12 کاریگەری نەرێنی تەکنەلۆژیا لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-07-18-15:25:00 - کۆدی بابەت: 5948
12 کاریگەری نەرێنی تەکنەلۆژیا لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان

ناوه‌ڕۆك

کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەکنەلۆژیا لەسەر ژیانمان

تەکنەلۆژیا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا شۆڕشی جیهانی بەرپاکرد بەڵام بەڵام ئەو شۆڕشە بێ هۆکار نەبوو و بۆ بەدەستهێنانی چەند شتێک بوو، لەکاتێکدا کە ژیانکردن لە جیهانێکی پڕ لە تەکنەلۆژیا چەند سوودێکی گەورە هەیە، بەڵام دەبێت هەندێک لە خاڵە نێگەتیڤەکانی تەکنەلۆژیاش لەبەرچاو بگرین کە ژیانمانی گۆڕیوە، تەکنەلۆژیا کاریگەری لەسەر ئەو جیهانە کردووە کە تێیدا دەژین و ژیانمانی گۆڕییوە، لەگەڵ بەکارهێنانی مۆبایل و کۆمپیوتەر و دەرفەتی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە دەتوانین 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و 7 ڕۆژ لە هەفتەیەکدا بەکاریان بخەین.

تێکدانی بەرنامەی ژیانی ڕۆژانەمان

تەکنەلۆژیا کاریگەری لەسەر شێوازی خەوتن و خووی خەوتنمان هەیە و زۆربەمان تا درەنگانی شەو دەمێنینەوە و قسە لەگەڵ هاوڕێکانماندا دەکەین و بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دێین و دەچین و سەیری وێنە و نووسینە بڵاوکراوەکان دەکەین، سەختە بەلامانەوە لە موبایلەکانمان دوور بکەوینەوە تەنانەت ئەو کاتانەشی کە ماندووین، زۆربەمان کە لە نیوە شەودا خەبەرمان دەبێتەوە دەست بۆ موبایلەکانمان دەبەین، منداڵان و لاوان بەهەمان شێوە چەندین کاتژمێر بە سەیرکردنی ڤیدیۆ پێکەنیناوییەکان بەسەر دەبەن، بەلامانەوە سەختە لەو بەرنامانە دووربکەوینەوە کە بە مەبەست بۆ ئەوە دروستکراوە پێوەی پەیوەست بین، بەشێوەیەکی گشتی هەموو ئەمانە بۆ تێکدانی پشوو و خووی خەومانە، بە هەمان شێوە ڕووناکی تەلەفزیۆنەکان کاریگەرییان لەسەر ڕیتمی خەومان هەیە هەروەها کاریگەرییەکی زۆر زیاتری هەیە لەسەر ئەو کەسانەی کە بەدەم تەلەفزیۆنەوە خەویان لێ دەکەوێت، بەگشتی خۆ سەرقاڵکردن بەم خووانەوە خەوی شەوانمان زۆر نا تەندروستتر دەکەن، بەکارهێنانی ئامێرەکان لە درەنگانی شەودا دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕێژەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی میلاتۆنینی مێشکمان "هۆرمۆنێکی خەوتنە" و ئەمەش وامان لێدەکات سەختتر بتوانین بە شەودا خەوێکی تەندروستمان هەبێت.

تێکدانی هەست و گۆشەگیربوون

تەکنەلۆژیا هەستی دابڕان و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگامان لا دروست دەکات، بە هەمان شێوە هۆگربوون بە ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا دەکرێت هەمان هەستمان لا دروست بکات، هەروەها نەبوونی پەیوەندی فیزیایی لەگەڵ کەسەکاندا دەکرێت ببێتە هۆی خەمۆکی، کاتێک کە زۆربەی زۆری بەرکەوتەکانمان لەگەڵ کەسانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە دەکرێت هەستی ئەوەمان لا دروست بکات کە لە مرۆڤایەتی دابڕاوین، هەندێکجار هاوڕێکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هیچ شێوەیەک هاوڕێمان نین و بەرکەوتەی فیزیایمان لەگەڵیاندا نییە، لە کۆتاییدا، پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان زۆر جیاوازە لە هاوڕێیەتی ڕاستەقینەی کەسەکان و تەنانەت ڕەنگە پەیوەندییە ئەلیکترۆنییەکان زیان بە پەیوەندییە تایبەتەکانیشت بگەیەنێت، بۆنموونە، زۆر نامە گۆڕینەوە لەگەڵ کەسی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وات لێ دەکات پەیوەندیت لەگەڵ کەسانی چوار دەوردا نەمێنێت، پەیوەندییەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو لە زیادبوونە و ئەمەش وای کردووە مەودایەکی زۆر بکەوێتە نێوان خۆمان و کەسە نزیکەکانی چواردەورمان.

