بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-08-08-17:27:00 - کۆدی بابەت: 6220
بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زیندەوەرە وردبینە پزیشکییەکان Microbiology ئەم بەشە سەربە کۆلێژە تەندروستییەکانە، بە گشتی مامەڵە لەگەڵ تەندروستی و چۆنێتی کارکردنی لەشی مرۆڤ دەکات، هەروەها کاردانەوەی مرۆڤ لەگەڵ نەخۆشیە جیاوازەکان و دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشییەکان وەکوو میکرۆبەکان (بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆر و کەڕووەکان)، بۆ گەیشتن بەچارەسەری گونجاو.

هەروەها ڕۆڵی گرنگی هەیە لە دیاریکرنی هۆکاری پەتاکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان لە ڕێگای کوتان و دابینکردنی ڤاکسینەوە، ئامانجی ئەم بەشە بریتییە لە ئاشناکردنی خوێندکاران بە هەموو زانیاری و ئەو داتایانەی کە ڕێگری دەکەن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پارێزگاری کردن لە توشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان. 

قۆناغەکانی خوێندن

ماوەی خوێندن لەم بەشە بۆ ماوەی چوار ساڵە، خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە، وانەکانی ئەم بەشە بە گشتی پەیوەستە بەزیندەزانی و کیمیاوە، لە قۆناغەکانی سەرەتادا وانەکان گشتین، پاشان لە قۆناغەکانی دواتر وانە پسپۆڕییەکان بە قوڵی دەخوێنرێت، خوێندن بە تیۆری و کردارەکییە، لە قۆناغی سێیەمەوە خوێندکار دەچێتە نێو تاقیگەکانی نەخۆشخانەکان.
خوێندکار لە دوای تەواوکردنی ماوەی خوێندن دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، پاشان دەتوانێت خوێندنی پلەی باڵا (ماجستێر و دکتۆرا) بەدەستبهێنێت پسپۆڕی وەربگرێت لە یەکێك لەم بوارانە:

  • بەکتریازانی Bacterology.
  • کیمیای زیندەزانی Biochemistry.
  • زانستی بەرگریزانی لەش Immunology.
  • زانستی نەخۆشییەکانی خوێن Hematology.

مەرج و تایبەتمەندی خوێندکارانی ئەم بەشە

- لێهاتوویی لە وانە زانستییەکان بە تایبەت زیندەزانی و کیمیا.
- بەتوانا لە زمانی ئینگلیزی چونکە خوێندنی ئەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە، بڕێکی زۆرە لە زاراوەی ئینگلیزی تێدایە.
- ئارەزوومەندیی و بوونی خولیا و حەزێك بۆ ئەم بەشە.
- توانای مامەڵەکردنی هەبێت لەگەڵ کۆمەڵێك ئامێری ورد و پێویست بۆ کارەکەی.
- وردکار و گرنگیدان بە بچوکترین وردەکارییەکان.
- نەرمونیان و لەسەرخۆ بێت توانای مامەڵەکردنی هەبێت لەگەڵ نەخۆش لە هەموو بارێکدا.
- توانای ئامادەکردنی ڕاپۆرتی زانستی هەبێت لەسەر نەخۆشییەکان، بە بەکارهێنانی زانستی سەردەم.
- توانای تێگەیشتن و شیکارکردنی باش و فراوان بێت.

بوارەکانی کارکردن

بوارەکانی کارکردن هەمەجۆر و فراوانە، دەکرێت لە کەرتی تایبەت و حکومی کاربکەیت، تا ڕادەیەکی باش داهاتێکی بەرزی هەیە، نموونەی بوارەکانی کارکردن: 

- تاقیگەکانی دیاریکردنی نەخۆشی: دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت کار بکات لە تاقیگەکان، کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دیاریکردن و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان. 
- دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت لە یەکەکانی تایبەت بە کوتان و ڤاکسین کاربکات.
- دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت وەکوو ڕاوێژکاری پزیشکی لە دیاریکردنی نەخۆشییەکان و دەستەبەرکردنی دەرمان گونجاو لە دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە کاربکات.
- دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت وەکوو بەڕێوبەر یان یارمەتیدەرە یاخود توێژەر لە زانکۆ و سەنتەری توێژینەوەکانی پەیوەست بە بوارەکەی خۆی دەستبەکار بێت.
- دەتوانن لە کۆمپانیاکانی دەرمان دەستبەکار بن.

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت

  • هەولێری پزیشکی 
  • کۆیە 


سەرچاوەکان



5763 بینین