سامۆرای

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-06-14:50:00 - کۆدی بابەت: 6199
سامۆرای

ناوه‌ڕۆك

سامۆرایی

سامۆرای یان سامۆرایی (بە ئینگلیزی: Samurai)، بە خانەدانە سەربازییەکان و ئەفسەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی نوێی ژاپۆن دەوترا، هەروەها هەردوو وشەی بوشی و بۆکەیان بۆ بەکاردەهێنرا، تا ئەوەی لە سەدەی دوانزە دەستەواژەی سامۆرای جێگای گرتنەوە و بۆ جەنگاوەرە لێهاتووەکان بەکاردەهێنرا.

سامۆڕایەکان پەیڕەوی دەستوورێکیان دەکرد کە پێی دەوترا بۆشیدۆ، هەرچەندە ڕێژەکەیان کەمتربوو لە %١٠، بەڵام وانە و فێرکارییەکانی ئەوان هەتاوەکوو ئەمڕۆش لە ژاپۆن ماوەتەوە.

وشەکە

ویلیام سکۆت ویڵسۆنی وەرگێڕی ژاپۆنی باوەڕی وایە وشەکە لە چینیەوە سەرچاوەی گرتووە کە وشەی "侍"ـە و لە چینی بە واتای کەسی شیاو دێت، و بنەچەکەی وشەی سابۆرۆی ژاپۆنییە، هەردوو وشەکەش لە چینی و ژاپۆنی بە واتای "خانەدانە شیاوەکان" دێن، ویلیام باوەڕی وایە بەهۆی ئەوەی وشەکە لە ژاپۆنی بەباشی دانی پێدانەنراوە شێوەی سامۆرای وەرگرتووە، و وشەکە بۆ یەکەمین جارەکان لە شیعری شاهانەدا دەرکەوتووە لە ساڵی ٩٠٥ بۆ ٩١٤ لە سەرەتاکانی سەدەی دەیەمی زایینی.

مێژوو

لە سەرەتای سەدەی هەشتەمەوە یاسای سەربازی لە ژاپۆن دامەزرا و سەربازان فێری هونەری جەنگی دەکران و بۆ پارێزگاری سنوورەکان بەکاردەهاتن، لە سەدەی دەیەم خانەدانە ژاپۆنییەکان بەهۆی ئەوەی پارەیان هەبوو چەندین سەربازیان ڕاکێشا بۆلای خۆیان کە کەسانی پلەبڵند و بەهێز بوون لە بواری تیرهاویشتن و ئەسپسواری، ئەم سەربازانەش بە سامۆرای ناوبران.

فەلسەفە

سامۆرایەکان لەگەڵ نزیکەکانی خۆیاندا سوێندیان دەخوارد و بە وەفاداری بەناوبانگ بوون، و پەیڕەوی یاسای بوشیدۆیان دەکرد کە ڕێکوپێکی کەسیی و لێهاتوویی و ئازایەتی و گوێڕایەڵی و ڕێزگرتن و بەخشینی لەخۆدەگرت، زۆرێکیشیان پەیڕەوی زەنی بودیسمیان دەکرد کە لقێکی ئایینی بوزایە.

بوشیدۆ

بوشیدۆ وشەیەکی ژاپۆنییە و بە واتای "ڕێگای جەنگاوەر" دێت و ئاماژەیە بۆ پێوەرە ئەخلاقییەکانی سامۆرایەکان، بوشیدۆ چەندین جۆری هەیە و بەدرێژایی مێژوو نوێبونەتەوە، و نوێترین جۆریشی هێشتا لە بەشە ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانی ژاپۆن پەیڕەو دەکرێت، چونکە نیشانەیەکە بۆ تەواوی کار و کردەوە و فەلسەفە و کارامەیی سامۆرایەکان.

بوشیدۆ لە سێ ئایینەوە سەرچاوەی گرتووە کە :شینتۆیزم و بودیزم و کۆنفۆسیانیزمن، دەوترێت کە وەفاداری لە شینتۆیزم سەرچاوەی گرتووە و گوێڕایەڵی لە کۆنفۆسیانیزم و ئارامگرتن لە بودیزمەوە وەرگیراون.

فەزیلەتەکان

بوشیدۆ لە حەوت کرداری مرۆڤدا خۆی دەبینێتەوە و پێیان دەوترێت فەزیلەتەکان.

