حیکمەتی سڵاوکردن

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-09-16:52:00 - کۆدی بابەت: 5812
حیکمەتی سڵاوکردن

ناوه‌ڕۆك

حیکمەت لە سڵاوکردن لە کەسانی دیکە چییە؟

سڵاوکردن لە ئیسلامدا بەم شێوەیەیە: (السَّلامُ عليكُم و رحمةُ اللهِ و بركاتُه) [صحيح الأدب المفرد] (ئەسەلام و عەلەیکوم وە ڕەحمەتوڵاهی وە بەرەکاتوهـ), وە وشەی ئاشتی (سەلام) بەکارهاتووە چونکە تۆ ئاشتیت دەوێت بۆ کەسی بەرامبەرت و دەتەوێت دوربێت لە هەموو دەرد و بەڵا و ئافاتێک, سڵاوکردن وەک پەیمانێک وایە لە نێو موسڵمانان کە پارە و سامان و نامووسی یەکتر دەپارێزن, خودای گەورە فەرمان بە موسڵمانان دەکات کە سڵاو بڵاو بکەنەوە لە نێو یەکتریدا, وەک دەفەرموێت: (فَإِذَا دَخَلْتُم بُيُوتًا فَسَلِّمُوا عَلَى أَنفُسِكُمْ تَحِيَّةً مِّنْ عِندِ اللَّـهِ مُبَارَكَةً طَيِّبَةً كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللَّـهُ لَكُمُ الْآيَاتِ لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ) (النور:61).

لەم ئایەتەدا خودای گەورە هانی موسڵمانان دەدات کە سڵاو لە یەکتر بکەن کاتێک دەگەن بە یەکدی و کاتێک دەچنە ماڵی یەکدی, خودای گەورە موسڵمانانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی کە ئاشتی لە ناو یەکتردا بڵاوبکەنەوە و پارێزراو بن لە دەستی یەکتر, چونکە لە ڕۆژی دواییدا فریشتە بەڕێزەکان ئاشتی (سەلام) دەڕژێنن بەسەر باوەڕداران و بەوشێوە پێشوازییان لێدەکەن, سڵاوکردن وادەکات کە دڵ و دەروون لە کینە و ڕق بەدوور بێت, وە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (ما حَسَدتكمُ اليَهودُ علَى شيءٍ ، ما حَسَدتْكُم على السَّلامِ والتَّأمينِ) (رواه المنذري).

جوو (یەهود)ەکان هێندەی  ئیرەیی بە ئاشتی و هێمنی و دڵنیایی  دەبەن لە نێوانتاتدا, لە هیچ شتێکی تردا ئەونە ئیرەیی ـتان پێ نابەن، هەروەها وە پێغەمبەر ﷺ لە فەرموودەیەکی تردا فەرموویەتی: أعجَزُ النَّاسِ مَن عجَز في الدُّعاءِ ، وأبخلُ النَّاسِ من بخِلَ بالسَّلامِ) (رواه الألبانی) واتە: بێتواناترین کەس ئەو کەسەیە کە داوا لە خودای گەورە ناکات, دووعا ناکات, وە ڕەزیل (بەخیل)ترین کەس ئەو کەسەیە کە لە سڵاوکردندا ڕەزیلی و ڕژدی دەنوێنێت.

هەمیشە مرۆڤی باوەڕدار بە سڵاوکردن بەو شێوەی لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا هاتووە دەست بە قسەکانی دەکات, وە سڵاوکردن بەرەکەتە, وە خۆشەویستی و ڕێزلێگرتن زیاد دەکات لە نێوان خەڵکیدا, وە هۆکارێکە بۆ چوونە ناو بەهەشت, وەک لە فەرموودەکەی ئەبو هورەیرە ـدا هاتووە کە دەفەرموێت: پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (لا تَدخُلونَ الجنَّةَ حتَّى تُؤمِنوا ولا تؤمِنوا حتَّى تَحابُّوا أوَلا أدلُّكُم علَى شيءٍ إذا فعلتُموهُ تحابَبتُم ؟ أفشُوا السَّلامَ بينَكُم)[صحيح مسلم] واتە: ناچنە بەهەشتەوە تاوەکو باوەڕ (ئیمان) نەهێنن, وە نابنە باوەڕدار تاوەکو یەکتریتان خۆشبوێت, ئایا شتێکتان پێ بڵێم کە ئەنجامی بدەن خۆشەویستی لە نێوانتاندا زیاد بکات؟ سڵاو لە نێوانتاندا بڵاوبکەنەوە.

