ئەحلام موستەغانمی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-21-12:34:00 - کۆدی بابەت: 6369
ئەحلام موستەغانمی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خانمە نووسەر و ڕۆماننووسی جەزائیری کە ڕۆمانەکانی لە پڕفرۆشترین ڕۆمانە عەرەبییەکانن خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی " سۆربۆن" لە ساڵی 2009 لە سەد کاریگەرترین کەسایەتی جیهانی عەرەبی بووە، ڕۆمانی (ذاكرة الجسد یاخود یادگەی جەستەیەك) بە یەکێك لە گرنگترین سەد ڕۆمانی عەرەبی دادەنرێت. 

قۆناغەکانی ژیانی

لە ساڵی 1953 لە تونس لەدایکبووە کاتێك باوکی بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانی دژی داگیرکاری فەڕەنسی لە جەزائیر و بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانە گەورەکەی ساڵی 1945 لە جەزائیر کە زیاتر لە 45 هەزار کەس شەهید بوون، وڵاتی خۆیانی بەجێهێشتووە ڕووی لە وڵاتی تونس کردووە، لە ساڵی 1962 خێزانەکەی گەڕانەتەوە بۆ جەزائیر و باوکی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە پێکهێنانی یەکەمین حکومەتی جەزائیر لە دوای سەربەخۆیی جەزائیر لەژێردەستی داگیرکاری فەڕەنسا.

لە ساڵی 1970 لە پڕۆگرامی شیعری لە ڕادیۆی نیشتمانی کاری کردووە بۆ ئەوەی یارمەتی باری ئابووری خێزانەکەی بدات، لە ساڵی 1973 بڕوانامەی لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی جەزائیر بەدەستهێناوە، لە خوێندنی ماجستێر زانکۆ قبوڵنەکرا و لە یەکێتی نووسەرانی جەزائیریش بەهەمان شێوە قبوڵنەکرا بەهۆی شێوازی نووسینی کە بە زمانی عەرەبی زۆر بە ڕاشکاوی و بە ئازادانە داوای مافی ژنانی کردووە و تەنها باوکی پاڵپشتی بەردەوامی بووە، لە سەرەتای هەشتاکان ڕووی لە شاری "پاریس" کردووە و لەوێ ژیاوە، هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و مێژووناسی لوبنانی  بوونە بە خاوەنی سێ منداڵ، هەر لەوێش چووەتە زانکۆی "سۆربۆن" و بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەدەستهێناوە لە ساڵی 1985. 

کار و پیشەکانی

لە نێوان ساڵانی 1995 بۆ 2003 لە کۆمەڵێك زانکۆ وانەی وتووەتەوە گرنگترینیان زانکۆی ئەمریکی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان، زانکۆکانی وەکوو "میریلاند" و زانکۆی "یێڵ" و زانکۆی "میشیگان" و سۆربۆن و مۆنپۆلێیە لە فەڕەنسا.

بەرهەمەکانی

لە ساڵانی حەفتاکان دوو بەرهەمی شیعری بڵاوکردووەتەوە بە ناوەکانی (الكتابة في لحظة عري: نووسین لە ساتی ڕووتییدا) و (على مرفأ الأيام: لە سەر بەندەری ڕۆژەکان) دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە لە جەزائیر، ڕۆمان و نووسینەکانی ئەحلام هەمیشە بە زمانێکی عەرەبی پاراو بووە و شێوازێکی ڕۆمانسی هەیە و بە هەست و سۆزێکی خانمانەوە بەرهەمەکانی نووسیوە و هەروەها داکۆکی لە مافی ژنان کردووە.

لە ڕۆمانەکانی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی بە ڕوونی بەدیی دەکرێت و بە وردی و بە پوختی و بە شێوەیەکی زۆر جیاواز لە بارەی قۆناغەکانی شۆڕشی وڵاتی جەزائیر نووسیویەتی و بە چەندین کەسایەتی ڕۆشنبیر و ناسراوی جەزائیر لە ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و وێنەکێش و کەسایەتیە سیاسیەکان خوێنەر ئاشنا دەکات، ڕۆمانەکانی بۆ چەندان زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە وەکوو زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئیتاڵی، هەروەها بۆ نابینایان بە شێوازی "بڕایل" نوسراوەتەوە، بەهۆی کارامەیی و بەتوانایی لە نووسیندا چەندان خەڵاتی نێوخۆیی و جیهانی گرنگی بەدەستهێناوە. 

گرنگترین ڕۆمانەکانی

- ذاكرة الجسد یاخود یادگەی جەستەیەك: یەکەمین ڕۆمانی ئەحلامە لە ساڵی 1993 بڵاوکردوەتەوە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە شۆڕشی جەزائیر دژی فەڕەنسا و کێشە و نەهامەتییەکانی جەزائیر بەگشتی دەکات و بە زمانێکی پاراوی عەرەبی نووسیویەتی، ئەم ڕۆمانە زۆر بەناوبانگ بوو تاکوو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک کۆپی لێ فرۆشراوە و 34 جار چاپکراوەتەوە، لە ساڵی 2010 کراوە بە درامای تەلەفزیۆنی.

- فوضى الحواس یاخود ئاڵۆزی هەستەکان: ڕۆمانی دووەم و تەواوکەری ڕۆمانی یەکەمە لە ساڵی 1997 بڵاوکردوەتەوە  

- عابر سرير یاخود جێ نوێنێکی کاتی: لە ساڵی 2003 بڵاوکردوەتەوە زیاتر لە بیست جار چاپکراوەتەوە، خەڵاتی "نەجیب مەحفوز"ـی بۆ ئەدەب وەرگرتووە لەسەر ئەم بەرهەمانەی.

ئەم سێ ڕۆمانە بوون بە سێینەکەی ئەحلام موستەغانمی کە دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و  بەناوبانگ و ناسراوی کرد.

- قلوبهم معنا و قنابلهم علينا یاخود بە دڵ لەگەڵمانن و بۆمبەکانیشیان لەسەرسەرمانن لە ساڵی 2003 بڵاویکردوەتەوە 

- النسيان.com یاخود لە بیکردن.com: لە ساڵی 2009 بڵاویکردوەتەوە.

- الأسود يليق بك یاخود ڕەش هەر لە لایەن بە تۆیە: لە ساڵی 2012 لە دوای دابڕان بۆ ماوەی نۆ ساڵ ئەم ڕۆمانەی نووسی و هەر لە دوو مانگی سەرەتادا سەد هەزار کۆپی لێفرۆشرا، بە یەکێك لە باشترین بەرهەمەکانی ئەحلام دادەنرێت. 


سەرچاوەکان



783 بینین