زاکیر نایک

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-09-11-14:27:00 - کۆدی بابەت: 6551
زاکیر نایک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زاکیر عەبدولکەریم نایک (لە دایکبووی ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٥ )ە، وتاربێژی تەلەفزیۆنی ئیسلامی هیندی و ئامۆژگاریکارە، نایک زانایەکی غەیرە عەرەب و وتاربێژی گشتی و شارەزای بواری بەراوردکردنی ئایینەکانە، دامەزرێنەر و سەرۆکی دەزگای توێژینەوەی ئیسلامی و تۆڕی میدیایی ئاشتییە کە گەورەترین تۆڕی کەناڵی ئاسمانی ئایینییە لە جیهاندا.

لەسەر بنەمای یاساکانی قسەکردنی ڕق و قین، کەناڵی تەلەفزیۆنی ئاشتی نایک لە هیندستان و بەنگلادیش و کەنەدا و سریلانکا و بەریتانیا قەدەغەکراوە، بەرنامەی تەلەفزیۆنی ئاشتی نایک لە لایەکی ترەوە لە هەندێک لە ناوچەکانی هەمان وڵات ڕێگری لێناکرێت، نایک باس لەوە دەکات کە لێدوانەکانی چەند جارێک بە لاڕێدا براوە.

پیشە

لە ساڵی ١٩٩١ دەستی بە کارکردن کردووە لە بواری بانگخوازی، قوتابخانەی نێودەوڵەتی ئیسلامی لە مومبای و یەکگرتووی ئیسلامی بۆ هاوکاری دامەزراندووە، کە بەخششی خوێندن بۆ گەنجانی موسڵمانی هەژارو کەمدەرامەت دابین دەکات، هاوسەری نایک، فەرهات نایک سەرۆکی بەشی ژنانی دەزگای توێژینەوەی ئیسلامی (IRF)ە، هەروەها زنجیرەیەک خوێندنگەی لە هەندێک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی دامەزراندووە بۆ ڕاهێنانی خوێندکارانی موسڵمانی غەیرە عەرەب کە لە تەمەنی منداڵییەوە زمانی عەرەبی و قورئانیان خوێندووە، وە هاوکاری یەکگرتووی ئیسلامی کردووە کە بەخششی خوێندن بۆ لاوانی موسڵمانی هەژارو کەمدەرامەت دابیندەکات.

ماڵپەڕی توێژینەوەی ئیسلامی نایک بە (خەباتکەر و سەرچاوەی بەرەوپێش بردنی تەلەفزیۆنی ئاشتی) وەسف دەکات، کەناڵی نایک بۆ برەودان بە (ڕاستی، دادپەروەری، ڕەوشت، گونجان و ژیری بۆ تەواوی مرۆڤایەتی) ماڵپەڕەکەی دەناسێنێت.

حکومەتی هیندستان لە ساڵی٢٠١٢ کەناڵی تەلەفزیۆنی ئاشتی قەدەغە کرد، بە گوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ساڵی ٢٠١٥دا بە وتەی ڕۆژنامەنووسێکی هیندی نەناسراو، پۆلیسی مومبای ڕێگری کردووە لە بەستنی کۆنفرانسەکان لەبەرئەوەی مشتومڕ دەنێتەوە و دابینکارانی سەتەلایتی هیندیش ڕەتیان کردەوە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکەی پەخش بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا لەمانگی ئابی ٢٠١٩، تەلەڤزیۆنی ئاشتی لە هیندستان لە ڕێگەی بەرنامەیەکی بێبەرامبەرەوە لە Google Play بەردەست بوو، کە لە سەد هەزار جار دابەزێنراوە.

لە نیوەی دووەمی مانگی ئازاری ٢٠٢١دا نایک (الهيداية)ـی له دەستپێکرد، کە ناوەڕۆکێکی پەروەردەیی سەبارەت بە ئیسلام دابین دەکات، پلاتفۆڕمەکە هەزاران کاتژمێر تۆماری ڤیدیۆیی زیاتر لە ٤٠ وتاربێژی ناسراوی ئیسلامی لە هەموو جیهان لەخۆدەگرێت لەوانە (ئەحمەد دیدات، یوسف أستس، حوسێن یی و بیلال فیلیپس).

وانەکان و سیمینارەکان

جیاواز لە زۆرێک لە وتاربێژانی ئیسلامی، وتارەکانی ئاخاوتنە کە بە زمانی ئینگلیزی پێشکەشی دەکات، نەک بە زمانی هیندی یان عەرەبی، بە شێوەیەکی گشتی قات و بۆینباخ لەبەر دەکات، نایک چەندین سیمینار و وانەی تۆمار کردووە،  دەوترێت کە تەنها لە ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە چوار هەزار وانەی لە جیهاندا پێشکەش کردووە.

