ئەو کەسەی کە فریشتەکان شۆردیان

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-09-16:29:00 - کۆدی بابەت: 5811
ئەو کەسەی کە فریشتەکان شۆردیان

ناوه‌ڕۆك

ئەو کەسە کێبوو کە کاتی مردنی فریشتەکان شۆردیان؟

ئەو کەسەی کە فریشتەکان شۆردیان لە کاتی مردنیدا حەنزەڵەی کوڕی ئەبی عامر کوڕی صەییفی کوڕی مالیکی کوڕی عەوفی کوڕی ئەوسی کوڕی حاریسەی  ئەنصاری بوو, باوکی ناوی عەمر بووە, یا عەبدولعەمر, باوکی حەنزەڵە باسی ئاینی پاک و زیندووبوونەوەی بۆ خەڵکی دەکرد, بەڵام کاتێک پێغەمبەر ﷺ بانگەوازی دەستپێکرد باوەڕی پێنەهێنا, بەڵکو دژایەتیشی دەکرد, لە مەدینە چووە دەرەوە, لەگەڵ قوڕەیشیەکان لە ئوحوددا دژی پێغەمبەر ﷺ جەنگان, بەڵام کوڕەکەی کە ناوی حەنزەڵە بوو موسڵمان بوو, حەنزەڵە یەکێک بوو لە هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ﷺ, بەوە باس دەکرا کە زۆربەی کات لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ بووە, لە جەنگی ئوحوددا شەهید کرا.

موسڵمانبوونی حەنزەڵە

حەنزەڵە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) یەکێک بوو لە کەسە هەرە گەورە و بەڕێزەکانی نێو موسڵمانان, لەگەڵ گەلەکەی خۆی کە ئەنصاریەکان بوون موسڵمان بوو کاتێک پێغەمبەر ﷺ چووە شاری مەدینەی درەوشاوە, وە باوەڕی بە پێغەمبەر ﷺ هێنا, حەنزەڵە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) تووشی زۆر ئازار و ناڕەحەتی بوو لەلایەن باوکیەوە کاتێک موسڵمان بوو, بەڵام حەنزەڵە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) لە بیر و باوەڕی خۆی پەشیمان نەبوویەوە و بەردەوام بوو لە سەرخستنی پێغەمبەر ﷺ.

بەشداریکردنی لە جەنگدا و شەهیدبوونی

حەنزەڵە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) یەکێک بوو لەو هاوەڵە بەڕێزانەی کە لە جەنگی ئوحوددا شەهیدبوو, ناوبانگی دەرکرد بە "ئەو کەسەی کە فریشتەکان شۆردیان" (غسیل الملائکة), چونکە فریشتە بەڕێزەکان شۆردیان, حەنزەڵە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) داوای لە پێغەمبەر ﷺ کرد کە جەمیلە ـی کچی عەبدوڵای کوڕی ئوبەی کوڕی سەلولی لێ مارە بکات, هاوسەرگیریەکەیان لەو شەوەدا بوو کە بەیانیەکەی شەڕی ئوحود بوو, حەنزەڵە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) مۆڵەتی لە پێغەمبەر ﷺ خواست کە ئەو شەوە لەلای خێزانەکەی بەرێتە سەر, بەیانی کاتێک کە گوێی لە بانگبێژەکە بوو کە بانگی دەکرد بۆ تێکۆشان (جیهاد) لە پێناو خودای گەورەدا, حەنزەڵە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) بە خێرایی لە ماڵ دەرچوو بە دەم بانگەکەوە بە لەشگرانیەوە, عەبدوڵای کوڕی زوبەیر دەفەرموێت: گوێم لە پێغەمبەر ﷺ بوو کە باسی لە کوژرانی حەنزەڵە کرد ، کە لەگەڵ سوفیانی کوڕی حەرب جەنگیانکرد و ئەسوەدی کوڕی شوعوب کوشتی, سوفیانی کوڕی حەرب هاواری کرد وتی: "فریام کەون, وا حەنزەڵەی کوڕی ئەبی عامری ئەنصاری دەیەوێت بمکوژێت", ئەسوەدی کوڕی شوعوبیش چوو بە دەم هاوەارەکەیەوە, لە پشتەوە لە حەنزەڵەی دا و کەوتە سەر زەوی و شەهیدبوو, پاشان هەواڵی شەهیدبوونی حەنزەڵەیان بە خێزانەکەی ڕاگەیاند, خێزانەکەی وتی: "کاتێ حەنزەڵە گوێی لە بانگبێژەکە بوو کە بانگی جیهادی دەکرد بێ ئەوەی خۆی بشوات بە لەشگرانیەوە بەرەو جیهاد کەوتەڕێ", پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: "فریشتەکان هاوەڵەکەتانی شۆرد", پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: "بینیم فریشتەکان بە ئاوی (موزن) حەنزەڵەیان شۆردووە", کە ئەمەش پلەیەکی مەزنە کە خودای گەورە بە حەنزەڵەی (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) بەخشیوە, چونکە ئاوی (موزن) ئاوێکی پاکە, خودای گەورە دەیبەخشێت بەو کەسانەی کە دەیەوێت ڕێزیان لێبگرێت,

سوهەیلی لە واقیدیەوە دەگێڕێتەوە کە کاتێک حەنزەڵە ـی کوڕی ئەبی عامر (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای لێبێت) دۆزرایەوە کە شەهیدکرابوو, بینیان کە سەری قەترەی ئاوی لێ دەچۆڕێ, لە کاتێکدا هیچ ئاوێکیش نزیکی نەبوو, وە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فەرمایشتەکەی پێغەمبەر ﷺ کە فەرمووی: "فریشتەکان هاوەڵەکەتانی شۆرد", ئەمەش وەک ڕێزگرتنێک بۆی.


سەرچاوەکان



895 بینین