نەخۆشییە باوەکانی پێست

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-11-01:30:00 - کۆدی بابەت: 7159
نەخۆشییە باوەکانی پێست

ناوه‌ڕۆك

زانیاری دەربارەی نەخۆشییە باوەکانی پێست

نەخۆشی یان ناڕێکی پێست بەزۆری لە نیشانەکان و توندییەکەیدا دەگۆڕێت، دەکرێت کاتی یان هەمیشەیی بن، وە لەوانەیە بێ ئازار یان بە ئازار بن، هەندێکیان هۆکاری تایبەتیان هەیە بەگوێرەی بارودۆخەکە، لە کاتێکدا هەندێکی تریان لەوانەیە بۆماوەیی بن، هەندێک نەخۆشی پێست سادە و بێ مەترسین وە هەندێکی تریان دەتوانن هەڕەشە لە ژیانی کەسی تووشبوو بکەن، لە کاتێکدا زۆربەی نەخۆشییەکانی پێست مەترسیدار نین، بەڵام دەشێت کەسانی تر بە کێشەیەکی جدی تر ئاماژە پێ بکەن، ئەگەر وا بیر دەکەیتەوە کە لەوانەیە یەکێک لەم کێشە باوانەی پێستت هەبێت پەیوەندی بکە بە پزیشکەکەتەوە، چەندین نەخۆشی جۆراوجۆر هەن لەسەر پێست لێرەدا ئاماژە بە باوترینیان دەدەین:

