شێرپەنجەی منداڵدان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-13-16:58:00 - کۆدی بابەت: 6290
شێرپەنجەی منداڵدان

ناوه‌ڕۆك

شێرپەنجەی منداڵدان چییە؟

شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان جۆرێکە لە شێرپەنجە کە لە منداڵداندا دەست پێ دەکات، منداڵدان ئەندامێکی خاڵی شێوە هەرمێییە لە خانماندا کە منداڵی تێدا پەروەردە دەبێت، شێرپەنجەی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان لە لایەکانی خانەکانی منداڵدانەوە دەست پێ دەکەن و ناودەبرێت بە شێرپەنجەی منداڵدان، شێرپەنجەی منداڵدان چوارەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە خانماندا و بە گشتی خانمانی سەرو ٥٥ ساڵ تووشی دەبن دوای تەمەنی نائومێدی، چەند جۆری دیکەی شێرپەنجەی منداڵدان دەکرێت گەشە بکەن لەناو منداڵداندا، بۆ نموونە خانەکانی منداڵدان، بەڵام ئەم جۆرە شێرپەنجەیە زور کەمترە لە شێرپەنجەی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان، شێرپەنجەی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان بە گشتی لە قۆناغەکانی سەرەتادا دەستنیشان دەکرێت، چونکە خوێنبەربوونێکی نائاسایی هەیە و کە خانمەکە ناچارە زوو سەردانی پزیشک بکات بەو هۆیەوە، ئەگەر شێرپەنجەی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان زوو دیاری بکرێت ئەوا زۆرجار بە دەرهێنانی منداڵدان چارەسەر دەبێت.

نیشانەکانی شێرپەنجەی منداڵدان

خوێنبەربوونێکی توند 

یەکێک لە نیشانەکانی شێرپەنجەی منداڵدان خوێنبەربوونی نائاسایی زێیە، هەروەها ئەگەر شێرپەنجەکە زیاتر بڵاوبووێتەوە خوێن بینین لە ناو پیسایی و میزیشدا دەردەکەوێت، هەروەها خوێنبەربوون لە نێوان سووڕەکانی سوڕی مانگانەدا و دەردراوی نائاسایی لە زێوە، کە ئاو و یاخود خوێناوی بێت.

ئازاری ناوچەی حەوز و پشت

ئازاری خوارەوەی پشت و ناوچەی حەوز نیشانەیەکی دیکەیە، کە ئەمە لە خانمانی گەنجدا لەوانەیە تێکەڵ بکرێت لەگەڵ ئازاری کاتی سوڕی مانگانەدا، ئازاری شێرپەنجەکە بەردەوامە و بەڵام ئازاری سوڕی مانگانە کاتی پێش و دەستپێکردنی سوڕەکەیە، ئەگەر شێرپەنجەکە بە شوێنی دیکەدا بڵاوببێتەوە لەوانەیە ئازارەکە زیاتر بکات لە کاتی میزکردندا.

بوونی گرێ

لە ناوچەوی حەوز و یاخود خوارەوەی سک کە منداڵدان دەکات لەوانەیە هەست بە بوونی گرێی نائاسایی بکەیت لە منداڵداندا، کاتی دەست لێدانی نائاسایی و ئاوساوە.

دابەزینی کێش 

دابەزینی کێش بە بێ ویستی خۆت دەکرێت نیشانە بێت بۆ زۆر نەخۆشی دیکە و هەروەها هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە، بۆیە مەرج نییە ئەگەر کێشت دابەزی لەناکاو و بێ ویستی خۆت ئەوە توشبووی شێرپەنجەی منداڵدان بیت، بەڵکوو ئەگەر لەگەڵ ئەو نیشانانەی دیکەدا ئەگەر کێش دابەزینیشت هەبوو پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت.

کێشەکانی میزەڵدان و ڕیخۆڵە

ئەگەر شێرپەنجەکە زوو چارەسەر نەکرێت دەکرێت پەل بهاوێژێت بۆ ئەندامەکانی دیکەی جەستە، بە هۆی نزیکی میزەڵدان و ڕیخۆڵە و بەتایبەت ڕێکە لە منداڵدانەوە ئەگەری زۆرە کە ئەوانیش دووچاری شێرپەنجەکە ببنەوە، ئەگەر شێرپەنجەکە بێتە ئەم ناوچانەشەوە لەوانەیە چەند نیشانەیەکی لێ دەربکەوێت وەک:

