ڕەیحانە جەباری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-29-14:37:00 - کۆدی بابەت: 7026
ڕەیحانە جەباری

ناوه‌ڕۆك

ڕەیحانە مەلایری

ڕەیحانە جەباری مەلایری، کچێکی گەنجی ئێرانییە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا بە تاوانی کوشتنی ئەنقەستی موڕتەزا عەبدولعەلی سەربەندی ٤٧ ساڵە دادگایی کرا و دادگاییەکەی دەنگۆیەکی گەورەی نایەوە، لە ٢٠١٤/١٠/٢٥ بەهۆی تاوانی کوشتنەکەیەوە لەسێدارەدرا، ڕەیحانە تاوانەکەی قبووڵکرد و دانی پێدانابوو کە بۆ پاراستنی خۆی و شەرەفی لە دەستدرێژی سێکسی ئەو کارەی کردووە.

کوشتنەکە

ڕێحانە کە دیزاینەری کۆمپانیایەکە لەلایەن موڕتەزاوە بانگ دەکرێت بۆ دیزاینکردنی نۆرینگەکەی، موڕتەزا عەبدولعەلی سەربەندی پزیشکی گشتی بووە و لەگەڵیشیدا لە بەرنامەکانی دویچەولە و رادیو فردا و صدای امریکا و یورنیوز و روزنامە قانون بەرنامەی هەبووە و کارمەندی پێشووی وەزارەتی زانیاری (ئیتڵاعات) ئێران بووە، پێشتر ڕەیحانە و موڕتەزا لە ساردەمەنی فرۆشێک بەیەکتری ئاشنا دەبن و قسەدەکەن، دوای ئەم یەکتربینینە موڕتەزا دەکوژرێت.

بەپێی تۆمارەکان هەردوو پێکەوە سواری ئۆتۆمبێلێکی بەرز دەبن و لە ڕێگادا موڕتەزا دەڕواتە دەرمانخانە و لەوێ یەکێک لەو کەرەستانەی دەیکڕێت کۆندۆم بووە، بەڵام دادوەر ڕەتی کردۆتەوە و دەڵێت کە بۆ پوری کڕیووە و نەخۆش بووە، دواتر لە بەڵگەنامەکان دەرکەوتووە کە لەو شوێنەی یەکتریان بینیووە و قسەیان کردووە پەرداخێک لەوانەی ئاویان تێدا خواردۆتەوە دەرمانی خەولێخەری تێدابووە، کە دووبارە ئەمەش لەلایەن دادگاوە ڕەتکراوەتەوە و وتراوە دەرمانی یارمەتیدەری پیسایی بووە، پارێزەری ڕەیحانە بەڵگەکانی "کۆندۆم" و "دەرمانی خەوهێنەر" بە بەڵگەی تەواو دڵنیاکەرەوە دادەنێت کە کوژراو ویستی دەستدرێژی سێکسی هەبووە.

