ڕاستی تەمەنی عائیشە لەکاتی هاوسەرگیری لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-15-13:43:00 - کۆدی بابەت: 5897
ڕاستی تەمەنی عائیشە لەکاتی هاوسەرگیری لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ

ناوه‌ڕۆك

دایکی ئیمانداران

عائیشەی کچی ئەبوبەکر و خێزانی پێغەمبەر  یەکێکە لە دایکانی ئیمانداران و لە دوای خەدیجەی کچی خوەیلدەوە نزیکترینیان بووە، عائیشە بەهۆی سروشی خودای پەروەردگارەوە بۆ پێغەمبەرەکەی داوا دەکات کە پێغەمبەر بیخوازێت و بیکاتە هاوژینی خۆی و شتێک نەبووە بە ویستی پێغەمبەر و ئەبوبەکر بووبێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەش گوێڕایەڵی خودای گەورەن و تانە و گلەییان نەبووە، نەک لەبەر تەمەن یان کێشەیەکی عائیشە، بەڵکو لەبەر ئەو نزیکییەی کە لە نێوانیان بووە.

عائیشە یەکێک بووە لە باشترین ئافرەتەکانی مێژوو و خودای گەورە لە سوورەتی نور پاکیزەیی و دڵپاکی ئەو دەسەلمێنێت و لەسەری دێتە جواب، ئەبووموساش دەفەرموێت: "هەرکاتێک کەسێکمان لە فەرموودەیەکی پێغەمبەر تێنەگەشتینایە، پرسیارمان لە عائیشە دەکرد چونکە ئەو زانیاری هەبوو".

ئەو فەرموودەی کە بە بەڵگە دەهێنرێتەوە گوایە عائیشە تەمەنی کەم بووە لە هاوسەرگیری

(حدثني فروة بن أبى المغراء: حدثنا على بن مسهر، عن هشام، عن أبيه، عن عائشة رضى الله عنها قالت: (تزوجني النبي (صلى الله عليه وسلم) وأنا بنت ست سنين، فقدمنا المدينة… فأسلمتني إليه، وأنا يومئذ بنت تسع سنين).

١. ئەم ڕیوایەتە لە پێنج ڕێگەوە هاتووە، کە هەموویان دەچنەوە سەر کەسێک بە ناوى هیشامی کوڕى عوروە، کە سەرەڕای ئەوەى یەکێک لە شوێنکەوتووە گەورەکان، بەڵام هەندێک قسەى لەسەرە:

پێشەوا زەهەبی لە یەعقووبی کوڕی شەیبەوە دەگێڕێتەوە، کە سەبارەت بە هیشامى ناوبراو گوتویەتى: "هیشام حوججەیە، قسەى لەسەر نەکراوە، بەڵام کاتێک کە چۆتە عیراق، لەوێ لە گێڕانەوەى ڕیوایەتدا دەستى شل کردووە، شتانێکى بەدەم باوکییەوە گێڕاونەتەوە، کە لەوى نەبیستوون و لە کەسانى ترى بیستوون، واتە: تووشی دەردى (إرسال) بووە، کەواتە ڕیوایەتەکانى هیشام دەبنە جۆرى (مرسل).

ڕیوایەتى مورسەل لە ئەسڵى قسەى ئێمە و قسەى ئەهلى زانستى ڕیوایاتدا نابێتە بەڵگەى شەرعى، ڕیوایەت ئەگەر مورسەل بوو، لاى زۆربەى زانایانى فەرمودە ڕاست و دروست نییه.

٢. مالک لەو هیشامە ناوبراوە ڕازى نەبوو، دەیگوت: هیشام سێ جار چۆتە شارى کووفە، یەکەم جار دەیگوت: باوکم بۆى گێڕامەوە، گوتى: عائیشە بۆى گێرامەوە. جارى دووەم دەیگوت: باوکم هەواڵى دامێ لە عائیشەوە. کە جارى سێیەم چوو، دەیگوت: باوکم لە عائیشەوە. یانى: تووشی (إرسال) بوو، قسەى واى بە باوکی نیسبەت دەدا، کە نەیکردبوون.

