوە بۆ كرماشان، موفتیزادە بەتەواوی لەوە تێدەگات كە حكومەتی ئێران لەجێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەدا ڕاستناكات كە بە خەڵكی كوردستانی داوە.

لەڕێگای دروستكردنی شورای مەركەزی سووننە "شەمس"‌و بە كۆكردنەوەی ڕابەران‌و زانایانی دیاری كوردو ئەهلی سوننە لە ئێران لە بەهاری ساڵی 1981، موفتیزادە ویستی بەگژ ئەو هەوڵەدا بچێتەوە كە حكومەتی ئێران لە ڕێگەی كۆمەڵێك مەلاو كەسی سوننیی سەر بە دەسەڵاتەوە دەیویست شورایەكی كۆنترۆڵكراو بۆ ئەهلی سوونە دروستبكات، ماف‌و پرسی نەتەوەكانی ئێران‌و مافەكانی ئەهلی سوونە، لە ڕاسپاردەو داواكانی كۆنگرەكە بوون‌و نوێنەرانی هەموو ناوچەكانی ئێران‌و " مەولەوی عەبدولعەزیز مەلا زادە"، ڕێبەری سوننەكانی ناوچەی سیستان‌و بلوچستان‌و ناسری سوبحانی‌و دەیان زانای ناوچە جیاوازەكانی ئێران بەشداری كۆنگرەكەیان كرد.

هەرزوو حكومەتی ئێران، بەشدارانی كۆنگرەكەیان تۆمەتبار كرد بەوەی كە دژی شۆڕش دەوەستن‌و پیلان دژی دەسەڵات دەگێڕن.

پاش ساڵێكیش لە دامەزراندنی شورای مەركەزی سوننە، "شەمس"، ئەندامانی شوراو مەكتەب قورئان دەكەونە بەر هەڵمەتی دەستگیركردن لەلایەن حكومەتی ئێرانەوەو خودی موفتیزادەش بەر هەڵمەتەكە دەكەوێت‌و ماوەی دە ساڵ‌ و تا دوو مانگ بەر لە كۆچكردنی لە 9-2-1993دا، لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەمێنێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكی لەسەر ساغ ببێتەوە.

كۆچی دوایی

دوای دوو مانگ لە ئازادكردنی بەهۆی ناساغی و نەخۆشی زۆر و هیلاكی جەستەیی بەهۆی ئازار و ئەشكەنجەی زیندان و دەرزی لێدان و شكاندنی زۆرێك لە ئێسكەكانی و نزیكبوونەوە لە كوێربوون، موفتی زادە لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە تاوەكو ساتی كۆچكردنی لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران لە ڕۆژی 9/2/1993 و تەرمەكەی دەگەڕێننەوە بۆ سنە و لە گردی شێخ حەمەباقر بەخاكی دەسپێرن.

وتەكانی

  • "ئیمان بریتییە لە خۆشهاتن بە ڕاستی‌و هەڵهاتن لە ناڕاستی"
  • "مەرج نییە ئەو كەسەی لەپێشی پێشەوەیە لە نوێژو جەماعەتدا، ئیماندار بێت‌و حەزی لە شتی باش‌و ڕاستی بێت، ئەوەشی وا نییە ئیماندار نەبێت، ئەگەر كەسێكتان بینی سوجدەی بۆ بت دەبردو پڕ بە دەمی هاواری دەكرد خوا نییە، هێشتا پێی مەڵێن كافرو بێدین‌و نا ئیماندار".
  • " سوێند بەخوا ئەگەر دانە دانە بمان كوژن، بەڕەوای نازانم دەست بدەینە چەك، با شەهید بكرێین‌و سینگمان خوێناوی بێت، باشترە لەوەی دەستمان خوێناوی بێت بە خوێنی خەڵكانێك كە نامانناسن‌و نازانن ئێمە چەندە دڵسۆزی ئەوان‌و گەلی كوردستانین".
  • دزە کردن و زاڵ بوونی سیاسەت و ئارەزووگەلی دژە ئیسلامی، حکوومەتی ئیسلامیی تووشی وەرچەرخان و گۆڕانێکی کۆنە پەرستانە کرد و لەو ڕۆژەوە کە حکوومەتی ملھوڕانەی پاشایەتی، جێگای بە حکوومەتی شوورا و دەوڵەتی خەلافەت لەق کرد، بوار بۆ پرشوبڵاوی و دووبەرەکی خۆش بوو، لە ئاکامدا ھەم دین بوو بە مەزھەب و ھەم ئومەتی واحیدە دابەش بوو
  • تەنیا لە کاتێکدا دەتوانین کەسێک بە کافر دانێین کە سوور بزانین ھیچ حوجەت و بەڵگەیەکی لە سەر نەماوە؛ واتە بە تەواوەتی لە ڕاستی و دروستی ئیسلام تێگەیشتووە و نادروستی بیر و بۆچوونی دژ بە ئیسلامیشی بۆ دەرکەوتووە، ھەر وەھا نموونە و وێنەی زیندووی دینیشی دیوە، بەڵام دڵ لە وەرگرتنی نووری ئیمان دەقونجێنێ. (بۆچوونی کەسی لە بابەتی کاکە ئەحمەد، سەبارەت بە کفر و ئیمان)