کەمکردنەوەی چالاکی

تەکنەلۆژیا چالاکییە فیزیاییەکانی کەم کردۆتەوە، دەکرێت ئەمە یەکێک لە زیانەکانی جیهانی پڕ لە ئامێر بێت، زۆرجار منداڵان بە کۆمپیوتەر و تەلەفیزیۆن یاری دەکەن و کاتەکانیان لەسەر خەت بەسەر دەبەن ڕاهێنانی فیزیایی ناکەن، پێشکەوتن و گەشەسەندنەکانی تەکنەلۆژیا هۆکاری پەیوەست بوونمانە بە ئامێرەکانەوە، یان لەسەر قەنەفە سەیری تەلەفزیۆن دەکەین یان موبایلمان بەدەستەوەیە، زۆرجار ئەو زانیاری یان وێنە یان ڤیدیۆی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبێتەوە بەزووی وەکو ئەو شتەی لێ دێت کە دەکەوێتە ناو کونێکی کەروێشکەوە کۆتایی بە هیچ شێوەیەک نابیندرێت، هەتا زیاتر کات لە ئینستاگرام و یوتوب بەسەر ببەین، کەمتر کات بە شتەکانی دەرەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر دەبەین.

بەکارهێنانی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا زیانی مل و پشت هەیە

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا دەبێتە هۆی ئازاری مل و وەستانی لەش بەشێوەیەکی هەڵە، بۆ نموونە کاتێک بەسەر موبایلەکەتدا چەماویتەتەوە سەختە بە ڕێکی دابنیشیت، زۆربەمان بە دەست ئازاری مل و پشتەوە دەناڵێنین بەهۆی ئەوەی بەڕێکی دانانیشین، لەکاتی سەیرکردنی موبایلەکانماندا خۆمان دەچەمێنینەوە و بەرزی ناکەینەوە بۆ ئاستی چاومان، هەموو ئەمانە وامان لێ دەکات بە شێوەیەکی هەڵە بوەستین و ئازاری مل و پشت و جاروباریش ئازاری مەچەکمان بۆ دروست ببێت بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرەکانمان بەشێوەیەکی هەڵە.

بوون بە کەسێکی خراپ لە پشت شاشەوە

کاتێک لە پشت شاشەیەکەوە خۆت دەشاریتەوە و ناتەوێت کەس بتبینێت و بتدۆزێتەوە ئاسانترە بۆت ببیت بە کەسێکی نەگریس، خەڵکی بە گشتی لە پشتی شاشەکانەوە زیرەکترن و شتانێک دەڵێن کە هەرگیز ڕوو بە ڕوو نایڵێن، هەروەها شاردنەوەی ناوی ڕاستەقینە و ئاشکرا نەکردنی ناسنامە کە لە ئینتەرنێتدا دەستەبەرکراوە هۆکاری بەڵاو و کێشەی زیاترە، چونکە بەلامانەوە ئاسانترە وشەی خراپ و ناشیرین بە یەکێک بڵێین و لێپرسینەوە نەکرێین لەسەر بەرپرسیارییەتی کارەکانمان، لە هەموو ئەمانەش خراپتر، هەندێک لەو شتانەی کە خەڵکی دەیڵێن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرێت کوشندە بێت و ببێتە هۆی مردنی کەسانی تر، ئەمەش لە کاتێکدایە خۆکوژی لەناو گەنجاندا گەشەی سەندووە و نەگریسی لەسەر هێڵ ڕەنگە یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکان.

لەناوبردنی هیوا و خەیاڵەکانی منداڵ

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا دەکرێت ڕێگیری لە گەشەکردنی خەیاڵەکانی منداڵان بکات، ئەوانەمان کە تەمەنمان گەورەترە ڕەنگە یاریکردنی ناو کارتۆنەکان و دروستکردنی قەڵا لە بەتانییەکانمان لەبیرمان بێت، خەیاڵەکانمان بێکۆتا بوون چونکە هەموو ئەوەی هەمانبوو ئەوانە بوون، لەژێر ڕۆشتایی ئەمەشدا، دەبێت لە خۆمان بپرسین ئایا تەکنەلۆژیا ئازارمان دەدات یان زیانمان پێ دەگەیەنێت، چیتر پێویست بەوە ناکات منداڵان تەنیا پشت بە خەیاڵەکانیان ببەستن، هەموو ئەوی پێویستە بیکەن تابلێتەکانیان بکەنەوە و یاریە ڤیدیۆیەکان بکەن کە دەتوانن چەندین کاتژمێر کاتی خۆش بەسەر ببەن، لەژێر ڕۆشنایی ئەمەشدا، دەبێت بپرسین چۆن ئەمە کاریگەری لەسەر منداڵەکانمان هەیە کاتێک کە گەورە دەبن.

ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا زیانی بۆ چاو و گوێ هەیە

تەکنەلۆژیا دەکرێت کێشە بۆ چاو و گوێ دروست بکات، هەر کەسێک کە تەواوی ڕۆژەکە لەبەردەم شاشەی کۆمپیوتەردا دابنیشێت دەزانێت لە ڕووی فیزیایی و دەرونییەوە چەند ماندوو دەبێت و تێبینی ئەوە دەکات کە چاوەکانی بە تەڵخی شتەکان دەبینێت و بە ئەستەم دەتوانێت جەخت بخاتە سەری و لە شاشەکە بڕوانێت، گوێگرتن لە مۆسیقا و یارییە ڤیدیۆیەکان زیان بە گوێچکەکانت دەگەیەنن، چونکه بە گشتی گوێ لە شتانێک دەگرین کە دەنگیان زۆر بەرزە و هەندێک لە توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە بەکارهێنانی بیستۆکە بچووکەکان زیانێکی زۆر بە گوێیەکان دەگەیەنن.

لەناوبردنی وزە

تەکنەلۆژیا هۆکاری بەکارهێنان و لەناوبردنی وزەی زیاترە، ئێستا وزەی زیاتر لەناو دەبەین وەک لە ڕابردوو، بێگومان ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان پێویستیان بە کارەبایە بۆئەوەی بکەونە ئیش واتە وزەی زیاترمان دەوێت بۆئەوەی چێژ لە هەموو تەکنەلۆژیاکان وەربگرین، هەروەها وزەیەکی زۆر زیاتریشمان دەوێت بۆ بەرهەمهێنانی ئامێرە میکانیکییەکان.

هۆکاری جیابوونەوەی خێزان

تەکنەلۆژیا هۆکاری جیابوونەوەی خێزانەکانە، لە کاتێکدا پێمانواییە تەکنەلۆژیا بوارمان دەدات لە پەیوەندیدا بین لەگەڵ کەسە خۆشەویستەکانماندا، لە ڕاستیدا واییە، بەڵام هەندێکجار ئەنجامێکی نەرێنی هەیە، هەتا زیاتر پشت بە تەکنەلۆژیا ببەستین زیاتر لە پەیوەندییە ڕووبەڕووەکان دوور دەکەوینەوە و زیاتریش پەیوەندیمان لەگەڵ خێزانەکانماندا نامێنێت، نامە گۆڕینەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر بابەتیانەیە و دەکرێت شوێنی پەیوەندییە فیزیاییەکانی مرۆڤ بگرێتەوە.

هۆگربوون بە تەکنەلۆژیا

خووپێوەگرتن بە تەکنەلۆژیا زۆر بەربڵاو بووە و یەکێکە لە نەرێنیترین کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا، ئاشکرایە بەکارهێنانی ئینتەرنێت یان یارییە ئینتەرنێتییەکان بەشێوەیەکی نادروست و ناڕێک پۆلێنکردنێکی تاڕادەیەک نوێیە و ئاڕاستەیەکی گەشەسەندووی هەیە، بەڵام زۆربەی یارییە ڤیدیۆییە خوو پێوەگیراوەکان بەو مەبەستەوە دروستکراون کە بەکارهێنەران خووی پێوە بگرن، زۆربەی کات دەرفەتی بەکارهێنانی هەندێک جۆری ئامێرە تەکنەلۆژیەکانمان هەیە و بە لامانەوە سەختە لێیان دووربکەوینەوە، لەکاتێکدا ئەم جۆرە خووگرتنە هێشتا لە نامیلکەی دیاریکردن و ئاماری ناڕێکی دەروونیدا پۆلێن نەکراوە و دیاردەیەکی خێرا گەشەسەندووە بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی هێواش بوونەوەی دیار بێت.

زانیاری نادروست

لەدەستدانی زانیارییە تایبەت و خۆییەکان و مەترسی هاککردن فێڵی زۆری تێدا دەکرێت، دروستکردنی پەڕەیی کەسێتی ناڕاست چەندین ساڵە بووەتە کێشە و خەڵکی فریوو دەدەن، ئەگەر ڕاستەوخۆ کەسەکە نەبینیت ناتوانیت تەواو دڵنیابیتەوە کە نامە لەگەڵ کێدا دەگۆڕیتەوە، خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەڕەی کەسێتی ناڕاست دروست دەکەن و کەسانی تر فیوو دەدەن و خۆیانیان لێ دەگۆڕن، منداڵە تازە پێگەشتووەکان و هەرزەکاران ئەم ڕفتارە فیوودەرانەیان هەیە.

نەمانی هاوسۆزی

ڕەنگە تەکنەلۆژیا ببێتە هۆی نەمانی هاوسۆزی چونکە بە توندوتیژییەکانی سەر هێڵ ڕاهاتووین، ئەمەش نموونەیەکی ترە لەسەر ئەوەی چۆن تەکنەلۆژیا بەشێوەیەکی خراپ ژیانمانی گۆڕیووە، هەتا زیاتر بە توندوتیژی سەر هێڵ ڕابێین زیاتر دەگەینە ئەو خاڵەی کە توندوتیژی نیگەرانمان ناکات، لە کۆتاییدا، پێویستە لەسەرمان هاوسەنگییەک دروست بکەین ئەگەر پلانمان هەبێت دەکرێت بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا سوودی زۆری هەبێت.


سەرچاوەکان



12264 بینین