  1. زیپکە (عازەبە): بە گشتی لەسەر دەموچاو و مل و شان و سنگ و بەشی سەرەوەی پشت دەدۆزرێتەوە، لەسەر پێست دێنە دەرەوە و لە زیپکە سەر ڕەشەکان و سەر سپییەکان و پیزۆکەکان و سیکڵدانۆچکەی قووڵی بە ئازار و گڕێچکەکان پێکدێن، لەوانەیە برین بەجێ بهێڵێت یان پێست تاریک بکات ئەگەر چارەسەر نەکرێت.
  2. تامێسک (زيپكەيە كە لە دەم و لێو دێت): تلۆقێکی سوور و بە ئازار و پڕ لە شلەیە و لە نزیک دەم و لێو دەردەکەوێت، زۆر جار هەست بە کزانەوە و سووتانەوە دەکەیت لە ناوچە تووشبووەکەدا پێش ئەوەی برینەکە دەربکەوێت، هەروەها ڕەنگە هاتنەدەرەوەی ئەم جۆرە زیپکانە نیشانەکانی وەک سووکە ئەنفلۆنزا و تایەکی کەم و ئازاری جەستە و ئاوسانی شانەی لیمفە کۆئەندامی لەگەڵدابێت.
  3. تلۆق یان تلۆقە (بلۆق): تایبەتمەندی تلۆق بە ناوچەیەکی ئاودار و ڕوون و پڕ لە شلە لەسەر پێست جیادەکرێتەوە، لەوانەیە بچووکتر بێت لە 1 سانتیمەتر (سيكڵدانۆچكە) یان گەورەتر لە 1 سانتیمەتر (بڵۆق) و بەتەنیا یان بە گرووپ لە پێست دێنە دەرەوە و دەشێت لە هەر شوێنێکی جەستەدا بدۆزرێنەوە.
  4. گرمەژنە و ليركردنی پێست: بەخوڕوو و بلۆقی بەرزبووەوەن کە لە دوای بەرکەوتنی ماددەی هەستیاری لەسەر پێست دەردەکەون، بە دەستلێدان لە ناوچە تووشبوو سوورەکە هەست بە گەرمی و ئازاری کەم دەکەیت، دەکرێت بچووک و خڕ و شێوە بازنەیی یان گەورە و شێوە هەڕەمەکی بێت.
  5. کارای کیراتۆز (پێست شاخاندن): بە شێوەیەکی ئاسایی لە 2 سانتیمەتر کەمترە، یان بە قەبارەی ئەو سڕەرەیە کە بە بەشی کۆتایی پێنووسی دارەوەیە، پێستی ئەم جۆرە تووشبووانە ئەستوور و پوولەکەییە یان زبر و پەڵەدارە، لەسەر ئەو بەشانەی لەش دەردەکەوێت کە بەرکەوتنێکی زۆری لەگەڵ تیشکی خۆر هەیە (دەستەکان و باڵەکان و دەموچاو و پێستی سەر و مل)، زۆرجار ڕەنگی پێست پەمەییە بەڵام دەشێت بەشی ژێرەوەی پێستەکە ڕەنگی قاوەیی یان زەردێکی قاوەییباو یان خۆڵەمێشی بێت.
  6. سوورباو یان عازەبەیی پەمەیی: نەخۆشییەکی درێژخایەنی پێستە و تووشبووەکە دووچاری سووڕی پووکانەوە و دووبارە گەڕانەوەی نەخۆشییەکەدا دەبێتەوە، ڕەنگە دووبارە گەڕانەوەی نەخۆشییەکە بەهۆی خواردنە تیژەکان و خواردنەوە کحولییەکان و تیشکی خۆر و گووشار و بەکتریای جۆری هێلیکۆباکتەر پایلۆریەوە چالاک بێتەوە، چوار جۆری لاوەکی سوورباوە هەیە کە کۆمەڵێک نیشانەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، نیشانە باوەکان بریتین لە سووربوونەوەی ڕوومەتەکان و دەرهاتنی بلۆقی سوور و سووربوونی دەموچاو و وشکی پێست و هەستیاری پێست.
  7. دوومەڵ: لوویەکی سوور و ئازاربەخش و بێزارکەرە و لەژێر پێستدا دروست دەبێت، لەوانەیە تاو و ئازاری جەستە و ماندوویەتی لەگەڵ بێت، دەتوانێت ببێتە هۆی توێ‌توێ‌بوونی پێست یان تەقینی پێست و ئاو هاتنەدەرەوە لێی.
  8. هەستیاری بە لاتێکس: هەستیاری پێست لەوانەیە لە ماوەی چەند خولەکێک بۆ چەند کاتژمێرێک دوای بەرکەوتنی بەرهەمی لاتێکس ڕوو بدات، لیرە سوور و گەرم و بەئێشەکان لە شوێنی بەرکەوتەکە لەوانەیە ڕووخسارێکی وشک و بە توێژاڵ داگیر بکەن لەگەڵ بەرکەوتنی بەردەوام بۆ لاتێکس، لەوانەیە گەردیلە هەواییەکانی لاتێکس ببێتە هۆی کۆکە و ئاو هاتنەخوارەوە بە لووت و پژمین و بەخوڕوو و فرمێسک هاتنەدەرەوە لە چاو، هەستیاری توند بە لاتێکس دەێت ببێتە هۆی ئاوسان و سەختی هەناسەدان.
