دەزگای پۆلیسی نەهێشتنی تاوان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-06-24-15:48:00 - کۆدی بابەت: 5671
دەزگای پۆلیسی نەهێشتنی تاوان

ناوه‌ڕۆك

دەزگای بەگژداچوونەوەی ئاژاوە

پۆلیسی نەهێشتنی تاوان کە بە پۆلیسی بەگژداچوونەوەی پشێوی و ئاژاوەش دەناسرێت (بە عەرەبی: شرطة مكافحة الشغب) دەزگایەکی حکومییە و لە هەندێک وڵاتدا بوونی هەیە، لە کوردستان لەلای خەڵکی بە دەزگای موکافەحەش ناودەبرێت، بە زۆری سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، بەڵام لە هەندێ وڵات لەسەر بەشی سەربازی سووپا دادەنرێت، کاری هەرە پێشینەی بەگژداچوونەوەی خۆپێشاندان و ڕێگری لە گردبوونەوە و کاری ئاژاوەیە، هەروەها دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەشدارن لەو کارانەدا گەر خۆپێشاندانێکی ئاژاوەگێڕانە و بێسەروبەر بێت.

هەندێک جار بەبێ بەرپەرچدانەوەی خێرا و خۆسەرییانە دەکرێت بە قسەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران دۆخەکە هێوربکرێتەوە، بەڵام بە زۆری ئەمە ڕوونادات و خۆپیشاندەران لە کاتی بینینی ئەم هێزە زیاتر وزە بەکاردێنن بۆ گەرمکردنی خۆپێشاندان، یان ئەو پشێوییەی کە دروستکراوە.

چەک و کەرەستەکانیان

ئەو چەکانەی ئەم هێزە بەکاریان دەهێنێت بریتییە لە چەکی کەمهێزتر لە چەکی ڕاستی وەک داری پۆلیسی و شوڵ و قامچی و گرتنی دروستکەری پشێوی بە چەند سەربازێکەوە، لە ساڵی ١٩٨٠ـوە گازی فرمێسک ڕێژ و فیشەکی لاستیکی و دەمانچەی کارەباییش بەکاردەهێنرێت، هەروەها هەندێک جاریش لولەی ئاو و ئۆتۆمبێلی ڕووپۆشکراو و ئۆتۆمبێلی دەنگ دروستکەر (ئۆتۆمبێلێکە کە بڵدنگۆیەکی گەورەی لەسەرە و دەنگەکەی بۆ گوێ زۆر ئازاربەخشە) و فڕۆکەی چاودێری و سەگی پۆلیسیش بەکاردێنن بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر و کاتێک کە پشێوییەکە زۆر گەورە بێت، کاتێکیش ئەو کەسانەی گردبوونەوەکەیان ڕێکخستووە ببنە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک یان پشێوی زۆر گەورە، ئەم هێزە بە چەکی ڕاستی شوێن ئەو کەسانە دەکەوێت کە بوونەتە هۆکار و گیانیان دەکەوێتە مەترسی.

جلوبەرگیان

پۆلیسەکانی گژداچوونەوەی پشێوی جلوبەرگیان جیاوازە و زۆرینەی کات کڵاوی پارێزەر و جلوبەرگی پارێزەر لە پاش و پێشەوە لەبەر دەکەن، وەک: پارێزەری مل و سنگ و سک و ماسکی پارێزەر لە گازی فرمێسک ڕژ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش.


سەرچاوەکان



1196 بینین