تۆکۆفۆبیا (ترس لە دووگیانی و منداڵبوون)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-23-15:29:00 - کۆدی بابەت: 5499
تۆکۆفۆبیا (ترس لە دووگیانی و منداڵبوون)

ناوه‌ڕۆك

تۆکۆفۆبیا

دووگیانی ماوەیەکی قورسە بۆ خانمان، لەم ماوەیەدا خانمەکە نیگەرانە دەربارەی سەلامەتی کۆرپەکەی و خۆی و چۆنیەتی منداڵبوونەکەی کە ئەمەش شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر ئەم نیگەرانیانە زۆر توند و قورس بن یان کەسەکە لەبەر ئەم ترسە ئەسڵەن نەیەوێت کە دووگیان ببێت واتە تووشبووە بە فۆبیای دووگیانی و منداڵبوون.

ئەو خانمانەی کە تووشی ئەم ترسە بوون هیچ هەنگاوێک نانێن بۆ دووگیان بوون، یان ئەگەریش دووگیان ببن زۆر بە توندی لە ماوەی دووگیانیەکە و منداڵبوونەکە دەترسن و زۆر قەلەق دەبن، بەگشتی بۆ کاتی منداڵبوونیش منداڵبوون بە نەشتەرگەری هەڵدەبژێرن نەک منداڵبوونی سروشتی.

دەکرێت ئەم ترسە لەو خانمانەشدا کە پێشتر منداڵیان نەبووە ڕووبدات، بەڵام بە گشتی ئەم ترسە لە کەسانێکدا بەربڵاوترە کە پێشتر دووگیانیەکی قورس و ئازاربەخشیان هەبووە یاخود تووشی لەبارچوونی منداڵ بوونەتەوە، یان تەنانەت کەسانی دەوروبەریان یەکێک لەم دوو حاڵەتەیان هەبووە.

نیشانەکانی تۆکۆفۆبیا

  • بێ خەوی بەهۆی ترس و بیرکردنەوەی نەرێنییەوە
  • کابوس و خەوی ناخۆشی بەردەوام لەشەودا بۆ نموونە (دایکەکە هەمیشە بیر دەکاتەوە کە منداڵەکەی لەبارچووە یان ئازاری زۆرە لەکاتی منداڵبووندا)
  • قەلەقی و خەمۆکی 
  • خەمۆکی لەماوەی دووگیانیدا دەکرێت ڕێگە خۆشکەربێت بۆ خەمۆکی دوای منداڵبوونیش و ببێتە هۆی ئەوەی کە دایکەکە نەتوانێت پەیوەندیەکی باشی هەبێت لەگەڵ منداڵەکەیدا.
  • هەست کردن بە ترسێکی زۆر کاتێک بیر لە منداڵبوون دەکاتەوە
  • پێداگیری لەسەر ئەوەی کە منداڵەکەی بە نەشتەرگەری ببێت
  • ترس و نیگەرانی دەربارەی کێشەی دارایی ماڵەوەیان دوای لەدایکبوونی منداڵەکەی
  • ترس لەو پشکنینانەی کە لە کاتی دووگیانی بۆی دەکرێت و هەروەها ترس لە ئەنجامی پشکنینەکەش.
  • ترس لەوەی نەتوانێت منداڵەکەی گەورە بکات و تەربێتی بدات.
  • ترس و قەلەقی و خەمۆکی هەموو ئەمانە لەماوەی دووگیانیدا کاریگەری نەک دەکەنە سەر جەستە و دەروونی دایکەکە بەڵکوو بەهەمان شێوە کاریگەریان دەبێت لەسەر منداڵەکە، کە زۆرێک لەو منداڵانە کاتی لەدایک بوونیان کێشیان کەمترە بە بەراورد بە منداڵانی دیکە.

جۆرەکانی تۆکۆفۆبیا

تۆکۆفۆبیای یەکەم 

ئەم جۆرەیان لەو خانمانەدا ڕوودەدات کە پێشتر دووگیانی و منداڵبوونیان ئەزموون نەکردووە، لەڕاستیدا ئەم جۆرە ترسە لەوانەیە لە یەکەم دووگیانی خانمەکەدا ڕووبدات، ئەم جۆرە ترسە زۆر جار لە کچانیشدا ڕوودەدات، هەروەها لە خانمانێکدا کە پێشتر تووشی دەستدرێژی سێکسی بووبێتنەوە.

تۆکۆفۆبیای دووەم 

ئەم جۆرە ترسەیان لە خانمانێکدا ڕوودەدات کە پێشتر دووگیان بوون، بەڵام دووگیانیەکی پڕ ئازار و مەترسیداریان هەبووە، یان منداڵەکەیان لەبارچووە و یاخود منداڵەکەیان بە مردووی لەدایک بووە.

ئایا پیاوانیش تووشی تۆکۆفۆبیا دەبن؟

دەکرێت پیاوانیش دووچاری تۆکۆفۆبیا ببن، هەندێک لە پیاوان لە کاتی دووگیانی خانمەکەیاندا زۆر دەترسن لە کێشەکانی کاتی دووگیانی و نیگەرانی تەندروستی ژن و منداڵەکەیانن.

