بەرنامەی ئیتقان بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-08-01-22:48:00 - کۆدی بابەت: 6136
بەرنامەی ئیتقان بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی پڕۆژەکە

ئەم پڕۆژە یەکێکە لە پڕۆژەکانی ڕێکخراوی (مقرأة الراوی للقرآن الکریم وعلومه)، بە سەرپەرشتی شێخی قورئان خوێنانی وڵاتی عێراق شێخ موەفەق عەبدولهادی الراوی، ئەم پڕۆژە بۆ ئەو کەسانەیە کە قورئانیان لەبەرە بەڵام بێ ئیتقان، واتە بە جوانی زەبتیان نیە، هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە لەم پڕۆژەدا بەشدار دەبن ئامانجیان ئەوەیە کە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا قورئان زۆر بە جوانی زەبت بکەن.

ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ئەلکترۆنیە بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز، هاوکات لەگەڵ زانینی ماناکانی و تەجوید و ئادابی هەڵگرانی قورئان، پڕۆژەیەکی زۆر سەرکەوتوو و بەهێزە، ئەم پڕۆژەیە لە هاوشێوەی نیە لە وڵاتی عێراقـدا لە ڕووی فکرە و بەڕێوەبردنەوە، بەڕێوەبردنەکەی بەوە ناسراوە کە زۆر ورد و دەقیقە بۆ هەموو کەس دەشێت کە بەکاری بهێنێت.

تایبەتمەندیەکانی ئەم پڕۆژەیە 

- ئەم پڕۆژەیە بەشێوازێکی جوان ڕێک خراوە و ئاسانە و تەجروبە کراوە پێشتر.

- کات بۆ قوتابی و مامۆستا دەگێڕێتەوە، چونکە ئەلکترۆنیە و پێویست ناکات بچی بۆ ڕێکخراوی (مقرأە الراوی) مەگەر لەچەند حاڵەتێکی کەمدا نەبێت.

- تەنها جەخت لەسەر لەبەرکردنی قورئان بە ئیتقان و لێهاتووییەوە ناکات، بەڵکو چەندەها خولی تایبەت بە تیلاوە و تەجوید و تەفسیر و ئادابی هەڵگرانی قورئان دەخوێنرێت تێیدا.

- قوتابی پاپەند دەکرێت بەوەی کە ڕۆژانە ئەو بڕەی کە پێویستە لەبەری بکات و کەمتەرخەمی تێدانەکات.

- ئاسانە بۆ جێبەجێکردن بەسەر هەموو چین و توێژەکاندا هاوکات لەگەڵ کارەکانی ڕۆژانەیاندا.

- وا لە لەبەرکاری قورئانی پیرۆز دەکات کە بتوانێت ئامادەبێت بۆ هەموو پێشبڕکێ ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان.

- ئەو تاقیکردنەوە زۆرانەی کەبۆ فێرخواز دەکرێت وادەکات کە فێرخواز زاڵ ببێت بەسەر ترسی تاقیکردنەوەدا.

- جدییەت لەجێبەجێ کردنی پڕۆژەکەدا و بەتایبەتتر لەمەسەلەی ئیتقان و لێهاتوویی لە بواری لەبەرکردن ـدا.

- جددیەت لە کاتی دیاری کردنی وانەکاندا لەگەڵ ڕێزلێگرتنێک کە لە پڕۆژەکە جودا نابێتەوە.

- مامۆستا لەم پڕۆژە وەرناگیرێت مەگەر ئەوەی کە خاوەنی بڕوانامەی (الحافظ المتقن) (لەبەرکاری بەتوانای قورئانی پیرۆز) بێت.

بەشەکانی ئەم پڕۆژە

بەشی یەکەم

(الدورە التأهیلیە) بۆ ئەو کەسانەیە کە تازە فێری خوێندنەوەی قورئان دەبن و لەم قۆناغەدا ڕادەهێنرێت لەسەر چۆنیەتی خوێندنەوەی قورئان و لەبەرکردنی پێنج جوزئی کۆتایی قورئانی پیرۆز.

بەشی دووەم

(الدورە المتقدمە) بۆ ئەو کەسانەیە کە بەشی یەکەم تەواودەکەن، ئەم بەشەش دوو لقە، لقی لەبەرکردن و لقی زەبت کردنی قورئان (تثبیت).

بەشی سێیەم

پڕۆژەی (الحافظ المتقن) (لەبەرکاری بەتوانای قورئانی پیرۆز)، پڕۆژەیەکە بۆ ئەو کەسانەی کە قورئانیان جوان لەبەرە و بریتیە لە 12 تاقیکردنەوەی 10 پرسیاری، سەرەتا تاقیکردنەوە دەکەیت لە پێنج جوزئی یەکەم پاشان پێنج جوزئی دووەم پاشان دە جوزئی یەکەم پاشان سێ جزئی سێیەم پاشان هەر پانزە جوزئەکە پێکەوە، بەم شێوە تا کۆتایی قورئانی پیرۆز.