هەردوو پێکەوە دەگەنە باڵەخانەیەک کە چۆڵ بووە و بڕیاربووە موڕتەزا بیکاتە نۆرینگەی خۆی و ڕەیحانەی وەک دیزاینەر بانگهێشتکردووە، بەڵام دوای ئەوەی دەڕۆنە ژوورەوە ڕەیحانە دەڵێت بۆم دەرکەوت کە نۆرینگە نییە، پێشتریش ئۆتۆمبێلەکەی لە بەردەم باڵەخانەی حکوومی ڕاگرت و منیش لە دڵمدا پرسیم: "ئەمە کێیە کە دەتوانێت لە باڵەخانەی حکوومەت ئۆتۆمبێلی پارک بکات؟"، دوابەدوای گەیشتنیان بە نهۆمی پێنجەم ڕەیحانە بە تەواوی دڵنیادەبێتەوە شوێنەکە خاڵییە و لە ساتێکدا ڕەیحانە دەڵێت دکتۆر سەربەندی دەرگاکەی قوفڵ کرد، ڕەیحانە ڕوونی دەکاتەوە کە سەربەندی داوای لێکردووە لەچکەکەی لاببات و ئەو ئاوەی لەگەڵ بخواتەوە کە دواتر دەرکەوت دەرمانی خەوهێنەری تێدابووە، لەوێ بە ڕەیحانە دەڵێت کە هیچ شوێنێکت نییە هەڵبێیت، لەوێ ڕەیحانە چەقۆیەک هەڵدەگرێت و ئەویش بە ڕابواردنەوە دەڵێت: "دەتەوێت لە من بدەیت، وەرە لێم بدە بزانم چۆنم لێدەدەیت!"، ڕەیحانەش دەڵێت ئەگەر ئازادم بکەیت بەخودا بە کەس ناڵێم، بەڵام ئەو سوور دەبێت لە دەستدرێژی و بەم هۆیەشەوە بۆ پارێزگاری لە خۆی ڕەیحانە بە چەقۆیەک لە شانی ڕاستی دەدات، دوای ئەمە موتەڕزا بە سەرسوڕمانەوە کە خوێن لە جەستەی دەردەچێت دەڵیت: "لە منت دا؟ چیتکرد؟!"، دوای ئەوە بە هەمووی توانای چەقۆیەکە دەردەهێنێت و بەرەو ڕەیحانەی هەڵدەدات، دواتر کورسییەکی پێوەدەنێت بەڵام هیچکامیانی بەرناکەوێت، ڕەیحانە بە چەقۆکە لە دەرگاکە دەدات بۆ ئەوەی بیکاتەوە، بەڵام دادوەر دەڵێت دەرگاکە داخراو نەبووە، ڕەیحانەش ئەمەی پشتڕاستکردۆتەوە کە بەڵێ دانەخراوە و لەبەرئەوەش پێدەچێت دەرگایەکی توند بووبێت و جوڵەی ئاسان نەبووبێت، ڕەیحانە دەڵێت "کەسێک بەناوی شەیخی هات و دەرگاکەی کردەوە و وتی چیبووە، بەڵام وەڵامم نەدایەوە و من هەڵهاتم، لەوێ کۆتاجار کە دەرگای ئاسانسۆرەکە داخرا شەیخیم بینی کە پاکەتێکی بەدەستەوەبوو و لە ژوورەکە ڕۆشتە دەرەوە"، ڕەیحانە خۆی لە دەرەوە تەلەفۆن بۆ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن دەکات، بەڵام موڕتەزا بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە لە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتندا دەمرێت، بەهۆی ئەمەشەوە دادگا بە تاوانی "کوشتنی ئەنقەستی پلان بۆدارێژراو" ڕەیحانە دەستگیر دەکات و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەکات، ئەمەش لە کاتێکدا کە ڕەیحانە جەباری تەنیا بۆ پارێزگاری لەخۆی ئەم کارەی کردووە.

داوای لێخۆشبوون

دوای ئەوەی لە دادگا تەواوی قسەکانی ڕەتکرایەوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، کەسانێکی زۆری نێودەوڵەتی و ئێرانی وەک "ئەسغەری فەرهادی، گوگوش، بەهارە ڕەهنما، و خێزانی ناسری حیجازی" داوای لێخۆشبوونی بکوژیان کرد، دایکی ڕەیحانە لە ساڵی ٢٠١٤ ڕایدەگەیەنێت کە هەردوو مەرجەعی شیعە عەلی سیستانی و حسێن خوراسانی بڕیاری کوشتنەوەی ڕەیحانەیان بە نایاسایی و تاوان لە قەڵەمداوە.

کۆمیتەی نێودەوڵەتی دژی لەسێدارەدان لە کەمپینێکدا داوای لە خەڵکی کرد واژوو بکەن بۆ پاراستنی ڕەیحانە و ڕەتکردنەوەی سزاکەی، تۆماری واژووکردنەکە گەیشتە ٢٣٠٠ لاپەڕە و سێ لەبەرگیراوەی دەنێردرێت بۆ بان کی مۆن و کاترین شتۆن و ئەحمەد شەهید، دواتریش هەریەک لە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ داوایان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە دەست لە سزای لەسێدارەدانەکە هەڵبگرێت.

محەمەد ڕەزا شەجەریان لە نامەیەکدا داوای لێخۆشبوونی کرد بۆ ڕەیحانە و لە بەشێک لە نامەکەدا نووسیویەتی "ئەم کچە مەکوژن".

لەسێدارەدان

لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە ٢٠١٤/١٠/٢٥ سزای لەسێدارەدانی ڕەیحانە جەباری ئەنجامدرا، بە وتەی مامی ڕەیحانە سزاکە بەبێ ئامادەبوونی بنەماڵەکەیان ئەنجامدراوە و دوای سزاکە تەلەفۆنیان بۆ کردوون، لە کاتی ناشتنیشیدا هێزەکانی دەوڵەت دەوروبەری گۆڕەکەی دەگرن و ناهێڵن کەس جەستەی ببینێت و تەنیا رێگا بە دایکی دەدەن ڕووخساری ببینێت.     


سەرچاوەکان



735 بینین