ناوهڕۆك
ناساندن
حکومەتی جیهانی ئەو قەوارە سیاسییەیە، کە داڕێژە و شیکەرەوە و جێبەجێکاری یاسای نێودەوڵەتی دەبێت بەپێی چەمکی حکوومەتی جیهانی لەسەر گەلانە، کە هاوکاری بکەن لەپێناوی چەسپاندنی ئەو جۆرە لە حکومەتی جیهانییە. لە دەرئەنجامدا حکوومەتی جیهانی ئاستێکی نوێ و سەرووتر لە ئاستەکانی بەڕێوەبردنی حکومەتی نیشتمانی و ناوخۆیی پێشکەش بکات .
ئاڕاستە جیاوازەکانی حکومەتی جیهانی
تاوەکو ئێستا هیچ دەوڵەتێک دەستپێشخەری نەکردووە بۆ پێشکەش کردنی نەخشە ڕێگایێک یان پڕۆژەیێک بۆ حکومەتێکی جیهانی، هەرچەندە هەندێک لایەن پێیان وایە دامەزراندنی هەندێک دەزگای دامەزراوەیی نێودەوڵەتی هەروەک دادگای باڵای تاوانەکانی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی سەرەتایەکن بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی جیهانی. چەندین ئاڕاستەی جیاواز و دژ بە یەکتری هەن، کە شیکاری و ئاڕاستەی جیاوازییان هەیە سەبارەت بە حکومەتی جیهانی، کە بەشێک لە توێژەران هەندێک لەو ڕوانگانە بە یوتۆپیا ناوزەند دەکەن، کە مرۆڤایەتی هەرگیز پێیان ناگات، هەروەها بەشێکیشیان لەو ڕوانگەیەوە سەیری حکومەتی جیهانی دەکەن، کە جگە لە سیستەمێکی تۆتالیتار و سەرکووتکەر هیچی تر ناهێنێتە دی. ئەو حکومەتە ئەگەر داشبمەزرێت، ئەوا بەبێ ستەم کردن و سەرکووتکردن بەردەوام نابێت، هەر بۆیە وەک دەرئەنجامێک، شتێکی ئەرێنی لە حکومەتێکی جیهانی دەستەبەر نابێت، چونکە بونیادی حکومەتەکە لەسەر بنچینەی ستەم و نادادپەروەری بووە. ئاڕاستەی تیۆری حکومەتی جیهانی بەپێی ئایدیۆلۆژیا و ئاڕاستەی سیاسی و ئایینی جیاوازی کۆمەڵگایەکان دەگۆڕێت. بەپێی ڕوانگەی بیرمەندانی ئیسلامی، حکومەتی جیهانی تەنها دەتوانێت خۆی بەرجەستە بکات لە چوارچێوەی سیستەمێکی ئیسلامیی جیهانی، پێیان وایە کە تەنها ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی دەتوانێت ئەو جۆرە حکومەتە بونیاد بنێت. لیبراڵەکان پێیان وایە بۆ فەراهەم کردنی حکومەتی جیهانی، پێویستە بنامە و بەهایە لیبراڵەکان بچەسپێن. حکومەتیی جیهانی نموونەی جیهانێکی لیبراڵە، کە تیایدا ئاشتی، هاوکاری، هەماهەنگی، دادپەروەری و دیموکراسی تیایدا بەرقەرارە، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ئاشتییانە دەبێت، دوور لە جەنگی و کوشتار. ڕوانگەی لیبراڵەکان پێچەوانەی دیدگای فاشیست و سۆشیاڵیستەکانی بۆ حکومەتێکی جیهانی.
سەرەتای دەرکەوتنی بیرۆکەی حکومەتێکی جیهانی
لە شانۆی هزری ڕۆژئاوایی مشتومڕی حکومەتیی جیهانی لەپێناوی ئاشتی و پاراستنی ئاشتی نێوان گەلان کراوە لە سەردەمی یۆنانی و ڕۆمانییەکان، لە کۆنترین هەوڵە هزرییەکان لە لایەنی ئەکادیمییەوە توێژینەوەکانی زانا و بیرمەندی ئیتاڵی دانتی لە سەدەی ١٤ەیە، هەروەها لە ساڵی ١٦٢٥ زانای هۆڵەندی یاساناس هوغو غروسیوس لە ڕێگەی کتێبی 'یاسایەکانی جەنگ و ئاشتی'، کە ئەمەش دەستپێکی یاسای نێودەوڵەتی بوو.
