دووگیانی خۆنەویست و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-08-15:02:00 - کۆدی بابەت: 6219
دووگیانی خۆنەویست و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا

ناوه‌ڕۆك

دووگیانی خۆنەویست

بوون بە خاوەنی منداڵ یەکێکە هەستە خۆش و چێژ بەخشەکان بۆ دایکان و باوکان، بەڵام ئەگەر بێت و بە بێ هیچ پلانێک و ئامادەکاریەک دایکەکە بزانێت کە دووگیانە تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت و هەستێکی زۆر ناخۆشی دەبێت.

هۆکارەکانی دووگیانی خۆنەویست

بە هەڵە سوود وەرگرتن لە ڕێگاکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی

کاتێک ڕێگایەک بەکاردەهێنیت بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی و بەڵام تێیدا ورد نابیت و هەڵە دەکەیت، بۆ نموونە کاتێک حەپەکانی دژە دووگیانی بەکاردەهێنیت و لە کاتی خۆیدا نایخۆیت، یاخود بیرت دەچێت ڕۆژێک بیخۆیت یاخود بەکارهێنانی کۆندۆمی دڕا و بەربەستی بەسەرچوو هەموو ئەمانە ئەگەری دووگیانی زۆر دەکەن.

بە هەڵە ژماردنی ڕۆژەکانی هێلکەدانان

زۆر جار خانمان بە هەڵە ڕۆژەکانی سوڕی مانگانەکەیان دەژمێرن و بێئاگان بۆیە کاتێک لە کاتی هێلکەداناندا جووتبوون ئەنجام بدرێت ئەگەری دووگیانی زۆر دەبێت.

دەستنەکەوتنی حەپی خێرا بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی

کاتێک یەکێک لەو ڕێگایانە سەرکەوتوو نابن، واتە کاتێک حەپێکت بیر دەچێت یاخود کۆندۆمەکە دڕاوە لەم کاتەدا دەتوانیت حەپی خێرای (levonorgestrel) بخۆیت لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا، بەڵام ئەگەر ماوەیەکی زۆری بەسەردا چوو ئەم حەپەت دەستنکەوت ئەوا ئەگەری دووگیانی زۆرە.

کاریگەری دووگیانی خۆنەویست لەسەر جەستە و دەروون

لە ماوەی دووگیانیدا گۆڕانکاری زۆر دێت بەسەر جەستەدا، کاتێک دایکەکە ئامادە نەبێت بۆ ئەم گۆڕانکارییانە ناتوانێت بەرگەی بگرێت و  زۆر قورس دەبێت بۆی، بۆیە دایک و باوکەکە و بە تایبەت دایکەکە لە ڕووی دەرونییەوە زیانێکی زۆریان پێ دەگات و زۆر جار ناتوانن بەرگەی ئەمە بگرن، بۆیە هەندێک کات بڕیاری هەڵە دەدەن، هەندێک کات بڕیار دەدەن بە لەباربردنی منداڵەکە کە ئەمەش زیانێکی زۆری بەدواوە دەبێت.

زیانەکانی منداڵ لەباربردن

  • خوێنبەربوونی زۆر توند
  • زیان گەیشتن بە منداڵدان کاتێک دەرزی لە دایکەکە دەدرێت بۆ لەبارچوونی منداڵەکە
  • هەوکردنی هەموو جەستە
  • ئازار و سووتانەوەی زۆر
  • چوونە ناوەوەی هەندێک ماددەی مەترسیدار لە خوێن دایکەکەدا

چەند ڕێگایەک بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دووگیانی خۆنەویست

هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی 

دایک و باوکی ژیر ئەوانەن کە ئەمە بە دیارییەکی خودا دەبینن و هەرگیز بیر لە لەناوبردنی ناکەنەوە، هەروەها لە ڕووی دەرونییەوە بەهێزن و لەگەڵیدا ڕادێن و بەرپرسیارێتی گەورەکردن و بەخێوکردنی لە ئەستۆ دەگرن.

پشکنین

گرنگە کە دایکەکە زانی دووگیانە ئەگەریش بێت و دووگیانیەکی خۆنەویستانە بێت و بە ویستی خۆی نەبووبێت، ڕاستەوخۆ بڕوات پشکنین بکات و ئەگەر دڵنیابوویەوە لە دووگیانیەکەی ئەوا ئاگاداری خۆی بێت و ئەو کارانە بکات کە پێویستە خانمێک لە ماوەی دووگیانیدا بیکات، ئەو خانمانەی بە بەرنامە منداڵیان دەبێت چەند مانگێک پێش دووگیانی تەواوکەری ماددە خۆراکییەکان و ڕێنمایی تایبەت لە پزیشکەوە وەردەگرن، بۆیە گرنگە کە کاتێک کە زانیت دووگیانیت بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت تاکوو هەرچی زووە تەواوکەری ماددە خۆراکییەکان وەربگریت چونکە پێشتر وەرت نەگرتووە.

دوورکەوەرەوە لە هەستکردن بە تاوان 

زۆینەی ئەو دایک و باوکانە هەست بە تاوان دەکەن و خۆیان سەرزەنشت دەکەن، بەڵام بە ئەمە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت و بۆیە گرنگە کە لە جێی ئەوە خۆت ئامادە بکەیت و قەبوڵی بکەیت و دڵنیابیت کە تۆ یەکەمین کەس و کۆتایەمین کەس نیت کە ئەمەت بەسەردا هاتبێت.

ئەزموون وەربگرە

کاتێک زانیت دووگیانیت و بەڵام پلانت نەبووە بۆی بیربکەرەوە بزانە چ هەڵەیەک هەبووە کە بووەتە هۆی دووگیانیت تاکوو لە ئایندەدا ببێتە ئەزموونێک و دووبارە نەبێتەوە.


سەرچاوەکان



4343 بینین