مزگەوتی قوباء

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-17-00:49:00 - کۆدی بابەت: 5923
مزگەوتی قوباء

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی مزگەوتی قوباء

مزگەوتی قوباء یەکەم مزگەوتە کە لە ئیسلامدا بونیاد نراوە، دەکەوێتە باشووری شاری مەدینەی درەوشاوە, وە ٥ کیلۆمەتر لە مزگەوتی پێغەمبەر ﷺـەوە دوورە, مزگەوتی قوباء پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵە بەڕێزەکانی (خودای گەورە لێیان ڕازی بێت) هەستان بە دروستکردنی پاش ئەوەی کە لە شاری مەککەوە کۆچیان کرد بۆ مەدینە, وە بیرێکی تێدایە کە دەگەڕێتەوە بۆ هاوەڵی بەڕێزی پێغەمبەر ﷺ کە ئەویش ئەبو ئەیوبی ئەنصاری ـە (خودای گەورە لێی ڕازی بێت), وە ناونانی ئەم مزگەوتە پەیوەستە بە چیرۆکە بەناوبانگەکەی وشترەکەی پێغەمبەر ﷺ, کاتێک پێغەمبەر ﷺ چوویە مەدینە هاوەڵە بەڕێزەکان ویستیان وشترەکەی پێغەمبەر ﷺ وەرگرن لێی, بەڵام پێغەمبەر ﷺ داوای لێکردن کە واز لە وشترەکە بهێنن با بۆ خۆی بڕوات, وە لە کوێدا وەستا و دانیشت ئەوە لەو شوێنە مزگەوتێک دروست دەکەن، لەو شوێنەی کە وشترەکە وەستا مزگەوتەکەیان دروست کرد و دوایی ناویان نا مزگەوتی قوباء. مزگەوتی قوباء لە یەکەم ڕۆژی کۆچکردن بۆ مەدینە دروستکرا.

یەکەم کار بوو کە پێغەمبەر ﷺ ئەنجامیدا پاش ئەوەی گەیشتە شاری مەدینە, پێغەمبەر ﷺ خۆی یەکەم کەس بوو کە دەستی کرد بە ئیش کردن لە مزگەوتەکەدا و یەکەم بەردی خستە سەر, پاشان ئەبو بەکر بەردێکی تری دانا , پاشان عومەر بەردێکی تری دانا, هاوەڵە بەڕێزەکانی تریش (خودای گەورە لە هەمویان ڕازی بێت) دەستیان کرد بە یارمەتی دانی پێغەمبەر ﷺ لە دروستکردنی مزگەوتەکەدا و هەرکەسێک و لەلای خۆیەوە بەردێکی خستە سەر بۆ دروستکردنی مزگەوتەکە, دڵخۆشیەکی گەورە دڵ و دەروونی داگیرکردن تا لە دروستکردنی ئەو مزگەوتە بوونەوە کە لەسەر تەقوا و ترسی خودای گەورە بنیاتنرا.

پێغەمبەر ﷺ مزگەوتی قوبائی زۆر لەلا تایبەت بوو, هەموو شەممانێک سەردانی دەکرد و نوێژی تێدا دەکرد, وە ئەم خووەی پێغەمبەر ﷺ لەلای خەڵکی مەدینە مایەوە و هەتا ئێستەش ئەم ڕەفتارە جوانە بەردەوامە و ماوە، نوێژکردن لە مزگەوتی قوبائدا خێری عومرەیەکی هەیە, هەر بۆیە حاجیان و عەمرە کاران زۆر لە پەرۆشی ئەوەدان کە سەردانی ئەو مزگەوتە پیرۆزە بکەن و نوێژی تێدا ئەنجام بدەن.

دروستکردنەکەی و هۆکاری ناونانەکەی

کاتێک پێغەمبەر ﷺ گەیشتە نزیک شاری یەثرب لە ڕۆژی دوو شەممە, ١٨ ربیع الأول ـی ساڵی ١٤ ـی پێغەمبەرایەتی, لای دا لە گوندێک کە هی عەمری کوری عەوف بوو, بە قوباء ناسراو بوو, هۆکاری ناونانی مزگەوتی قوباء بەم ناوەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناوی ئەو بیرەی کە لەو شوێنەدا هەبوو کە مزگەوتەکەیان تێدا دروست کرد.

کاتێک کاتێک پێغەمبەر ﷺ گەیشتە قوباء دانیشت و بێدەنگ بوو, ئەنصاریەکان هاتن بە پێشوازیانەوە بۆ ئەوەی سڵاویان بگەیەنن بە پێغەمبەری خودا, وایان دەزانی کە ئەبو بەکر پێغەمبەرە لەبەر ئەوەی تاڵی سپی لە قژیدا هەبوو, تا وای لێهات خۆر دای لە پێغەمبەر ﷺ, لەو کاتەدا ئەبو بەکر هەستایەوە و عەباکەی خۆی وەک سێبەرێک لێکرد بۆ پێغەمبەر ﷺ بۆ ئەوەی تیشکی خۆرەکە بێتاقەتی نەکات, ئەوکات ئەنصاریەکان زانیان کە کامیان پێغەمبەرە.

