بەشی کشتوکاڵ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-07-30-01:55:00 - کۆدی بابەت: 6099
بەشی کشتوکاڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

زانستی کشتوکاڵ یاخود ئەندازیاریی کشتوکاڵ (بە عەرەبی: الزراعة، بە ئینگلیزی: Agriculture) ئەو بەشەیە کە گرنگی بە بنەما سەرەکییەکانی کشتوکاڵی دەدات وەکوو بەروبوومە کێڵگەییەکان، تایبەتمەندی خاك و خۆڵ، سامانی ئاژەڵی، دابینکردنی خۆراك.

ئامانج لەم پسپۆرییە پێگەیاندی کەسانی شارەزایە لە بەشە جیاوەزەکانی زانستی کشتوکاڵ بە مەبەستی بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو بوارە لە کۆمەڵگەدا. 

بەشە گرنگەکانی کۆلێژی کشتوکاڵ

خوێندن لەم بەشە بۆ ماوەی چوار ساڵە و بە زمانی ئینگلیزییە، خوێندکار لە دوای دەرچوون دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس پاشان دەتوانێت ئەگەر ویستی لێبێت خوێندنی باڵا (ماجستێر و دکتۆرا ) تەواو بکات. 

گرنگترین بەشە پسپۆرییەکانی کۆلێژی کشتوکاڵی ئەمانەن:

سامانی ئاژەڵی livestock

بەخێوکردن و سوود وەرگرتن لە بەروبوومە ئاژەڵییەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی، ئەم بەشە سامانی ماسی و گیانلەبەرە ئاوییەکان و مەڕوماڵات و مانگا و پەلەوەر و هەنگەوانی لەخۆدەگرێت. 

دارستان Forestry 

خوێندن و گرنگیدانە بە بەڕێوەبردنی دارستان کە پەیوەستە بە ناشتنی دار و درەخت و پارێزگاری کردن لێیان. 

ڕەزگەریی Horticulture

گرنگیدان بە ڕەز و باخداری و چۆنیەتی چاندنی میوە و سەوزە، بایەخدان بە نەمامی جوانکاری. 

بەرووبوومی کێڵگەیی Field Crops

خوێندنی هەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە بەرهەمە کێڵگەییە هەمەجۆرەکان کە پێویستن بۆ ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە وەکوو دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان. 

خاك و ئاو Soul and Water

لەم بەشەدا بایەخ دەدرێت بە خوێندنی جۆرەکانی خاك و تایبەتمەندیی و سیفاتەکانی، هەروەها شیکارکردنی کێشە پەیوەندیدارەکان بە خاکەوە و دەستەبەرکردنی چارەسەری گونجاو بۆیان. 

پاراستنی ڕووەك Protection of Plants

ئەم بەشە زۆر گرنگە، چونکە  تاڕادەیەك پەیوەندیدارە بە بەشەکانی ترەوە، بەشەکانی تر زیاتر کاری بەرهەمهێنان دەکەن، بەڵام ئەم بەشە پەیوەستە بە پاراستنی ڕووەك لە هەموو  نەخۆشییەك و دەستەبەرکردنی چارەسەرکردنی گونجاو بۆ نەخۆشییەکانی ڕووەك. 

پیشەسازی خۆراك Food Technology 

ئەم بەشە پەیوەستە بە دابینکردنی خۆراك، وانەکانی ئەم بەشە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستن بە  کوالێتی خۆراك و تەندروستی مرۆڤەوە، هەروەها بەشێوەیەکی زانستی و تەندروستی خوێندکار فێری هەڵسەنگاندنی خۆراك دەکەن لە ڕووی کوالێتی و تەندروستیەوە. 

تایبەتمەندی و مەرجی خوێندنی کشتوکاڵی

- توانایی و زیرەکی لە وانەی زیندەزانی و کیمیا.
- نەبوونی هیچ جۆرە هەستیارییەکی ڕووەکی و ئاژەڵی، چونکە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆت هەیە لەگەڵ هەردووکیان.
- پشوودرێژی و ئارامی چونکە بەرهەمی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان پێویستی بە چاوەڕوانی و ئارامگرتن هەیە.
- حەزی داهێنان و تازەگەری لە چارەسەرکردنی کێشە باوەکان لە کەرتی کشتوکاڵی.
- گرنگیدان بە سەرچاوە سروشتیەکانی پەیوەست بە ئاژەڵ و کشتوکاڵەوە.
- خۆشەویستنی ئاژەڵان و نەترسان لێیان.
- بایەخدان بە ژینگە و سرووشت.
- بەتوانایی لە زمانی ئینگلیزی چونکە خوێندنی ئەم کۆلێژە بە زمانی ئینگلیزییە.
- بەدواداچوون و تۆمارکردنی زانیاریی و وردەکارییەکان.
- وردکار و گرنگیدان بە وردەکارییەکان و پەیوەستبوون بە کاتەوە. 

بوارەکانی کارکردن

بوارەکانی کارکردن لەم بەشەدا فراوان و هەمەچەشنە و سنوردار نییە، دەرچووی کشتوکاڵی دەتوانێت بە لێهاتوویی و دانایی خۆی و بە برەودان بە تواناکانی لە زۆر بواری جیاجیادا کاربکات لە وانە: 

  • سەرپەرشتی کردنی کاروبارە کشتوکاڵییەکان.
  • سەرپەرشتیاری کێڵگەکان.
  • دەرچووی ئەم بەشە لە کەرتی حکومی و تایبەت دەتوانێت لە دامودەزگا کشتوکاڵییەکان کار بکات.
  • هەنگەوانی و بەخێوکردنی ئاژەڵ.
  • دەتوانێت لە بەشی سەلامەتی و دابینکردنی خۆراك کاربکات. 

بایەخ و گرنگی کشتوکاڵی 

بەشی کشتوکاڵی لە گرنگترین پیشەسازییەکانە و سوود و بایەخی زۆر هەیە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆراك بۆ کۆمەڵگە.

ئەندازیاری کشتوکاڵ ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی کشتوکاڵی لە ڕێگەی بەدواداچوون و کردنی توێژینەوە و تۆمارکردنی داتاکان، دابینکردنی داودەرمانی کیمیاوی بۆ ڕووەك و بەروبوومە کشتوکاڵییەکان.

بەشێک لە ئەندازیارانی کشتوکاڵی دەتوانن دیزاین و چاکردنەوە و کارپێکردنی ئامێرەکانی کشتوکاڵ بکەن و بەرەوپێشیبەرن. 

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



4273 بینین