کاریزما

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-28-22:08:00 - کۆدی بابەت: 7022
کاریزما

ناوه‌ڕۆك

کاریزما چییە؟

سام یان کاریزما (بە ئینگلیزی: Charisma) لە بنەڕەتدا وشەیەکی یۆنانییە و بە واتای سەرنجڕاکێشی نائاسایی و هەبوونی تایبەتمەندی ناوازە و نایاب و تاک دێت لە کەسێکدا کە کەسانی دیکەی دەوروبەری بە شێوەیەک بۆ خۆی ڕادەکێشێت و دەبێتە جێگای ستایش، لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی وشەی کاریزما بۆ زۆرێک لە ڕووخسارە سیاسییەکان بەکارهێنرا، هەندێکجاریش دەستەواژەی کاریزماتیک بۆ ئەو کەسانە بەکاردێن کە بە سەروو مرۆڤ دادەنرێن.

واتای وشەکە

وشەی کاریزما لە بنەڕەتدا یۆنانییە و لە وشەی (Charis)ـەوە هاتووە کە بە واتای میهرەبانی و نیعمەت دێت، لە ئینگلیزیدا کاریزما واتە "موگناتیسی کەسایەتی"، هەندێک لە مرۆڤەکان بە شێوەیەکی سروشتی ئەم تایبەتمەندییەیان تێدایە و وایان لێدەکات کاریگەرییان لەسەر کەسانی دەوروبەر و ئەوانەی گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن هەبێت، هەروەها دەبێتە هۆی پێشخستن و قبووڵکردنی قسەی ئەو کەسە بەرانبەر قسەی کەسانی دیکە.

کاریزماش دوو شێوەی هەیە، دەکرێت کەسێکی هێمن بێت و تەنیا بە کار و ڕەفتار و بڕیارەکانی ببێتە کەسێکی کاریزما، کەسی دووەمیش کەسێکە کە لەڕێگای قسەکردن و شێوازی دەربڕینیەوە دەبێتە کاریزما و سەرنجی کەسانی بەرانبەری ڕادەکێشێت.

پێوەری کاریزمابوون

بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئێمە ئاستی سەرنجڕاکێشانی دەوروبەرمان و کاریزمابوونمان چەندە، چەند پێوەرێک هەیە کە لە شەش خاڵدا خۆیان دەبیننەوە و بە وەڵامدانەوەیان دەزانین کە ئایا ڕێژەی کاریزمابوونمان چەندە.

پێوەرەکان

  1. ئایا من کەسێکم بوونم هەیە لەو شوێنەدا کە تێیدام؟
  2. ئایا دەتوانم کاریگەری لەسەر کەسانی بەرانبەرم بەجێبهێڵم؟
  3. ئایا دەتوانم گروپێک بەڕێوەببەم؟
  4. ئایا دەتوانم خەڵکی والێبکەم هەست بە ئاسوودەیی بکەن؟
  5. زۆرینەی جار ڕووخۆش بێت لەگەڵ خەڵکی
  6. توانای گفتوگۆ و پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ هەموو کەسێک

بۆ هەر یەکێک لەمانە کەسەکە دەتوانێت نمرەیەک لە نێوان (١-٥) بە خۆی بدات و لە کۆتاییدا سەرجەمی ژمارەکە بەسەر شەشدا دابەش بکات و ئەگەر ئەنجامەکە زیاتربوو لە ٣,٧ پێوەرەکە دەڵێت کە "بەرزترە لە مامناوەند".

جۆرەکانی کاریزما

کاریزما لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، چونکە چەند جۆرێکی کاریزما بوونیان هەیە، وەک:

کەسایەتی موگناتیسی: ئەو کەسەیە کە تایبەتمەندییەکەی سەرنجڕاکێشان و گرنگییە، دەتوانێت سەرنجی کەسانی دیکە ڕابکێشێت تەنیا بەوەی ژیانێکی سەرنجڕاکێشی هەیە، بەمەش بە ئاسانی کاریگەری لەسەر کەسانی دیکە دەبێت.

کەسایەتییەک کە بوونی هەبێت: ئەو کەسەیە کە تەنیا ئەگەر لەو شوێنە بێت هەست بە بوونی دەکرێت و بەبێ ئەوەی هیچ بڵێت و قسەی کردبێت متمانەی کەسەکان وەردەگرێت و گوێی لێدەگیرێت.

