کەرەکێوی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-06-15:17:00 - کۆدی بابەت: 6810
کەرەکێوی

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی کەرەکێوی

کەرەکێوی (zebra) ئاژەڵێکی مەمکدارە لە پۆلێنکردندا سەر بە خێزانی کەر و ئەسپەکانە، پێستە هێڵدارە ڕەش و سپییەکەی تایبەتمەندترین خاسیەتیەتی کە پێی دەناسرێتەوە، نشینگەیان ئەفریقایە، دابەشبوون بۆ سێ جۆری سەرەکی، کێوی و دەشتی و گریڤسی، جۆری کۆتایی واتە گریڤسی لە ئێستدا مەترسی لەناوچونی لەسەرە، ژمارەیەکی کەمیان ماوە، بەهۆی ڕاوکردنیان بۆ بەدەستهێنانی پێست و گۆشتەکەیان، کەرەکێوییەکان خێراییەکەیان ناگات بە خێرایی ئەسپ، بەڵام ئەگەر پێویست بکات دەتوانن لە کاتژمێرێکدا ٨٠ کم ببڕن، لە هەلومەرجە ئاساییەکاندا لە سروشتدا ناوەندە ڕێژەی تەمەنییان دەگاتە ٢٥-٣٠ ساڵ، بەڵام لە باخچە و جێگە تایبەتەکان دەگەنە ٤٠ ساڵ، ئایا سپین و هێڵی ڕەشییان تیایە یان بە پێچەوانەوەیە، ئەم پرسیارە هەتا ئێستا زاناکان بە دڵنیای و بە بەڵگەوە ئەم بابەتەیان یەکلایی نەکردووەتەوە، وەک مەتەڵێک ماوەتەوە لە نێو نەتەوە و وڵاتە جیاوازەکاندا.

شێوەی دەرەوەی

ئاژەڵێکی قەبارە ناوەندە، کە بەرزییەکەی دەگاتە زیاتر لە ٢م و کێشی لە نێوان ٣٠٠-٣٥٠ کگم دایە، درێژی کلکیشی دەگاتە ٥٠ سم، نێرینەکان گەورەترن لە مێینەکان، پێکهاتەی جەستەی کەرەکێوییەکان زۆر پتەو و بەهێزە، بەڵام پەلەکانی کورتن و بە سمی زۆر بەهێز کۆتاییان هاتووە، هەستی بینینی زۆر لاوازە، لە کاتێکدا هەستی بۆنکردنی زۆر پەرەسەندووە، کە هاوکاری دەکات هەست بە مەترسی مەودا دوور بکات و ئاگادارکەرەوە بێت بۆ کۆمەڵەکەی کە لە نزیکیەتی، هێڵکەکانی سەر پێستی لە تاکێکەوە بۆ یەکێکی دیکەیان دەگۆڕیت، هیچیان وەک یەک نین واتە هاوشێوەی پەنجەمۆری مرۆڤەکانە، کە هیچ کاتێک دوو کەرەکێوی نییە ڕێکخستنی هێڵەکانیان وەک یەک بێت، ئەم هێڵانەش هاوکاری دەکات لە خۆ شاردنەوە و پاراستنی، لە نێو گژ و گیا و دەوەنە بەرزەکاندا، بۆ شاردنەوەیان لە مەترسی لەناوبردنیان، کاتێکیش لە نێو کۆمەڵەدا کەرەکێوییەکان ڕێدەکەن ڕاوچی و ئاژەڵە دڕندەکان ناتوانن لە یەکیان جیا بکەنەوە، بەمەش دەبنە هۆی شڵەژانی بەرامبەرەکەیان.

خۆراک

کەرەکێوی سێ بەشی ڕۆژەکەی بە خواردنەوە بەسەردەبات، بە شێوەیەکی سەرەکی خۆراکەکەی گژ و گیایە، بەڵام لە کاتی وەرزی هاوین و وشکبوونیان گەڵا و چڵی درەختەکان دەخوات، کەرەکێوی پیویستی بە ئاو خواردنەوە هەیە ڕۆژانە، بەڵام هەندێکیان دەتوانن بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بە بێ خواردنەوەی ئاو بمێننەوە،  هەندێک جار چەند میلێک دەبڕن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە، ئەمەش لە وەرزە گەرمەکاندایە کە دەبێتە هۆی کۆچکردنیان، بەڵام ئەو مێینانەی کە بێچوویان هەیە نزیک سەرچاوەی ئاو دەمێننەوە، هەتا تەمەنی بێچووەکان دەگاتە ٤ یان ٥ ساڵ، چوونکە هەردوو دایک و بێچووەکە پێویستیان بە ئاو خواردنەوەی زیاتر هەیە بە بەراورد بە ئەندامەکانی دیکە.

یەکگرتن و زۆربوون

مێینەکان هەموو جارێک بە یەک سک تەنها یەک بێچوویان دەبێت، وە بێچووەکە دوای یەک کاتژمێر لە لەدایکبوونی هەڵدەستێتەوە سەر پەلەکانی و دەجوڵێت، لە ماوەی چەن هەفتەیەکیشدا گژ و گیا دەخوات، واز لە شیر خواردنی دایکەکەی دەهێنێت. 

