دەرگاکانی بەهەشت و ناوەکانی

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-18-01:51:00 - کۆدی بابەت: 5926
دەرگاکانی بەهەشت و ناوەکانی

ناوه‌ڕۆك

بەهەشت

بەهەشت ئەو شوێنەیە کە خودای گەورە ئامادەی کردووە بۆ بەندە باوەڕدارە یەکتاپەرستەکانی خۆی, وە پاداشتیان دەداتەوە و دەیبەخشێت پێیان پاش ئەوەی کە مردووەکان زیندوو دەکاتەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکات لە ڕۆژی قیامەتدا, بەهەشت ئەو ماڵە خۆشەیە کە هیچ شتێکی تێدا کەم نیە, ڕووباری تێدایە, کانیاوی تێدایە, درەختی تێدایە, وە لە هەموو بەر و بوومێکی تێدایە, وە هەر شتێکی تریش کە مرۆڤ حەزی لێی بێت, کە هەر کەس بە پێی پلەی باوەڕەکەی پێی دەبەخشرێت, بەرزترین پلەی بەهەشت فیردەوسی بەرزە کە لە ژێر عەرشی پەروەردگارەوەیە, کلیلی چوونە بەهەشت وتنی (لا إله إلا الله) (هیچ پەرستراوێک بە حەق نییە شایەنی پەرستن بێت جگە لە الله نەبێت) ـە, کار و کردەوە چاکەکان بکە, یەکەم کەس کە دەچێتە بەهەشتەوە پێغەمبەر ﷺ ـە, وە پاشان تکا (شەفاعەت) دەکات بۆ باوەڕداران.

دەرگاکانی بەهەشت

زانایانی ئیسلام یەکدەنگن لەسەر ئەوەی کە بەهەشت هەشت دەرگای هەیە, وە ئەمەش سەلماوە بۆمان لە ڕێی پێغەمبەر ﷺـەوە, ئەوەتا لە عوبادەی کوڕی صامتەوە هاتووە کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (مَن شَهِدَ أن لا إله إلا اللهُ وحدَه لا شريكَ له، وأنَّ مُحَمَّداً عبدُه ورسولُه، وأنَّ عيسى عبدُه ورسولُه، وابنُ أَمَتِهِ، وكلمتُه، ألقاها إلى مريم، ورُوحٌ منه، وأنَّ الجنةَ حقٌّ، وأنَّ النارَ حقٌّ، وأنَّ البَعْثَ حقٌّ، أدخله اللهُ الجنةَ -على ما كان من عملٍ- من أيِّ أبوابِ الجنةِ الثمانيةِ شاء)، واتە: هەر کەسێک شایەتی ئەوە بدات کە بەڕاستی هیچ پەرستراوێک نیە بە حەق شایەنی پەرستن بێت بێجگە لە الله کە تاک و تەنیایە و هیچ هاوەڵێکی نیە, وە شایەتی بدات کە موحەمەد بەندە و پێغەمبەری خودایە, وە عیسا بەندە و پێغەمبەری خودایە و کوڕی بەندەی خۆیەتی وە خودای گەورە وشەی خۆی هاویشتە پزدانی مەریەمەوە و گیانێکیشە لە خوداوە, وە شایەتی بدات کە بەهەشت ڕاستییـە و حەقە, وە دۆزەخ ڕاستییـە و حەقە, وە شایەتی بدات کە زیندووبونەوە ڕاستییە, ئەوا خودای گەورە دەیخاتە بەهەشتەوە, لە کام لە هەشت دەرگاکەی بەهەشتەوە کە بیەوێت.

وە هەروەها پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (ما مِنكُم مِن أحَدٍ يَتَوَضَّأُ فيُبْلِغُ، أوْ فيُسْبِغُ، الوَضُوءَ ثُمَّ يقولُ: أشْهَدُ أنْ لا إلَهَ إلَّا اللَّهُ وأنَّ مُحَمَّدًا عبدُ اللهِ ورَسولُهُ؛ إلَّا فُتِحَتْ له أبْوابُ الجَنَّةِ الثَّمانِيَةُ يَدْخُلُ مِن أيِّها شاءَ) واتە: گەر هەر یەکێک لە ئێوە زۆر بە جوانی دەستنوێژ بگرێت, پاشان بڵێت هیچ پەرستراوێک نیە بە حەق شایەنی پەرستن بێت بێجگە لە الله, وە بەڕاستی موحەمەد بەندە و پێغەمبەری خودایە, ئەوا هەر هەشت دەرگاکەی بەهەشتی بۆ دەکرێتەوە, لە هەر کامێکیانەوە بیەوێت دەچێتە ژوورەوە.

وە چوار لەو دەرگایانە بە ئاشکرا ناویان هاتووە لە فەرموودەکانی پێغەمبەر ﷺ  ـدا, کە ئەوانیش:-

  • دەرگای نوێژ.
  • دەرگای بەخشین (صدقة).
  • دەرگای جیهاد.
  • دەرگای ڕەیان (تایبەتە بە ڕۆژووەوانان).

