ئاگاسا کریستی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-04-13:44:00 - کۆدی بابەت: 6785
ئاگاسا کریستی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

ئاگاسا کریستی نووسەری ئینگلیزی ناودار (بە عەرەبی: أجاثا كريستي، بە ئینگلیزی: Agatha Christie) لە ساڵی 1890 لەدایکبووە لە شاری تۆرکوای دیفۆن لە باشوری بەریتانیا، ئاگاسا کچی بچووکی خێزانەکەی بووە و لە خێزاێکی دەوڵەمەند پەروەردە کراوە، بۆیە دایکی زۆر گرنگی بە خوێندنی داوە و هانیداوە بۆ خوێندنەوە و فێربوون، لە ماڵەوە وانەکانی خوێندنی وەرگرتووە، بۆ خوێندنی مۆسیقا لە تەمەنی 16 ساڵی چووەتە شاری پاریس بەڵام شکستی هێناوە و گەڕاوەتەوە بۆ بەریتانیا، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم وەکوو خۆبەخش بوو بە پەرستاری سەربازانی برینداری جەنگ و لە نەخۆشخانەی دیڤۆن کاری کردووە، هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی لە درووستکردنی کەسایەتی خەیاڵی و چیرۆکی خەیاڵی کردووە، بۆیە دەستی نووسینی هەبووە و هەوڵی داوە یەکەمین ڕۆمانی خۆی بە ناوی "بەفر لە بیاباندا" بڵاوبکاتەوە، بەڵام شەش جار لەلایەن ناوەندەکانی چاپکردن ڕەتکراوەتەوە و گرنگی پێنەدراوە، بەڵام ئەو هەر بەردەوام بووە لە نووسین، هەربۆیە توانی لە ساڵی 1920 ڕۆمانی"كێشە تەمومژاوییەكە لە ستایلز" بڵاوبکاتەوە، ئەم ڕۆمانە زۆر ناوداری کرد و بووە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی، لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم وەکوو یاریدەدەری دەرمانساز کاریکردووە و شارەزایی لە زۆربەی ژەهر و دەرمانە کووشندەکان وەرگرتووە کە سوودی لێیان دەبینی و بیرۆکەی لێیان وەردەگرت بۆ ئەوەی لە نووسینەوەی ڕۆمانەکانی بەکاریان بهێنێت، ئاگاسا کریستی بە هۆی ئەوەی ڕۆمانەکانی پڕفرۆشترین بووە لە جیهاندا بە ڕادەیەک گەیشتووەتە 2 ملیار لە جیهاندا، بۆیە ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە.

باری خێزانی

لە پاش گەڕانەوەی لە پاریس، ساڵی 1914 هاوسەرگیری لەگەڵ "ئارتشی کریستی" کردووە کە سەربازێکی فڕۆکەوانی بەریتانی بووە، نازناوی "کریستی" هەر لەوەوە بۆ مایەوە، بووە خاوەنی کچێک بەناوی "ڕۆزلەند"، بەڵام هاوسەرگیرییەکەی شکستی هێنا و لە ساڵی 1928 لە هاوسەرەکەی جیابووەوە چوونکە هاوسەرەکەی پەیوەندی تری هەبووە و گرنگی بە ئاگاسا نەداوە، پاشان لە ساڵی 1930 هاوسەرگیری لەگەڵ زانایەکی شوێنەوارناس کردووەتەوە بە ناوی "ماکس ماڵوان" کاتێك لە یەکێك لە گەشتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکتریان ناسیوە و بڕیاری هاوسەرگیرییان داوە، لە کاتێکدا تەمەنی ئاگاسا 39 ساڵ بووە و تەمەنی مێردەکەی 26 ساڵ بووە، بەهۆی کاروباری هاوسەرەکەیەوە گەشتی بۆ بەشێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە نموونەی عێراق و سوریا و ئوردن و فەڵەستین و میسڕ و ئێران، ئەم گەشتانە دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ نووسینەوەی ڕۆمانە پۆلیسییەکانی و خەیاڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکەڵکێش کردووە لەگەڵ نووسینەوەی ڕۆمانە پۆلیسییەکانی. 

شێوازی نووسینی و تایبەتمەندی بەرهەمەکانی

ئاگاسا کریستی نازناوی شاژنی نووسینی ڕۆمانە پۆلیسییەکانی وەرگرتووە، چوونکە دەستێکی زۆر باڵای هەبووە لە نووسینی جۆری ڕۆمانی پۆلیسی و لێکۆڵینەوە، زمانی نووسینی سادە و ساکار بووە ئاڵۆز نەبووە، بەڵکوو ڕووداوەکان و ناوەڕۆکی سەرەکی ڕۆمانەکانی بە شێوەیەك نووسیوەتەوە کە خوێنەر وابەستەی خۆیدەکات، زۆر بە چێژەوە تامەزرۆی ڕووداوەکان دەبێت و بە پەرۆش دەبێت بۆ ئەوەی کۆتاییەکەی بزانێت، چیرۆکی ڕۆمانەکانی بە گشتی باس لە ڕووداوێکی کوشتن دەکات، کەسە نزیک و هاوڕێکانی کوژراوەکە گومانلێکراون، لێکۆڵەرێک پلە بە پلە نهێنی ڕووداوەکان شیدەکاتەوە و بکوژ دەستنیشان دەکات و کۆتایی و ئەنجامی ڕۆمانەکانی بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی خوێنەر دەبێت.

گرنگترین بەرهەمەکانی

ئاگاسا کریستی 66 ڕۆمانی پۆلیسی نووسیوە 14 بەرهەمی کورتە چیرۆکی هەیە، هەروەها درێژترین شانۆگەری جیهانی نووسیوەتەوە و 6 ڕۆمانی ڕۆمانسی و دڵداریشی هەیە کە لە ژێر ناوی "ماری وێستمایت" بڵاویکردووەتەوە، بەشێک لە بەرهەمەکانی کراون بە فیلم و زنجیرە دراما، هەروەها زۆرترین وەرگێڕان کراوە بۆ بەرهەمەکانی کە بۆ 103 زمانی جیهانی وەرگێڕانیان بۆکراوە، گرنگترین بەرهەمەکانی ئەمانەن:

ـ كێشە تەمومژاوییەكە لە "ستایلز"
ـ تاوانێک لە شەمەندەفەری خێرای ڕۆژهەڵات
ـ تاوانێک لە وڵاتی میسۆپۆتامیا
ـ مردن لەسەر ڕووباری نیل
ـ چاوپێکەوتنێك لە بەغداد
ـ ئەستێرەیەك لەسەر "بەیتولەحم"
ـ ڕاگەیاندنی تاوانێك
ـ خاوەن بەرگە قاوەییەكە
ـ كوشتنی "ڕۆجەر ئەكرۆید"
ـ دواتر كەسیان لێرە نەمان
ـ شەوێكی بێ كۆتایی
ـ تەرمێك لە كتێبخانەدا
ـ تاوانێك لە یاریگای گۆڵڤ
ـ خانووە لارەكە

كۆچی دوایی 

لە بەرواری 12ی کانوونی دووەمی ساڵی 1976 لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، 10 ساڵ پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات پارچە زەوییەکی دیاریکردووە بۆ شوێنی گۆڕەکەی، لە مەراسیمێکی شایستەدا لە باخچەی کڵێسای "سانت ماری" لەو پارچە ‌زەوییەی کە خۆی دیاری کردبوو بە خاکسپێردرا. 


سەرچاوەکان



671 بینین