  9. ئەگزيما: پەڵەی زەرد یان سپی تووێژاڵگرتوو لەسەر پێست جێدەهێڵێت، ناوچە تووشبووەکه لەوانەیە سوور بێتەوە و بەخوڕوو چەور بێت، لەگەڵ هەستیارییەکەدا لەوانەیە ڕووتانەوەی قژ لە ناوچەکەدا رووبدات.
  10. دەردە سەدەفی: بە دروست بوونی پەڵەی پوولەکەیی و زیویی ئەستوور لەسەر پێستی تووشبووەکە دەناسرێتەوە، بە گشتی لە سەر پێستی سەر و ئانیشک و ئەژنۆ و بەشی خوارەوەی پشت دەردەکەون، دەشێت بەخوڕوو و بێ نیشانه بێت.
  11. خانەئاوسێ (ئاوسانی خانەیی): بەهۆی بەکتریا یان کەڕووەوە لە ڕێگەی تەقین یان بڕینەوە دەچنە ناو پێستەوە، پێستە سوور و بە ئازار و ئاوساوەکە بە یان بەبێ تەقین و ئاو هاتنەدەرەوە لێی بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، لە کاتی دەستدان لە ناوچەی تووشبوو هەست بە گەرم و نەرم و شلییەکەی دەکەیت، تاو و هەڵلەرزین و هێڵی سوور کە بەهۆی لیرەکەوە دروست دەبێت لەوانەیە نیشانەی هەوکردنێکی مەترسیدار بێت کە پێویستی بە چاودێری پزیشکی هەیە.
  12. سوورێژە: نیشانەکان بریتین لە تاو و قوڕگ ئێشە و سووربوونەوە و فرمێسک هاتنەخوارەوە بە چاودا، لە دەستدانی ئیشتیهای خواردن و کۆکە و ئاو هاتنەخوارەوە بە لووتدا، لیری سوور لە دەموچاوەوە بۆ خوارەوەی جەستەی کەسی تووشبوو بڵاودەبێتەوە سێ تا پێنج ڕۆژ دوای دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکان، خاڵە سوورە بچووکەکان بە پەڵەی شین و سپی لە ناو دەمدا دەردەکەون.
  13. لووی شێرپەنجەی خانەی بنکی: ناوچە بەرزبووەوەی و جێگیر و زەرد هەڵگەڕاون کە لەوانەیە لە برینێک بچێت، ناوچە تووشبووەکە بە شێوەیەک دەرپەڕیووە و ڕەنگی پەمەیی یان سوور و بریسکەدارە و لە هەرمێ دەچێت کە لەوانەیە ناوەندێکی نوقمبوویان هەبێت، وەک دەمی گڕکان، دەرکەوتنی خوێنبەرەکان لەسەر ناوچە گەشەسەندووەکە، خوێنبەربوونی ئاسان یان تەقینی برینەکە و هاتنەدەرەوەی ئاو لێی کە لەوە ناچێت ساڕێژ بێت یان ساڕێژ دەبێت و دواتر دووبارە دەردەکەوێتەوە.
  14. لووی شێرپەنجەی خانەی پووڵەکەڕێز یان پووڵەکەدار: زۆر جار لەو ناوچانەدا ڕوودەدات کە بەر تیشکدانەوەی ژووربنەوشەیی دەکەون، وەک دەموچاو و گوێچکە و پشتەوەی دەستەکان، پەڵەیەکی سووری پووڵەکەیی پێست گەشە دەکات بۆ بلۆقێکی دەرپەڕیوو کە بەردەوام گەشە دەکات، گەشەکردنی ئەم بلۆقە بە ئاسانی خوێنی لێ دێت و چاک نابێتەوە یان چاک دەبێتەوە و دواتر دووبارە دەردەکەوێتەوە.
  15. ڕەشۆما (لوو یان تۆمۆرێ لەسەر پێست): ترسناکترین جۆری شێرپەنجەی پێستە و زیاتر لەو کەسانەی کە ڕەنگی پێستیان کاڵە باوە، خاڵ لە هەر شوێنێکی جەستەدا دەردەکەوێت و لێواری ناڕێکی هەیە، شێوەی ناڕێک و لارە هەروەها بە چەند ڕەنگێک لەسەر پێست دەردەکەون، ڕەنگی خاڵەکە دەگۆڕێت یان بە درێژایی کات گەورەتر دەبێت، زۆربەی کات ئەم خاڵە گەورەترە لەو سڕەرەی کە بە بەشی کۆتایی پێنووسی دارەوەیە.
  16. گورگە یان سیلی پێست: نیشانەکان بریتین لە ماندوبوون و سەرئێشە و تاو و هەڵئاوسان یان ئازاری جومگەکان، لیرەیەکی پووڵەکەیی شێوە پەپکەیی پێستە کە ئاڵۆشی نییە و ناخوڕێت و ئازاریشی نییه، پەڵە سوورە پووڵەکەییەکان یان شێوە بازنەییەکان لەسەر شانەکان و باسک و مل و بەشی سەرەوەی قەدی مرۆڤدا دەردەکەون، هەروەها ناوچەی تووشبوو بە بەرکەوتنی تیشکی خۆر خراپتر دەبێت، لیری سووری گەرم بە سەر ڕوومەتەکان و ئێسقانەی لووتدا بڵاو دەبێتەوە وەکو باڵەکانی پەپوولە، هەروەها تیشکی خۆر بارودۆخەکە خراپتر دەبێت.
