فەیروز

فەیروز

له‌لایه‌ن: مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-08-22-21:48:00 - کۆدی بابەت: 6380
فەیروز

ناوه‌ڕۆك

فەیروز

نوهاد رزق وەدیع حەداد ناسراو بە ناوی هونەری فەیروز (بە عەرەبی: فَيروز)، لە ۲۱ی تشرینی دووەمی ۱۹۳٥ لەدایکبووە، گۆرانیبێژێکی لوبنانییە، لە بەیرووت لەدایکبووە و لەگەڵ هاوسەری کۆچکردووی (عاسی ڕەحبانی) و براکەی (مەنسوڕ ڕەحبانی) کە ناسراون بە (برایانی ڕەحبانی) چەندەها ئۆپێرا و گۆرانییان پێشکەشکردووە کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی (٨۰۰) گۆرانی. لە تەمەنی شەش ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی گووتن کردووە کاتێک لە ساڵی ۱۹٤۰ەوە پەیوەندی کردووە بە کۆڕاڵی ڕادیۆی لوبنانی. وە کاتێک حەلیم ڕۆمی چاوی پێیدەکەوێت نازناوی فەیروزی پێدەدات و ئاوازی چەند گۆرانییەکی بۆ دادەنێت دوای ئەوەی بەهرەیەکی زۆری لەودا بەدیکرد، وە پێشوازییەکی زۆری لێکرا لە دنیای عەرەبیدا.

فەیروز لە کۆنترین هونەرمەندەکانی دنیایە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و لە بەناوبانگترین دەنگە عەرەبییەکانە و خەڵاتی جیهانیشی بەدەست هێناوە. دەنگی فەیروز بەوە جیادەکرێتەوە کە شیرینە و ئارامی دەبەخشێت بە گوێگر، گۆرانییەکانیشی بەوە جیادەکرێنەوە کە کورتن و خاوەن مانایەکی قوڵن. خەڵکی بەزۆری لە بەیانیاندا گوێ لە گۆرانییەکانی دەگرن و هەروەک بە گۆرانیبێژی بەیانیان ناسراوە.

زانیاریی کەسی

ناوی تەواوی نوهاد رزق وەدیع حەداد
ناوی خوازراو
فەیروز 
لەدایکبوون

۲۱ی تشرینی دووەمی ۱۹۳٥

گەڕەکی زوقاق ئەلبەلات، بەیرووت، لوبنان

شوێنی ژیان بەیرووت 
ناسنامە لوبنانی 
ئایین مەسیحی
جۆری هونەر
مۆسیقای لوبنانی، مۆسیقای عەرەبی، مۆسیقای ڕۆژهەڵاتی، مۆسیقای جیهانی، دەبکە (هەڵپەڕکێ)
جۆری دەنگ
میزو، سوپرانو
ئامێرە مۆسیقییەکان دەنگی مرۆیی (دەنگی مرۆڤ وەک ئامێرێکی مۆسیقا)
ئامێرە دڵخوازەکان نەی، عود، گیتار، کەمانچە، قانوون
کۆمپانیای وەبەرهێنەر فێرجن، ئیمی
پیشە نواندنکار، گۆرانیبێژ
زمانەکان عەرەبی، فەڕەنسی 
   
کاریگەر بووە بە
ماجیدە ڕۆمی،کازم ساهر، لەتیفە تونسی، نەوال کوێتی، ئەنغام، شاکیرا
هاوسەر عاسی ڕەحبانی
منداڵەکان زیاد، لەیال، ریما، هالی
باوک رزق وەدیع حەداد
دایک لیزا بستانی
خوشک و برا هودا حەداد 