سڵاوکردن دڵەکان یەکدەخاتەوە, مافێکی موسڵمانانە بەسەر یەکتریەوە, دووریەکان نزیکدەکاتەوە.

حیکمەت لە بڵاوکردنەوە و سەلامکردن لە کەسانی دیکە چییە؟

  • بڵاوکردنەوەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام, چونکە سڵاوکردن پەیوەندی نێوان موسڵمانان پتەودەکات, وە یەکێکە لە خوڕەوشتە جوانەکان.
  • بەدەستهێنانی پاداشتێکی زۆر گەورە.
  • سڵاوکردن هۆکارێکە بۆ زیادبوونی بەرەکەت.

سوودەکانی بڵاوکردنەوە و سەلامکردن لە کەسانی دیکە

  • بەجێهێنانی فەرمانی پێغەمبەر ﷺ.
  • یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام.
  • بە یەکێک لە هۆکارەکانی چوونە بەهەشت دادەنرێت.
  • زیندووکردنەوەی سونەتی پێغەمبەر ﷺ.
  • یەکێکە لە مافەکانی موسڵمانان بەسەر یەکترەوە.
  • خۆشەویستی و ڕێز بڵاودەکاتەوە لە نێو خەڵکیدا.
  • یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لێخۆشبوونی خودای گەورە مسۆگەر دەکات.
  • سڵاوکردن لە کەسانی دیکە وەک خێرکردن وایە.
  • پاداشت لەسەری وەردەگریت و بەرەکەت دەکەوێتە ژیانتەوە بەهۆیەوە.(

ئادابەکانی سڵاوکردن

  • دەسپێشخەریکردن لە سڵاوکردن.
  • سڵاوکردن لەو کەسانەی کە دەیانناسیت و ئەوانەش کە نایانناسیت.
  • وەڵامدانەوەی سڵاو وەک خۆی یا بە باشتر, لەگەڵ ڕووخۆشیدا.
  • پێویستە ئەوەی سوارە سڵاو لەوە بکات کە بەپێ ڕێدەکات, ئەوەی بەپێ ڕێدەکات سڵاو لە دانیشتوو دەکات, بچووک سڵاو لە گەورە دەکات, کەم سڵاو لە زۆر دەکات.
  • پێویستە سڵاوکردن بە دەنگێکی مامنەوەندی بیستراو بێت.
  • سڵاوکردن کاتی چوونە ماڵێك.
  • سڵاونەکردن بە ئاماژە و سەرلەقاندن.
  • سڵاوکردن کاتی چوونە ناو کۆڕێک و کاتی چوونە دەر لێی.
  • سڵاوکردن لە مێردمنداڵان و منداڵان, کە ئەمەش شوێنپێ هەڵگرتنی پێغەمبەر ﷺ ـە و نیشانەی خۆبەکەمزانییە.
  • تەوقە کردن و ڕووخۆشی.
  • سڵاوکردن بەو شێوانەی کە لە سونەت و فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ هاتووە.

سڵاوی پیاو بۆ ئافرەت و بە پێچەوانەشەوە.

زانایان باسیان لە سڵاوی پیاو کردووە بۆ ئافرەتی بێگانە وە بە پێچەوانەشەوە, فەرموویانە کە وەڵامی سڵاوەکە دەدەنەوە بە مەرجی دڵنیابوون لەوەی کە توشی فیتنە نابن, وە بۆ ئافرەتانیش پێویست دەکات کە بەشێوەیەکی ئاسایی وەڵام بدەنەوە و دەنگیان ناسک نەکەنەوە, بەڵام لە حاڵەتی ترسان لەوەی کە تووشی فیتنە ببیت, واز لە سڵاوکردن دەهێنرێت.


سەرچاوەکان



951 بینین