  17. هەوکردنی پێست: تووشبوو لە ماوەی چەند کاتژمێرێک بۆ چەند ڕۆژێک دوای بەرکەوتەی لەگەڵ ماددەی هەستیاری دەردەکەوێت، لیرەکه سنورێکی دیاری هەیە و لە کاتی بەرکەوتەی ئەو ماددانەی کە دەبنە هۆی هەستیاری لەسەر پێست‌ دەردەکەوێت، پێست ئاڵۆشی هەیە و دەخوڕێت و سوور دەبێتەوە، هەروەها  پووڵەکەییە یان کێم دەکات و ئازاری هەیە، بلۆقەکان ئاویان لێ دێتە دەرەوە یان وشک دەبن.
  18. بەڵەکی: کەمی یان نەبوونی ماددەی ڕەنگی لە پێستدا لە ئەنجامی لەناوچوونی خۆپارێزی خانەکانەوەیە کە ڕەنگەکەی دەدات بە پێست، شێوازی تیشکۆیی لەدەستدانی ڕەنگی پێستە لە چەند ناوچەیەکی کەم کە لەوانەیە لەگەڵ یەکتر تێکەڵ ببن، شێوازی بڕی کە کەمکردنەوە یان لابردنی ڕەنگی پێستە لە لایەکی جەستەدا، ڕەنگی پێستی سەر خۆڵەمێشییەکی کاڵە یان ڕووە تووشبووەکە مووی لێ دێتە دەرەوە.
  19. بالووکە: بەهۆی چەندین جۆری جیاوازی ڤایرۆسەوە تووشی مرۆڤ دەبێت کە ناوی ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤە (HPV)، لەوانەیە لەسەر پێست یان پەردەی لینجی بدۆزرێنەوە، دەشێت بە تاک یان بە کۆمەڵەکان لەسەر ڕووە تووشبووەکە دەربکەون، تەشەنە دەکەن و دەکرێت بۆ ئەوانی تریش بگوازرێنەوە.
  20. دڕكە و مێكوتە (ئاوڵەی ئاو): کۆمەڵە بلۆقە سوورە بەخوڕووەکان کە پڕ لە شلەن و لە قۆناغە جیاوازەکانی چاکبوونەوە لە سەرانسەری جەستەدا دەردەکەون، لیرەکە تاو و ئازاری جەستە و قوڕگ ئێشە و لە دەستدانی ئیشتیهای خواردنی لەگەڵدایە، تەشەنە دەکەن تا ئەو کاتەی کە هەموو بلۆقەکان بڵاو دەبنەوە بە پێستدا.
  21. ئەگزیمای چەوری: پەڵەی پوولەکەیی زەرد یان سپی لەسەر پێست جێدەهێڵێت، ناوچەی تووشبوو لەوانەیە سوور بێتەوە و بەخوڕوو و چەور بێت، لەوانەیە قژ هەڵوەرین و لیر لە ناوچە تووشبووەکە ڕووبدات.
  22. مێکوتە یان هاوڵە مریشکانە: حاڵەتێکی پێستی باوە و زۆر جار لەسەر قۆڵ و قاچەکان دەردەکەوێت، بەڵام لەوانەیە لەسەر دەموچاو و هەردوو سمت و قەدیش دەربێت، ئەو زۆر جار لە تەمەنی 30 ساڵیدا بەخۆی نامێنێت، پەڵەکانی پێست کە کەندوکۆسپاوی دەردەکەون ڕەنگیان مەیلەو سوورە و هەست بە زبریەکەیان دەکەیت، لەوانەیە لە کەشوهەوای وشکدا خراپتر بێت.
  23. هەڵزڵەپینی پێست: لیری پووڵەکەیی شێوە بازنەیین بە کەناری بەرزبووەوە، پێستی ناوەڕاستی بازنەکە ڕوون و تەندروست دیارە و ڕەنگە لێواری بازنەکه بەرەو دەرەوە بڵاوبێتەوە و بەخورووە.
  24. پەڵە: حاڵەتێکی پێستی باوە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی پەڵە تاریکەکان لەسەر دەموچاو و بە دەگمەن لەسەر مل و سنگ یان بازوەکان دەردەکەون، زیاتر لە ئافرەتی دووگیان و ئەو تاکانەی کە ڕەنگی پێستیان تۆخە و هەروەها ئەو کەسانەشی کە بەرکەوتنی زۆریان لەگەڵ تیشکی خۆر هەیە باوە، هیچ نیشانەیەکی تر نییە جگە لە گۆڕینی پێست، لەوانەیە لە ماوەی ساڵێکدا بە خودی خۆی بێسەروشوێن بێت یان ببێتە هەمیشەیی و لەسەر پێست بمێنێتەوە.
  25. ئاگرە یان بیرۆ (زەردەبرین): لە منداڵان و منداڵی ساوادا باوە، لیرەکە زۆرجار لەدەوری دەم و چەناگە و لووتدا دەدۆزرێنەوە، ئەم لیرانە دەبنەهۆی سووربوونەوە و هەوکردن، هەروەها بلۆقەکان پڕ لە شلەن و بە ئاسانی دەتەقنەوە و توێکێکی ڕەنگ مەیلەو هەنگوینی پێکدێنن.