ئەو هۆکارانەی وادەکەن کە تۆکۆفۆبیا دروست ببێت

  • بیستنی ئەزموونێکی تۆقێنەری کەسانی تر لەماوەی دووگیانی و منداڵبوونیاندا.
  • ترس لەوەی بەرگەی ئازار نەگریت لەماوەی منداڵبوونی سروشتیدا.
  • کەسەکە خۆی خەمۆکی و قەلەقی لەگەڵدا بێت.
  • یاخود دووچاری دەستدرێژی سێکسی بووبێتەوە پێش دووگیان بوونی.
  • متمانە نەکردن بە پزیشک، کەسەکە دەترسێت لەوەی کە پشکنینەکان هەڵەبن.
  • هەندێک هۆکاری کۆمەڵایەتیش وەک دووگیانبوون لە تەمەنێکی زۆر منداڵدا و هەژاری و نەبوونی بارێکی داریی گونجاوو و پاڵپشتی نەکردن لەلایەن هاوسەر و خزم و هاوڕێیانەوه.

تۆکۆفۆبیا چەندێک بەربڵاوە؟

زۆرینەی خانمان کاتی دووگیانی ترسیان هەیە لە سەلامەتی خۆیان و منداڵەکەیان و هەروەها ترسیشیان هەیە لە منداڵبوون و ئەمانە تا ئاستێک ئاساین، بەڵام تۆکۆفۆبیا تۆقینە لە دووگیانی و منداڵبوون و خۆشبەختانە کە ئەم ترسە زۆر بڵاو نییە لەناو خانمانی دووگیاندا تەنها ئەو کەسانە نەبێت کە پێشینەیەکی قورسی دووگیانی و منداڵبوونیان هەبووە.

لە ژیانی هەر خانمێکدا کۆمەڵێک شتی ناخۆش ڕوودەدات وەک تەڵاق، مردنی ئەزیزان، لەبارچوونی منداڵ و مردنی منداڵو هتد، ئەمانە هەموو هۆکارن تا خانمەکە دووچاری کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی ببێتەوە و لە ئەنجامیشدا تووشی تۆکۆفۆبیا ببێت

بەڵام خانمان دەبێت کار لەسەر خۆیان بکەن و لە سەرەتای دووگیانیەکەیاندا بە قسەکردن لەگەڵ کەسانی شارەزا و زاڵ بوون بەسەر ترسەکەیاندا بتوانن ئەم حاڵەتە تێپەڕێنن تاکوو خۆیان و منداڵەکەشیان سەلامەت بێت.

چارەسەری تۆکۆفۆبیا چییە؟

چارەسەری مەعریفی_ڕەفتاری  (CBT)

ئەم ڕێگایە یارمەتی کەسی نەخۆش دەدات کە بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێت کە بووەتە هۆکارێک بۆ ترس و قەلەقیەکەی لەم ماوەدا.

چارەسەر بە دەرمان

لەماوەی دووگیانیدا بەکارهێنانی زۆرێک لە دەرمانەکان زیانبەخشن، بۆ چارەسەر بە دەرمان بەدڵنییایەوە دەبێت پەیوەندی بکەیت بە پزیشکی تایبەتی ژنان و منداڵبوونەوە و نابێت لەخۆتەوە دەرمان بەکاربهێنیت.

ئەوکەسانەی دووچاری تۆکۆفۆبیا بوون بۆ چاک بوونیان دەبێت چ کارێک بکەن؟

  • لەگەڵ کەسانی دڵسۆزدا دەربارەی هەستەکانتان بدوێن.
  • لەگەڵ هاوسەر و خزم و هاوڕێکانتان دەبارەی ترس و نیگەرانیەکانتان قسە بکەن، ئەوەی کە بزانن کەسانێک هەن کە گوێتان بۆ دەگرن و پاڵپشتیتان دەکەن زیاتر یارمەتیدەرە تا پەستانی دەروونیتان لەسەر نەمێنێت.
  • لەگەڵ پزیشکەکەتاندا قسە بکەن.
  • هەر کێشەیەکت هەبوو کاتی دووگیانی لەگەڵ دکتۆرەکەت باسی بکە و دەربارەی چۆنیەتی کەمبوونەوەی ئازار لەکاتی منداڵبوون و زۆر ڕێگای دیکە.
  • زۆر جار ترسەکان بەهۆی ئەوەوەیە کە زانیاری تەواوت نییە لەسەر دووگیانی و منداڵبوون.
  • پەیوەندیت لەگەڵ هاوسەرەکەتدا پتەو بکە
  • لەماوەی دووگیانیدا، لەگەڵ هاوسەرەکەت پەیوەندیەکی زۆر باشت هەبێت لەڕووی جەستەی و دەروونیشەوە، ئەمەش دەتوانێت کە ترس و قەلەقیەکەت کەم بکاتەوە، هەروەها کۆرپەکە هەست بە گەرمی خێرانەکەی دەکات و ئەو خۆشەویستییە دەبینێت بە تەندروستییەکی باشترەوە دێتە دونیاوە.


سەرچاوەکان



4048 بینین