٣. لە ڕێیەکى ترەوە ئەعمەش (ئەعمەش ناوى سولەیمانى کوڕى میهرانە ساڵى 148 ک، کۆچى دوایی کردووە)، لە ئیبراهیم، لە ئەسوەدەوە دەیگێڕێتەوە کە قسەى لەسەر کراوە و بە (مدلس) ناسراوە،  زۆربەى زۆرى زانایانى فەرموودەناس جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە (ئەعمش)ى ناوبراو (مدلس) بووە و ڕیوایەتەکانى -وەکوو زۆرێک لە ڕیوایەتى کوفییەکان- لاوازن و قسەیان لەسەرە.   

ئەم فەرموودە و وتانە زیاتر لەلایەن چەند کۆمەڵێک لە موسوڵمانانەوە پەرەی پێدەدرێت بەبێ ئەوەی ڕاست و درووستی بزانن، هەروەها مەزهەبی شیعە زیاتر برەو دەدەن بەم بابەتە چونکە عائیشە کچی ئەبوبەکرە و ئەوانیش ئەبوبەکریان قبووڵ نییە و دژی ئەون.

ئەوانەی دەڵێن بە ٩ ساڵی عائیشە پێگەشتووە

هەندێک کەس بۆ بەڵگەهێنانەوە بۆ ئەو بابەتە دەڵێن کە عائیشە ڕەزای خوای لێبێت لە ٩ ساڵیدا تەمەنی پێگەشتنی تەواو کردووە چونکە نیمچەدوورگەی عەرەبی ناوچەیەکی گەرمە و جەستەی کچ و کوڕ زوو دەگاتە تەمەنی پێگەشتن، بەڵام بەپێی هەموو گۆڕانکارییە کەشوهەواییەکان و زەوی، ئێستا زەوی لە سەدان ساڵی پێش خۆی گەرمترە، لەگەڵ ئەوەشدا نابینرێ کە کچێک بە ٩ ساڵی بگاتە تەمەنی پێگەشتنی تەواو مەگەر ئەوەی حاڵەتێک دەگمەن بێت.

بەڵگەی ناڕاستی فەرموودەکە

لە ڕووى مێژووییشەوە، تەواوى سەرچاوەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەسماى کچى ئەبووبەکر -خوشکى عائیشە- دە ساڵ لە عائیشە گەورەتر بووە و 27 ساڵ پێش کۆچى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بۆ مەدینە لەدایک بووە، کە دەکاتە 596ى زایینى، واتە عائیشە ساڵى 606 لەدایک بووە، ئەسما 10 ساڵ لەو گەورەتر بووە و 27 ساڵ پێش کۆچ لەدایک بووە، عائیشە کە دە ساڵ لەو منداڵ تر بووبێت، واتە 17 ساڵ پێش کۆچ لەدایک بووە، ڕیوایەتەکانیش دەڵێن: پێش کۆچ بە 3 ساڵ مارەى بڕیووە، واتە 14 ساڵی بووە، هەروەها دەڵێن لە کۆتایی ساڵى یەکەمى کۆچدا گواستییەوە، واتە چوار ساڵ پاش مارەبڕین، کەواتە لە 18 بۆ ١٩ ساڵیدا گوێزراوەتەوە.

ڕوونە کە عائیشە لە تەمەنى 73 ساڵیدا، لە ساڵى 57ى کۆچیدا لە سەردەمى خەلیفە مەروانى کوڕى حەکەمدا کۆچى دوایی کردووە، ئەسمای خوشکیشی لە ساڵی ٧٣ـی کۆچی کۆچی دوایی کردووە لە تەمەنی ١٠٠ ساڵیدا.


سەرچاوەکان



2672 بینین