  • وەفاداری: جەنگاوەری سامۆرای بەرامبەر بە گەورەی خۆی وەفادارە، بەتایبەت ئیمپڕاتۆر.
  • حەقناسی: جەنگاوەری سامۆرای بەرامبەر خاک و وڵاتی خۆی و ئیمپڕاتۆر حەقناسە و حەق بە کەسی شایستە دەدات.
  • دلێری: جەنگاوەری سامۆرای لە مەترسیدا بۆ سەر وڵات و ئیمپڕاتۆر گیانی خۆی فیدا دەکات.
  • دادگەری: جەنگاوەری سامۆرای لە کارەکانیدا کەسێکی دادپەروەرە.
  • ڕاستگۆیی: جەنگاوەری سامۆرای لە ترسی ئازار و ئەشکەنجە درۆ ناکات.
  • ڕەوشت: جەنگاوەری سامۆرای بەرامبەر دوژمنی خۆیشی دەبێت کەسێکی بەڕەوشت بێت.
  • شانازی: جەنگاوەری سامۆرای دەبێت بە شانازی و دڵگەرمییەوە بجەنگێت و بیباتەوە یان بە دلێری و شانازییەوە بمرێت.

هەروەها خاڵێکی دیکە هەیە کە نتمی و سەنگینیە و دەبێت جەنگاوەری سامۆرای تەنانەت لەکاتی تێکچوونی حاڵی دەروونی و ترس خۆی بگرێت و دەری نەبڕێت و نتم بێت.

یەکێک لە گرنگترین کارەکانی سامۆرای ئەوەیە دەبێت ئابڕوومەندانە بژی و بمرێت و خۆی لە پێناو ئامانجەکاندا فیدا بکات و بە شانازییەوە بجەنگێت و لەکاتی خۆیدا.

لە دوای سەردەمی ئیدۆوە بەهۆی هاتنی کەسانێکی بیرمەندی مەسیحی بیروباوەڕی دیکەی ناژاپۆنی لەگەڵ بوشیدۆ تێکەڵ بوون کە ئاکاری جوانن بەڵام ژاپۆنی نین.

سامۆرای سەردەمی ئیدۆ

 لە سەردەمی ئیدۆ هەرەمی پلەبەندی ژاپۆنی بەمشێوەیە بوو

خانەدانەکان

  • ئیمپڕاتۆر (بڕیاردەری وڵات)
  • وەزیر و ئەندامانی ئەنجوومەن (بڕیاردەری وڵات)
  • شۆگون (سەرکردەکانی جەنگ)
  • دایمیۆ (خاوەن زەوی و دەرەبەگەکان)

ناخانەدانەکان

  • سامۆرایەکان (جەنگاوەری پلەبەرز)
  • گوندنشینەکان
  • خاوەن فرۆشگاکان
  • بازرگانەکان

لەو سەردەمەدا سامۆرایەکان %٩ بۆ %١٠ـی وڵاتیان پێکدەهێنا و بەرزترین پلەی پلەنزم یان ناخانەدانەکان بوون و ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە بەڕێوەبردنی وڵات و دیاریکردنی چارەنووسی بەپێی فرمانی شۆگونەکان، لە کۆمەڵگاشدا مامەڵەیان جیابوو، لە سەردەمی ئیدۆ تەنیا ئەوان بۆیان هەبوو شمشێر هەڵبگرن و بە ئارەزووی خۆیان برنج وەربگرن، بەهۆی نەبوونی جەنگ و سەرکەوتنی دەسەڵاتی شۆگونەکان لە حوکمی وڵات و دانانی یاسا دوای چەندین ساڵ لە شەڕی ناوخۆ، سامۆرایەکان بە کاری دیکەوە سەرقاڵ بوون، وەک کار لە حکوومەت و مامۆستایەتی.

لە سەردەمی دەسەڵاتی شۆگونەکان پلەبەندی وڵات گۆڕا و سیستمی چینی هاتە نێو ژاپۆن و چوار بەشی دیکە بە وڵات دانرا و پلەبەندی بەهۆی سامانەوە نەبوو، بەڵکو هەریەک لە سامۆرای و گوندنشین و پیشەوەر و بازرگانەکانی دەگرتەوە، سامۆرایەکان بە هێڵی نێوان خانەدان و ناخانەدانەکان دادەنران، زۆرجار ژیانی سامۆرایەکی پلەنزم لە گوندنشینێک باشتربوو.

