مامۆس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-23-11:08:00 - کۆدی بابەت: 6679
مامۆس

ناوه‌ڕۆك

مامۆث

مامۆث یان مامۆس (بە لاتینی: Mammuthus) یەکێکە لە ئاژەڵە قڕبووەکان و لە خێزانی فیلەکانە، پێش ملیۆنان ساڵ لە ئەوروپای ناوەڕاست ژیاوە و پێش ملیۆنێک ساڵ لەناوچووە، بەرزییەکەی ٤ بۆ ٥ مەتر بووە و شێوەی زۆر لە فیل دەچێت بەڵام بە موو داپۆشراوە و عاجەکانی زۆر گەورەترن، یەکەمین جەستەی بەستووی ئەم گیاندارە لە باکووری سیبیریا لە ڕووباری لینا لە ناو خشتەکێکی گەورەی سەهۆڵ کە جەستەی بە تەواوی پاراستبوو و وەک خۆی مابوویەوە لە ساڵی ١٧٩٨، مامۆثەکان لەگەڵ مرۆڤی پێش زاییندا ژیاون و لە سەردەمی هەریەک لە کەرکەدەنی موودار و پڵنگی سمایلەدۆن هەبووە.

پەرەسەندن

یەکێکە لە کۆنترین و سەرەتاییترین لمۆزدارەکان و دەگەڕێتەوە سەر فیلەکان و لە ٥٥ ملیۆن ساڵ لەمەوپێش هەبوون لە دەوروبەری دەریای تێثیس، نزیکترین گیانداران لە لمۆزدارەکانەوە بریتین لە هیراکس و (Hyrax) و مەمکدارەکانی دەریا (Sirenia)، لە نێو گیاندارە کۆنەکان ددان‌گوانە (Mastodon) زۆر نزیکە لە مامۆث و بەشێکە لە خێزانی (Mammutidae)ـی لەناوچوو، کە پێش ٢٥ ملیۆن ساڵ لە پەرەسەندنی مامۆث جیابوونەتەوە.

تایبەتمەندییەکانی

مامۆث مەمکدارە و لە ئەوروپای ناوەڕاست ژیاوە و پێش ملیۆنێک ساڵ لەناوچووە، بەرزییەکەی گەیشتووە بە ٥ یان ٤,٥ مەتر، وشەی مامۆس یان مامۆث ئینگلیزییە و بە واتای (زۆر گەورە) دێت، کێشی مامۆثەکان ٦ بۆ ٨ تەن بووە و هەندێک لە نێرەکان گەیشتوونەتە ١٢ تەن، بەپێی لێکۆڵینەوەکان ماوەی سکپڕی مامۆسەکان ٢٢ مانگ بووە و ژینگەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبووە.

لەناوچوون

لەگەڵ ئەوەی زۆر گەورەیە بەڵام جەستەی بە موو یان خورییەک داپۆشراوە و لە پلەی گەرمی ژێر سفریش پاراستوویەتی، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەدوای چاخی بەستەڵەک زۆرێکیان تیاچوون، هەروەها ڕاوکردنیان لەلایەن مرۆڤەوە بۆ خوری و عاج و گۆشتەکەیان هۆکارێکی دیکەیە.

کۆتا مامۆس لە ساڵی ٢٠٠٧ دۆزراوەتەوە کە مامۆسێکی مێینەیە و لە نزیک ڕووباری یوریبی ڕووسیا کە ١٠,٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا نێژراوە، زانایانی دۆزەرەوە هەلی لەبەرگرتنەوەی جۆریەتی مامۆسەکە بە دەگمەن دەزانن بەڵام تا ئێستا %٨٥ـی سەردیلە (DNA)ـی مامۆس ڕێکخراوەتەوە لەلایەن زانایانەوە.

جۆرەکانی

  • مامۆسی خوریدار
  • مامۆسی کۆڵۆمبی
  • مامۆسی باشوور
  • مامۆسی ستێپ
  • مامۆسی قەزەم
  • مامۆسی ئەفریقی
  • مامۆسی سەردینی
  • مامۆسی باشووری ئەفریقا
  • مامۆسی کریتی


سەرچاوەکان



1000 بینین