خۆکوشتنی گەنجان

له‌لایه‌ن: - سۆز عطا - به‌روار: 2021-11-05-23:55:00 - کۆدی بابەت: 7103
خۆکوشتنی گەنجان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خۆکوشتن بریتییە لە ئەنجامدانی کوشتنی خود بە مەبەست، ئەمەش لە گەنجاندا زیاتر ڕوودەدات بەهۆکاری زۆری بێهیوایی، خراپبوونی خێزان و هاوڕێ و نەگونجان لەگەڵ کۆمەڵگەدا لەهەمان کاتدا ڕوودانی ئەم کردارە مایەی بارگرانی و سەختییە بۆ نزیک و خۆشەویستانیان.
زانینی هۆکارەکانی هاندانی گەنجان بۆ خۆکوشتن ئاڵۆزە و زیاتر لە گەنجاندا ڕوودەدات و لە منداڵاندا ڕێژەیەکی دەگمەنی هەیە.

مەترسییەکانی خۆکوژی 

مەترسی خۆکوژی زیاد دەکات گەر چەک لە ماڵدا هەبێت، لە ٪٦٠ ی کرداری خۆکوژی لە ئەمریکادا بەهۆی چەکەوەیە، لەبەر ئەم هۆکارە بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێت لە ماڵدا، هاوکات زۆرخۆری کردن لە دەرماندا ئەگەر پزیشک دیاری کردبێت یاخود نا، بە مەترسیی بۆ ئەنجامدانی کرداری خۆکوشتن دادەنرێت بۆ نموونە ڕەنگە گەنجان بەرچاوڕوونیان سەبارەت بە جۆرە دەرمانێک هەبێت، ئەوکات گەر بیری خۆکوژییان هەبێت، بە شاراوەیی و بەبێ ئاگاداری ماڵەوە بەکاریدەهێنن.
کچان لەکاتی خۆکوشتندا زیاتر دەرمان یاخود کەرەستەیەکی وەک چەقۆ بۆ بڕینی ئەندامی لەشیان بەکاردەهێنن جیاواز لە کوڕان کە بیردەکەنەوە و کەرەستەیەکی وردیان دەوێت کە بە زوویی مەبەستەکەیان بپێکێت.

چ جۆرە هەرزەکارێک مەترسی ئەنجامدانی خۆکوشتنی هەیە؟

گەنجان تەمەنی هەرزەکارییان بۆ قورسە چونکە دەکەونە نێوان منداڵی و قۆناغی پێگەیشتوویی، کە ئەمەش کاتی کردنی کاری شیاوە و لەهەمان کاتیشدا دەکرێت کاتی دڵەڕاوکێ و دوودڵی بێت، ورووژمی بوون بە کەسێکی کۆمەڵاتی و تاکێکی ئەکادیمی و بوون بە بەرپرسیار لەبەرامبەر شتەکاندا، کاتەکە سەختتر دەکەن.
قۆناغی هەرزەکاری قۆناغی گۆڕانکارییە جەستەیی و ئارەزوییەکانە، لەگەڵ خواستی هەبوونی پەیوەندی و پێویستی هەبوونی سەربەخۆیی و ئازادی، زۆرجاریش ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕێسایانەی کەسانی دیکە دایانناوە.
ئەو گەنجانەی باری دەروونیان گونجاو نییە و خەمۆکی و بێهیوایی و بێداری و نەخۆشی دووجەمسەرییان هەیە، زۆرتر ئەگەری ئەنجامدانی کرداری خۆکوژییان هەیە و ئەو گەنجانەی بەناو گۆڕانکاری گەورەی وەک جیابوونەوەی خێزانەکانیان، گواستنەوە لە شارێک بۆ شارێکی تر، یاخود ئەو گەنجانەی خێزانەکانیان لەیەکتر دوورن بەهۆی ئەوەی تاکێکیان خزمەتی سەربازی هەیە و هاوکات لەگەڵ گۆڕانی باری دارایی، ئەمانە مەترسی گەورەن بۆ ئەنجامدانی کرداری خۆکوژی.