زانایان هەوڵی ئەوەیان داوە (ئیجتیهادیان کردووە) کە ناوی چەند دەرگایەکی تریان بدۆزنەوە, ئیبن حەجەر دەفەرموێت: "بێگوومان دەرگای حەج هەیە, لەبەر ئەوەی یەکێکە لە پێنج پایەکەی ئیسلام, وە دەرگایەک کە بۆ ئەو کەسانەیە کە لە پێناو خودای گەورە ڕق و کینەی خۆیان خواردووەتەوە و لە خەڵکی خۆشبوون, وە دەرگای ئەیمەن, وە دەرگای زیکر", یا وتراوە دەرگای عیلم, دەرگای ئەیمەن تایبەتە بەو کەسانەی کە هەمیشە پشتیان بە خودای گەورە بەستووە, یا ئەم ناوانە وتراوە لەسەر چوار دەرگاکەی تر:-

  • دەرگای حەج
  • دەرگای باوک.
  • دەرگای ئەیمەن.
  • دەرگای ڕازیبوون.
  • دەرگای زیکر.
  • دەرگای تەوبە.
  • دەرگای ئەوانەی لە پێناو خودای گەورە ڕق و کینەی خۆیان خواردووەتەوە و لە خەڵکی خۆشبوون.

ئەوەی لە ئەهلی نوێژکردن بێت, ئەوە لە دەرگای نوێژەوە بانگ دەکرێت, وە ئەوەی لە ئەهلی ڕۆژوو بێت ئەوا لە دەرگای ڕەیانەوە بانگ دەکرێت بۆ ئەوەی بچێتە بەهەشت, وە دەکرێت یەکێک لە هەموو دەرگاکانی بەهەشتەوە بانگ بکرێت, وە یەکێک لەوانە پێشەوا ئەبوبەکرە (ڕەزا و ڕەحمەتی خودای گەورەی لێبێت) کە پێغەمبەر ﷺ  شایەتی بۆ داوە.

ئەو کار و کردەوانەی کە وادەکەن بچینە بەهەشتەوە

  • تەقوا: کەسانی تەقوادار و خۆپارێز ئەوانەن کە لە خودای گەورە دەترسن و بە ڕاستی دەیپەرستن و سنوورەکانی دەپارێزن.
  • ڕاستگۆیی: بە بۆنەی ڕاستگۆییەوە خاوەنەکەی پاداشتێکی زۆر گەورە وەردەگرێت.
  • نیەت: هەبوونی نیەتێکی پاک و دڵسۆزی بۆ خودای گەورە لە هەموو کار و بارەکانی ژیاندا.
  • تەوبەکردن: یەکێک لە ڕەحمەکانی خودای گەورە بە بەندەکانی وەرگرتنی تەوبەکانیانە.
  • ملکەچی لە نوێژدا, وە وازهێنان لە قسەی بێسوود و بێکەڵک, و پاراستنی ئەمانەت, و زەکاتدان.

هەندێک زانیاری دەربارەی بەهەشت

  • پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت کە بەهەشت تامەزرۆیە بۆ عەلی و عەممار و سەلمان (ڕەزا و ڕەحمەتی خودایان لێبێت), وە لە بەهەشتدا شتانێکی بێشوومار هەن کە چاو هەرگیز نەیبینیون, هەرگیز گوێ نەیبیستوون, وە بە دڵی هیچ کەسێکدا نەهاتووە.
  • لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دەرگاکانی بەهەشت دەکرێنەوە, وە لە دوو شەممە و پینج شەممانیشدا, هەروەک پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی.
  • ئەهلی بەهەشت بە دەستی موبارەکی پێغەمبەر ﷺ ئاوی کەوسەر دەخۆنەوە کە ئیتر قەت تینوویان نابێت لە دوای ئەوە, ئەهلی بەهەشت دەستە دەستە دەچنە بەهەشتەوە, وە هیچ ڕق و کینەیەک لە نێوانیاندا نیە, دەرگاکان کراوە دەبن  بە هەمیشەیی بۆ ئەوەی دانیشتوانی بەهەشت هەست بە ئاسوودەیی و ئارامی بکەن.
  • **گەورەترین نیعمەتی بەهەشت بینینی خودای گەورەیە, خودای گەورە خۆی نیشانی باوەڕداران دەدات, وە ئەمەش گەورەترین نیعمەتی خودای گەورەیە بەسەر بەندەکانیەوە.
  • ئەهلی بەهەشت لە بەهەشتدا تەمەنیان لە 33 ساڵیدایە, ناخەون و نامرن.
  • حۆری عەین, کە ئەمانە دروستکراوانێکن تایبەتن بە پیاوانی ئەهلی بەهەشت, کە خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باسی کردوون لە سورەتەکانی (ڕەحمان, واقیعە, صافات) کە ئەوانیش ئافرەتانێکی زۆر جوان و بێوێنەن.
  • ئافرەتە باوەڕدارەکانی دونیا, کە ئەوانەن وەک پیاوان بە ڕەحمەتی خودای گەورە دەچنە بەهەشتەوە, ئەمان شاژنانی بەهەشتن, خودای گەورە کۆشک و پیاو و نیعمەتی زۆری بۆ ئامادەکردوون.


سەرچاوەکان



6855 بینین