ژیانی تایبەتی

سەرچاوەکان جیاوازن لە ئاماژەدان بە مێژووی لەدایکبوونی فەیروز، زۆرێک لە سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ۲۱ی تشرینی دووەمی ١٩٣٥ لەدایکبووە، بەڵام بەڵگەنامەیەکی پشت پێبەستراو بە مۆری فەرمی تۆماری وڵاتی لوبنانەوە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ۲۰ی تشرینی دووەمی ١٩٣٤ لەدایکبووە. لە چاوپێکەوتنێکیشدا لە ساڵی ۱۹٥٦ فەیروز گووتی کە لە ساڵی ١٩٣٥ لەدایکبووە و هەموو ساڵێکیش لە ۲۱ی تشرینی دووەم یادی لەدایکبوونی دەکاتەوە. 
فەیروز لە گەڕەکی زوقاق ئەلبەلات لە شاری بەیرووت لەدایکبووە لە خانەوادەیەکی سریانی - کاسۆلیکیی هەژار. بنچەی باوکی (وەدیع حەداد) دەگەڕێتەوە بۆ شاری ماردین لە تورکیا. باوکی لە چاپخانەی ڕۆژنامەیەکی لوبنانی بەناوی (لوریون) کاریدەکرد کە تا ئێستاش چاپی نوێی لێ دەردەچێت بە زمانی فەڕەنسی لە بەیرووت. دایکی (لیزا بستانی) لوبنانییە و "مەسیحی - مارۆنییە" کە لە هەمان ئەو ڕۆژەدا کۆچی دوایی کرد کە فەیروز گۆرانی "یا جارة الوادي" تۆمارکرد لە ئاوازی ئاوازدانەر محمەد عەبدولوهاب. دەگوترێت دوای هاوسەرگیری کردنی لەگەڵ عاسی ڕەحبانی، فەیروز ڕۆشت بۆ کڵێسای ئەرسۆزکییەی ڕۆژهەڵاتی. فەیروز دایکی هەردوو ئاوازدانەر و پیانۆژەنی لوبنانی، زیاد ڕەحبانی و ریما ڕەحبانییە، لەگەڵ هالی ڕەحبانی.

ژیانی منداڵی

نوهاد یان فەیروز منداڵی یەکەمی خێزانێکی سادە بوو لە گەڕەکی زوقاق ئەلبەلات لە پایتەختی لوبنان. دراوسێکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ لیزای دایکی کەلوپەلی ماڵەوەیانیان بەکاردەهێنا کە تەنیا یەک ژوور بوو، باوکیشی لە چایخانەیەک کاریدەکرد بە ناوی (لی جور). فەیروز لە منداڵییەوە ئارەزووی گۆرانی گووتنی هەبووە، ماڵەوەیان توانای کڕینی ئامێری ڕادیۆیان نەبووە، بۆیە لەبەر پەنجەرەکە دادەنیشت و گوێی لەو گۆرانییانە دەگرت کە لەدوورەوە دەنگیان دەهات وەک ئوم کەلسوم، محمەد عەبدولوەهاب، ئەسمەهان و لەیلا موراد.
محمەد فلێفل کە یەکێکە لە برایانی فلێفل کە ئاوازی سروودی نیشتیمانی سووریایان دانا، لە ئاهەنگی قوتابخانە لە ساڵی ١٩٤٦ شتێکی نوێی دۆزییەوە ئەویش دەنگی فەیروز بوو. باوکی فەیروز بیرۆکەی مامۆستا فلێفلی ڕەتکردەوە کە فەیروز لەبەردەم هەموواندا گۆرانی بڵێت، بەڵام دواتر توانی ڕەزامەندی بەدەستبهێنێت بەوەی تەنیا سروودی نیشتیمانی بڵێت. باوکی بەو مەرجە ڕازیبوو کە براکەی "جۆزێف" لەگەڵیدا بچێت بۆ پەیمانگای نیشتیمانی مۆسیقا بۆ خوێندن کە لەلایەن وەدیع سەبرە بەڕێوەدەبرا کە هەر خۆشی دانەری سروودی نیشتیمانی لوبنانی بوو.
فەیروز پەیوەندیکرد بە گرووپی ڕادیۆی لوبنانی دوای چەند مانگێگی کەم لە چوونی بۆ پەیمانگا، هەروەک خۆی باسیدەکات لە چاوپێکەوتنێکدا و دەڵێت: "ئاواتم بوو کە له ڕادیۆ گۆرانی بڵێم وە پێیان گووتم کە مانگانە ١٠٠ لیرە وەردەگرم (۲۱ دۆلار). دڵخۆشیم وەسف نەدەکرا، بەڵام لە کۆتایی مانگەکە زۆر بەختیاوەر نەبووم بەهۆی لێبڕینی باجەکان."

