گرنگی زمانی ئینگلیزی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-10-17-10:57:00 - کۆدی بابەت: 6908
گرنگی زمانی ئینگلیزی

ناوه‌ڕۆك

بۆچی فێربوونی زمانی ئینگلیزی گرنگە؟

ئینگلیزی زمانی زانست و فڕۆکەوانی و کۆمپیوتەر و دیبلۆماسی و گەشتیارییە، زانینی زمانی ئینگلیزی دەرفەتی بەدەستهێنانی کارێکی باش زیاد دەکات لە کۆمپانیایەکی فرەوڵاتی لە ناو وڵاتەکەت یان دۆزینەوەی کار لە دەرەوەی وڵاتەکەت، هەروەها ئینگلیزی زمانی پەیوەندی نێودەوڵەتی و میدیا و ئینتەرنێتە، بۆیە فێربوونی زمانی ئینگلیزی گرنگە بۆ تێکەڵبوونی خەڵکی و کۆمەڵایەتی بوون و چێژوەرگرتن و هەروەها کارکردنیش.

هەرچەندە فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەشێت قورس و کات خایەن بێت، بەڵام دەتوانین ببینین کە فێربوونی ئەم زمانە زۆر بەسوودە و دەتوانێت دەرفەتی زۆر بڕەخسێنێت.

چوار گرنگی فێربوونی زمانی ئینگلیزی

  1. ئینگلیزی زمانی پەیوەندی نێودەوڵەتییە

ڕەنگە زمانی ئینگلیزی زۆر بەکارهێنراوترین زمانی جیهان نەبێت، بەڵام زمانی فەرمی 53 وڵاتە و نزیکەی 400 ملیۆن کەس لەسەر سەرانسەر جیهاندا قسەی پێ دەکەن، توانای قسەکردن بە زمانی ئینگلیزی تەنیا ئەوە نییە کە بتوانیت قسە لەگەڵ ئینگلیزێکی ڕەسەندا بکەیت بەڵکو زمانی ئینگلیزی باوترین زمانی دوومی جیهانە، ئەگەر دەتەوێت لەگەڵ کەسێکی وڵاتێکی تر قسە بکەیت، دەرفەتی ئەوەتان هەیە کە هەردووکتان بە زمانی ئینگلیزی قسە بکەن.

ئەنجومەنی بەریتانیا پلانی ئەوەی دانا کە تا ساڵی 2020 دوو ملیار کەس لە جیهاندا ئینگلیزی دەخوێنن، فێربوونی زمانی ئینگلیزی گرنگە چونکە دەتوانیت بە ئاسانی پەیوەندی بە هاونیشتیمانە نێودەوڵەتیەکانتەوە بکەیت، کاتێک ئینگلیزی دەخوێنیت لە ناوەندی قوتابخانەکانی ELC هاوڕێیەتی لەگەڵ خەڵکی زۆر لە وڵاتانی جیاواز دروست دەکەیت و زمانی ئینگلیزی وەکو زمانی هاوبەشی خۆتان بەکاردەهێنن.

  1. ئینگلیزی زمانی بازرگانییە

ئینگلیزی زمانێکی سەرەکی بازرگانییە و ئەوەندەی نەماوە ببێتە زمانێکی پێویستی خەڵک ئەگەر بیانەوێت بچنە ناو هێزی کاری جیهانییەوە، توێژینەوەکان لە هەموو جیهانەوە دەریدەخەن کە پەیوەندی بازرگانی نێوسنووری زۆر جار بە زمانی ئینگلیزی ئەنجام دەدرێت و زۆرێک لە کۆمپانیا جیهانییەکان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کارمەندەکان بتوانن بە زمانی ئینگلیزی ڕەوان قسە بکەن.

کۆمپانیا جیهانییەکانی وەک ئێرباس و دایملەر کرایسلەر و فاست ڕیتەبڵینگ و نۆکیا و ڕینۆ و سامسۆنگ و SAP و تێکنیکەلەر و مایکرۆسۆفت زمانی ئینگلیزییان وەک زمانی فەرمی کۆمپانیاکانیان سەپاندووە، هەروەها لە ساڵی 2010دا، کۆمپانیای ڕاکوتن کە لە نێوان ئەمازۆن و ئیبەی ژاپۆنیدایە، وای کرد کە 7100 کارمەندی ژاپۆنی بە ناچاری بتوانن بە ئینگلیزی قسە بکەن، گرنگی فێربوونی زمانی ئینگلیزی لە بازاڕی نێودەوڵەتیدا ناتواندرێت بە کەم سەیر بکرێت وە بەڕاستی فێربوونی ئینگلیزی دەتوانێت ژیانت بگۆڕێت.

  1. دەرفەتی چێژ وەرگرتن لە بەرهەمە جیهانییەکانت بۆ دەرەخسێنێت

زۆرێک لە باشترین فیلم و پەرتووک و مۆسیقا جیهانییەکان بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکرێنەوە و بەرهەمدەهێنرێن، کەواتە بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەرفەتی چێژ لێ وەرگرتنیانت بۆ دەڕەخسێت و دەتوانیت لە بواری کەلتوریدا تێگەیشتنی زیاترت هەبێت.

ئەگەر بە ئینگلیزی قسە بکەیت، پێویست ناکات چیتر پشت بە وەرگێڕان و ژێرنووسەکان ببەستیت بۆ چێژ وەرگرتن لە پەرتووک و گۆرانی و فیلم و بەرنامەی تەلەفیزیۆنییە دڵخوازەکانت، سەیرکردنی فیلم و بەرنامەی تەلەفزیۆنی بە زمانی ئینگلیزی ڕێگەیەکی زۆر گرنگ و خۆشە بۆ فێربوونی ئینگلیزی.

لە ناوەندی قوتابخانەکانی ELC هانی قوتابیان دەدەن بەشداری بەرنامەی کۆمەڵایەتی بکەن بۆ ڕاهێنانی زمانی ئینگلیزی لە ژینگەکانی دەرەوەی پۆل، چالاکییەکان بریتین لە سەیرکردنی فیلمە بەناوبانگەکانی ئینگلیزی، وەرزش، گەلەری "هۆڵی شانۆیی"، مۆزەخانە، گەشت و سەیرانکردن بۆ ناوچە ناوخۆیی و مێژووییەکان، بەرنامەکە بۆ هاندانی قوتابیان بۆ بەکارهێنان و فێربوونی زمانی ئینگلیزی لە کلتوری بەریتانیدا داڕێژراوە.

  1. دەرفەتی بەکارهێنانی ئەنتەرنێتت پێدەدات

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی "Education First" ئینگلیزی زمانی ئینتەرنێتە، ڕۆژانە نزیکەی 565 ملیۆن کەس ئەنتەرنێت بەکاردەهێنن و 52٪ ی ماڵپەڕە زۆر سەردانکراوەکانی جیهان بابەتەکانیان بە زمانی ئینگلیزی نمایش دەکرێن.

فێربوونی زمانی ئینگلیزی گرنگە چونکە دەرفەتی دەستکەوتنی زانیاریت پێدەدات دەربارەی زیاتر لە نیوەی ناوەڕۆکی ئەنتەرنێت، زانینی چۆنیەتی خوێندنەوەی ئینگلیزی ڕێگەی گەیشتن بە ملیاران ماڵپەڕی زانیاریت پێدەدات کە لەوانەیە بە زمانەکانی تر بەردەست نەبن.


سەرچاوەکان



2265 بینین