نەخۆشییه کاتییەکانی پێست

زۆر نەخۆشی کاتی پێست هەن، لەوانە هەستیاری بە لاتێکس و مێکوتە یان هاوڵە مریشکانە.

هەستیاری بە لاتێکس: هەستیاری بە لاتێکس یەکێکە لە باوترین نەخۆشییە پیشەییەکان، نەخۆشییەکه زۆرجار لە ئەنجامی پەیوەندی لەگەڵ ماددە کیمیاییەکان یان ئەو ماددانەی تردایە کە دەبنە هۆی هەستیاری، ئەم ماددانە دەتوانن ببنە هۆی کارلێککردنێک کە دەبێتە هۆی بەخوڕووی و سوربوونەوە و هەوکردنی پێست، زۆربەی حاڵەتەکانی هەستیاری بە لاتێکس توند نین، بەڵام لەوانەیە ئاڵۆشاوی و بەخوڕوو بێت، بەکارهێنانی کرێم بۆ ناوچە تووشبووەکە و خۆلادان لەو ماددانەی کە دەبنە هۆی هەستیاری چارەسەرێکی سروشتین.

مێکوتە یان هاوڵە مریشکانە: مێکوتە یان هاوڵە مریشکانە حاڵەتێکی لاوەکییە و مەترسیدار نییە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی بلۆقی بچووک و زبر لەسەر پێست، ئەم بلۆقانه بە شێوەیەکی ئاسایی لە بەشی سەرەوەی باڵەکان و رانەکان یان ڕوومەتەکان دروست دەبن، بەشێوەیەکی ئاسایی ڕەنگی ئەم بلۆقانه سوور یان سپین و ئازاریان نییە و بەخورووش نین، هەروەها پێویستی بە چارەسەرکردن نییە، بەڵام کرێمی چارەسەری پزیشکی دەتوانێت ڕووکەشی پێستە تووشبووەکە باشتر بکات.

نەخۆشییە هەمیشەییەکانی پێست

هەندێک نەخۆشی پێستی درێژخایەن لە کاتی لەدایکبوونەوە هەن، لە کاتێکدا هەندێکی تر لەم نەخۆشییە هەمیشەییانە لەناکاو دواتر لە ژیاندا دەردەکەون، هەمیشە هۆکاری ئەو نەخۆشییانە نازانرێت، زۆر لە نەخۆشییە هەمیشەییەکانی پێست چارەسەرێکی کاریگەریان هەیە کە دەتوانرێت لە ماوەیەکی دوور و درێژدا نیشانەکانی نەخۆشییەکە سووک بکاتەوە، هەرچەندە ئەم نەخۆشییە هەمیشەییانە چارەسەر ناکرێن و دەشێت نیشانەکان دووبارە لە هەرکاتێکدا بێت دەربکەونەوە، نموونەکانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی پێست بریتین لە:

  1. دڕکە، سووڕێ، یان گوڵێ: کە بە بلۆقە سوورە بچووکە پڕ لە کێمەکان دەناسرێنەوە و لەسەر دەموچاو دەردەکەون.
  2. دەردە سەدەف: دەبێتە هۆی پەڵەی پووڵەکەیی و خوروو، وە وشکبوونەوەی ناوچە تووشبووەکە.
  3. بەڵەکی: دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی گەورە و ناڕێک لەسەر پێست.

