کارەساتی سپایکەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-18-10:11:00 - کۆدی بابەت: 6619
کارەساتی سپایکەر

ناوه‌ڕۆك

کوشتارگەی سپایکەر

تاوانی سپایکەر یان کارەساتی سپایکەر، ڕووداوێک بوو لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن ڕێکخراوی ئیسلامییەوە ئەنجام درا دژی سوپای عێراق و زۆر سەربازی تێدا دەستگیرکرا و کوژران.

ڕووداو

لە ڕۆژی ٢٠١٤/٦/١٢ چەندین فێرخوازی سەربازی لەشکری ١٨ـی سوپای عێراق کە ڕەوانەی پاڵاوگەکانی نێوان بێجی و عەین جەحش کرابوون لە بنکەی سپایکەری ئاسمانی بۆ پاراستنی ناوچەکە لە دەستی تیرۆرستان، زیاتر لە ٢٠٠٠ بۆ ٢٢٠٠ سەربازیان لەلایەن ڕێکخراوی ئیسلامیەوە دەستگیرکران و گوازرانەوە بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی تکریت، لەوێ و لە شوێنانی دیکە زۆرێکیان کوژران بە فیشەک و هەندێکیشیان بە زیندوویی لەگەڵ ئەوان زیندەبەچاڵ کران.

ڕووداوەکە لەلایەن داعش خۆیانەوە ڤیدیۆ کرا و بڵاوکرایەوە، هەندێک لە سەربازەکان لەو ماوەیەدا توانییان هەڵبێن و بگەنە قەزای عەلەم کە دەستی تیرۆرستان پێی نەگەیشتبوو.

هەندێک لە سەربازە فێرخوازەکان دواتر ڕایانگەیاندبوو کە هەڵخەڵەتێنراون لەلایەن فەرماندەکانیانەوە و وتویانە ئەو ناوچەیە ئاسایشی هەیە و پارێزراوە، دوابەدوای ڕووداوەکە خێزانی قوربانیان دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و داوایان کرد تاوانبارانی سوپا و ڕێکخراوی داعشیش پێکەوە بدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەربگرن و لەو کاتەشدا هاتنە نێو پەرلەمان و پردی بەغدادیان داخست بۆ ماوەیەک.

دەستگیرکردنی تاوانباران

بەرپرسێکی عێراقی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند کە بەهۆی دەزگای هەواڵگری و ئاسایش و پۆلیسەوە توانیویانە چەندین تاوانباری ڕووداوەکە دەستگیر بکەن و ڕاپێچی زیندانیان بکەن.

دوای ڕووداوەکە

دوای ڕووداوەکە لیژنەی باڵای دادی عێراق ڕایگەیاند کە ٥٧ کەسیان دەستگیرکردووە کە دەستیان لە ڕووداوەکە هەبووە و زۆربەیان لە ئەندامانی پێشووی حیزبی بەعسن، و هۆکاری ڕووداوەکەش بۆ جیاوازی تائیفی دەگەڕێتەوە.

ژمارەی قوربانیان بەپێی پارێزگار

زیقار ٣٨٢
بابل ٣٨٢
بەغداد ٢٩٢
دیوانیە ٢٥٢
کەربەلا ١٣٢
دیالە ١١٩
نەجەف ٩٩
موسەننا ٨٦
واست ٨٠
سەڵاحەدین ٢٦
کەرکووک ١٧
میسان ١٦
بەسڕە ١٠
هەولێر ٧
ئەنبار ٢

لەسێدارەدانی دەستگیرکراوان

لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ٢٠١٦/٨/٢١ لە زیندانی ناسڕیە ٣٦ کەس لە ئەنجامدەرانی تاوانی سپایکەر بە ئامادەبوونی وەزیری داد و پارێزگاری زیقار لەسێدارەدران.


سەرچاوەکان



797 بینین