لە سەدەی ١٨ بۆچوونی حکوومەتیی جیهانی زیاتر گرنگی پێدرا بە تایبەتی لە دوای سەربەخۆیی و دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەروەک نموونەی دەوڵەتی دیموکراسی فیدراڵی یەکگرتوو لە ساڵی ١٧٨٨، 'ئێمانوێڵ کانت' سەبارەت بەوە نووسیویەتی لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە بەناوبانگەکەی لە ژێر ناونیشانی 'ئاشتی هەمیشەیی بەردەوام: پڕۆژەیێکی فەلسەفی' لە ساڵی ١٧٩٥. ئێمانوێڵ کانت سێ بنەمای سەرەکی داڕشتووە وەک پێویستی سەرەکی بۆ پڕۆژەی ئاشتی هەمیشەیی و ڕێزگرتن لە ڕوودانی جەنگ لە داهاتوودا.
- سیستەمی کۆماری، کۆماری دەستووری سڤیل بۆ هەر دەوڵەتێک.
- یاسایی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای فیدراڵی بۆ وڵاتانی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری.
- مافی خەڵک وەک هاووڵاتی جیهانی بەپێی یاسایی جیهانی بۆ میوانداریێتی ڕێکبخرێت.
لە دواتردا لە سەدەی ١٩، فەیلەسووفی ئەڵمانی 'کارڵ کراوس' لە شیکردنەوەیێکدا ساڵی ١٨١١ بە ناونیشانی 'نموونەیەک بۆ مرۆڤایەتی' پێشنیازی درووستکردنی پێنج فیدرالییەتی هەرێمایەتی کرد، کە ئەورووپا، ئاسیا، ئەفریقیا، ئەمریکا و ئوسترالیا گشتییان لە ناو یەک کۆماری فیدراڵی جیهانی کۆبکرێنەوە.
لە دوای سەرکەوتنی ئەزموونەکانی فیدراڵی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵی ١٧٨٧، لە سویسرا ساڵی ١٨٤٨، هەروەها لە کەنەدا ١٨٦٧ وەک دەوڵەتی فیدراڵی، کە چەندین ڕەگەز و نەتەوەی جیاواز لەخۆبگرن لە ژێر سایەی یەک هەژموون و دەسەڵاتێکی گشتگیردا دەنگ و داخوازی لەسەر بونیادنانی حکومەتیی جیهانی زیاتر بوو. هەندێک لە نموونە کۆنەکان لە مێژوودا هەژمار دەکەن وەک ئەزموونی حکومەتیی جیهانی، لە نموونەکانی ئیمپراتۆرییەتی ئەسکەندەری مەکدۆنی، ئیمپراتۆرییەتی مەغۆلی، ئیمپراتۆرییەتی بەریتانی، ئیمپراتۆرییەتی مەسیحی یانیش ئیسلامی. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا هەندێک هەوڵی تر دران لە واقعی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بونیادنانی شێوەیێک لە حکومەتیی جیهانی. دامەزراندنی دەزگا و دامەزراوە و ڕێکخراویی جیهانی بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان دەوڵەتان لە ڕێگای ئاشتی و دیبلۆماسی، لە گرنگترین ئەو هەوڵانەش کۆنگرەکانی هانمو لاهایی بۆ ئاشتی ١٨٩٩ و ١٩٠٧، کە شکستییان هێنا لە ڕێگرتن بە جەنگی جیهانیی یەکەم، دواتر کۆمەڵەی گەلان و ١٩١٩، کە جارێکی تر شکستی هێنا لە ڕێگرتن لە جەنگی جیهانیی دووەم.
لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٥ درووست بوو، کە بە بۆچوونی زۆرێک لە بیرمەندان سەکۆ و ناوەندێکی جیهانییە بۆ پرسی هاوکاری نێوان دەوڵەتان. لە دوای دامەزراندنی ئەم دامەزراوەیە نێودەوڵەتییە بیرمەند و زانایانی جیهان داوایان کرد، کە ئەم ناوەندە زیاتر گرنگی پێبدرێت و بەرەوپێشبچێت، لەوانە ئەلبێرت ئەنیشتاین، وینستۆن چێرچڵ، بێرتراند راسڵ و مهاتما گاندی داوای حکومەتی جیهانییان دەکرد، کە هەنگاوی کرداری بگرنەبەر سەبارەت بە دامەزراندنی حکومەتێکی فیدراڵی کارایی لە جیهاندا.
