شێخ جەعفەر موستەفا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-01-00:55:00 - کۆدی بابەت: 5691
شێخ جەعفەر موستەفا

ناوه‌ڕۆك

شێخ جەعفەر

شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا له ١ ی مانگی ٧ ی ١٩٥٠ له‌ گوندی شێخ موستەفا لە ناوچەی قەرەداغی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی لە دایک بووە و منداڵی لەوێ بەسەر بردووە و بە کاری شوانی و کشتوکاڵەوە سەرقاڵ بووە، هەر لەوێش خوێندنی سەرەتایی تەواو دەکات و بۆ خوێندنی ناوەندی دەڕواتە شاری سلێمانی، له تە‌مه‌نی ١٩ ساڵیدا په‌یوه‌ندی به هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌وه‌ کردووه‌ و بەشداری شۆڕشی ئەوکاتی کردووە و چه‌ندین پله‌ و به‌رپرسیاريه‌تی سه‌ربازی له ڕیزه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا وه‌رگرتووه، ژیانی هاوبەشی لەگەڵ (پرشنگ شێخ رەشید شیخ عەبدولکەریم) پێکهێناوە و لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٠ هاوژینەکەی کۆچی دوایی کردووە.

ساڵی لەدایکبوون ١٩٥٠
ساڵی بوون بە پێشمەرگە ١٩٦٩

پلە و پۆستە ئیدارییەکان

1997 - بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئیدارەی سلێمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2004 - ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

2006 - وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە

کابینەی شەشەمی هەرێم - وەزیری کاروباری پێشمەرگە

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ژیانی کارگێڕی

له ساڵی ١٩٩١دا ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بووە له میحوه‌ری (١) ی ده‌ربه‌ندیخان تا خانه‌قین و دواتر ده‌بێته به‌رپرسی هێزه‌کانی هەولێر و کۆیه‌. لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا دەبێتە ئەندامى پەرلەمان و پاشان لە ئيداره‌ى سلێمانى ده‌بێته‌ بريكارى وەزیری پێشمەرگە و لێپرسراویەتی (فەرمانده‌ی فەرماندەیی سلێمانی) پێدەبەخشرێت.

لە سەردەمی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی (ئەنسارولئيسلام)دا لەسەر داوای مام جەلال سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ساڵی ٢٠٠٢ دەبێتە لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پاش یەکگرتنەوەی هەردوو ئیداره‌ی هەولێر و سلێمانی، دەبێتە وەزیری پێشمەرگە و لە هەمان کاتیشدا فەرماندەی هێزەکانی (٧٠) بووە.

ساڵی ٢٠١٤ و لەگەڵ هاتنی داعش بۆ کوردستان و عێراق دەبێتە یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی جەنگی دژی داعش.

شێخ جەعفەر شێخ موستەفا لە ٨\٩\٢٠١٩ وه‌ک جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ده‌ستبه‌کار بوو و لەڕووی ستراتیژیيەوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بەشدارێکی سەرەکیيە لە پرۆسەی یەکخستن و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک سوپایەکی یەکگرتوو پێشمەرگەی کوردستان له‌ژێر فه‌رمانده‌يی وەزارەتی پێشمەرگه‌دا.

ژیانی تایبەتی

شێخ جەعفەر خۆی دەڵێت: "بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستم کە زۆرینەی جار لە دوای ٥ و نیوی بەیانەوەیە و هەندێک جار وەرزش دەکەم، لەگەڵ خواردنی کوردی زیاتر ئاسوودەم و زۆر کێشەم لە خواردندا نییە، لەگەڵ جلوبەرگی کوردی ئاسوودەم و بەڕای من جلێکی زۆر جوانترە لە جلوبەرگی گەلانی دیکە و حەزدەکەم لە تەواوی بۆنەکاندا لەبەری بکەم، هەرکاتێک سەرقاڵ نەبم و کاتم هەبێت لە شار دەردەچم و دەگەڕێمەوە بۆ ئاوایی شێخ موستەفا و بۆ ناو سروشت".


سەرچاوەکان



717 بینین