شێخ مەحموودی نەمر

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-09-03-13:26:00 - کۆدی بابەت: 6481
شێخ مەحموودی نەمر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و سەرەتای گەورەبوونی

شێخ مەحموودی حەفیدی ناسراو بە شێخ مەحموودی بەرزنجی نەمر، یەکەمین سەرکردە و مەلیکی کوردستان، لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لە ساڵی 1881 لەدایکبووە، کوڕی شێخ سەعیدی كوڕی شێخ محەمەدی کوڕی کاك ئەحمەدی شێخ بووە و لە بنەماڵەیەکی ئاینی پەروەردە کراوە، زانستە شەرعییەکان و بنەماکانی سۆفیگەری لەسەر دەستی گەورە زانایانی سلێمانی خوێندووە و لەسەر ڕێبازی تەریقەتی قادری بووە، لە تەمەنی لاویدا بە باشی فێری زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی بووە.

لە ساڵی 1908 شێخ سەعیدی باوکی و مامی لە لایەن سەرۆکی ئیتیحادییەکانی تورکیا تیرۆرکران و شێخ مەحموودیش ڕاپێچی زیندانی موسڵ کراوە، زیندانی کردنی ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری لێکەوتووەتەوە و خۆپیشاندانیان کردووە لە دژی دەسەڵاتدارانی عوسمانییەکان لەو سەردەمەدا، بۆیە دەسەڵاتداران ناچار بوون ئازادی بکەن لە ساڵی 1910 گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بووەتە جێگری باوکی.

بەرهەڵستی کردنی دەسەڵاتداران و ژیانی شۆڕشی شێخ مەحموودی نەمر

- لە ساڵی 1914 بە سەرکردایەتی شێخ مەحموود لەشکری کوورد چوونەتە شاری بەسڕە بۆ لایەنگیری عوسمانییەکان و بەشداریکردن لە جەنگی "شەعیبە"ـی دژی ئینگلیزەکان لەو جەنگەدا ژمارەی کورد سێ هەزار کەس بووە، ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە جەنگەکە، چەندان شیعر و سروودی ناوچەیی بە زمانی عەرەبی لەسەر بەشداری کردنی کورد لەو شەڕەدا نوسراوە، عوسمانییەکان لەو جەنگەدا شکستیان هێنا و شێخ مەحموود بریندار کراوە و بە برینداری گەڕێندراوەتەوە کوردستان.

- لە نێوان ساڵانی 1915 بۆ 1916 جەنگی لە دژی ڕووسیا کردووە لە کوردستانی ئێران، کاتێك هەواڵی پێدەگات کە هێزە ڕووسییەکان لە کوردستانی ئێران دەستدرێژی دەکەنە سەر ماڵ و موڵکی کورد، لەگەڵ کۆمەڵێك سەرۆك عەشیرەتی ئەوکاتە جەنگیان لە دژی ڕووسییەکان بەرپاکردووە لە ناوچەکانی هەورامان و پێنجوێن و مەریوان پارێزگارییان لە کورد کردووە.

- لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، دەسەڵاتی عوسمانییەکان لاواز ببوو، ئینگلیزەکانیش شاری بەغدادیان داگیر کردبوو، هەربۆیە لە ساڵی 1919 شێخ مەحموود سەربەخۆیی کوردستانی ڕاگەیاند یەکەمین حکومەتی کوردی دامەزراند و خۆیشی بە مەلیکی کوردستان هەڵبژارد، داوای لە عەلی پاشای ئەو کاتەی سوڵتانی عوسمانییەکان کرد لە بەرامبەر دانپێدانانیان بە حکومەتی کوردستان ئەوانیش دەبن بە لایەنگیری عوسمانییەکان لە جەنگ دژی ئینگلیزەکان، هەروەها ئینگلیزەکان داوایان لێی کرد کە هاوپەیمان بێت لەگەڵ ئەوان، بەڵام شێخ مەحموود داگیرکاری ئینگلیزی ڕەتکردەوە و نەیهێشت بێنە نێو خاکی کوردستان تا ئەو کاتەی جەنگی دەربەندی بازیان ڕوویدا و لەو جەنگەدا کۆمەڵێک ڕۆڵەی کورد شەهید بوون و شکستیان بە شێخ مەحموودی نەمر هێنا و بە برینداری زیندانییان کرد لە شاری بەغداد، لە سەرەتادا بڕیاری سێدارەی بۆ دەرکرا، بەڵام دواتر بڕیارەکە کرا بە دە ساڵ زیندانی و دانی باج بە بڕی دە هەزار ڕۆپیەی ئەو کاتە بە حکومەت، پاشان دوورخرایەوە بۆ هیندستان، لە شاری بۆمبای نیشتەجێ بووە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو.

- لەو ماوەیەدا بارودۆخی ناوچەکە ئاڵۆز بووە و خۆپیشاندان و پشێوی زۆر ڕوویداوە، هەر بۆیە لە ساڵی 1922 ئینگلیزەکان ناچار بوون شێخ مەحموود بگەڕێننەوە بۆ کوردستان، و هەر هەمان ساڵ کرا بە مەلیکی کوردستان و حکومەتی کوردستان دامەزرا.

- لە سەردەمی دەسەڵاتی شێخ مەحموود کورد چەند دەستکەوتێکی مەزنی بەدەست هێنا لەوانە: زمانی کوردی کرا بە زمانێکی فەرمی، هەروەها یەکەمین پۆستەری کوردی دەرکراوە، چەندان ڕۆژنامەی گرنگ بە زمانی کوردی دامەزراوە، لەوانە: ڕۆژنامەی بانکی کوردستان، ڕۆژنامەی بانکی هەق، ڕۆژنامەی ئۆمێدی ئیستقلال، ڕۆژنامەی ڕۆژی کوردستان.

- لە ساڵی 1930 لە دوای شکستهێنانی ڕاپەڕینە مەزنەکەی سلێمانی، شێخ مەحموود بۆ ماوەی ساڵێک شۆڕشی کردووە دژی ئینگلیزەکان تاکوو لە مانگی ئایاری ساڵی 1931 دەست بەسەر هەموو ماڵ و موڵکی دەگیرێت لە سلێمانی و پاشان دوورخرایەوە بۆ باشووری عێراق بۆ ماوەی دە ساڵ لە باشوور لە شارەکانی سەماوە و ناسڕییە و بەغداد ژیاوە.

- لە ساڵی 1931 بە نهێنی لە بەغداد هەڵدێت و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی هەر داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردووە. 

کەسایەتی شێخ مەحموودی نەمر

شێخ مەحموود لەگەڵ ئەوەی کەسایەتییەکی سیاسی بەهێز بووە، ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لە ڕووداو و جەنگەکانی ئەوسەردەمەی عێراق و کوردستاندا کەسایەتییەکی ئاینی و کۆمەڵایەتی بووە و خوێندنەوارێکی لێهاتوو بووەو شیعریشی نووسیوە. 

کۆچی دوایی

لە ساڵی 1956 شێخ مەحموودی نەمر تووشی نەخۆشی دەبێت دەچێتە شاری بەغداد بۆ چارەسەرکردن، لە ڕۆژی 9/10/1956 لە نەخۆشخانەی "حەیدەری" لە بەغداد کۆچی دوایی کردووە، تەرمەکەی لە سلێمانی نێژراوە. 


سەرچاوەکان



4957 بینین