  • کێشەی میز کردن
  • ئازار لە کاتی میزکردندا
  • ئازاری میزەڵدان
  • میزی کەم
  • بوونی خوێن لەناو میزدا
  • قەبزی و سکچوون
  • بای ناو ڕیخۆڵەکان
  • ئازاری ڕێکە
  • بوونی خوێن لە ناو پیسایدا

هۆکاری توشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان

تاکوو ئێستا هۆکارێکی دیاریکراو نییە بۆ توشبوون به شێرپەنجەی منداڵدان، بەڵام ئەو هۆکارەی کە دیارە ئەوەیە کە هۆکارێک دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە خانەکانی منداڵدان، گۆڕانی بۆماوەیی خانەی ئاسایی دەگۆڕن بۆ خانەی نائاسایی، خانە ئاساییەکان گەشە دەکەن بە بڕێکی دیاریکرا و بە ڕێکوپێکی دابەش دەبن، و لە کۆتایدا لە کاتێکی دیاریکراودا لەناودەچن، بەڵام خانە نائاساییەکان زۆر گەشە دەکەن و گەشەکردنیان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا نامێنێت، کۆبوونەوەی خانە نائاساییەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێ، خانە نائاساییەکان هێرش دەکەنە سەر خانەکانی دەووروبەر و دەتوانن جیاببنەوە لە گرێی سەرەتا تاکوو لە جێیەکی دیکەی جەستەدا بمێننەوە.

ئەو هۆکارانەی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاد دەکەن

گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکانی خانماندا

هێلکەدانەکان دوو هۆڕمۆنی سەرەکی ژنانەیان هەیە ئەوانیش ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆنن، گۆڕانکاری لەم هۆڕمۆنانەدا لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ناوپۆشی ناوەوەی منداڵداندا، ئەو نەخۆشیانەی کە بڕی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین زیاد دەکات نەک بڕی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن، لە جەستەدا دەتوانێت مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاد بکات.

تەمەن

ئەو خانمانەی کە پێش تەمەنی ١٢ ساڵی کەوتوونەتە سوڕی مانگانەوە ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاترە، هەروەها ئەوانەشی کە درەنگ دەچنە نێو تەمەنی نائومێدییەوە و تاکوو تەمەنت زیاتر بێت ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاتر دەکات و زۆرینەی خانمان دوای تەمەنی نائومێدی تووش دەبن.

ئەو خانمانەی کە هەرگیز دووگیان نەبوون، بەرامبەر بەو خانمانەی کە کە هیچ نەبێت جارێک دووگیان بوون ئەگەری توشبوونیان زیاترە.

قەڵەوی

قەڵەوی زۆر مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاد دەکات چونکە کاتێک خانمێک قەڵەو بێت هۆڕمۆنەکانیشی تێک دەچێت.

چارەسەری هۆڕمۆنی بۆ شێرپەنجەی مەمک

کاتێک کە تووشبووی شێرپەنجەی مەمکیت و چارەسەرت بە هۆڕمۆن بۆ دەکرێت، بە هۆی ئەم چارەسەرەوە ئەگەری توشبوونت بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاد دەکات.

شێرپەنجەی ڕیخۆڵە

شێرپەنجەی ڕیخۆڵە ئەستوورە هۆکارێکە تاکوو مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی ڕیخۆڵەباریکە و شێرپەنجەی منداڵدان زیاد بکات.

شەکرە

بەکارهێنانی ئیسترۆجین بە تەنها مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان لەو خانمانەدا زیاترە کە چەندین ساڵ دەرمانی ئیسترۆجین بە تەنها بەکارهێناوە واتە بە بێ پڕۆجیسترۆن.

تیشک

ئەو خانمانەی کە زۆر تیشکیان بۆ گیراوە بۆ ناوچەی حەوزییان

پێشینەی خێزان

ئەو خانمانەی کە پێشتر کەسێکی نزیکیان دووچاری شێرپەنجەی منداڵدان بووەتەوە و لە خێزانەکەیاندا هەبووە مەترسی توشبوونیان زیاترە.

دەستنیشانکردی شێرپەنجەی منداڵدان

پشکنینی ناوچەی حەوز

لە ماوەی پشکنینی ناوچەی حەوزدا پزیشک بە دەستی ئەندامەکانی زاوزێی خانمەکە دەپشکنێت، سەرەتا بە دوو پەنجەی و دواتر ئەو دەستەی بە ناو زێدا دەبات و بە دەستەکەی تری پەستان دەخاتە سەر سکی خانمەکە تاکوو هەست بە منداڵدان و هێلکەدانەکان بکات، هەروەها ئامێرێکیش دەکاتە ناوەوەی مندڵدان لە ڕێگەی زێوە تاکوو منداڵدان بە جوانی ببینێت.

