زیانەکانی بەکارهێنانی بیستۆک

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-03-17:06:00 - کۆدی بابەت: 7078
زیانەکانی بەکارهێنانی بیستۆک

ناوه‌ڕۆك

بیستۆک

ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر و بە دەنگێکی بەرز بیستۆک بەکاربهێنرێت ئەوا دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە گوێچکەکان، هەروەها دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕادەی بیستن بەشێوەیەکی کاتی یاخود هەمیشەیی، بیستۆک زۆرینەی جار بۆ گوێگرتن لە مۆسیقا لە کاتی گەشتکردن یان قسەکردن بە تەلەفۆن بەکاردەهێنرێت، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە کە مەترسییەکانی بیستۆک زۆر زیاترە لەوەی کە لەوانەیە هەندێک پێشبینی بکەن.

جۆرەکانی بیستۆک

بەشێوەیەکەی گشتی بیستۆکەکان بۆ دوو جۆر پۆلێن دەکرێن کە بریتین لە بیستۆکی گەوەرە و بچووک، بیستۆکی بچووک (ئەو بیستۆکەیە کە بەشێوەیەکی ئاسایی لەگەڵ مۆبایلدا هەیە) لەساڵی (١٩٨٠) ی زایینی داهێنراوە بە مەبەستی ئازادیدان بە تاکەکان تاکوو بتوانن لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدابن گوێ لە مۆسیقا دڵخوازەکەیان بگرن بەبێ ئەوەی کەسانی دیکە بێزاربکەن، بەڵام جۆرە گەورەکەی بیستۆک کە لەنێوان گەنج، بەساڵاچوان، و منداڵان خواستێکی زۆری لەسەرە و بەکاردەهێنرێت لە بەرزترین ئاستەکانی دەنگدا، بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەو مەترسییانەبن کە بەهۆی بیستۆکەکانەوە دروستدەبن.

کاریگەرییە زیانبەخشەکانی بیستۆک

دەکرێت بیستۆک زیانبەخشبێت بۆ گوێچکە کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر و بە دەنگێکی ئاست بەرز بەکاردەهێنرێت هەروەها دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بیستن، مەترسییەکانی بیستۆک و بەکارهێنانی درێژخایەنیان لە مەترسییەکانی بیستن و هەوکردنی گوێ تێدەپەڕێت و تەنانەت لەوانەیە زیان بە کرداری مێشک و مێشکیش بگەیەنێت و ئەم خووە لە هەموو جیهاندا بەڕێژەیەکی زۆر بڵاوبووەتەوە، پزیشکانی تایبەت بە دەمار پێشنیاری ئەوە دەکەن کە خەڵکی لە بەکارهێنانی بیستۆک دووربکەونەوە یاخود بەلایەنی کەمەوە ڕێژەی بەکارهێنانی بیستۆک کەمبکەنەوە یان تەنها لە کاتی زۆر پێویست بەکاریبهێنن، لەبەرئەوەی بیستۆک دەبێتە هۆی گەورەکردنی دەنگ، بۆیە مەترسییەکی زۆر دەخاتە سەر گوێچکە، چونکە ئاستی پاڵاوتەی دەنگەکە زۆر لە بەشە هەستیارەکانی ناوەوەی گوێچکە نزیک دەکاتەوە، بەم شێوەیە ئەگەری لەدەستدانی بیستن زیاد دەکات، لەبەرئەوەی بەرکەوتنی گوێ بە ئاستێکی بەرزی لەرینەوەی دەنگ بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیستن، هەروەها ئاستی بەرزی وزەی دەنگەکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خانە مووییەکانی ناوەوەی گوێ، لەئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەکانی گوێ و زرنگانەوەی گوێ.

گرنگترین مەترسییەکانی بەکارهێنانی بیستۆک

پەشۆکان

بەکارهێنانی بیستۆک دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی شڵەژان و پەشۆکاوی بۆ بەکارهێنەرەکەی، چونکە بیستۆک بەکارهێنەرەکەی لە دەنگەدەنگ و ژاوەژاوی شوێنە گشتییەکان دادەبڕێنێت و بەو شێوەیە ژیانی لە مەترسییەکی گەورەدایە و هەست بە پەشۆکاوی دەکات کاتێک کەسێک بانگی دەکات یاخود گوێی لە دەنگێکی دیکە دەبێت.

لەدەستدانی بیستن

لەدەستدانی بیستن تەنها بەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی دەنگی بیستۆکەکەوە نییە کەبەناو گوێتدا تێدەپەڕێت بەڵکوو درێژی ماوەی بەکارهێنانی بیستۆکەکەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیستن.

زرنگانەوەی گوێ

ئەو خانانەی موو کە زیانیان بەرکەوتووە لەناو ڕێڕەوەکانی گوێدا دەکرێت ببنە هۆی زرنگانەوەی گوێ، دەنگی هاژە، و زیادبوونی دەنگە دەنگ لەناو گوێ یاخود لەناو سەر، لەئەنجامدا ئەم دەنگە کارەباییە بە زرنگانەوەی گوێ ناودەبرێت.

