مامەڵەی گونجاو لەگەڵ دراوسێی بێزارکەردا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-09-21:35:00 - کۆدی بابەت: 6231
مامەڵەی گونجاو لەگەڵ دراوسێی بێزارکەردا

ناوه‌ڕۆك

دراوسێی بێزارکەر

هەموو کەسێک کاتێک دەچێتە شوێنێک و نیشتەجێ دەبێت دراوسێی دەبێت، دراوسێکان مرۆڤانی جیاواز و هەمە چەشنن، هەندێک جار هەندێک لەم دراوسێیانە ئەوەندە بێزارکەرن و ئازارت دەدەن کە ئیتر توانای بەرگەگرتنت نامێنێت، ئازاردان شێوازی جیاوازی هەیە، بۆ نموونە شوخت لێدان لە ئۆتۆمبێلەکەت، یاخود دەنگ بەرزکردنەوە و دەنگە دەنگ، بێزاری و خۆهەڵقورتاندنیان و هتد...
گرنگە کە بزانین چۆن ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتانە ببینەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین.

چەند ڕێگایەکی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دراوسێی بێزارکەردا

تاکوو دەتوانیت بەرگە بگرە

بڕی ئازار و ڕەفتارەکانی دراوسێکەت بپێوە ئەگەر ئەمە هەموو ڕۆژێک دووبارە دەکەنەوە و بەڵام ئەوەندەش زەق نییە و شایەنی بەرگە گرتنە، ئەوا بەرگە بگرە، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕۆژانە زیاتر و زیاتر بووەوە و تەواو بێزاریان کردیت و قسەکردن و بەرگە گرتن سوودی نەبوو دەتوانیت سکاڵایان لێ بکەیت لەلای پۆلیس.

بارودۆخەکە لەبەرچاو بگرە 

بەهۆی ئەم ڕۆژگارەی کە تێی کەوتووین دراوسێیەتی وەک جاران نەماوە و زۆر جار دراوسێکان ناگونجێن، بەڵام کاتێک ڕووبەڕووی بێزارکردنەوە دەبیتەوە لەلایەن دراوسێکەتەوە بارودۆخەکەی لەبەرچاو بگرە و دواتر بڕیار بدە، بزانە ئایا ئەم دراوسێیە بە ویستوو ئارەزووی خۆی ئەمە دەکات یاخود ناچارە و بە ئەنقەست نییە، بۆ نموونە کاتێک نیوەی شەو منداڵی دراوسێکەتان دەگری و خەوی ئێوە دەزڕێنێت ئەوا بێگوومان لە دەسەڵاتی کەسدا نییە و هیچ کەسێک پێی خۆش نییە منداڵەکەی لەوکاتەدا بگری، یاخود ئەگەر دراوسێکەت میوانییەک یان بۆنەیەکی تایبەتی هەیە و دەنگە دەنگ و قەرەباڵخی دروست دەبێت، هەموو ئەمانە ئاسایین چونکە ڕۆژێکیش خۆت دووچاری هەموو ئەمانە دەبیتەوە و دێتە پێشەوە بۆت.

قسە بکە لەگەڵ دراوسێکانی دیکەدا

قسە بکە لەگەڵ دراوسێکانی دیکەدا و بپرسە بزانە ئایا ئەوانیش هەمان کێشە و هەمان گلەییان هەیە لە دراوسێیەکەیان، ئەگەر کۆمەڵێک گلەیی و گازەندە بێت و پێیان بوترێت دەنگی ناڕەزایەتییەکە زیاتر دەگاتە جێی خۆی.

بە هێمنی قسە بکە لەگەڵ دراوسێ بێزارکەرەکەتدا

ئەوە بزانە ئەگەر بتەوێت کێشەکە بە دەنگە دەنگ و شەڕ کردن چارەسەر بکەیت، هیچ سوودێکی نابێت و بارودۆخەکە خراپتر دەبێت، بۆیە واباشترە بچیت و بەهێمنی هەموو شتێک بڵیت بە دراوسێکەت و بە ڕوونی پێی بڵێیت کە چ هۆکارێک و کارێکیان بووەتە هۆی بێزاریت و هیواداریت دووبارە نەبێتەوە و با پێکەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین.

قسە بکە لەگەڵ بەڕێوەبەری باڵەخانەکەدا

ئەگەر لە باڵەخانەدا دەژیت و قسەکردن و هەموو ئەو ڕێگایانەی کە باسکران سوودی نییە، پێویست دەکات بەڕێوەبەری باڵەخانەکە ئاگادار بکەیتەوە و داوای مافی خۆت بکەیت.

سکاڵا کردن

لەوانەیە ناچار بیت و ئینجا بگەیتە ئەم ئاستە، بەڵام کاتێک مافەکانت پێشێل کراوە و هیچ ڕێگا چارەیەک نەبوو پێویست دەکات کە لە ڕێگەی یاساییەوە سکاڵا بکەیت لە دراوسێکەت و داوای مافی خۆت بکەیت.

هەموو کێشەکان لە لایەن خۆتەوە چارەسەر بکە

پێش هەموو شتێک ئەگەر کێشەیەک هەیە و چارەسەر ناکرێت و زۆر دووبارە دەبێتەوە هەوڵبدە خۆت ڕێگایەک بگریتە بەر، بۆ نموونە ئەگەر گریانی منداڵی دراوسێکەت هەموو شەوێکە و بێزارکەرە و بێ چارەسەرە پێویست دەکات دیواری ماڵەکەت دەستکاری بکەیت و بە شێوەیەک بێت کە دەنگی بەرزی لێوە نەیەت و کپ بێت.

بیر لە گۆڕینی شوێنەکەت بکەرەوە

کاتێک دەگەیتە کۆتا پلە و هیچ چارەسەرێک نامێنێتەوە بیر لەوە بکەرەوە کە ئەو شوێنە چۆڵ بکەیت و لەوێ بڕۆیت تاکوو ئیتر بێزار نەکرێیت، ڕاستە گواستنەوەی ماڵ قوورسە و هەروا ئاسان نییە بەڵام بەرگەگرتنی ئەو دۆخەش ئەوەندە ئاسان نییە، بەڵام ئاگاداری ئەوەشبە کە هیچ گرەنتییەک نییە کە چوویتە هەر شوێنێک دووبارە دراوسێیەکی بێزارکەرت نەبێت.

چەند خاڵێکی گرنگ بۆ دیاریکردنی شوێنێکی گونجاو بۆ نیشتەجێبوون

  • کاتێک بە دوای باڵەخانەیەکدا دەگەڕێیت، بۆ شوێنێک بگەڕێ کە قەرەباڵخی کەم بێت و چۆڵتر بێت.
  • بەرزترین شوێنی باڵەخانەکە بگرە و لە خوارەوە مەبە.
  • پرسیار بکە لە نیشتەجێبووانی پێشتر دەربارەی کێشەکانی ئێرە و دراوسێکان.
  • سەرەتا بە ڕووخۆشییەوە وەرە ناو باڵەخانەکە و ڕەفتاری جوانت هەبێت لەگەڵ هەموواندا تاکوو کەس بێزارت نەکات و ڕێزلێگیراو بیت.


سەرچاوەکان



847 بینین