نەخۆشییەکانی پێست لە منداڵاندا

نەخۆشییەکانی پێست لە منداڵاندا باون، دەشێت منداڵان وەکو کەسانی گەورە و پێگەشتوو تووشی زۆر جۆری هەمان نەخۆشییە پێستییەکان ببن، منداڵانی ساوا و منداڵانی پێڕەوکه "ئەو منداڵانەی پێیان گرتووە" بەتایبەتی بەهۆی دایبییەوە مەترسی کێشەکانی پێستیان لەسەرە، هەروەها لەبەر ئەوەی منداڵان زۆر جار بەرکەوتەیان لەگەڵ منداڵانی تر و میکرۆبدا هەیە بۆیە لەوانەیە تووشی جۆرە نەخۆشییەکی پێست ببن کە بە دەگمەن تووشی گەورەکان دەبێت، زۆربەی کێشەکانی پێستی منداڵی بە تێپەڕبوونی کات نامێنن، بەڵام دەشێت منداڵانیش لە باوانیانەوە نەخۆشییە هەمیشەییەکانی پێستیان بە بۆماوەیی بۆ بمێنێتەوە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پزیشکەکان دەتوانن چارەسەری نەخۆشییە پێستییەکانی منداڵان بکەن بە کرێمی تایبەت بە پێستە تووشبووەکە و پێست نەرمکەرەوەی پزیشکی یان بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکه.

نەخۆشییە باوەکانی پێست لە منداڵاندا

نەخۆشییە باوەکانی پێست لە منداڵاندا بریتین لە: ئەگزیما، دروستبوونی لیر بەهۆی سووتانەوەی کۆئەندامی زاوزێی منداڵ، هەوکردنی پێست، ئاوڵەی ئاو یان ئاوڵەی مریشک، سوورێژە، بالووکە، زیپکە، سووربوونەوە، گەرمەژنە و لیرکردنی پێست، هەڵزڵەپینی پێست، دەرکەوتنی لیرەکان بەهۆی تووشبوون بە بەکتریا یان کەڕوو، لیر بەهۆی کارلێکە هەستیارییەکانەوە.

نیشانەکانی نەخۆشییەکانی پێست

نەخۆشییەکانی پێست کۆمەڵێک نیشانەی هەمەجۆریان هەیە، ئەو نیشانانەی کە لەسەر پێست دەردەکەون بەهۆی کێشەی ناتایبەتەوەن، هەمیشە لە ئەنجامی نەخۆشییەکانی پێست نین، ئەم نیشانانە دەشێت تلۆقەکانیش بگرێتەوە کە لە ئەنجامی لەپێکرنی پێڵاوی نوێوە دروست دەبن یان پێست هەڵماڵین بەهۆی پانتۆڵی تەسکەوە لەخۆ بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەکانی پێست کە هیچ هۆکارێکی ئاشکرایان نییە لەوانەیە دەرخەری حاڵەتێکی راستەقینەی پێست بێت کە پێویستی بە چارەسەر هەیە.

ناڕێکییەکانی پێست

 ناڕێکییەکانی پێست کە زۆربەی کات نیشانەی نەخۆشییەکانی پێستن بریتین لە:

  1. بەرزبوونەوەی بلۆق کە ڕەنگیان سوور یان سپییە.
  2. لیر کە دەکرێت بە ئازار یان بەخوروو بێت.
  3. پووڵەکەیی یان زبربوونی پێست.
  4. لێبوونەوەی توێکڵی پێست.
  5. برین.
  6. برینی کراوە یان بە ئازار.
  7. وشکبوونەوە یان تەقینی پێست.
  8. گۆڕانی ڕەنگی پێست.
  9. گەورەبوونی بلۆق یان بالووکە یان هەر شتێکی گەشەکردووی سەر پێست.
  10. گۆڕانکاریەکان لە ڕەنگ یان قەبارەی خاڵی پێست.
  11. لە دەست دانی ڕەنگی پێست.
  12. سوورهەڵگەڕانی پێست بە شێوەیەکی نائاسایی.


سەرچاوەکان

2832 بینین