ئەندرێ ساخارۆڤ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-27-00:14:00 - کۆدی بابەت: 5565
ئەندرێ ساخارۆڤ

ناوه‌ڕۆك

ساخارۆڤ

ئەندرێ ساخارۆڤ (Andrei Sakharov)، زانایەكی ئەتۆمی یەكێتی سۆڤیەتە لە 21/5/1921 لە مۆسكۆ لەدایكبووە و لە 14/12/1989 كۆچی دوایی كردووە، ساڵی 1975 بووەتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەهۆی "پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و قوربانیانی سیاسی".

یەكێك بوو لە دژایەتیكارانی هەستانەوەی لیسینكۆیی لە زانستی سۆڤیەتی "كە زانستی بۆماوەی مەندڵی ڕەتدەكردەوە"، و تاوانباری دەكرد بە هۆكاری كوشتنی زۆرێك لە زانایان، دوای ئەوەشی دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی قسەی كرد لە ساڵی 1979ـەوە خرایە ژێر چاودێری و نیشتەجێبوونی ناچاری لەلایەن دەزگای هەواڵگری ناوەندییەوە.

ساخارۆڤ یەكێك بوو لەو چالاكوانانەی داوای لەناوبردنی چەكی ئەتۆمی دەكرد و لەگەڵ مافی مرۆڤ و ئاشتیدا بوو، هۆكاری بەناوبانگبوونی ساخارۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ دروستكردنی بۆمبی هایدرۆجینی، كە بەشێك بوو لە پڕۆژەی بەرەوپێشبردنی چەكی هایدرۆجینی سۆڤیەتی بەناوی RDS37، لەدوای ئەوەوە ساخارۆڤ دەستی كرد بە پاڵپشتیكردن و بەرگریكاری مافەكانی مرۆڤ و چاكسازی لە یەكێتی سۆڤیەت، لەبەر ئەو هەڵسوكەوتانەش كەوتە بەر هەڕەشەی دەوڵەت، لە ساڵی 1975 ساخارۆڤ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا بەهۆی كارەكانییەوە، ساڵی 1988ـیش پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤی بۆ ئازادی بیركردنەوە دیاری كرد و ساڵانە دەدرێت بەو كەسانەی ژیانیان لە پێناو بیركردنەوە بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ تەرخان كردووە، ناوەكەشی بۆ ڕێزلێنان بووە لە تێكۆشانەكانی ساخارۆڤ.

زانیاری

ساخارۆڤ ناوی تەواوی ئەندرێ دیمیتریڤیچ ساخارۆڤە و لە ساڵی 1921 لەدایكبووە لە شاری مۆسكۆ، كوڕی دیمیتری ئیڤانۆڤیچ ساخارۆڤ، مامۆستای فیزیا و ژەنیاری پیانۆیە، خوێندنی زانكۆی لە مۆسكۆ تەواوكردووە، باپیری دادوەرێكی دیاربووە لە ئیمپڕاتۆرییەتی ڕووسیادا و كەسێكی چالاك و لێبوردوو بووە، دایكی سەردانی كەنیسەی كردووە بە بەردەوامی بەڵام باوكی بێ ئایین بووە، لە سیانزە ساڵیدا ساخارۆڤیش بۆی دەردەكەوێت كە پەیڕەوی هیچ ئایینێك ناكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئایینی نەبووە باوەڕی هەبووە بە بوونی هێز و بنچینەیەكی پاڵنەر بۆ بەجێهێنانی یاساكانی فیزیا لە گەردووندا.

خوێندن

ساڵی 1938 دەڕواتە زانكۆی حكومی مۆسكۆ و دوای چۆڵكردنی شارەكە لە 1941 لە جەنگی جیهانی دووەمدا ساخارۆڤ دەڕواتە توركمانستان و لە عیشق ئاباد خوێندن تەواو دەكات، و لە تاقیگەیەك لە ئۆلیانۆڤسك كاردەكات، لە ساڵی 1943 لەگەڵ كلادڤیدیا ئەلیكسێڤنا فیخیریفا هاوسەرگیری دەكات و دەبێتە خاوەنی كچێك و دوو كوڕ و لە ساڵی 1969 هاوسەرەكەی كۆچی دوایی دەكات.

ساڵی 1945 ساخارۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ مۆسكۆ بۆ ئەوەی ببێتە وانەبێژ لە پەیمانگای فیزیایی ئەكادیمیای زانستی سۆڤیەتی و لە ساڵی 1947 بووە خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا.

دروستكردنی بۆمبی هایدرۆجینی

دوای جەنگی جیهانی دووەم ساخارۆڤ چەند لێكۆڵینەوەیەكی كرد دەربارەی تیشكدانی گەردوونی، و لە ساڵی 1948 بەشداری لە پڕۆژەی سۆڤیەتی كرد بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بە سەركردایەتی ئیگۆر خۆرشاتۆڤ و ئیگۆ تام، لەهەمان ساڵ گرووپی كارەكە گەیشتنە بیرۆكەیەك و بۆیان دەركەوت گەر پارچەیەك یۆرانیۆمی دەوڵەمەندكراو بۆ توخمی دیۆتریۆم دەبێتە هۆی زیادبوونی وروژمی تەقینەوەكە، ئەوەش لەبەرئەوەی یۆرانیۆمی سروشتی نیۆترۆنەكان وەردەگرێت بۆ كارلێكی دووكەرتبوون بە شێوەیەكی خۆیی بۆ دروستكردنی وزەیەكی پێویست بۆ یەكگرتنەكە، ساخارۆڤ بیرۆكەیەكی پێشكەش كرد بۆ دروستكردنی بۆمبێك لە چینی تەقینەوە، واتە چینەكان پێكهاتبن لە یۆرانیۆم و دیۆتریۆم و ناوی لێنا سلۆیكا، واتە كێكی چەند نهۆمی، لە 29/8/1949 یەكێتی سۆڤیەت یەكەمین تاقیكردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی جێبەجێكرد، دوای ڕۆشتنی ساخارۆڤ بۆ سارۆڤ لە ساڵی 1950 ڕۆڵێكی بەرچاوی بینی لە دروستكردنی یەكەمین بۆمبی هایدرۆجینی سۆڤیەتی بە هێزێك كە بە مێگاتەن دەپێورا بە بەكارهێنانی شێوازێك كە پێی دەوترا (بیرۆكەی سێیەمی ساخارۆڤ)، بیرۆكەكانی ساخارۆڤ بۆ دروستكردنی بۆمبی بەهێزتر بەردەوام بوو، بەڵام یەكێتی سۆڤیەت نەیدەهێشت بیرۆكەكانی بنووسێتەوە لە ترسی ئەوەی دزەی پێبكرێت.

یەكەمین بۆمبی دروستكراو بە بیرۆكە نوێیەكەی ساخارۆڤ لە ساڵی 1955 تاقیكرایەوە.

هەروەها ساڵی 1961 بۆمبێكی دیكە بە هەمان پڕۆژەی ساخارۆڤ تاقیكرایەوە بە ناوی تزار یاخود قەیسەڕ بە هێزی 50 مێگاتەن، كە ئەمەش دەبێتە بەهێزترین تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە مێژوودا.


سەرچاوەکان



586 بینین