ناوهڕۆك
کچی خەیاڵ
شاعیر: شێرکۆ بێکەس
بەرهەم: تریفەی هەڵبەست
شیعر: کچی خەیاڵ
گیانە: کچەکەی خەیاڵی
جگەرگۆشەی خۆشەویستییم
ئازیز! تریفەی ساماڵی
مانگی تەنیا جوان پەرستیم
بووکی ناو کەژاوەی نیازی،
بەهاری خۆزگەی مرادم
جێ نزرگەی ڕاز و خوازی
داستانی عومری فەرهادم.
نەغمەی ڕەوانی بەستەکەی
جوانی ئافرەت و دڵداریی
تەلی تاری هەڵبەستەکەی
ئاوازی منی غەمباریی
هاودەمی شەوی تەنیایی
ئەم دڵە وێڵ و سەرسامەم
ڕابەری ڕێگەی ئاوایی
ئەم ژینە پەست و ناکامەم.
هۆگری وێردی زمانی
بەحەزی وەخت و ناوەختم
پرشنگی ئاسۆی بەیانی
هەڵهاتووی باوەشی بەختم.
گۆرانیی عومری شیرینی
بەخرۆشی «بیست ساڵانەم»!
لای لایەی وڕک و گرینی
دڵی نەختێ مناڵانەم
نەشئەی پڕ لە جۆشی گیانی
تینووی عەزرەتی ئارەزووم
گەشەی بەهاری ژیانی
ڕۆژانی ئێستە و ڕابوردووم.
سەرچاوەکان
594 بینین