سامۆرایەکان بەهۆی نەبوونی جەنگەوە ڕۆژانە ڕاهێنانیان دەکرد و هونەرەکانیان بە شاراوەیی دەهێشتەوە تا ئەوکاتەی جەنگێک ڕووبدات، هەروەها خاوەنی ماڵی خۆیان نەبوون و لە کۆشکەکانی ژاپۆن دەژیان لەگەڵ دایمیۆکاندا.

لەنێو سامۆرایەکانیش پلەبەندی هەبوو و هەندێکیان کە پلەبەرز بوون دەیانتوانی لەگەڵ دایمیۆکان کاربکەن و چەند سامۆرایەکی دیکەش لە پلەی فەرماندە بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، سامۆرایە مامناوەندەکانیش خەریکی کاری کارگێڕی بوون، پلەنزمەکانیش بە کاری پەیامبەری و یاریدەدەری مامناوەندەکان و هەندێک کاری دیکەوە سەرقاڵ بوون و مووچەیەکیان پێدەدرا کە ئەوەندە بێت پێی بژین، ئەم پلانەش بە بۆماوەیی دەمانەوە و کەسەکان نەیاندەتوانی بەهۆی بەهێزییانەوە چەند پلەیەک زیاتر بڕۆنە سەرەوە.

سامۆرایەکان لە سەردەمی باکوماتسۆ بۆ بەرەوپێشبردنی خۆیان و چاککردنی ژیانیان و نەهێشتنی دەستی ڕۆژئاوا لە کاری ژاپۆن دژی ڕژێمی توکۆگاوا هەستان و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی چاکسازییەکانی میجی لە ساڵی ١٨٦٨.

سەردەمی میجی

لە سەردەمی میجی و دروستبونی سەردەمی نوێی ژاپۆن پلەی سامۆرایەکان نزم بوویەوە.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیمپڕاتۆر میجی دەستوورێکی دانا و چەند یاسایەکی دەرکرد کە دژی دەسەڵاتی سامۆرایە پلەبەرزەکان بوو، لە یاساکان هاتبوو کە زەوی دەرەبەگەکان دەگەڕێنەوە بۆ حکوومەت و سووپای دەریایی و زەمینی دروستدەکرێت و هەموو کەسێک لە ساڵی ١٨٧٢ـەوەوە دەتوانێت بەشداری بکات لە سووپا، بەمەش دەسەڵاتی ڕەهایی سەربازی لەژێر ڕکێفی سامۆرایەکان دەرکرا و هەمووکەسێک بۆی هەبوو هونەری جەنگی فێرببێت، هەروەها یاسای هەڵگرتنی شمشێر هەڵگیرا کە ڕێگای نەدەدا جگە لە سامۆرایەکان کەس خاوەنی شمشێر بێت، ئەم یاسایانەش بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی سامۆرایەکان، بەهۆیەوە چەندین جار هەوڵیاندا شۆڕش بکەن بەڵام بەهۆی دروستبوونی سووپا نوێیەکەی ژاپۆن سەرکوت دەکران.

خۆکوشتنی سامۆرایەکان

یەکێک لە کردارەکانی سامۆرایەکان باوەڕبوون بوو بە خۆکوشتنی دلێرانە، کە بە ژاپۆنی پێی دەوترێت سێپوکو یان هاراکیری، ئەمەش بۆ کاتێکە کە سامۆرایەک گیربخوات و بزانێت ڕزگاری نابێت و لەوکاتەدا مەرگ بە دەستەکانی خۆی هەڵدەبژێرێت نەک زیندان و ژێردەستەیی.

هەر لەبەر ئەمە سامۆرایەکان هەمیشە دوو شمشێریان پێبوو، یەکێکیان شمشێرێکی درێژ بوو بۆ شەڕکردن و یەکێکیش بچووک و کورت بۆ خۆکوشتن کە پێی دەوترێت واکیزاشی، بەگشتی خۆکوشتن لەکاتی شکست پێی دەوترێت هاراکیری و کەسەکە بە خەمساردی و بەڕەوشتەوە دادەنیشێت و سکی خۆی لە چەپ بۆ ڕاست هەڵدەدرێت، ئەمەش لەلایەن چەندین کەسەوە بە درێژایی مێژوو ئەنجام دراوە.


سەرچاوەکان



3211 بینین