قۆناغەکان و ژیانی هونەری

ساڵانی سەرەتا ١٩٣٥ - ١٩٥٠

لە ساڵی ۱۹٤۰ دەستی بە کاری هونەری کردووە وەک گۆرانیبێژی کۆرس لە ڕادیۆ. کاتێک ئاوازدانەر محمەد فلێفل بەهرەکانی دۆزییەوە بردییە ناو ئەو گرووپەی کە سروودە نیشتیمانییەکانیان دەگووتەوە. حەلیم ڕۆمیی بەڕێوبەری ڕادیۆی لوبنانی یەکەم گۆرانی بۆ دانا. 

بەناوبانگبوون - ١٩٥٢

دەرکەوتنی جدی فەیروز لە ساڵی ۱۹٥۲ بوو کاتێک دەستی کرد بە گۆرانی گووتن بە ئاوازەکانی ئاوازدانەر عاسی ڕەحبانی وە ۳ ساڵ دوای ئەوەش هاوسەرگیری لەگەڵ کرد و چوار منداڵی لێی بوو. ئەو گۆرانییانەی ئەوکات دەیگووت هەموو ڕادیۆکانی داگیرکردبوو، لەو کاتەوە ناوبانگی دەستیپێکرد لە جیهانی عەرەبیدا. زۆربەی گۆرانییەکانی ئەوکاتی لە دانانی برایانی ڕەحبانی بوو (عاسی و مەنسوڕ). بەیەکەوە کارکردنی فەیروز و برایانی ڕەحبانی قۆناغێکی نوێ بوو بۆ مۆسیقای عەرەبی کە تێیدا شێوازی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی و شێوازی هونەریی لوبنانی تێکەڵکران لە گۆرانی و مۆسیقادا. دەنگ و میهرەبانییەکەی فەیروز هاوکاربوون تا بەردەوام بگات بە شوێنی نوێ، وە لە کاتێکدا کە باوی گۆرانی درێژ بوو، فەیروز گۆرانی کورتی پێشکەشکرد.

ناوبانگی جیهانی و شەڕی لوبنان - ١٩٧٠

لەگەڵ برایانی ڕەحبانی و برا بچووکترەکەیان بە ناوی ئیلیاس، سەدان گۆرانی پێشکەشکرد کە شۆڕشێکی نوێ بوو بۆ مۆسیقای عەرەبی بەوەی کە ماوەی گۆرانییەکانی کورتتر و مانای بەهێزتر بوو، بەپێچەوانەی گۆرانییە باوەکانی ئەوکات کە درێژ بوون. جگە لەوەش گۆرانییەکانی فەیروز ئاسان بوون لە دەربڕین و قوڵ بوون لە مانا و مۆسیقا لەگەڵ هەمەجۆری بابەتی هۆنراوەکانی؛ هەروەک گۆرانی بۆ خۆشەویستی و بۆ منداڵان گووتووە، بۆ قودس گۆرانی گووتووە وەک پاڵپشتییەک بۆ دۆزی فەڵەستین، بۆ ئازادی، بۆ شادی و بۆ خەم، بۆ دایک و بۆ نیشتیمان. فەیروز زۆرێک لە گۆرانییەکانی لە ڕێی گرووپی شانۆگەرییەوە پێشکەشکرد لە ئاواز و دانانی برایانی ڕەحبانی کە ژمارەیان گەیشتە ۱٥ گۆرانی. بابەتی شانۆگەرییەکانیش لەنێوان ڕەخنە لە دەسەڵات و گەل، شکۆدارکردنی قارەمانییەتی و هەموو جۆرەکانی خۆشەویستیدا بوو.
فەیروز بە ئاواز و هۆنراوەی زۆر شاعیر گۆرانی گووتووە، لەوانەش میخائیل نەعیمە و سەعید عەقل. وە لەبەردەم زۆرێک لە سەرۆک و مەلیکەکان و زۆربەی کەرنەڤاڵە گەورەکانی جیهانی عەرەبیدا گۆرانی گووتووە. هەروەها زۆر نازناوی پێدراوە لەوانەش "سفیرتنا الی النجوم - نێردەکەمان بەرەو ئەستێرەکان" کە لەلایەن سەعید عەقل"ـەوە پێی بەخشرا بەهۆی جیاوازی و نەرمی دەنگی. 