نیشانە ئاگادارکەرەوەکانی خۆکوژی

خۆکوژی گەنجان زۆرجار بەهۆی ژیانێکی پڕ دڵەڕاوکێ ڕوودادەت وەک هەبوونی کێشە لە قوتابخانە، جیابوونەوەی پەیوەندییەکان و مردنی کەسانی نزیک و خۆشەویست و جیابوونەوەی دایک و باوک یاخود ڕووبەڕووبوونەوەی ئاژاوەی بەردەوامی خێزانی، ئەو گەنجانەی بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە ڕەنگە ئەم کرادارانەیان هەبێت:

  • بەگشتی باسی خۆکوشتن و مردن دەکەن.
  • بەردەوام دەڵێن ڕەنگە ڕۆژێک لەم دەورووبەرە نەمێنم.
  • باسی بێهیوایی و هەستکردن بە تاوان دەکەن.
  • لە خێزان و هاوڕێکانیان دووردەکەونەوە.
  • هۆنراوە و گۆرانی و قسەکانیان دەربارەی خۆکوژی و لەدەستدان و جیابوونەوەن.
  • لەدەستدانی ئارەزوویان بۆ کردنی ئەو چالاکییانەی پێشتر دڵخوازیان بوون.
  • کێشەی بیرکردنەوە و وردبوونەوەیان هەیە.
  • خووی خواردن و خەویان تێکدەچێت.
  • حەزیان بۆ قوتابخانە و وەرزش لەدەست دەدەن.

پێویستە لەسەر خێزانەکان چی بکەن؟ 

زۆربەی ئەو هەرزەکارانەی کە بەهۆی خۆکوشتنەوە دەمرن، لە پێشدا هەندێک ئاگادارییان داوە بە خۆشەویستانیان، بەوهۆیەوە گرنگە دایکان و باوکان ئاگاداری نیشانەکان بن تاکو ئەو یارمەتییەیان پێشکەشبکەن کە پێویستیانە، هەرچەندە هەمیشە ناتوانرێت ڕێگری بکرێت بەڵام بیرۆکەیەکی باشە بۆ یارمەتیدانی ئەو گەنجانەی لەنێو کێشەدان.
هەندێک لە پێگەیشتووان پێیان وایە کاتێک منداڵێک دەڵێت ئازاری خۆم دەدەم یان خۆم دەکوژم، گاڵتە دەکەن و بۆ ڕاکێشانی سەرنج و گرنگی پێدانی زیاتر وادەڵێن، گرنگە بزانرێت کە فەرامۆشکردنی گەنجان و گرنگی پێنەدانیان، هەلی زیانگەیاندنیان بە خۆیان زیاد دەکات.
پێویستە هاوبەشی هەستەکانیان بکرێت و پێیان بوترێت کە ئەوان تەنها نین و هەمووان خەم و ئازاریان هەبووە و هەیە، تەنانەت دایک و باوکیشیان، بەبێ بچووک کردنەوەی هەستی خەمخواردنیان دڵنیا بکرێنەوە لەوەی ئەم خەفەتە هەمیشەیی نییە و کۆتایی دێت هەروەها یارمەتیان بدرێت لە خێزان و هاوڕێکانیان دوورنەکەونەوە، باشترە گەنجان دەورووبەریان چۆل نەبێت و تەنها نەبن، بەڵام نابێت زۆریان لێ بکرێت و بە توندی ڕەتی بکەنەوە.
پێویستە وەرزش و ڕاهێنانیان بۆ پێشنیاز بکرێت چونکە چالاکییە جەستەییەکان وەک پیادەڕەوی یارمەتیدەر دەبن لە کەمکردنەوەی خەمۆکیدا و هەروەها گوێیان لێ بگیرێت سەرەڕای قسەنەکردن و دەرنەبڕینی کێشەکانیان.


سەرچاوەکان



1714 بینین