سۆنەری دامێن

هەروەها پزیشک لە ڕێگەی دامێنەوە سۆنەر دەکات و لە ڕێگەیەوە تەواوی خانەکانی ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان دەبینێت.

پشکنینی منداڵدان بە دووربین

لەم کاتەدا پزیشک بۆرییەکی باریک و چەماوە بە زێدا دەکاتە ناوەوەی منداڵدان کە کامێرای پێوەیە و پزشک دەتوانێت بە باشی منداڵدان بپشکنێت.

نموونە وەرگرتن لە خانەکان

نموونەیەکی خانەکانی ناوەوەی منداڵدان وەردەگیرێت و دواتر لە تاقیگەدا پشکنینی بۆ دەکرێت.

کورتاج 

ئەگەر بە ئاسانی نموونەیەکی خانەکانی منداڵدانت دەست نەکەوێت، ئەوا لە ڕێگەی کورتاج کردنەوە نموونەیەک لە ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان وەردەگیرێت.

پشکنینی خوێن

لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە لە خوێنیشدا دەربکەوێت، چونکە خانەکانی توشبوو بە شێرپەنجەکە کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی دەردەدەن کە دەچێتە خوێنەوە و لەناو پشکنیەکەدا دەردەکەوێت.

قۆناغەکانی شێرپەنجەی منداڵدان

- قۆناغی یەکەم: لەم قۆناغەدا شێرپەنجەکە تەنها لەناو منداڵدانیایە و بەرەو ئەندامەکانی دیکە نەچووە.

- قۆناغی دووەم: جگە لە منداڵدان ملی منداڵدانیش توشبووە

- قۆناغی سێیەم: شێرپەنجەکە زیاتر بڵاوبووەتەوە و جگە لە منداڵدان و ملی منداڵدان خانە نزیکەکانی دیکەشی گرتووەتەو وەک حەوز و ئەو ناوچانە.

- قۆناغی چوارەم: شێرپەنجەکە بڵاوبووەتەوە بۆ ناوچەکانی تری جەسته وەک، میزەڵدان، ڕیخۆڵە، جگەر و سییەکان.

ئەگەری چارەسەر و زیندوومانەوەی نەخۆشەکان بەندە لەسەر قۆناغی شێرپەنجەکە، ئەگەر شێرپەنجەکە لە قۆناغی یەکەمیدا بێت ٩٥٪ـی نەخۆشەکان بە لایەنی کەمەوە دەتوانن تاکوو ٥ ساڵی دیکە بژین، و زۆرینەی خانمان بە تەواوی چارەسەر دەکرێن، ئەگەر شێرپەنجەکە لە قۆناغی دووەمدا بێت ٧٧٪ـی نەخۆشەکان بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵی دیکە دەژین، ئەگەر شێرپەنجەکە لە قۆناغی سێیەمدا بێت ئەوا ٤٠٪ـی نەخۆشەکان بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ دەژین، لە هەر چوار کەیسێکی شێرپەنجەی منداڵدان یەکێکیان لە قۆناغی چوارەمدایە کە ئەگەری زیندوومانەوەی بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ ٪١٥ـەیە.

چارەسەری شێرپەنجەی منداڵدان

دەرهێنانی منداڵدان

سەرەکیترین ڕێگا بۆ چارەسەری شێرپەنجەی منداڵدان دەرهێنانی منداڵدانە هاوکات لەگەڵ دەرهێنانی هێلکەدانەکان و جۆگەی فالوپ.

چارەسەری شێرپەنجە بۆ ئەو خانمانەی کە هێشتا نەگەشتوونەتە تەمەنی نائومێدی

کاتێک منداڵدانت دەربهێنن ئیتر ناتوانیت منداڵت ببێت، ئەو خانمانەی کە هێشتا نەگەشتوونەتە تەمەنی نائومێدی زۆر قورسە بتوانن ئەم ڕێگایە قبوڵ بکەن و ئیتر نەتوانن منداڵیان ببێت، لەم حاڵەتەدا بە پێی ڕای پزیشکیش لەوانەیە لە ڕێگەی چارەسەر بە هۆڕمۆن شێرپەنجەکە چارەسەر بکرێت.