گرووپی بەرهەمهێنانی نوێ - ١٩٨٠

لەدوای مردنی عاسی"ی هاوسەری لە ساڵی ۱۹٨٦ فەیروز ئەزموونی نوێی گۆرانی گووتنی کرد لەگەڵ کۆمەڵێک ئاوازدانەر، دیارترینیان فیلمون وەهبە و زەکی ناسیف بوون، بەڵام زیاتر لەگەڵ کوڕەکەی خۆی "زیاد" کاری کرد کە کۆمەڵێک گۆرانی زۆری پێشکەشکرد. زیاد توانا و بەهرەمەندی خۆی دەرخست لە درووستکردنی شێوازی مۆسیقایەکی تایبەت بە خۆی و وەرگیراو لە مۆسیقای لوبنانی و عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی و جیهانی.

١٩٩٠ - تا ئێستا

لەماوەی ئەم قۆناغە فەیروز ژمارەیەک ئەلبوومی دەرکرد، لە دیارترینیان "کیفک ٲنت - چۆنیت تۆ" و "فیروز فی بیت الدین ۲۰۰۰ - فەیروز لە بەیتەدین ۲۰۰۰" کە تۆمارێکی ڕاستەوخۆی ئاهەنگەکانی فەیروز بوون کە لەگەڵ زیاد"ی کوڕی و ئۆرکێسترای ژەنیارانی ئەرمەنی و سوری و لوبنانی کردی. تۆمارکردنی گۆرانی "فەیروز لە بەیتەدین ۲۰۰۰" سەرەتایەک بوو بۆ زنجیرە کۆنسێرتێک کە سەرکەوتنی بێوێنەیان بەدەستهێنا بەهۆی نوێگەری لەڕووی دابەشکردنی مۆسیقا و هەمەجۆری گۆرانییەکان لەنێوان شێوازی کۆن و نوێدا. لە ساڵی ۲۰۱۰ ئەلبوومی "ایە في ٲمل - بەڵێ هیوا هەیە"ـی دەرکرد بە هاوکاری زیاد ڕەحبانی"ـی کوڕی. ئەلبوومی "ببالي - لە بیرمە" کۆتا ئەلبوومەکانی بوو کە لە ساڵی ۲۰۱۷ دەریکرد، ئەم ئەلبوومەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند بوویەوە لەلایەن هەندێک لە هەوادارەکانی بەوەی کە هونەر و شێوازی فەیروز نەبووە لەسەر کەموکوڕی هۆنراوەکان و مۆسیقاکەی. هەروەها ڕەخنەیان لە ریما"ـی کچی گرت بەوەی کۆمەڵێک هۆنراوەی بیانی وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی بۆ ئەم ئەلبوومە کە لە دە گۆرانی پێکهاتبوو و زۆربەی هۆنراوەکانیش لە گۆرانی ئەوروپییەوە وەرگیرابوون کە زۆربەیان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو باو بوون.

خێزانەکەی

فەیروز خوشکی نواندنکار و گۆرانیبێژ "هودا حەداد"ـە.
لە ساڵی ۱۹٥٥ لەگەڵ عاسی ڕەحبانی هاوسەرگیری کرد و چوار منداڵی لێی بوو: 

  • زیاد ۱۹٥٦ - نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئاوازدانەر و گۆرانیبێژە
  • هالی ۱۹٥٨ 
  • لەیال ۱۹٦۰ - لە ساڵی ۱۹٨٨ مردووە
  • ریما ۱۹٦٥ - نووسەر و دەرهێنەر

نازناوەکان

  • جارە القمر - دراوسێی مانگ
  • سفیرتنا الی النجوم - نێردەکەمان بەرەو ئەستێرەکان
  • عصفورة الشرق - چۆلەکەی ڕۆژهەڵات
  • ٲرزة لبنان - دارئەرزی لوبنان (جۆرێک درەختە سەر بە خێزانی سنەوبەرەکان کە هەمیشە سەوزە)

کۆنسێرت و ئاهەنگەکانی

فەیروز لە زۆرێک لە وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتانی دەرەوەش نزیک سەد کۆنسێرتی کردووە، لەوانە:

