فەرموودەی مرسل

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-13-02:49:00 - کۆدی بابەت: 5868
فەرموودەی مرسل

ناوه‌ڕۆك

فەرموودە چییە؟

فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ بریتیە لە هەر قسەیەک یان کردار یان بڕیاردان و بێدەنگ بوون لەسەر بابەتێک یا هەر سیفەتێکە کە لە پێغەمبەر ﷺ گێڕدرابێتەوە ئەوە پێی دەوترێت فەرموودە، فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا زۆر گرنگە, لە پاش قورئانی پیرۆز بە سەرچاوەی دووەمی وەرگرتنی حوکمـە شەرعیەکان دادەنرێت, قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ بە دەستووری موسڵمانان دادەنرێت، هەر بۆیە زانایانی پایە بەرزی ئاینی پیرۆزی ئیسلام زۆر گرنگیان بەوە داوە کە فەرموودە درووست (صحیح)ـەکانی پێغەمبەر ﷺ دیاری بکەن و جیایانبکەنەوە لەو فەرموودانەی کە لاوازن, هەر بۆیە زانایانی ئەم بوارە زۆر وردن و مەرجی توندیان داناوە بۆ وەرگرتن و قەبوڵکردنی فەرموودە.

پێناسەی فەرموودەی مرسل لای زانایانی بواری فەرموودە چییە؟

فەرموودەی (مرسل) ئەو فەرموودەیە کە کۆتایی زنجیرە گێڕانەوەکە (سند)ـەکەی پچڕاوە, واتە لە زنجیرەی گێڕانەوەکەدا هاوەڵەکەی پێغەمبەر ﷺ (صحابی)ـەکە دیارنەماوە, واتە لە فەرموودەکە کەسێک لە شوێنکەوتووان دەڵێت کە پێغەمبەر ﷺ وای فەرموو یا وایکرد, واتە زنجیرەکە لە شوێنکەوتوویەکەوە دەچێتە سەر پێغەمبەر ﷺ بەبێ ئەوەی باس لە هاوەڵەکە کرابێت، چونکە ئەم تابیعیە بەڕێزە نەگەشتووە بە خزمەت پێغەمبەر ﷺ و ڕاستەوخۆ لێی نەبیستووە, بەڵکو لەو صەحابیەوە بیستوویەتی کە لە زنجیرەکەدا ناوی نەبراوە، یان هەندێک جار زیاد لە کەسێک لە زنجیرەکە پچڕاوە, واتە لەوەچێ تابیعییەک و صەحابییەک لە زنجیرەکە پچڕابێت.

بۆ نموونە وەک ئەم فەرموودەیە کە یەکێکە لەفەرموودە (مرسل)ـەکان, سەعیدی کوڕی موسەیب دەگێڕیتەوە کە پێغەمبەر ﷺ  فەرموویەتی: (أنَّ رَسولَ اللهِ صَلَّى اللَّهُ عليه وَسَلَّمَ نَهَى عن بَيْعِ المُزَابَنَةِ وَالْمُحَاقَلَةِ) کە لێرەدا سەعیدی کوڕی موسەیب یەکێکە لە تابیعی ـەکان.

حوکمی فەرموودەی (مرسل) چییە؟

فەرموودەی (مرسل) لە بنەڕەتدا بە یەکێک لە فەرموودە لاوازەکان هەژمار دەکرێت, چونکە یەکێک لە مەرجەکانی وەرگرتنی فەرموودەی لە دەستداوە کە ئەویش پچڕانی زنجیرەی گێڕانەوەکەیەتی, گریمانەی ئەوە هەیە بێجگە لە صەحابیە بەڕێزەکە کەسێکی تریش لە زنجیرەکە پچڕابێت، گەر ئەو کەسەی کە لە زنجیرەکەدا پچڕابێت یەکێک بێت لە هاوەڵ (صحابی)ـەکانی پێغەمبەری خودا ﷺ, ئەوە هەموو هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ﷺ ڕاستگۆن و قسە لە هەموویان وەردەگیرێت, هەر لەبەر ئەوە زانایان ڕاوبۆچوونی جیایان هەیە سەبارەت بەوەی ئایا کە فەرمووودەی مرسل کاری پێدەکرێت یا نا.

ڕآوبۆچوونی زانایان دەربارەی فەرموودەی مرسل

ڕای یەکەم

ئەو زانایانەی لەسەر ئەم ڕاوبۆچوونەن دەڵێن کە فەرموودەی مرسل یەکێکە لە فەرموودە لاوازەکان و وەرناگیرێت, کە ئەمەش قسەی زۆربەی زانایانی فەرموودەیە, وە زۆربەی فەقیهەکان و ئوصولییەکانیش بە هەمان شێوە هەمان ڕایان هەیە, لەبەر ئەوەی یەکێک لە مەرجەکانی وەرگرتنی فەرموودەی لەدەستداوە کە ئەویش پچڕانی زنجیرەی گێڕانەوەی فەرموودەکەیە, وە لەوە دەچێت ئەو کەسەی کە لە زنجیرەکەدا پچڕاوە یەکێک نەبێت لە هاوەڵ (صەحابی) ـەکانی پێغەمبەر ﷺ.

