کیم جۆنگ ئیل

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-06-21:13:00 - کۆدی بابەت: 6523
کیم جۆنگ ئیل

ناوه‌ڕۆك

زانیاری

کیم جۆنگ ئیل کوڕی کیم ئیل سۆنگ یەکەمین سەرۆکی کۆریای باکوورە و لە ١٩٤١/٢/١٦ لە ڕووسیای فیدراڵی سۆڤیەتی سۆسیالیستی پێشوو لەدایکبووە، دووەمین سەرۆک کۆماری کۆریای باکوورە و پێشووتر ڕاوێژکاری لیژنەی بەرگری گەل و فەرماندەی گشتی سوپای گەلی کۆریای باکوور و سکرتێری گشتی حیزبی کرێکارانی کۆریا بووە، لەدوای مردنی باوکی لە ١٩٩٤ بووە سەرۆک کۆمار و پێی دەوترێت "سەرکردەی خۆشەویست" و ڕۆژی لەدایکبوونی یەکێکە لە گرنگترین ڕۆژەکانی وڵات.

لە هەشتاکانی سەدەی بیستەوە کیم وەک جێگری باوکی دەرکەوت و چەندین پلە و پۆستی گرنگ و هەستیاری بەدەستکەوت.

لەدوای باوکی لەسەر هەمان سیاسەتی باوکی بە حوکمێکی دیکتاتۆری بنبڕکردن و تەواوخوازی بەردەوام بوو، ئەو کاتەی دەسەڵاتی گرتە دەست لوتکەی هەڵاوسانی ئابووری و تێکچوونی حیزبە شیوعییەکانی جیهان بوو، بەمەش بازرگانی و ئاڵوگۆڕی زۆر خراپ کردبوو و بەهۆیەوە برسێتی ڕوویدا، لەگەڵ ئەوەی لە کۆتاییەکانی نەوەدەکان نەبوونی خۆراک چارەسەر کرا، بەڵام هەتاوەکوو کۆتایی دەسەڵاتەکەی کەمیی بڕی خۆراک شتێکی بەرچاوبوو، کیم سیاسەتی سۆنگونی بەرهەمهێنا کە سوپای کۆریای کردە سوپایەکی ڕێکخراوی کۆمەڵگە و لە ماوەی دەسەڵاتیدا چەند چاکسازییەکی کاتی بۆ بواری ئابووری ئەنجامدا وەک کردنەوەی ناوچەی پیشەسازی کایسۆنگ لە ٢٠٠٣، ساڵی ٢٠٠٩ کیم هەستا بە گۆڕینی دەستووری وڵات و ناوی خۆی و سەرۆکەکانی دیکەی دوای خۆی کرد بە "ڕێبەری باڵای کۆماری کۆریای دیموکرات".

کیم بەوە لە باوکی جیادەکرایەوە کە نازناوی "سەرکردەی خۆشەویست"ـی پێبەخشرابوو چونکە بە باوکی دەوترا "سەرکردەی مەزن".

کۆچی دوایی

کیم لە ٢٠١١/١٢/١٧ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەنێو شەمەندەفەری سەرەکی بەرەو شاری پیۆنگ یانگ کۆچی دوایی دەکات، هەواڵی کۆچی دوایی کیم لە دوو ڕۆژ دواتر بڵاوبوویەوە و ڕاگەیەندرا کە کوڕی سێیەمی کیم واتە "کیم جۆنگ ئون" دەبێتە سەرۆکی وڵات.

کیم لەدوای مردنی وەک "ئەمینداری گشتی هەمیشەیی حیزبی کرێکارانی کۆریا" و "سەرۆکی هەمیشەیی لیژنەی بەرگری لە وڵات" دانرا.


سەرچاوەکان



413 بینین