فەیروز و نواندن

فەیروز لە چەندین شانۆگەری بەشداری کردووە، لە ساڵانی ۱۹٦۲ تاوەکو ۱۹۷۷، زۆربەی شانۆگەرییەکانیش لە گازینۆ لوبنان و کەرنەڤاڵەکانی بەعلەبەک و کەرنەڤاڵەکانی دیمەشق و کەرنەڤاڵەکانی سەیدا و شانۆی کۆشکی بیکادیلی لە بەیرووت و شانۆی ڕۆمانی لە ئوردن بوون و هەوادارەکانی بە شاژنی شانۆ ناویان دەبرد. هەروەها لە بواری سینەماشدا فەیروز لە سێ فیلمدا بەشداری کردووە بە ناوەکانی:

  • بیاع الخواتم - فرۆشیاری ئەنگووستیلە ۱۹٦٥
  • سفر برلک - کۆچی بەکۆمەڵ ۱۹٦۷
  • بنت الحارس - کچە پاسەوان ۱۹٦٨

بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان

فەیروز دوو بەرنامەی تەلەفزیۆنی پێشکەشکردووە بە ناوەکانی "الٳسوارة - بازن" لە ساڵی ۱۹٦۳، و "دفاتر اللیل - تێنووسەکانی شەو" لە ساڵی ۱۹۷۱.

ئەلبوومەکانی 

فەیروز تا ئێستا نزیکەی ٦۲ ئەلبوومی دەرکردووە کە بە هەموویان بە نزیکەیی لە ٨۰۰ گۆرانی پێکهاتوون و کۆتا ئەلبوومی تا ئێستا ئەلبوومی "ببالي - لە خەیاڵمە"یە.

خراپ بەکارهێنانی میدیایی

فەیروز خۆی بەدوورگرتووە لە دەرکەوتنی میدیایی و لێدوانی تایبەتی و سیاسی، سەرەڕای ئەمەش هەندێک لە میدیاکان سەرنجیان خستبووە سەر ژیان و پێگەی فەیروز.

لەسەر ئاستی تایبەتی

لەساڵی ۲۰۱۰ فەیروز ڕۆژنامه و میدیای هونەریی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو کاتێک دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە مەنسوڕ ڕەحبانی ڕێگری لێکردبوو گۆرانی بڵێت بە بڕیاری دادگەری، ئەوەش خۆپیشاندانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لە لوبنان. دوای ئەوە فەیروز کۆمەڵێک گۆرانی نوێی دەرکرد لەگەڵ زیاد ڕەحبانی لە شانۆی بەیال لە بەیرووت لە ساڵی ۲۰۱۰. وە ئەم گۆرانییە نوێیانەی پڕفرۆشترینی ئەلبوومەکان بوون لەوکاتەدا. 

لەسەر ئاستی سیاسی

لەلایەنی سیاسییەوە فەیروز بەدەرنەبوو لە ڕەخنەلێگرتنی هەندێک لایەن. بۆ نموونە دووچاری ڕەخنە بوویەوە لەلایەن رژێمی بەعسی سووریا، کاتێک لە ساڵی ۲۰۰٨ لە سووریا گۆرانی گووت. وە لە کۆتاییەکانی ساڵی ۲۰۱۳، زیاد ڕەحبانی"ـی کوڕی، خۆشەویستی دایکی بۆ سەید حسێن نەسڕوڵڵا (ئەمیری گشتی حزبوڵڵا) ئاشکراکرد، کە کاردانەوەی زۆری میدیایی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو کارە کە پشێویەکی زۆری درووستکرد، ریما"ـی کچی فەیروزی والێکرد قسەبکات و بەیاننامە بڵاوبکاتەوە بەناوی فەیروز"ـەوە بۆ هەوادارەکانی و دڵنیای کردنەوە کە دەزانێت ئەو هێرشە ڕۆژنامەوانییەی کۆتایی بەهۆی لێدوانەکانی زیاد"ـەوە زۆر نیگەرانی کردوون و پرسیاری زۆری لا درووستکردوون. بەڵام گووتی کە چاوەڕێی وەڵام نەبن لە فەیروز چونکە وەک خۆیان دەیانزانی فەیروز ماوەیەکی زۆر بوو بێدەنگی هەڵبژاردبوو بۆ هەر شتێک بێت، چ بگات بەوەی بابەتەکە پەیوەندی بە زیاد"ـەوە هەبێت. و لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: "لەلای خۆمەوە دڵنیاتان دەکەمەوە لەم ماڵەوە، و لە پەرۆشی و ئەرکی خۆم بۆ پاراستنی ڕێزی فەیروز بۆ ناوەکەی، ڕێچکەکەی، پەیامەکەی، کارەکەی، ڕابردووی، ئێستای و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ کارەکان. وە ئەم بابەتە و هەموو لێدوانەکانی ئێستا و ڕابردوو و سیاسی و ناسیاسی کە فەیروز پێیدا ڕۆشتووە، جگە لە گوومان خستنە سەر فەیروز هیچی تر نین، بۆیە دڵگران مەبن چونکە چارەنووسی ئەم هێرشەش وەک ئەوانەی پێشووتر دەبێت کە ڕوونە چییە."

