پەڵەدان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-03-16:04:00 - کۆدی بابەت: 6153
پەڵەدان

ناوه‌ڕۆك

پەڵەدان

لە ناوەڕاستی پاییزی هەموو ساڵێک هەریەک لە دەستەواژەکانی (پەڵەدان، پەڵەی داوە یان نەداوە، بارانەپەڵە) بەر گوێی خەڵکی دەکەوێت کە زۆرینەی جار لەلای جووتیارەکانەوە باس دەکرێت.

هەقە پەڵە

هەقە پەڵە ئەو دۆخەیە کە ئەوەندە باران باریبێت زەوییەکان بۆ چاندنی دەغڵ و دان و وەشاندنی تۆو لەباربێت، بەرواری ئەم ڕووداوەش دەکەوێتە ڕۆژانی پێنج و شەشی مانگی یانزەی ساڵ کە دەکاتە ناوەڕاستی وەرزی پاییز، بە بڕوای جووتیارەکان لەم ڕۆژانەدا ئەوەندە باران باریووە کە زەوییەکە ئامادەبێت بۆ چاندن و تۆو وەشاندن، بەو بارانەشی لەم چەند ڕۆژە و ڕۆژانی دوایی دەبارێت دەوترێت بارانی پەڵە.

لەوانەیە ئەم ڕۆژە پاش و پێشیش بکەوێت بەپێی بڕی باران بارینی ساڵ و گەر دواشبکەوێت شتێکی زۆر مەترسیدار نییە مەگەر ئەوەی هیچ نەباریبێت و مەترسی وشکەساڵی هەبێت، بۆیە دەستەواژەی هەقە پەڵەی بۆ بەکاردێت، ئەگەر هەیە پەڵەدان بکەوێتە پێش و پاشی ئەو وادەیە.

چۆن بزانرێت پەڵەی داوە یان نا؟

جووتیارەکان پەڵەدانیان بەو شێوەیە دیاری کردووە کە ئەوەندە باران باریبێت لەکاتی زەوی کێڵان تا ئەو شوێنەی دەمی گاسنی پێدەگات و هەڵدەگێڕدرێتەوە تەڕ بووبێت و وشک نەبێت، یاخود ٢٠ بۆ ٣٠ سانتیمەتر قوڵایی تەڕایی هەبێت.

یان ئەوەی ئاو لە زەوییەکان بوەستێتەوە و وڵاغەکان لەدوای باران بارین بەناو زەوییەکە تێبپەڕن و جێگا سمەکانیان پڕ ئاو ببێت.

مەرج نییە بارانی بەلێزمە و بەخوڕی لەناکاو ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە دەکرێت نەڕواتە ناو خاک و تەنیا لەسەر زەوی بمێنێتەوە و بڕوات، بەڵکوو دەکرێت بارینی بەخوڕی هێواش لە نێوان ١٢ بۆ ٢٠ کاتژمێر ببێتە هۆی پەڵەدان و زەوی زۆرینەی ئاوەکەی هەڵبمژێت.

فەرهەنگەکان

هەژار موکریانی لە فەرهەنگی هەمبانە بۆرینەدا پێناسەی پەڵە یان پەڵەدانی بەوە کردووە:

"واتە بارانی تێری دەغڵ".

 شێخ محەمەدی خاڵیش لە بەرگی یەکەمی فەرهەنگی خاڵدا دەڵێت:

"په‌ڵه‌ بارانێكی تێكڕاییه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی پاییزدا ده‌غڵ‌ و دان‌ و گیای پێ ئه‌ڕوێ‌ و جووتی پێده‌كرێت".

لە فەرهەنگی ئاڤێستادا پەڵەدان پێناسەی کراوە و دەڵێت: "ئەو ئەندازە بارینەیە، کە زەوی خووساندبێت و بەئاسانی جووتی تێدابکرێت و کڕە لە گاسنیەوە نەیەت".

پەڵەنەدان: "دواكه‌وتنی بارینی بڕی پێویست‌.

پەڵە لە شیعری کوردی

وڵات و شار و دێهاتی دڵ ئەمساڵ
پەڵەی داوە بە بێ مانەند و ئەمسال
بە پاچ و بێڵی تەقوا و ڕیازەت
موبەڕڕا بوو لە دڕک و داڵی ئەوباڵ
 
سابیری


سەرچاوەکان



1681 بینین