کێ یەکەمجار نێرگەلەی بەکارهێنا؟

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-27-14:46:00 - کۆدی بابەت: 5571
کێ یەکەمجار نێرگەلەی بەکارهێنا؟

ناوه‌ڕۆك

مێژووی نێرگەلە

مێژووی نێرگەلە پەیوەستە بە ڕووەکەکانی نارجیلەوە، کە بریتییە لە گوێزی هیندی، ''بطرس کرامە''ـی شاعیر ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەتای وشەی نێرگەلە (لە زمانی عەرەبیدا ارجیلە ـیە) لە وشەی نارجیلەوە سەری هەڵداوە، کە بریتییە لە گوێزی هیندی، کە ناو و ئاوەکەی دەردەهێنرا و دەکرا بە ئامێرێکی تایبەت بە کێشانی دووکەڵ، بە تایبەتی کە بەری گوێزی هیندی دوو کونی تێدایە، یەکێکیان توتنی لەسەر دادەنرا و لەسەر توتنەکەش پارچەیەک خەڵووزی ئاگرین، لە کونەکەی دیکەشەوە قەسەبێکی تێدەکرا بۆ ئەوەی دووکەڵەکەی لێوە هەڵمژرێت دوای ئەوەی ئاو دەکرایە گوێزە هیندییەکەوە تاوەکو دووکەڵ بە ئاوەکەدا تێپەڕ بێت و کەمێک شێ پەیا بکات پێش ئەوەی بچێتە دەمەوە، دەنگی قوڵپە قوڵبی ئاوەکەش دەبیسترا لە کاتی کێشاندا، نێرگەلە بەپێی کات پەرەی ساند تا گەیشتە ئەم شێوەیەی ئێستای.

لە دروستکردنی نێرگەلەدا کارساز هەبوون، بە تایبەتی خەڵکی ئەستانە کە لە مسی تێکەڵ بە زیو و مسی زەرد دروستیان دەکرد، هەروەها نێرگەلەیان لە زیوی پوخت دروست دەکرد بۆ دەوڵەمەندان، هەروەها خەڵکی دیمەشق لە تەختەی سافکراوی ڕازاوە بە تەل و بەردی گرانبەها دروستیان دەکرد، سەرەتاکانی بەکار‌هێنانی نێرگەلە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی فارسی کۆن و هیندستان، ئەمە پێش چەند سەدەیەک، ئەمڕۆ نێرگەلە لە هەموو وڵاتە عەرەبییەکاندا بڵاوبۆتەوە، بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و میسڕ، لە وڵاتە ئەورووپییەکانیشدا وەک: بەڕیتانیا و فەڕەنسا، هەروەها لە ڕوسیا و چەند وڵاتێکی دیکەش بەربڵاوە، نێرگەلە ئیستا شێوە و قەبارەی جیاوازی هەیە، هەروەها بە شێوازی هونەری جۆراوجۆر دروست دەکرێت بەپێی ئەو شوێنەی بەرهەمی هێناوە.

وڵاتی فارسی کۆن و هیندستان بە یەکەمین بەکارهێنەرانی نێرگەلە دادەنرێن، نێرگەلە یاخود ارجیلە لە نارجیلەوە هاتووە، کە بریتییە لە گوێزی هیندی، لەبەر ئەوەی گوێزی هیندی وەک ئامێری دووکەڵ کێشان بەکارهاتووە لە کۆندا.

نێرگەلە چییە؟

نێرگەلە (الأرجیلة - Hookahs) یاخود شیشە، یەکێکە لە هۆکارەکانی دووکەڵ کێشان، پێکهاتووە لە بۆرییەک کە دووکەڵی خەڵووزە گڕگرتووەکە بە ئاودا تێپەڕ دەکات پێش ئەوەی هەڵمژرێت، لە سەرەتادا قاعیدەکەی لە گوێزی هێندی دروست دەکرا، پاشان پەرەی سەند تا قاعیدەکەی بوو بە شووشە، لە هەندێک وڵاتیشدا بە نێرگەلە دەڵێن شیشە، شیشە وشەیەکی ئەعجەمییە کە مانای شوشە دەدات، لە میسڕ ئەم ناوە بۆ نێرگەلە زۆر بەکاردێت.

دیارترین زیانەکانی نێرگەلە

هەندێک پێیان وایە کە نێرگەلە جێگرەوەیەکی سەلامەتە بۆ جگەرە، بەڵام لە ڕاستیدا نێرگەلە لە جگەرە مەترسیدارترە بۆ تەندروستی و لەوانەیە ببێتە هۆی توشبوون بە چەندین نەخۆشی لە ئامێری هەناسەداندا و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی شێرپەنجە، هەروەها دەتوانێت ئەگەر توشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاد بکات، لێرەدا باس لە دیارترین زیانەکانی نێرگەلە دەکەین:

  • چڕییەکی زۆری ماددە ژەهراوییەکانی تێدایە، وەک: یەکە ئۆکسیدی کاربۆن و قەتران و کانزا قورسەکان و گیراوەکانی هۆکاری شێرپەنجە، هەروەها ماددەی کیمیایی زیانبەخشیشی تێدایە.
  • پشتبەستن و مودمین بوونی لەش بە نیکۆتین زیاتر دەکات، لەبەر ئەوەی ڕێژەی ماددەکە تیایدا چەند هێندەی جگەرەیە.
  • ڕێخۆشکەرە بۆ زیادکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و سورێنچک و شێرپەنجەی دەم و شێرپەنجەی سییەکان.
  • کار لەسەر کێشی منداڵە تازە لەدایکبووەکان دەکات و وادەکات بە کێشی کەمەوە لەدایک بن ئەگەر دایکانی دووگیان نێرگەلە بکێشن.
  • هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی نەخۆشییە درمەکان، بە تایبەتی کاتێک لە کافێ گشتییەکاندا بە بێ دڵنیابوونەوە لە پاککردنەوەی بۆرییەکان دەکێشرێت.

نێرگەلە بە شێوەیەکی خراپ کاریگەری لەسەر تەندورستیی مرۆڤ هەیە، هەروەها کاریگەری دەکاتە سەر تەندروستیی دووگیان و کۆرپە، بۆیە پێویستە واز لە کێشانی بهێنرێت تا تەندروستییەکی باشتر بەدەستبێت.


سەرچاوەکان



1687 بینین