باز

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-20-15:29:00 - کۆدی بابەت: 6933
باز

ناوه‌ڕۆك

بازەکان

باز (بە عەرەبی: نسر، بە ئینگلیزی: eagle)، یەکێکە لە باڵندە بریندارکەرە ڕاوچییەکان، و باوەڕ وایە لە ئەنجامی یەکگرتنی چەندین نەوەی جیاوازەوە دروستبووە، و لە بنەڕەتدا سەر بە چەند توخمێکی جیاوازە کە پەیوەندی و پەیوەستی بەهێز هەیە لە نێوانیاندا، واتە جۆرێکی دیاریکراوی گیانەوەر نییە و دەکرێت هەر باڵندەیەکی بریندارکەر بێت کە توانای ڕاوکردنی بڕبڕەدارەکانی هەبێت، کە نێچیرەکە نزیکەی ٥٠ سم بێت یاخود زیاتر، بەهۆیەوە جۆری زۆری هەیە و زیاتر لە ٦٠ جۆری لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقادا هەن، و ٢٨ جۆری دیکەی لە کیشوەرەکانی ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور و ئوستوڕالیا دەژین.

شێوەی دەرەوەی

بازەکان باڵندەی قەبارە گەورەن پێکهاتەی جەستەیان پتەو و بەهێزە و سەر و دەنوکیان قورسە،  کە دەنوکیان لە زۆرینەی باڵندە ڕاوکەرەکانی دیکە قورسترە، تەنانەت لە ئەو جۆرە بازانەش کە قەبارەیان بچووکە، هەروەها زۆرینەی جۆرەکانی قەبارەیان گەورەیە و گەورەترن لە زۆرینەی باڵندە ڕاوکەرەکان تەنها جگە لە چەند جۆرێکی هەڵۆکان کە قەبارەیان گەورەترە، هەستی بینینیان پەرەسەندووە و ٨ هێندەی بینینی مرۆڤەکان، و قەبارەی چاوی هەندێک لە جۆرەکانیشی دوو هێندەی قەبارەی چاوی مرۆڤەکان دەبێت.

خۆراک

بەهۆی هەستی بینینە پەرەسەندووەکەیەوە لە مەودایەکی زۆر دوورەوە بە ئاسانی توانای بینینی نێچیرەکانی هەیە، کە بەگشتی گیانەوەرە بڕبڕەدارەکانن، جۆری خۆراکی بازەکان بەگوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت، دەکرێت بتوانن هەریەک لە ماسی و باڵندە و باڵندەی ئاوی و سمۆرە و سەگی کێوی و ڕاکۆن و خشۆک و کەروێشکەکان بخۆن، دەکرێت قەبارەی نێچیرەکانیش گەورەبن چونکە هەندێک لە بازەکان بینراون لە کاتی ڕاوکردنی بەران و بزنی کێوی، هەروەها باز ڕۆژانە توانای خواردنی نیو کیلۆگرام خۆراکی هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو ڕۆژێک ڕاوبکات، چونکە دەکرێت سەرچاوەی خۆراکی گونجاوی دەستنەکەوێت، هاوشێوەی هەموو باڵندە ڕاوکەرەکانی دیکە بە سوود وەرگرتن لە چڕنوکە درێژ و تیژەکانی ڕاودەکات، کە هەر پێیەکی ٤ چڕنوکی تیژی هەیە، سێ دانەیان ئاڕاستەیان بۆ پێشەوەی جەستەیەتی و چوارەمیش ئاڕاستەکەی بۆ بەشی پشتەوەی جەستەیەتی.  

زۆربوون

بە شێوەیەکی گشتی بازەکان خۆیان هێلانە و لانەکانیان دروستدەکەن، لە ناوچەی شاخاوی بەرز و درەختە بەرزەکاندا، دوای یەکگرتن ئەوا مێینەی زۆرینەی جۆرەکان دوو هێلکە دادەنێت، و دوای لەدایکبوونی بێچووەکان، بێچووە بەهێزەکە دەستدەکات بە هێرشکردن بۆ سەر بێچووە لاوازەکە و لە کۆتاییدا دەیکوژێت، ئەمەش کردەوەیەکی سروشتییە لە نێو هەندێک جۆری باڵندەکان و دایک و باوکەکەش بە هیچ جۆرێک هەوڵی وەستاندیان نادەن.

جۆرە سەرەکییەکانی باز

بە گشتی بازەکان بۆ ٤ کۆمەڵەی سەرەکی دابەشکراون، کە هەریەکەیان لە خێزانی بچووکدا پۆلێنکراون، و لەکۆتاییدا هەموویان یەک خێزانی گەورەیان هەیە کە هاوبەشە لەگەڵ زۆرینەی باڵندەکانی دیکە، نموونەی بەناوبانگترین جۆرەکانی بریتین لە بازی ئاڵتوونی و بازی کەچەڵ و چەندین جۆری زۆری دیکە، کۆمەڵەکانیش بەم شێوەیەن:  

  • بازی ماسیخۆر: یاخود بازی دەریایی، کە بەشێکی گەورەی ژەمە خۆراکییەکانی بریتین لە ماسییەکان، ئیتر ئاخۆ بە تازەیی بێت یاخود بە مردوویی.
  • بازی پەڕ لەپێ: یاخود بازی دروست، کە لە پێیەکانیاندا پەڕ هەیە.
  • بازی مار: یاخود بازی ئەژدیها، ئەم جۆرە هاوشێوەی ناوەکەیەتی و خشۆکەکان ڕاودەکات و دەیانکات بە ژەمی خۆراکی.
  • بازی هارپی: یاخود بازی دارستانە گەورەکان، نشینگەکەی لە دارستانەکانی هێڵی کەمەرەییە، و ئەم کۆمەڵەیە لە ٢-٦ ئەندام پێکهاتووە، کە بەگوێرەی پۆلێنە جیاوازەکان دەگۆڕێت.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

گەدەی باز بچووکە و قەبارەکەی هێندەی گوێزێک دەبێت، بەڵام لەهەمان کاتدا توانای خواردنی ژەمێکی هەیە کە بگاتە سێ یەکی کێشی جەستەی، و ناوچەیەکی تایبەتمەندی هەیە بۆ هەڵگرتن و کۆکردنەوەی خۆراک، کە بەهۆیەوە ئەگەر ڕۆژانە نێچیر و ژەمی خۆراکی دەستنەکەوێت، ئەوا هێشتا توانای بەردەوامبوونی هەیە لە ژیان، هەروەها ترشەکانی گەدەی بە ڕادەیەک بە هێزن کە توانای شیکردنەوەی ئێسکەکانیان هەیە، بۆیە بازەکان ئێسکی نێچیرەکانیان دەخۆن و پاشان بە تەواوەتی هەرسی دەکەن.


سەرچاوەکان



1866 بینین