چارەسەری شێرپەنجەی تەشەنەسەندوو

کاتێک شێرپەنجەکە زۆر تەشەنەی سەندبێت، بێگوومان پێویست بە چارەسەری قورستر دەکات، لەم کاتەدا دەرمانی کیمیایی بەکاردەهێنرێت، لەوانەیە خانمەکە هیچ هیوایەکی نەمابێت بۆ چارەسەر و زۆر تەشەنەی کردبێت، بەڵام هەر چارەسەری بۆ دەکرێت تاکوو مردنی دوابخرێت و بە بێ ئازار بتوانێت چێژ لە ژیانی ببینێت.

چارەسەر بە نەشتەرگەری

نەشتەرگەری لە قۆناغی یەکەمی شێرپەنجەکەدا

کاتێک خانمەکە شێرپەنجەکەی لە قۆناغی یەکەمدا بێت، پێویست دەکات نەشتەرگەری بۆ بکرێت و منداڵدانی دەربهێنرێت، جگە لە دەرهێنانی منداڵدان جۆگەی فالوپ و هێلکەدانەکانیش دەردەهێنرێن، هەروەها پزیشکی نەشتەرگەر لەوکاتەدا نموونەش وەردەگرێت لە خانەکانی دیکەی ناوچەی حەوز و ژێر سک بۆ ئەوەی بزانێت کە شێرپەنجەکە تەشەنەی نەکردووەتە ئەو ناوچانە.

نەشتەرگەری دەرهێنانی منداڵدان تێیدا بڕینێکی گەورە لە سک دەکرێت و منداڵدان دەردەهێنرێت، یاخود دەکرێت لە ڕێگەی ناخبینییەوه (laparoscopy) نەشتەرگەرییەکە ئەنجام بدرێت، لەم نەشتەرگەریەدا بڕینی بچووک دەکرێت بۆ نەخۆشەکە و لەو ڕێگەیەوە سەیری منداڵدان دەکات و لە ڕێگەی زێوە منداڵدان دەردەهێنێت، ئەگەری چاکبوونەوە و زوو هەستانەوە لە نەشتەرگەری ناخبینیدا ئاسنترە وەک لە دەرهێنانی منداڵدان به نەشتەرگەری گەورە، پێویست دەکات دوای نەشتەرگەرییەکە هاتوچۆ بکەیت و ئاگاداری خۆراک و جوڵەت بیت تاکوو دووچاری کڵۆبوونی خوێن نەبیتەوە.

نەشتەرگەری لە قۆناغی دووەم و سێیەمی نەشتەرگەریەکەدا

لە قۆناغی دووەم و سێیەمدا شێرپەنجەکە گەشتۆتە ملی منداڵدان و لیمفەکانی دەوروبەری ناوچەی حەوز، لەم کاتەدا نەشتەرگەرییەکی دەرهێنانی گشتی دەکرێت، دەرهێنانی بەشێکی زۆری ملی منداڵدان و بەشی سەرەوەی زێ و هەروەها لیمفە گرێیەکانی ناوچەی حەوز، هەروەها لەبەر مەترسی گەڕانەوەی شێرپەنجەکە لەوانەیە چارەسەر بە تیشک و دەرمانی کیمیاییش بکرێت

نەشتەرگەری لە قۆناغی چوارەمی شێرپەنجەکەدا

بە هۆی ئەوەی لەم قۆناغەدا شێرپەنجەکە زۆر تەشەنەی سەندووە، پزیشک نەشتەرگەری بۆ ئەنجام دەدات و لەم نەشتەرگەریەدا پزیشک هەموو هەوڵی خۆی دەدات کە هەموو خانە توشبووەکان دەربهێنێت، ئەم چارەسەرە تەنها چەند نیشانەیەکی شێرپەنجەکە کەم دەکاتەوە نەک خودی شێرپەنجەکە.

چارەسەر بە تیشک

لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەگەری ئەوە زۆر بێت کە شێرپەنجەکە بگەڕێتەوە، ئەوا دانیشتنێکی چارەسەر بە تیشک بۆ نەخۆشەکە دیاری دەکرێت، هەروەها لە کاتێکدا کە ئەگەری نەشتەرگەری نەبێت و ئەنجام نەدرێت سوود لە تیشک وەردەگیرێت وەک چارەسەر، دووجۆر چارەسەر بە تیشک هەیە بۆ شێرپەنجە.

چارەسەر بە تیشکی ناوەکی

بۆرییەکی پلاستیکی دەخرێتە ناوەوەی منداڵدان و لەو ڕێگەیەوە تیشکەکە دەگاتە منداڵدان.