تایبەتمەندییەکانی

هەموویان لەناو کۆمەڵەدا دەژین لە مێینە و بێچووەکانیان پێکهاتووە کە بەهێزترین نێرینە سەرکردایەتی دەکات، و دەیانپارێزێت لە نێرینە پێگەیشتووەکانی دیکە، ئەو دەنگانەی کەرەکێوییەکان بۆ پەیوەندیکردن بەکاریدەهێنن زۆر جیاوازن، هاوشێوەی هەریەک لە وەڕینی سەگ و حیلکەی ئەسپ و سەڕاندنی گوێدرێژەکانە، بە گوێرەی بارودۆخەکەی ئەو دەنگەی بەکاریدەهێنێت دەگۆڕێت، هەروەها زمانی جەستەش بەکاردەهێنن، بۆ نموونە ئەگەر بە ڕێکی بوەستن واتە هەست بە ئارامی دەکەن، بەڵام ئەگەر گوێیەکانییان بەرەو پێشەوە ئاڕاستە کرد واتە هەست بە نیگەرانی و ترس دەکەن، ڕەنگی شیری کەرەکێوییەکان زۆر جیاواز و سەرنج ڕاکێشترە لە ئاژەڵەکانی دیکە، چونکە پەمەییە، ئەم شیرەش تەنها بۆ بیچووەکانیانە کە گەشەکردنی گونجاو و پاراستنیان لە نەخۆشیەکان بۆ دابین دەکات، بەهۆی ئەو ماددە خۆراکییە گرنگانەی تێیدایە، هەروەها کەرەکێوییەکان یەکتری پاکدەکەنەوە بە بەکارهێنانی زمانیان بۆ لابردنی پیسییەکان.

جۆرەکانی کەرەکێوی

  • کەرەکێوی گریڤی: یاخود ناودەبرێت بە کەرەکێوی ئیمپڕاتۆری گریڤی و مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، کە بەرزییەکەی لە جۆرەکانی دیکە زیاترە و لە لەوەڕگا نیمچە وشکەکانی کینیا و ئەسیوبیا دەژی.
  • کەرەکێوی شاخ: ئەم جۆرە لە ناوچە گەرمەکانی شاخ و بەردەڵانەکاندا دەژی، ژیانکردنیان لە ئەو جێگانە بۆ پەسەندە کە بەرزییەکەی لە ئاستی دەریاوە دەگاتە ١٠٠٥ م.
  • کەرەکێوی شاخی هارتمان: ئەم جۆرە بە شێوەیەکی زۆر باش گونجاوە بۆ ژیانکردن لە ناوچە شاخاوییە گەرمە بەرزەکاندا، هەروەها کۆمەڵەکانیان لە نزیکەی ٧-١٢ ئەندام پێکهاتووە.
  • کەرەکێوی سەر زل: بچووکترین قەبارەی هەیە بەڵام گوێچکەکانی لە جۆرەکانی دیکە درێژتر و گەورەترە، کەمترین ناوچەی جوگرافی هەیە و لە ناوچەکانی باشووی ئەفریقادا دەژی.
  • کەرەکێوی لەوەڕگا: لە باوترین و بەربڵاوترین جۆرەکانی کەرەکێوییە، هەروەها ئەم جۆرە شەش نەوەی جیاوازی هەیە.
  • کەرەکێوی بورچیل: زانا و دۆزەرەوەی ژینگەیی بورچیل ئەم جۆرەی ناسیوەتەوە و ناساندویەتی، دواتریش بەناوی خۆیەوە ناویناوە، زۆرترین مەودا دەبڕێت لە کاتی کۆچکردن لە ئەفریقادا، کە مەوداکە زیاترە لە هەموو ئاژەڵە وشکانیەکانی دیکە.
  • کەرەکێوی گرانت: ئەم جۆرە بە لم و خۆڵ خۆیدەشوات، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوچەیی دانیشتووانی نشینگەکەی بە بەردەوامی ژمارەیان کەمدەبێتەوە، سەرەڕای ئەمەش هێشتا ژمارەیان زیاترە لە جۆرەکانی دیکە.
  • کەرەکێوی سیلوس: لە لەوەڕگاکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا دەژی، تایبەتمەندە بە هەبوونی جیاوازی لە تەواوی جەستەی جگە لە مل و سەری.
  • کەرەکێوی نییە: لە ناوچەکانی ئۆگەندا و کینیا و سودان دەژی.
  • کەرەکێوی گەڕۆک: هێڵەکانی جەستەی هاوشێوەی کەرەکێوییەکانی ڕابردووە کە لە نیوەی خوارەوەیدا ڕەنگە ڕەشەکەی نامێنێت، کۆمەڵەکانیان زۆر گەورەن و لە هەزاران ئەندام پێکهاتوون.
  • کەرەکێوی کروچای: قەبارەی هێڵەکانی بچووکترە لە جۆرەکانی دیکە و لە ناوچەکانی نامیبیا و تانزانیا دەژی. 


سەرچاوەکان



661 بینین