ئیبراهیم رەئیسی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-06-16:44:00 - کۆدی بابەت: 6201
ئیبراهیم رەئیسی

ناوه‌ڕۆك

ڕەئیسی

ئیبراهیم رەئیسی ناوی تەواوی سەید ئیبراهیم رەئیسی ساداتیە و لە ١٤/١٢/١٩٦٠ لە شاری مەشهەد لەدایکبووە، زانایەکی ئایینی و سیاسەتمەدارێکی سەربەخۆی وڵاتی ئێرانە و لە ٣ـی ئابی ٢٠٢١ وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەستبەکاربووە، هەروەها جێگری یەکەمی ئەنجوومەنی خوبرەگانی ئێرانە.

بەڕای چاودێران ڕەئیسی سەرەکترین کاندیدی جێنشینی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە دوای خامنەیی.

ناوی تەواو سەید ئیبراهیم رەئیسی ساداتی
لەدایکبوون ١٤/١٢/١٩٦٠ - مەشهەد - ئێران
پیشەکان
  • هەشتەمین سەرۆکی ئێران (٢٠٢١)
  • حەوتەمین سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری 
  • ئەندامی سەرەکی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندی ڕژێم
  • بەرپرسی ئیمامزادەی مەشهەد
  • داواکاری گشتی وڵات
  • ئەندامی ئەنجوومەنی خوبرەگان
حیزب

کۆمەڵەی زانایانی جەنگاوەر

ئایین ئیسلامی شیعە

ژیانی سیاسی

ڕەئیسی لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە لە بیست ساڵیدا دەبێتە داواکاری گشتی کەرەج و دواتریش بووە داواکاری گشتی هەمەدان، ساڵی ١٩٨٥ دەگوازرێتەوە بۆ تاران و بووە جێنشینی داواکاری گشتی تاران، ئەو یەکێک بووە لەو چەند کەسەی خومەینی دیارییان دەکات بۆ بڕیاردان لەسەر زیندانییە سیاسیەکان و بەشدارە لە لەسێدارەدانە بەکۆمەڵەکانی زیندانیە سیاسییەکان لە ساڵی ١٩٨٨، ئەم گرووپە لەلایەن چاودێرانی نێودەوڵەتی و ئۆپۆزسیۆنەوە پێی دەوترا "لیژنەی مەرگ"، لەگەڵ دەستپێکی دەسەڵاتی عەلی خامنەیی لە ساڵی ١٩٨٩ وەک ڕابەری ئێران ڕەئیسی دەبێتە داواکاری گشتی تاران، ساڵی ١٩٩٤ دەبێتە سەرۆکی دامەزراوەی چاودێری هەموو دەوڵەت و هەتاوەکوو ساڵی ٢٠٠٤ لەو پۆستەدا مایەوە، ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٤ جێگری یەکەمی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی پێدەدرێت و لە ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ دەبێتە داواکاری گشتی وڵات، بە بڕیارێکی خامنەیی لە ساڵی ٢٠١٦ دەبێتە سەرۆکی "استان قدس رضوی" کە بەرپرسی تەواوی مەرقەدی ئیمام ڕەزایە لە شاری مەشهەد، لەگەڵ تەواوی حەرەم و دەزگا و بەڕێوبەرایەتی و بەشە پیشەسازییەکان.

ساڵی ٢٠١٧ بە بڕیاری خامنەیی دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی چاکە(مەسڵەحەت)ـی ڕژێمی ئێران، ساڵی ٢٠١٩ بووە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران و دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ئێران لەو پۆستە کشایەوە.

ئەو ئێستا داواکاری گشتی تایبەتی زانایانی ئایینیە و لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە ئەندامی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی خوبرەگانی ئێرانە و لە ساڵی ١٩٩٧ـەوە ئەندامی ڕاوێژکاری ناوەندی کۆمەڵەی زانایانی جەنگاوەرە، پێش وەرگرتنی پۆستی چاودێری مەزاری ئیمام ڕەزا لە مەشهەد بەپرسی ئیمامزادە ساڵح بووە، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧ بەرامبەر ڕۆحانی شکستی هێنا بۆ سەرۆکایەتی ئێران.

ساڵی ٢٠٢١ جارێکی دیکە بەشداری لە هەڵبژاردن کردەوە و بە ١٨ ملیۆن دەنگ بوو بە سەرۆک کۆماری ئێران.

پەیوەندی نێودەوڵەتی و تاوانباری

ڕەئیسی بەهۆی بڕیارەکانی بۆ سزادانی و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەساڵی ٢٠١٩ـەوە لەلایەن ئەمریکاوە بە هۆکاری شکاندنی مافی مرۆڤ گەمارۆی خراوەتە سەر، و لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕاوێژکارانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تاوانبار کراوە.

لەدوای خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ـی وڵاتی ئێران دوای لەسێدارەدانی دوو کەس و بەرزبونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی، ڕەئیسی ڕایگەیاند کە نۆ کەسی دیکەش ماون چارەنووسیان وەک ئەوانی لێبێـت.

ساڵی ٢٠١١ ناوی ئیبراهیم ڕەئیسی دەڕواتە لیستی ٨٠ کەسەکەی ئێران کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە گەمارۆیان دەخرێتە سەر، و یەکێکە لە خراپترین بڵندپایەکانی دەوڵەتی ئێران لەبەرچاوی وڵاتانی دەرەوە.

ڕەئیسی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە دەڕواتە لیستی گەمارۆدراوان بەهۆی هەریەک لە تاوانەکانی:

  • لیژنەی بڕیاردانی لەسێدارەدانەکانی ١٩٨٨
  • زیندانی بێ بەزەییانە
  • زیندانی نایاسایی
  • ئەشکەنجە و سوکایەتی زیندانیان


سەرچاوەکان



1167 بینین