ئەبوتاڵیب

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-13-14:52:00 - کۆدی بابەت: 6872
ئەبوتاڵیب

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و ناساندن

ئەبوتاڵیب (بە عەرەبی: ٲبو طالب بن عبد المطلب) لە 88 ساڵ پێش کۆچ لە شاری مەککە لەدایکبووە كوڕی عەبدولموتەڵیبی هاشمییە و دایکی ناوی فاتیمەی کچی عەمرو بووە، ناوی تەواوی عەبدوولمەنافە و بە نازناوی ئەبوتاڵیب ناسراوە، برای ڕاستەقینەی عەبدوڵای کوڕی عەبدولمەتەڵیبە کە باوکی پێغەمبەرە ﷺ، مامی پێغەمبەرە ﷺ، لە پاش کۆچی دوایی باپیرەی پێغەمبەر محەمەد ﷺ لە تەمەنی هەشت ساڵیدا، ئەبوتاڵیب بەخێوکردن و پەروەردەکردنی برازاکەی گرتوەتە ئەستۆی خۆی و پاڵپشتییەکی هەمیشەیی بووە بۆ پێغەمبەر ﷺ، باوکی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیبە چوارەم جێنشینی ئیسلام.

بەخێوکردن و پشتگیریکردنی پێغەمبەر ﷺ

کاتێک پێغەمبەر ﷺ تەمەنی گەیشتە هەشت ساڵان عەبدولموتەڵیبی باپیری کۆچی دوایی کرد، بۆیە ئەبوتاڵیب لەسەر ڕاسپاردەی باوکی پەروەردەکردن و بەخێوکردنی برازاکەی گرتە ئەستۆی خۆی، هەمیشە پارێزگاری لێکردووە و لەگەڵ منداڵەکانی خۆی پەروەردەی کردووە و جیاوازی نەکردووە لە نێوانیاندا و پێگەی پێغەمبەر ﷺ لەلای ئەبوتاڵیب باڵا بووە و هەر وەکوو کوڕی خۆی دایناوە.

کۆچی ئەبوتاڵیب و پێغەمبەر ﷺ بۆ وڵاتی شام 

ئەبوتاڵیب بۆ کاروباری بازرگانی کۆچی کرد بۆ وڵاتی شام، بێغەمبەریش ﷺ ئەو کاتە تەمەنی لە نێوان 10 بۆ 12 ساڵان بووە و ئەویشی لەگەڵ خۆی بردووه، لە ناوچەی "بەسڕی" وەستاون، قەشەیەکی دانای لێبووە بە ناوی "بوحەیڕا" پیاوێکی ڕاستگۆ و زانا بووە لە کتێبی پیرۆزی ئینجیل و مەسیحییەتدا زۆر دانا و لێهاتوو بووە، کاتێک چاوی بە پێغەمبەر محەمەد ﷺ کەوتووە لێی ورد بووەتەوە و بە ئەبوتاڵیبی وتووە "ئەم مێردمنداڵە چی تۆیە"؟ ئەبوتاڵیب هەمیشە محەمەدی بە کوڕی خۆی دایناوە و وەکوو کوڕی خۆی ناساندوویەتی، وەڵامی داوەتەوە کە "ئەم منداڵە کوڕی منە" بوحەیڕا وەڵامی داوەتەوە ناکرێت باوکی ئەم منداڵە زیندوو بێت و کوڕی تۆیش نییە، پێویستە بیگەڕێنیتەوە بۆ شاری مەککە و پارێزگاری لێبکەیت، ئەگەر لەم ناوچەیە جوولەکەکان بیبینن ئازاری پێدەگەیەنن، ئەم برازایەت لە داهاتودا پێگە و پلەیەکی مەزن بەدەستدەهێنێت، هەر بۆیە ئەبوتاڵیب خێرا کاری بازرگانییەکەی بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ شاری مەککە.

باری خێزانی و منداڵەکانی ئەبوتاڵیب

ئەبوتاڵیب هاوسەرگیری لەگەڵ فاتیمەی کچی ئەسەد کرودووە، چوار کوڕ و دوو کچیان هەبووە، کوڕەکانی ناویان عەقیل و عەلی و جەعفەری تەیاڕ و تاڵیب بووە، و کچەکانیشی ناویان ئوم هانی و جومانە بووە، هەموو منداڵەکانی موسوڵمان بوونە و باوەڕیان بە ئیسلام هێناوە، جگە لە تاڵیبی کوڕی. 

کۆچی دوایی

هەر چەندە پلە و پێگەی ئەبوتاڵیب بەرز و تایبەت بوو لەلای پێغەمبەر محەمەد ﷺ، ئەبوتاڵیب خۆشەویستییەکی تایبەتی هەبووە بۆ برازاکەی و هەمیشە پاڵپشت و پشتگیری و پارێزگاری لێکردووە و دژایەتی قوڕەیشی کردووە، بەڵام باوەڕی بە ئیسلام نەهێناوە و لەسەر بیروباوەڕی باوباپیرانی ماوەتەوە، پێغەمبەر ﷺ زۆر دڵتەنگ بووە بە هەڵوێستی مامی و لەکاتی سەرەمەرگیدا هەوڵی زۆریداوە لەگەڵ مامی تاکوو باوەڕ بە تاک و تەنهایی خودا بهێنێت بەڵام ئەبوتاڵیب بە بێباوەڕی کوچی دوایی کرد و باوەڕی نەهێنا، خودای گەورە لەسەر ئەو هەڵوێستەی پێغەمبەر ﷺ لە سوڕەتی القصص لە ئایەتی 56 دەفەرموێت: {إِنَّكَ لَا تَهْدِي مَنْ أَحْبَبْتَ وَلَٰكِنَّ اللَّهَ يَهْدِي مَنْ يَشَاءُ ۚ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ} واتا: به‌ ڕاستی ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر ﷺ تۆ ناتوانیت ئیمان و باوه‌ڕ ببه‌خشیت به‌و كه‌سه‌ی کە خۆشتده‌وێت، به‌ڵكو خودا هه‌ر كه‌سێكی بوێت ده‌یخاته‌ سه‌ر ڕێگای ڕاست و ئیمانی پێده‌به‌خشێت، خودایش ئاگاداره ‌به‌و کەسانه‌ی كه‌ ڕێبازی هیدایه‌تیان گرتۆته‌ به‌ر، لە ساڵی 10ـی بانگەوازیدا لە شاری مەککە ئەبوتاڵیب کۆچی دوایی کرد، سێ ڕۆژ پاش کۆچی دوایی ئەو، خەدیجەی خێزانی پێغەمبەر ﷺ کۆچی دوایی کرد، هەربۆیە ئەو ساڵە ناونرا بە ساڵی ماتەم و دڵتەنگی، چونکە پێغەمبەر ﷺ زۆر کاریگەر بوو بە کۆچی مامی و خێزانی.


سەرچاوەکان



1584 بینین