بەرهەمەكان

لە ئەحمەدی موفتیزادە کۆمەڵێک بەرھەمی نووسراو و تۆمارکراو بەجێ ماوە. نووسراوەکانی بریتین لە کۆمەڵێک کتێب، نامە و چەندین دەفتەری شیعر. پتر لە ٣٠٠کاسێتی دەنگ بە زمانی کوردی و فارسی لە بواری تەفسیری قورئان، بیر و باوڕ، عیبادات و فەلسەفەکانی، سیستەمە فکرییەکان، ئابووری و سیاسی ئیسلام و زانستە ئیسلامییەکانی وەک: زانستە قورئانییەکان، پەروەردە و خێزان بە یادگار ماونەتەوە. بەڵام گرنگترین بەرھەمی کاکە ئەحمەدی موفتیزادە، بزاڤێکی دینی جیاوازە لە کوردستان، کە سەرەتا بە ناوی "مەدرەسەی قورئان" و دواتر بە ناوی مەکتەب قورئان ناوی دەرکرد. ئێستاکە خوێندنەوەی جیاواز لە ڕوانگە و بیر و بۆچوونەکانی ئەحمەدی موفتیزادە لەلایەن لایەنگرانی، بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی چەن لقی جیاواز لە مەکتەب قورئان.

کتێبەکان

  • کتێبی دەربارەی کوردستان (بە فارسی)
  • کتێبی حکوومەتی ئیسلامی (بە فارسی)
  • کتێبی دیالەکتیکی ئیسلامی (بە فارسی)
  • کتێبی حیجاب (بە فارسی)
  • نامیلکەی دین و ئینسان (بە فارسی)
  • نامیلکەی فیترەت و ھیدایەت (بە فارسی)

دەربارەی موفتیزادە چی دەڵێن؟

دكتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملۆ:"جارێك لە تاران‌و جارێكیش لە سنە دیدارم لەگەڵ كاك ئەحمەدی موفتی زادە هەبوو، ئەوەندەی من بزانم كورد پیاوی ئاوا ئازاو دڵسۆزی زۆر كەم بەخۆوە دیوە، جیاوازی نێوانمان تەنها ئەوە بوو، ئەو لە ڕێگەیەكەوە خزمەت بە گەلی كورد دەكات، ئێمەش لە ڕێگایەكی دیكەوە".

ـ مەسعوود بارزانی: "بوونی كەسایەتییەكی ئایینیی‌و نەتەوەیی وەك كاك ئەحمەد بەگشتیی بۆ گەلی كورد شانازییەكی گەورەیە".

ـ فوئاد مستەفا سوڵتانی:" كاك ئەحمەد پیاوێكی گەورەو خۆشەویستبوو، دووبارەبوونەوەی ئەستەمە"

ـ ئایەتوڵا تاڵەقانی كە بیرمەندێكی شیعەو سیاسییەكی بەناوبانگ بوو:" ئەحمەدی موفتیزادە پیاوێكی تێكۆشەرو هەمیشە حەقوویست بوو، ئەو كەسایەتییەكی مەزن‌و تێگەیشتووبوو

ـ محەمەد جەواد باهونەر كە یەكێكبوو لە قوتابییەكانی خومەینی‌و لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت : من مەلایەكی شیعەبووم، ساڵی 1963 لە بەندیخانە بە دیداری ئاغای موفتیزادە شاد بووم، وەك كەسێكی شیعە لە پشتی ئەوەوە نوێژم كردووەو شانازیشی پێوە دەكەم، ئەو پیاوێكی تێكۆشەرو گەورەتربوو لە مەزهەبگەرایی، بەڵكو ئیسلامێكی تەواو و واقیعی بوو".


سەرچاوەکان



2737 بینین