فەیروز و نەتەوەکان

فەیروز بۆ زۆێک لە گەل و نەتەوەکان گۆرانی گووتووە و تاکە گۆرانیبێژی گەورەی عەرەبە کە ناوی مەلیک و سەرۆکەکانی نەهێناوە لە گۆرانییەکانیدا. وە بۆ ماوەی حەوت مانگ پەخشی گۆرانییەکانی ڕاگیرا لە لوبنان چونکە ڕەتیکردەوە گۆرانی بڵێت بۆ سەرۆکی جەزائیری "هواری بو مەدین". وە گۆرانییە نەتەوەییەکانی فەیروز تەمەنێکی درێژتریان هەبووە لەچاو گۆرانییە نەتەوەییەکانی هونەرمەندانی تر و زیاتر لە ٦۰ گۆرانی نەتەوەیی گووتووە.

فەیروز و لوبنان

فەیروز دەستبەرداری لوبنان نەبوو لەکاتی شەڕی لوبناندا و ڕەتی کردەوە کە بڕواتە دەرەوەی وڵات، تەنانەت دوای ئەوەی لەیال"ـی کچی لەدەستدا بەهۆی بۆمبارانکردنی موشەکیی ماڵەکەیان. بەدرێژایی ماوەی شەڕەکە فەیروز دابڕا لە گۆرانی گووتن لە لوبنان. فەیروز هەمیشە گۆرانی بۆ نەتەوەکانی تر بە گشتی و بەتایبەتیش بۆ لوبنان گوتووە، هەر ئەمەش وایکردووە لوبنانییەکان خۆشەویستییەکی تایبەتیان بۆی هەبێت و وەک سومبولێکی گرنگی لوبنان بناسرێت.

فەیروز و دۆزی فەڵەستین

دەنگە فریشتەییەکەی فەیروز بە تووڕەییەکی درەوشاوەوە دەنگی دەدایەوە کاتێک گۆرانی بۆ فەڵەستین دەگووت و گۆرانی "زهرة المدائن - گوڵی شارەکان" یەکێک بوو لەو گۆرانییانەی بەهۆیەوە لە شەقامی فەڵەستینی نزیک بوویەوە و بۆ پیاتەختی وڵاتەکەش گۆرانی گوت و هەر ئەوەندەش نا بەڵکو بۆ کۆڵانەکانی قودسی کۆنیش گۆرانی گوتووە.

فیلمە دۆکیومێنتارییەکان

چەند فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەسەر فەیروز دەرکراون لەوانەش:

  • دۆکیومێنتاری "ژیانی فەیروز" لە بەرهەمهێنانی کەناڵی هەشتی فەرەنسی.
  • دۆکیومێنتاری "دراوسێی مانگ، فەیروز" لە بەرهەمهێنانی کەناڵی جەزیرە.
  • دۆکیومێنتاری "خاتوو فەیروز" لە بەرهەمهێنانی کەناڵی جەدیدی لوبنانی.