کەسایەتی سەرنجڕاکێش: ئەم کەسە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە زیرەکە، سەرکێشی بە چۆنیەتی قسەکردن و هەڵسوکەوتیەوە دەکات لەگەڵ کەسەکان و لەوانەشە ڕەفتاری جیاواز لەوانەی دەوروبەری بەکاربهێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش سەرکەوتوو دەبێت لە ڕاکێشانی سەرنجی کەسانی دیکە.

کاریزمای دۆستانە: ئەم جۆرە کەسانە کاریزمابوونیان بەسوود سەیردەکرێت و کەسانی ئەرێنی و نزیک و تێکەڵن، ئەم کەسە کە زۆرینەی خەڵکی بەدڵیانە دوورە لە بیرکردنەوەی نەرێنی و پێشبڕکێ لەگەڵ کەسانی دیکە، بەوەش پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ کەسانی دەوروبەری هەیە و ڕێز و خۆشەویستی لە نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکات.

کاریزمای ترسناک: ئەم جۆرەی کاریزما کەسانی دڵڕەق و توندوتیژ دەبنە خاوەنی و ئەم کەسانە لەوانەیە هەر شتێک بکەن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە جادوو و سەرنجڕاکێشییەکەیان بکەن لەلای کەسانی دیکە، هەروەها سەرنجی ئەو کەسانە ڕادەکێشێت کە حەزیان بە کەسانی دڵڕەق و توندە.

کاریزمای ناخی مرۆڤ: ئەم کەسە لە ناخیدا کاریزمابوونی هەیە و لە شێوەیدا دەردەکەوێت وەک خاڵی بەهێز، بۆ نموونە ئەو کەسە کارێک دەکات لە ئاست خۆی و پلەکەیدا گەورەترە، ئەمەش بەهۆی دەسەڵات و هێزی کاریزمای ناوەکیی خۆیەوە کە پەیوەندی بەو ژینگەی دەرەوەی نییە.

تایبەتمەندی کەسانی کاریزما

زۆر کەس هەن بەدوای ئەو تایبەتمەندییانەدا دەگەڕێن کە وایان لێبکات سەرنجی کەسانی دیکە ڕابکێشن، بۆیە زانایان هەستاون بە دیاریکردنی هەندێک لەو تایبەتمەندییانە:

متمانە: متمانە بە کاریزماوە بەستراوەتەوە، کە لە ڕەوشت و شێوازی مامەڵەی کەسەکەدا دەردەکەوێت و بە قسەی دەوروبەری بڕیارەکانی ناگۆڕێت و کاریگەرییان لەسەری نابێت لە بڕیاردانی خۆیدا ئازادە و ئەوە دەکات کە پێی باشە.

زمانی جەستە: زمانی جەستە لە گفتوگۆ و بێدەنگیشدا خۆی دەردەخات، کەسانی کاریزما لەکاتی دانیشتن و جوڵەکردن لە جوڵەی دەست و چاوەکانیان هەمیشە ئاگادارن و بەردەوامن لە پەیوەندی چاو لەگەڵ بەرانبەر کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەقامگیری و پابەندبوونییەوە.

توانای باش لە گێڕانەوەی چیرۆک و قسەکردن: کاتێک کەسێک چیرۆکێک دەگێڕیتەوە یان بابەتێک باسدەکات بە شێوەیەکی تایبەت بە خۆی کە نموونەی نەبێت، تەنیا بە شێوازی گێڕانەوەکەی دەتوانێت سەرنجی هەموویان ڕابکێشێت و وایانلێدەکات کە گوێ بۆ بابەتەکە بگرن چ حەزیان پێی بێت یان نا، ئەم شێوازەش لای هەمووکەس بوونی نییە، زیاتریش پەیوەندی بە متمانەبەخۆبوونەوە هەیە.

کاریگەری ئاوێنە: ئەو کەسانەی سەرنجڕاکێشن دەتوانن وابکەن کەسی بەرانبەریان هەمان زمانی جەستە و ڕەفتارەکانی ئەو بەبێ ویستی خۆی دووبارە بکاتەوە.

ئەرێنی بوون: کەسانی کاریزما بە شێواز و بیرکردنەوە ئەرێنییەکانیان سەرنجی کەسانی دیکە بۆ خۆیان ڕادەکێشن، چونکە لە کەسەکانی دیکە هاوسەنگترن و بەوەش دەبنە جێی سەرنجی گوێگرانیان.


سەرچاوەکان



1203 بینین