ئەحمەد خالید تۆفيق

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-23-10:40:00 - کۆدی بابەت: 6384
ئەحمەد خالید تۆفيق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەحمەد خالید تۆفيق نووسەر و پزیشکی میسڕی، لە ساڵی 1962 لە شاری تەنتا لە میسڕ لەدایکبووە، بڕوانامەی لە کۆلێژی پزیشی لە ساڵی 1985 بە دەستهیناوە هەروەها لە ساڵی 1997 دکتۆرای لە پزیشکی بەدەستهێناوە، ئەندام بووە لە بەشی توێژینەوە و ڕاوێژکاری لە بەشی نەخۆشییەکانی هەناو لە کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی "تەنتا".

یەکەمین نووسەری عەرەبییە بەرهەم و ڕۆمانەکانی بە شێوازی فەنتازی و خەیاڵی و چیرۆکی ترسێنەر و هەست بزوێن نووسیوە، هەوادارانی نازناوی (العراب: باوکی ڕووحی)ـیان پێ بەخشیوە و بەرهەمەکانی کراون بە زنجیرە فیلم و ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە.

شێواز و تایبەتمەندی نووسینی

ئەحمەد خالید بە نووسەری دڵخوازی گەنجان دادەنرێت و بەرهەمەکانی هاندەر و هۆکارن کە گەنجان ڕێچکەی خوێندنەوە بگرن و بخوێننەوە چونکە زۆر بە لێهاتوویی و کارامەیی بەشێوەیەکی ئاسان و سادە بەرهەمەکانی نووسیوە و باوەڕی وابووە کە خوێندنەوە نابێت خوێنەر ماندوو بکات.

خوێندنی پزیشکی کاریگەری کردووەتە سەر شێوازی نووسین و ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر کارەکتەرە سەرەکییەکانی نێو ڕۆمانەکانی، بە شێوەیەک کە کارەکتەری ڕۆمانەکانی یان پزیشکی پسپۆڕ بوونە یاخود ئاماژەی بە مێژووی نەخۆشی و چارەسەرەکان کردووە بەرهەمەکانی هەرچەندە لە چەشنی خەیاڵیین و لەسەر بنەمای زانستی خەیاڵی و فانتازیین، بەڵام ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگەن، هەندێک لە بابەتەکانی بە شێوازێکی گاڵتە ئامێزی ڕەخنەگرانە نووسیوە و نووسینەکانی تا ڕادەیەك لە چەشنی نائومێدی و ڕەشبینی بووە. 

بەرهەمەکانی

نووسین و بەرهەمەکانی بۆ چەندان زمان وەرگێڕانی بۆ کراون و ناوبانگێکی تایبەتی خۆی وەرگرتووە لە نێو خوێنەرانی بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی، چەندان زنجیرە ڕۆمانی نووسیوە، (مەبەست لە زنجیرە ڕۆمان بریتییە لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی نووسینی درێژ لە دووتوێی چەند نووسینێکی پووخت و کورت بە ڕیزبەندی و لە دوایەکە، هەموو بەشەکانی پەیوەستن بە یەکەوە دەکرێت چەندنووسەرێک بەشدار بن لە نووسینەوەی) گرنگترین بەرهەمەکانی بریتین لە:

  • زنجیرە ڕۆمانی (ما وراء الطبيعة/ سەرووی سرووشت) 

     

ئەم زنجیرە ڕۆمانەی لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستیکردووە بە نووسینی ئەم زنجیرە ڕۆمانە تاکوو 2014 بەردەوامی هەبووە، نزیکەی 80 ژمارەی لێدەرچووە و ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە لە چەشنی خەیاڵییە، باس لە پزیشکێکی خانەنشین دەکات کە ڕووبەڕووی چەند ڕووداوێکی سەیر و سەمەرە دەبێتەوە، لە ساڵی 2020 نێتفلێکس درامایەکی لەسەر درووستکردووە.

  • زنجیرە ڕۆمانی فانتازیا

     

دووەمین زنجیرە ڕۆمانی ئەم نووسەرەیە و تاکە بەرهەمێتی کە کارەکتەری سەرەکی ژنە، لە ساڵی 1995 دەستیپێکردووە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە خەیاڵی و زانستییە تاکوو ئێستا 63 ژمارەی لەم زنجیرەیە بەردەستە.

  • زنجیرە ڕۆمانی سافاری 

لە ساڵی 1996 دەستی بە نووسینی کردووە و تا ئێستا 52 زنجیرەی لێدەرچووە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە زانستی و پزیشکییە.

  • ڕۆمانی یوتۆبیا 

لە ساڵی 2008 ئەم ڕۆمانەی بڵاوکردەوە، بوو بە ناوبانگترین بەرهەمی، بۆ چەندان زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە باس لە داهاتووی ساڵی 2030 دەکات.

  • زنجیرە ڕۆمانی WWW

     

  • ڕۆمانی سەنجە 2012

     

  • ڕۆمانی ئیکارۆس 2015

     

  • کورتە چیرۆكی قوس و قزح/پەلکەزێڕینە 

     

  • عقل بلا جسد/عەقڵێکی بێ جەستە

     

  • حظك اليوم/بەختی ئەمڕۆت

     

  • لست وحدك/تەنها نیت

سەرەڕای ئەم بەرهەمانەی، چەندان بەرهەمی جیهانی وەرگێڕاوە بۆ زمانی عەرەبی، هەروەها لە چەندان ڕۆژنامە و پێگەی ئەلیکترۆنی نووسینەکانی بڵاوکردووەتەوە و لەسەر بابەتی جیاواز و هەمەجۆرەکان کاری کردووە. 

باری خێزانی 

لە خێزانێکی موسوڵمانی میسڕی پەروەردە کراوە هەروەها لەگەڵ پزیشکێکی میسڕی بە ناوی مەنال هاوسەرگیری کردووە و بوەنەتە خاوەنی دوو منداڵ بە ناوەکانی مەریەم و محەمەد. 

کۆچی دوایی 

لە ساڵی 2018 لە تەمەنی 55 ساڵی بەهۆی تووشبوونی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە، لەسەر وەسێتی خۆی لەسەر کێڵی قەبرەکەی نووسراوە (جعلَ شباب يقرأون/ وای لە گەنجان کرد بخوێننەوە). 


سەرچاوەکان



836 بینین