خەڵات و شانازییەکان

فەیروز بەناوبانگترین و پڕگوێگرترین گۆرانیبێژی جیهانی عەرەبییە، بۆ چەندین دەیە زۆربەی وێستگەی ڕادیۆکانی وڵاتانی عەرەبی پەخشی بەیانییانیان بە گۆرانییەکانی فەیروز دەستپێدەکرد. گۆرانییەکانی بەبەردەوامی گوێی لێدەگیرا لە ماوەی شەڕدا، چونکە خەڵکی پێیان وابوو گۆرانییەکانی ئاوازی نیشتیمانپەروەری و ئازادی و خۆشەویستین. بە قسەی چاودێرەکان کە دەگوترێت لە گۆرانییەکانیدا باسی چیڕۆکی لوبنان"ـێکی دەکرد کە ئەسڵەن بوونی نەبووە و بەشێوەیەکی بنەڕەتی هاوکار بووە لە بنیاتنانی ناسنامەی لوبنان و ۱٤ ساڵ دوای ئەوەش لوبنان بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ.

فەیروز هەمیشە مایەی شانازی و ڕێز بووە چونکە لە وڵاتێکدا کە کە بەش بەش بووبوو بەهۆی زۆری شەڕ و بیروڕای جیاواز، ئەو تاکە سومبولی یەکگرتوویی بووە. تەنانەت خەڵاتی فەیلەقی شانازیی پێبەخشراوە لە پلەی فەرماندە لە ۳۱ی ئابی ۲۰۲۰ لەلایەن سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانیۆڵ ماکرۆن (Emmanuel Macron) کە لەدوای تەقینەوەکانی ساڵی ۲۰۲۰ سەردانی بەیروتی کرد، ئەم خەڵاتە یەکێک لە باڵاترین خەڵاتەکانی وڵاتی فەڕەنسایە کە دەبەخشرێت بەوانەی خزمەتی زۆری سەربازی و مەدەنییان کردووە، کە بەخشرایە فەیروز لەجێی دەسەڵاتدار و سیاسییەکان. 

لە ساڵی ۱۹۹۷ گۆڤاری بیڵبۆردی ئەمریکی (Billboard) بڵاویکردەوە: "تەنانەت دوای پێنج دەیە لە لوتکەبوونی فەیروز، هێشتاش هەر تاکە گۆرانیبێژی ئافرەتی باڵای لوبنانە"، لە ساڵی ۱۹۹۹ ڕۆژنامەی ئەمریکی نیویۆڕک تایمز (The New York Times) بڵاویکردەوە کە بوونی فەیروز وەک گۆرانیبێژێک هاوتەریب بووە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی لوبنان لە ئاوێکی وەستاو و پەنگخواردوو بۆ  لوبنانێکی چاڵاکی دارایی و کلتوریی لەدڵی جیهانی عەرەبیدا.

لە ساڵی ۲۰۰٨  تۆڕی بی بی سی (BBC) فەیروزی بە "ئەفسانەی گۆرانیبێژی لوبنانی و گەورەترین دەنگی ئافرەتی عەرەبی" وەسفکرد و هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە "هەموو کچە گەنجە گۆرانیبێژەکانی ئەو وڵاتە دەبێت هاوشێوەی ئەو بن" وە گوتیشی کە "یەکێکە لەو هونەرمەندانەی پێویستە لەگەڵیدابن و لێی تێبگەن".
فەیروز تا ئێستا زیاتر لە ۲٥ خەڵاتی لە لوبنان و دەوڵەتە عەرەبییەکان و ئەوروپییەکان و ئەمریکادا پێبەخشراوە و لەلایەن سەرۆکی چەندین وڵاتەوە خەڵاتکراوە، لە گرنگترین خەڵاتەکانیش:

- خەڵاتی "الٲرز - دارئەرز"ی لوبنانی بە پلەی سوارچاک لە ساڵی ۱۹٦۳.

- خەڵاتی order des arts et des letters "پێشەوای هونەر و وێژە"ی فەڕەنسی لەلایەن سەرۆکی فەڕەنسا فرانسوا میتێران (François Mitterand) لە ساڵی ۱۹٨٨.

- دوو جار خەڵاتی Légion d'honneur "فەیلەقی شانازی"ی فەڕەنسی وەرگرتووە لەلایەن سەرۆکی فەڕەنسا ژاک شیراک (Jacques Chirac) لە ساڵی ۱۹۹٨ و لەلایەن سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانیۆڵ ماکرۆن (Emmanuel Macron) لە ساڵی ۲۰۲۰.


سەرچاوەکان

3080 بینین