زیاتر لە ٥٠٪ ی ئەو کەسانەی کە بەهۆی نەخۆشی زرنگانەوەی گوێ دەناڵێنن زیاد لە پێویست هەستیارییەکی زۆریان بۆ دەنگە ئاساییەکانی ژینگەی دەوروبەریان دەبێت، ئەم بارودۆخەش وا دەکات کە گوێیان گرانبێت و بە زەحمەت دەنگەکان ببیستن.

کەمبوونەوەی ئاستی بیستن

وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە، مۆسیقای بەرز یان بەرکەوتنی درێژ وا دەکات کە خانەکانی مووی گوێ زۆر بە خراپی بچەمێنەوە و تێکبشکێن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بیستن بە شێوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی.

سەرگێژخواردن

بەهۆی بەرزی ئاستی دەنگی بیستۆکەکەوە فشارەکانی ناو ڕێڕەوەکانی گوێ زیاددەکەن و زۆرینەی جار ئەمە دەبێتە هۆی سەرگێژخواردن.     

هەوکردنی گوێ

لەبەرئەوەی بیستۆک ڕاستەوخۆ دەڕواتە ناو ڕێڕەوەکانی گوێچکەوە، بەمەش ڕێگری لە چوونە ناوەوەی هەوا دەکات بۆ ناو گوێ و لەئەنجاندا دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردنی گوێ، بەکارهێنانێکی ئاسایی بیستۆک بۆ ماوەیەکی کورت یاخود درێژ دەبێتە هۆی زیادبوونی بەکتریایی ناو گوێ، ئەم بەکتریایانە لەسەر گوێچکەکان دەمێننەوە و بە بەکارهێنانی زیاتر گوێیەکە تووشی نەخۆشی دەکەن، هەروەها کاتێک کەسێک بیستۆکەکەی دەدات بە کسێکی دیکە تاکوو بەکاریبێنێت، هەمان بەکتریا بۆ کەسەکەی دیکەش دەگوازێتەوە، هەروەها ئەو کەسەش دەکرێت تووشی هەمان نەخۆشی و هەوکردن ببێتەوە.

زیادبوونی مۆمی گوێ

بەکارهێنانی بیستۆک بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردراوەکانی گوێ وەک مۆمی گوێ، هەروەها هۆکارێکە بۆ خێراتر تووشبوونی گوێ بە زرنگانەوە، بەزەحمەت بیستن و هەوکردنەکانی گوێ.

ئازاری گوێ

لەڕادەبەدەر بەکارهێنانی بیستۆک دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازاری گوێ و لەوانەیە ئازارەکە بۆ بەشەکانی دیکەی ناوەوەی گوێچکەش بگوازرێتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار لە دەوروبەری گوێدا، لە شەویلگەکانەوە بۆ سەرەوەی سەر.

کاریگەری دەکاتە سەر مێشک

ئەو شەپۆلە کارەباییانەی کە بیستۆک دروستی دەکات دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە درێژخایەنەکانی مێشک، ئاستی بەرزی دەنگ دەبێتە هۆی جیابوونەوەی دەمارە ڕیشاڵەییەکان کە هێماکان لە گوێچکەوە بۆ مێشک دەگوازنەوە، هەروەها دەکرێت هەوکردنی گوێ کاریگەری لەسەر مێشک هەبێت.

چەند ڕێنماییەک بۆ پاراستنی گوێ

  • سەرەکیترین گۆڕانکاری ئەوەیە کە دەنگی بیستۆکەکە زۆر بەبەرزی نەهێڵدرێتەوە.
  • سنوردارکردنی بەرکەوتنت بۆ دەنگی بەرز و هەروەها ماوەی بەرکەوتنەکە.
  • بەکارهێنانی بیستۆکی هەڵوەشانەوەی دەنگ.
  • بەکارهێنانی بیستۆکێکی کوالێتی بەرز بۆ خۆلادان لە لەرینەوەی ڕاستەوخۆی دەنگ بۆ ناو گوێچکە و هەروەها پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێڕەوەکانی گوێ.
  • بە بەردەوامی بیستۆکەکەت خاوێن بکەرەوە بۆ وەستاندنی دروستکردنی بەکتریا و ئارەق.
  • خۆ بەدوور بگرە لە بەکارهێنانی بیستۆک لەکاتی گەشتکردن بە ئۆتۆمبێل، پاس، شەمەندەفەر یان تەنانەت لەکاتی پیاسەکردن. 
  • مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی کەمتر بەکارهێنانی بیستۆکەوە، گوێچکە لە هەر زیانێکی قورس ڕزگار بکات بە ئاگاداربوون لە ئەنجامەکان و بە ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی ئاسایی بچووک.


سەرچاوەکان



705 بینین