ڕای دووەم

ئەو زانایانەی لەسەر ئەم ڕاوبۆچوونەن دەڵێن کە فەرموودەکە درووست (صحیح)ـە و کاری پێدەکرێت, کە ئەمەش ڕای پێشەوا مالیک و  ئەبو حەنیفە و ئیمام ئەحمەدە, بەو مەرجەی کە ئەو کەسەی کە فەرموودەکە دەگێڕێتەوە کە تابیعیەکەیە کەسێکی متمانە پێکراو بێت, وە پێویستە ئەو کەسەی کە لە زنجیرەکەدا پچڕاوە به هەمان شێوە کەسیکی متمانە پێکراو بێت, خاوەنانی ئەم بیر و بۆچوونە دەفەرموون چونکە قورسە تابیعیە کە جورئەتی ئەوەی هەبێت کە قسە بەدەم پێغەمبەر ﷺـەوە بکات مەگەر ئەوەی لە یەکێک لە هاوەڵە بەڕێزەکان (صحابی) ـەکی بیستبێت.

ڕای سێیەم

ئەو زانایانەی لەسەر ئەم ڕاوبۆچوونەن دەڵێن کە فەرموودەکە دروستە (صحیح)ـە بەمەرج, کە ئەمەش ڕای پێشەوا شافیعیە, دەفەرموێت کە پێویستە ئەو تابیعیە کە ئەو قسەیەی لە پێغەمبەر ﷺـەوە گێڕاوەتەوە یەکێک بێت لە گەورە تابیعیەکان, هەروەها بزانێت کە ئەو کەسەی ناوی نەبردووە کێیە, وە کەسێکی متمانە پێکراو بێت, وە یادگەی بەهێز بێت, هەرکات پرسیاری لێکرا ئەو کەسە کێیە کە لە زنجیرەکە پچڕاوە ئەوە ناوی بهێنێت و بزانێت کێیە، یا دەکرێ ئەو فەرموودە لە ڕێگەیەکی ترەوە بە شێوەیەکی ڕاست گێڕدرابێتەوە یا هاوتا بێت لەگەڵ قسەی هاوەڵ (صحابی)ـەکی پێغەمبەر ﷺ.

هەندێک لە زانایان فەتوایان داوە, لەم حاڵتانەدا دەکرێت فەرموودەی مرسل ببێتە صحیح:

  • فەرموودەی مرسل + فەرموودەی صحیح = فەرموودەیەکی صحیح.
  • فەرموودەی مرسل + فەرموودەی مرسل = فەرموودەیەکی صحیح.
  • فەرموودەی مرسل +  هاوتا بوون لەگەڵ وتەی صحابییەکی پێغەمبەر ﷺ = فەرموودەیەکی صحیح.
  • فەرموودەی مرسل + فەتوادانی زۆرێک لە زانایان لەسەری = فەرموودەیەکی صحیح.

ڕای چوارەم

ئەو زانایانەی لەسەر ئەم ڕاوبۆچوونەن دەڵێن ئەگەر ئەو کەسەی کە لە زنجیرەکە پچڕابوو یەکێک بوو لە صحابیەکان ئەوە فەرموودەکە وەردەگیرێت لەبەر ئەوەی هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ﷺ هەموویان باوەڕپێکراو و ڕاستگۆن، بەڵام ئەگەر ئەو کەسەی کە لە زنجیرەکە پچڕابوو یەکێک نەبوو لە صحابیەکان ئەوە فەرموودەکە درووست نیە.

ڕای پێنجەم

ئەو زانایانەی لەسەر ئەم ڕاوبۆچوونەن دەڵێن کە هەموو فەرموودە مرسلەکان وەرناگیرێن و کاریان پێناکرێت, کە ئەمەش ڕای ئەبو ئیسحاقی ئیسفرایینیە.

ڕای شەشەم

ئەو زانایانەی لەسەر ئەم ڕاوبۆچوونەن دەڵێن کە هەموو فەرموودە مرسلەکان درووستن و وەردەگیرێن لە هەموو کاتێکدا, کە پێشەوا عەلائی دەفەرموێت کە ئەم شلگیرییە بە هیچ جۆرێک باش نییە.

ڕای حەوتەم

ئەو زانایانەی لەسەر ئەم ڕاوبۆچوونەن دەڵێن فەرموودەی مرسل وەردەگیرێت بەو مەرجەی کەو کەسەی فەرموودەکەی گێڕاوەتەوە کەسێکی ناسراو بێت و متمانە پێکراو بێت.


سەرچاوەکان



677 بینین