ئەم پڕۆژەیە وەک هەر پڕۆژەیەکی تری قورئان لەبەرکردنە بەئۆنلاین، بەڵام ئەم پڕۆژەیەکی زۆر بەهێز و تۆکمەیە، بەشداربوو سەرەتا دەچێتە بەشی یەکەمی پڕۆژەکەوە کە بەشی (الدورە التأهیلیه) ئەم بەشە وەک ڕاهێنانێکە بۆ ئەوەی پاشان بەجوانی بچیتە بەشی دووەم کە (الدورە المتقدمە) ـیە، لە بەشی دووەمی کە بەشی لەبەرکردنی پێشکەوتووە ڕۆژانە لەلایەن مامۆستایەکەوە لێپرسینەوەت لەگەڵ دەکرێت، ڕۆژانە لاپەڕەیەک لەبەردەکەیت یا دوو لاپەرە بە پێی توانای خۆت، پاش ئەوەی لە بەشی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بویت خۆت دیاری دەکەیت کە ڕۆژانە لاپەڕەیەک لەبەر دەکەیت یاخود دوو لاپەڕە، شەوان بۆ مامۆستای دەڵێیت، شەمە تا چوار شەمە بەم شێوە، پاشان پێنج شەمە ئەوەی لەهەفتەکە لەبەرت کردوە هەمووی بۆ مامۆستای دەخوێنیت، ڕۆژانی هەینی پشووە، بەم شێوە دەڕۆیت تا جوزئەکە تەواو دەکەیت، پاشان هەموو جوزئەکە بەسەریەکەوە لەیەک جەلسەدا بۆ مامۆستاکەت دەخوێنیت، ئەمانە هەمووی بە ئۆنلاین وەک باسکرا، پاشان مامۆستاکەت ناوت دەنێرێت بۆ لیژنەی تاقیکردنەوە، ئەوانیش بەئۆنلاین بەدەنگ و ڤیدیۆ تاقیکردنەوەت دەکەن لەو جوزئەدا، هەر تاقیکردنەوەیەکیش دە پرسیار دەبێت و بەلایەنی کەمەوە دەبێت 70 بەرەو سەر بهێنیت  بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت لە تاقیکردنەوەکەدا، پاشان کە دەرچوویت دەچیتە جوزئی دواتر و بە هەمان شێوە دەڕۆیت تا پێنج جوزء تەواو دەکەیت، ئەوکات دەبێت بچیت بۆ شاری بەغداد بۆ ڕێکخراوی (مقرأە الراوی)، بۆ تاقیکردنەوەی پێنج جوزئەکە بە ڕوبەڕوو.

تێبینی: ڕێکخراو خۆی هەڵدەستێ بەدابین کردنی کرێی هاتووچۆی فێرخواز بە چوون و هاتنەوە، واتە لەگەڵ تەواو کردنی هەر پێنج جوزئێکدا دەبێت بچیت بۆ شاری بەغداد.

بۆ بەشی زەبت (تثبیت) فێرخواز لێرەدا قورئانی لەبەرە هەموی بەڵام بەبێ ئیتقان، بۆیە لەم بەشەد ڕۆژی چوار لاپەڕە زەبت دەکاتەوە فێرخواز و بۆ مامۆستاکەی دەڵێت ڕۆژانە بەهەمان شێوەی بەشی لەبەرکردنەکە و بەهەمان شێوە بۆ تاقیکردنەوەکانیش.

بۆ بەشی الحافظ المتقن، ئەمە بۆ لەبەرکارێکی قورئانە کە قورئانی جوان زەبتە، 12 تاقیکردنەوەی بۆ دەکرێت لەم بەشەدا بەس تاقیکردنەوەی کۆتاییان پێویست دەکات بچیت بۆ بەغداد.

لەکاتی تەواوکردنی قورئانی پیرۆز لەهەر بەشێک لەو بەشانەی سەرەوە کە باسمان کرد فێرخواز بڕوانامەی (الحافظ المتقن) (لەبەرکاری بەتوانای قورئانی پیرۆز) بەدەست دەهێنێت کە بڕوانامەیەکی تاکە  و بێ وێنەیە هەم لە لەوڵاتی عێراقدا و  هەم لە جیهانی ئیسلامیدا هاوشێوەی نیە و موعتەبەرە و ناوت دەچێتە ڕیزی (الحافظ المتقن) (لەبەرکاری بەتوانای قورئانی پیرۆز) ـەوە، پاشان قوتابی دەبێتە مامۆستا لەپڕۆژەکەدا، هەروەها مامۆستای کورد و عەرەب لەپڕۆژەکەدا هەن.


سەرچاوەکان



1695 بینین