مرۆڤناس تۆماس بلوم هانسن نوسیویەتی کە شێوازی نایک لە بەبیرهێنانەوەی قورئان و ئەدەبی حەدیس بە زمانە جۆراوجۆرەکان و چالاکی نێردەیی پەیوەندیداری لەبازنە موسڵمانەکاندا زۆر بەناوبانگی کردووە، زۆرێک لە سیمینارەکانی تۆمار کراون و بە فراوانی لە میدیا و DVD و ئۆنلاین بڵاو دەکرێنەوە، گفتوگۆکانی بە ئینگلیزی تۆمارکراوە و لە کۆتایی هەفتەدا لەسەر چەند کەناڵێکی ناوخۆیی پەخش دەکرێت لە گەڕەکە موسڵمانەکانی مەمبای و لە کەناڵی تەلەفزیۆنی ئاشتی.

ئەو بابەتانەی لەسەری دەدوێت بریتین لە (ئیسلام و زانستی هاوچەرخ، ئیسلام و مەسیحی، ئیسلام و عەلمانییەت)، یەکەم سیمیناری لە ساڵی ١٩٩٤ بوو، سەبارەت بە بۆچوونەکانی نوسەر (تاسلیما نەسرین) لەسەر ئیسلام لە کتێبی (لاجا) دا کە لە (مەمبەیماراتی پاتراکار سانگدا) ڕێکخرابوو، دیبەیتێک بوو بەناونیشانی ئایا بنەمای ئاینی کۆسپێکە بۆ ئازادی ڕادەربڕین؟، بە ئامادەبوونی چوار ڕۆژنامەنووس گفتوگۆکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوامبوو، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٠دا، نایک لە شیکاگۆ لەگەڵ ویلیام کامپێل گفتوگۆی کرد بە ناونیشانی "قورئان و ئینجیل لە ژێر ڕۆشنایی زانستدا" کە یەکێکە لە سیمینارە هەرە بەناوبانگەکانی.

لە ٢١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ نایک گفتوگۆیەکی ئایینی ئەنجامدا لەگەڵ ڕاڤی شانکار لە بەنگالۆر سەبارەت بە چەمکی خودا لە ئیسلام و هیندۆیزم، لە مانگی شوباتی ٢٠١١ نایک لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە لە هیندستانەوە وتارێکی پێشکەشی یەکێتی ئۆکسفۆرد کرد.

هەموو ساڵێک لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ـەوە نایک بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ کۆنفرانسی ئاشتی لە هەرێمی سۆمایا، سیۆن، مومبای بەڕێوە دەبرد، کە تێیدا وتار سەبارەت بە ئیسلام لەلایەن نایک و بیست وتاربێژی دیکەی ئیسلامییەوە پێشکەش دەکرا.

بیروبۆچوونی نایک لەسەر باڵادەستی ئیسلام

نایک دەڵێت ئیسلام باشترین دینە چونکە قورئان وا دەفەرموێت، هیچ دەق و نوسراوێکی ئایینی دیکە بانگەشەی ئەم ڕاستییە ناکات، وە دەڵێت: لە ڕاستیدا ئیسلام بەئاینێکی داخراو پێناسە دەکرێت، بەڵام بەرامبەر بە گەندەڵی و جیاکاری و نادادپەروەری و زینا و مەی خواردنەوە و هەموو خراپەکارییەکان ئیسلام سنگ فراوانترین ئایینە، لەگەڵ ئەوەی نیگەرانە بە هاندانی بێنرخکردنی بەها مرۆییەکان.

بیروبۆچوونی نایک لەسەر مافی ئافرەتان

نایک دەڵێت: مافی ئافرەتان بەپێی فەرهەنگی ئۆکسفۆرد ئەو مافانەن کە برەو دەدەن بە پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگا و یەکسانی بەرامبەر یاسا لەپاڵ پیاواندا، ئیسلام ١٤٠٠ ساڵ لەمەوپێش مافی بە ئافرەت بەخشیوە، لە سەردەمی نەفامی ئیسلام مافە ڕەواکانی خۆی بە ئافرەت بەخشیوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو کاتێک مێژووی بابلییەکان دەخوێنینەوە لەو سەردەمەدا کاتێک پیاوێک تاوانی کوشتنی ئەنجامدەدا لە جیاتی پیاوەکە ژنەکەی سزادەدرا تا دەمرد، کاتێک میژووی یۆنانییەکان دەخوێنیتەوە ڕەوشت ناسێکیان هەبوو بە ناوی پاندۆرا کە ژن بوو، هۆکاری خراپەکاری و بەدبەختی کۆمەڵگە بوو، لە کۆمەڵگای یۆنانی ژن تەنها بۆ سێکس و چێژ بەکاردەهێنرا، هەروەها کاتێک مێژووی شارستانییەتی عەرەب دەخوێنیتەوە پێش دابەزینی قورئان، کاتێک منداڵێکی کچ لەدایک دەبوو زیندەبەچاڵ دەکرا، بەڵام دوای دابەزینی قورئان و بوونی محمد بە پێغەمبەر (د.خ) ئافرەتان مافەڕەواکانی خۆیان وەرگرت و پێگەیان بەرزکرایەوە، مافەکانی ئافرەت لە ئیسلامدا لە شەش بنچینەی سەرەکی پێکدێت:

  1. مافی ڕۆحی
  2. مافی ئابووری
  3. مافی کۆمەڵایەتی
  4. مافی خوێندن
  5. مافی یاسایی
  6. مافی ڕامیاری


سەرچاوەکان



1820 بینین