چارەسەر بە تیشکی دەرەکی

ئامێرێک لە دەرەوە بەکاردەهێنرێت بۆ تیشک دان لە ناوچەی حەوز، سوڕێکی چارەسەر بە تیشکی دەرەکی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دەکرێت لە هەفتەیەکدا، کاتی چارەسەرەکە تەنها پێنج خولەکەو پەیوەستە بە بڕ و قۆناغی شێرپەنجەکەوە، تەواوی ماوەی چارەسەر بە تیشک نزیکەی چوار هەفتە دەخایەنێت، هەندێک لە خانمان هاوکات لە چارەسەر بە تیشکی دەرەکی چارەسەر بە تیشکی ناوەکیشیان بۆ دەکرێت، چارەسەر بە تیشک بە بڕی کەم و مامناوەند و زۆرە بە پێی شێرپەنجەکە، ئەو تیشکانەی کە بڕی کەمیان پێ دەدرێت دەبێت ئامێری تیشکەکە زیاتر بمێنێتەوە لەسەر نەخۆشەکە، و پێویستە ئەو ماوەیەی کە نەخۆشەکە کە چارەسەر بە تیشک وەردەگرێت لە نەخۆشخانەدا بمێنێتەوە.

زیانە لاوەکییەکانی چارەسەر بە تیشک بۆ شێرپەنجە

  • پێستی ئەو ناوچەیەی جەستە تووشی سووربوونەوە و برینداری دەبێت
  • هاروەها لەوانەیە نەخۆشەک دووچاری وەرینی موو ببێتەوه
  • تیشک بۆ ناوچەی حەوز لەوانەیە ناوچەی ڕیخۆڵەکانیش بگرێتەوە و ببێتە هۆی دڵتێکچوون و سکچوون.
  • ماندوویەتی زۆر 
  • زۆر جار دوای تەواوبوونی چارەسەرەکە، کاریگەرییە لاوەکییەکان نامێنێت بەڵام ٪٥ـی خانمان بەردەوام سکچوون و خوێنبەربوونی ڕیخۆڵەیان دەبێت.

چارەسەر بە دەرمانی کیمیایی

ئەگەر خانمەکە لە قۆناغی سێیەم یان چوارەمدا بێت، دەتوانرێت چارەسەری کیمیایی بۆ بەکاربهێنرێت، دەکرێت دوای نەشتەرگەری بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی شێرپەنجەکە، چارەسەری کیمیایی لە ڕێگەی دەرزییەوە دەکرێت لە خوێنهێنەرەوە کە دەتوانیت دوای دەرزییەکە بگەڕێیتەوە ماڵەوە و بەڵام هەندێک جاریش پێویست دەکات ماوەیەک لە نەخۆشخانە بمێنیتەوە.

زیانە لاوەکییەکانی چارەسەری کیمیایی

  • دڵتێکچوون
  • ڕشانەوە
  • وەرینی موو
  • ماندوویەتی زۆر
  • هەروەها ئەگەری هەوکردنی خوێن زۆر دەکات دوای چارەسەری کیمیایی، چونکە دوای چارەسەری کیمیایی جەستە توانای کەم دەبێتەوە بە ڕووبەڕووبونەوەی هەوکردنەکان

چارەسەر بە هۆڕمۆن

هەندێک لە شێرپەنجەکانی منداڵدان لەوانەیە بە هۆی هۆڕمۆنی ئیسترۆجینەوە بێت کە هۆڕمۆنێکی ژنانەیە، ئەم جۆرە شێرپەنجانە بە چارەسەری هۆڕمۆنی چارەسەر دەکرێن، چارەسەر بە هۆڕمۆنی پڕۆجیستڕۆن کە هۆڕمۆنێکە لەناو جەستەدا هەیە بە شێوەیەکی سروشتی، بەڵام بە شێوەی حەپیش دەدرێت بە توشبووانی شێرپەنجەی منداڵدان، بۆ ئەو شێرپەنجانەی کە تازە دروست بوون و یارمەتیدەرە بۆ بچووکبوونەوەی گرێ شێرپەنجەییەکان

زیانە لاوەکییەکانی چارەسەری هۆڕمۆنی 

  • دڵتێکچوونی سووک
  • کەشەنگبوونی ماسولکەکانی جەستە
  • زیادبوونی کێش
  • هەرگیز دووگیان نەبوون


سەرچاوەکان



4871 بینین