شێرپەنجەی سایرۆیدەڕژێن

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-09-14-13:51:00 - کۆدی بابەت: 6576
شێرپەنجەی سایرۆیدەڕژێن

ناوه‌ڕۆك

شێرپەنجەی سایرۆیدەڕژێن چییە؟

ڕژێنی سایرۆید شێوەکەی لە پەپوولەیەکی بچووک دەچێت و دەکەوێتە ناوچەی خوارەوە لە بەشی پێشەوەی مل، ڕژێنی سایرۆید ڕژێنێکە کە زیندەچالاکییەکان ڕێکدەخات و هۆرمۆنەکان دەردەدات کە کاری هەمەچەشنە لە لەشدا دەکەن لەو کارانە (خەرجکردنی وزە و دروستکردنی گەرمی و سوتاندنی ئۆکسجینشێرپەنجەی سایرۆیدەڕژێن پەرەدەسێنێت کاتێک خانەکان دەگۆڕێن یاخود بازدانیان بەسەردا دێت و خانەکانی ناو ڕژێنەکە زیاد دەبن و گەر بڕی پێویستی خانە بوونی هەبوو ئەوا گرێ دروست دەکەن، خۆشبەختانە گەر زوو بە شێرپەنجەکە بزانرێ ئەوا چارەسەردەکرێت و یەکێکە لە شێرپەنجە هەرە چارەسەرکراوەکان.

جۆرەکانی شێرپەنجەی سایرۆیدە ڕژێن

- دەزوولەیی: جۆرە باوەکەی نەخۆشییەکەیە و ٪٨٠ـی نەخۆشان ئەم جۆرەیان هەیە و بەوە دەناسرێتەوە کە هێواشە لە بڵاوبوونەوە بەناو لیمفەگرێکانی ملدا و ئەگەری باشبوونەوەشی دڵخۆشکەرە.
- چیکڵدانەیی (مەشکۆڵەیی): کەم باوترە لە جۆری دەزوولەیی بەڵام ئەگەری بڵاوبوونەوەی بۆ ناو لوولەکانی خوێن زیاترە.
- کاکڵەیی (مۆخی): زیاتر لە قۆناغەکانی سەرەتای نەخۆشییەکە پێی دەزانرێت ئەویش بەهۆی دەردانی هۆرمۆنی کاڵسیتۆنین.
- گرێی: جۆرە مەترسیدارەکەی شێرپەنجەی سایرۆیدەڕژێنە چونکە زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە بەناو هەموو بەشەکانی لەشدا و جۆرێکی دەگمەنە و چارەسەرکردنیشی زەحمەتە.

نیشانەکانی

لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا هیچ جۆرە نیشانەیەک دەرناکەوێت بەڵام کە نەخۆشییەکە پەرەدەسێنێ نەخۆشەکە ڕووبەڕووی ئەم کێشانە دەبێتەوە: 

-  قوڕگئێشە و مل ئێشە.
-  بوونی گرێ لە ملدا.
-  ناڕەحەتی لە کاتی شت قووتدان.
-  گۆڕانی دەنگ و گڕبوونی.
-  کۆکە.

هۆکارەکان

هۆکاری سەرەکی تووشبوون بە شێرپەنجەی سایرۆیدەڕژێن نەزانراوە و ڕەنگە ئەمانە هەندێک بن لە هۆکارەکان: 

- کۆنیشانەی جینی بۆماوەیی لە دی ئێن ئەی دایک و باوکەوە.
- کەمی ماددەی یۆد لە لەشدا.
- بەرکەوتن بە تیشک.

کێن ئەوانەی ئەگەری زیاتری تووشبونیان هەیە

لە ئافرەتاندا باوترە وەک لە پیاوان، ئافرەتان لە چلەکانی تەمەنیاندا تووشدەبن و پیاوانیش لە شەستەکاندا، تاکە جۆری شێرپەنجەی سایرۆیدەڕژێن کە تووشی گەنج دەبێت جۆری دەزوولەییە.

چارەسەری

وەکو باسکرا جۆرێکە لە شێرپەنجە هەرە چارەکراوەکان و ئەنجامی ئەو چارەسەرەش دڵخۆشکەرە تەنانەت ئەگەر نەخۆشەکە لە قۆناغی هەستیاری شێرپەنجەکەشدا بێت لەڕێی پێدانی ئەو دەرمانە کاریگەرانەی کە بوونیان هەیە یاخود لە ڕێی ئەنجامدانی نەشتەرگەری چارەسەر دەکرێت.


سەرچاوەکان



1007 بینین