دەگێڕنەوە کە پێغەمبەر ﷺ لای کەلسومی کوڕی هەدەم لایداوە, یا وتراوە لای سەعد ـی کوڕی خوثەیمە, وە ماوەی چوار ڕۆژ لەوێ مایەوە, وە یەکەم کاری دروستکردنی مزگەوت بوو, وە هەر بە ناوی شوێنەکەوە ناویان نا قوباء, پێغەمبەر ﷺ یەکەم نوێژی تێدا کرد, لەبەر گرنگی ئاینی و مێژووی ئەم شوێنە, زۆرجار لە زۆر سەردەمدا ڕووبەرەکەی فراوان کراوە, دەرگاکانی زیاد کراوە, وەک لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتاب, عوسمانی کوڕی عەفان, عومەری کوڕی عەبدولعەزیز (خودای گەورە لە هەموویان ڕازی بێت), وە لە سەردەمی ئێستادا بە تایبەت لە سەردەمی فەهد ـی کوڕی عەبدولعەزیز.

فەزڵەکانی مزگەوتی قوباء

  • نوێژکردن تێیدا خێر و پاداشتی عەمرەیەکی هەیە, چ فەرز بێت یا سوننەت, وەک پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (من تطَهَّرَ في بيتِهِ، ثمَّ أتى مسجدَ قباءٍ، فصلَّى فيهِ صلاةً، كانَ لَهُ كأجرِ عمرةٍ) رواه الألباني، في صحيح ابن ماجه، عن سهل بن حنيف واتە: ئەوەی لە ماڵەوە خۆی پاکژ بکاتەوە و بچێت بۆ مزگەوتی قوباء و نوێژی تێدا بکات, ئەوا وەک عومرەیەک خێر و پاداشتی بۆ دەنوسرێت.
  • * پێغەمبەر ﷺ هەموو ڕۆژانێکی شەممان سەردانی دەکرد و نوێژی تێدا ئەنجام دەدا.
  • *مزگەوتی قوباء لە ڕووی گرنگیەوە پاش سێ مزگەوتە پیرۆزەکە دێت, کە ئەوانیش (مزگەوتی حەڕام و مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ و مزگەوتی ئەقصا)ـن

مزگەوتی قوباء و فراوان کردنی ڕووبەرەکەی لە سەردەمە جیاوازەکاندا

سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشیدین

پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ هاوەڵە بەڕێزەکان مزگەوتی قوباء ـیان دووبارە بونیات نایەوە, پێشەوا عوسمانی کوڕی عەفان مزگەوتەکەی نۆژەن کردەوە لەگەڵ مزگەوتی پێغەمبەر ﷺ, وە مزگەوتی قوباء بەو شێوەیە بوو تا سەردەمی وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک.

سەردەمی ئەمەویەکان

وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیک هەموو مزگەوت و شوێنە ئاینییەکانی نۆژەن کردەوە, عەمری کوڕی عەبدولعەزیزی ئامۆزای ڕاسپارد کە مزگەوتی قوباء نۆژەن بکاتەوە, ئەویش وەڵامی داواکەی دایەوە و وەک ئەوەی وتبووی جێبەجێی کرد، وە یەکەم کەس بوو کە منارەی بۆ مزگەوتەکە دروست کرد, وە زۆر پایەی بەردی بۆ دروست کرد.

سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی

لە ساڵی 435 کۆچی شەریف ئەبو عەلی ئەحمەد کوڕی حەسەن عەلی مزگەوتی قوبائی نۆژەن کردەوە, چەندین نەخشی دروست کرد تێیدا بە خەتی کوفی، وە جەمالەدین ئەسفەهانی ساڵی 55 کۆچی مزگەوتەکەی تازە کردەوە, وە سوڵتان قابیتای کە سوڵتانی مەمالیکەکان بوو گرنگی بە مزگەوتی قوباء دا و چەند میحرابێکی بۆ زیاد کرد کە لە خام بوو, وە سوڵتان موحەمەدی دووەم منارەکەی زۆر جوانی بۆ دروست کرد, وە کارکردن تێیدا تەواو بوو لە سەردەمی سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم.

سەردەمی سعوودی

مەلیک فەیصەلی کوڕی عەبدولعەزیز لە سەردەمی خۆیدا لە ساڵی 1388 کۆچی دیوارەکانی دەرەوەی مزگەوتەکەی تازە کردەوە, وە شوێنێکی تایبەت بە ئافرەتانی دانا, نزیکی 800 هەزار ڕیاڵی سعودی تێچوو.

سەردەمی فراوان کردنەکەی مەلیک فەهد

وەزارەتی حەج و عومرە هەستا بە تازە کردنەوەی فەرشەکانی مزگەوتەکە کە فەرشێکی زۆر جوانی شارستانی ئیسلامی بوو, وە لە دەرەوەش فراوانی کرد, بەو شێوەیە مزگەوتەکە شوێنی 20 هەزار نوێژخوێنی تێدا ببێتەوە، مزگەوتەکە چوار منارە و 56 قوبەی هەیە, وە فراوان کردنی مزگەوتەکە لە ژێر پلان و چاودێری ورد دایە بۆ وەرگرتنی حاجیان و سەردانکەران.


سەرچاوەکان



3136 بینین