بەرەوپێشچوونی تیۆری حکومەتیی جیهانی
ساڵانی دوای ١٩٥٠ بە سەردەمی زێڕینی پڕۆژەی حکومەتی جیهانی دادەنرێت، چونکە لەم قۆناغە بەدواوە زۆرێک لە دامەزراوە و ڕێکخراو و هەوڵی تاکە کەسی و گرووپ دران سەبارەت بە دەستەبەرکردنی حکومەتێکی جیهانی، زانا 'وندل ویلکی' کتێبێکی بە ناونیشانی یەک جیهان لە ساڵی ١٩٤٣ نووسی، لە دواتردا زانا 'ئیمری ریفز' لە ڕێگەی کتێبی 'زانستی داڕشتنی ئاشتی' داوای گۆڕینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەکرد بە حکومەتێکی جیهانی، لە دواتریشدا ئەم هەوڵانە بوون بە هەوێن و بنچینە بۆ لایەنگرانی فیدراڵییەتی جیهانی، کە دواتر هزری فیدراڵییەتی جیهانی درووست بوو لە ساڵی ١٩٤٧، کە بوون بە جووڵانەوەیێک لەسەر ئاستی جیهانی هەوڵی کارکردن و چالاکییان دەدا. نووسەر و چالاکوانی ئەمریکی 'غاری دیفس' لە ساڵی ١٩٤٨ ڕەگەزنامەی ئەمریکی خۆی ڕەتکردەوە، داوای تۆمارکردنی ڕەگەزنامەی جیهانی کرد. لە ساڵی ١٩٥٣ کۆمەڵەی حکومەتی جیهانی بۆ هاوڵاتیبوونی جیهانی دامەزراند، لەسەر سێ بنەما، کە ناونران بو بە 'یاساکانی جیهانی، یەک خودا، یەک جیهان و یەک مرۆڤایەتی'، دوایی داوا کرا کە پاسپۆرتی جیهانی هەبێت بەپێی ماددەی ١٣ بڕگەی دوو لە ڕاگەیاندنیی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، کە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچوو بوو.
لە ڕاستیدا سەرهەڵدانی جەنگی ساردی نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ١٩٤٦ - ١٩٩٠، دەنگەکانی جیهانی بۆ فیدراڵییەتی جیهانی لاواز کرد، بەڵام لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی ١٩٩١. هەوڵەکانی دامەزراندنی حکومەتی جیهانی زیندوو بوونەوە، گرنگی بە پرسی فیدراڵییەتی جیهانی سەر لە نوێ سەریان هەڵدایەوە، بە تایبەتی لە دوای ڕاگەیاندنی ڕۆما ساڵی ١٩٩٨، دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠٠٢، لە دواتریشدا فراوان بوونی یەکێتی ئەوروپا ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٨ دەوڵەت، دامەزراندنی یەکێتی ئەفریقا ساڵی ٢٠٠٢، هەروەها دامەزراندنی کۆمکاری نەتەوەکانی باشووری ئەمریکا ساڵی ٢٠٠٤.
لە سەردەمی جیهانگیری ئەمڕۆشدا زۆرێک لەو دامەزراوە و ڕێکخراوە جیهانییانە بوونیان هەیە لەسەر ئاستی بەشداری حکومەتی دەوڵەتان لەسەر بنەمای هاوکاری و هەماهەنگی لە لایەنی سیاسی، ئاساییش، ئابووری و بازرگانی، لە شێوەی بەرجەستەکردنی نموونەیێکی فیدراڵی و کۆنفیدراڵی جیهانی، هەروەک گرووپی جی ٨، دەوڵەتانی گرووپی جی ٢٠، هەروەها نموونەی تریش. لە واقعی نێودەوڵەتیدا، لە ئێستادا بە تەواوەتی هزی و پڕۆژەکانی بونیادنانی حکومەتی جیهانی دانەمەزراوە، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە کە وایان کردووە گەییشتن بە پراکتیزەکردنی هزری پڕۆژەی حکومەتی جیهانی ئاڵۆز و گران بێت.