شا عەبدوڵڵای دووەمی کوڕی حسێن 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-13-14:34:00 - کۆدی بابەت: 7182
شا عەبدوڵڵای دووەمی کوڕی حسێن 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

شا عەبدوڵڵای دووەمی کوڕی حسێن دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای وڵاتی ئوردن لە ساڵی 1962 لە عەمانی پایتەختی ئوردن لەدایکبووە، کوڕە گەورە و جێگرەوەی شا حسێنی کوڕی تەڵاڵ بووە، لە منداڵییەوە گرنگی بە خوێندنی دراوە، قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنی هەر لە ئوردن خوێندووە، پاشان لە ئەکادیمیای دیرفیلد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زانکۆی جۆرجتاون لە واشنتۆن قۆناغی زانکۆی خوێندووە و پلەی ماجستێری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، بەهۆی پێگەی گرنگی وەکوو جێگرەوەی شا، بایەخ دراوە بە بەرەوپێشبردنی لایەنی سەربازی، لە وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا پسپۆڕییە سەربازییەکانی خوێندووە، لە نێوان ساڵانی 1989 بۆ 1994 چەند پلە و پۆستێکی سەربازی گرنگی وڵاتی ئوردنی وەرگرتووە لەوانە فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی شاهانە بە پلەی لیوا ڕوکن، هەموو هێزە سەربازییەکانی ڕێک کردووەتەوە.

سەردەمی دەسەڵات و حوکومڕانی لە وڵاتی ئوردن

ـ وەرگرتنی دەسەڵات: لە ساڵی 1999 لە پاش مردنی شا حسێنی کۆڕی تەڵاڵ، شا عەبدوڵڵا دەسەڵات و فەرمانڕەوایی ئوردنی گرتووەتە دەست.
ـ کەسایەتی شا عەبدوڵڵا: کەسایەتی بە جۆرێک ناسراوە بە شێوەیەک وڵاتی بەڕێوەدەبات کە ئاسایشی نیشتمانی پارێزراوە، هەروەها ڕۆڵی گرنگی هەیە لە چەسپاندن و پەیڕەوەکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی فرەئاینی و ئاینە جیاوازەکان، دژی شەڕە و کەسێکی ئاشتیخوازە، لە ساڵی 2016 و و 2018 وەکوو کاریگەرترین کەسایەتی ئیسلامی دیاریکراوە.
ـ بارودۆخی ئوردن لە سەردەمی دەسەڵاتی: تا ڕادەیەکی باش ئابووری ئوردنی بەرەوپێش بردووە، بەڵام لە ساڵی 2008 ئوردن دووچاری قەیران بووەتەوە و زەبرێکی زۆری بەرکەوت و گرانییەکی زۆر ڕووی لە ئوردن کرد، و  هەروەها تا ڕادەیەک ئازادییەکان سنوردارە و چەند جارێک هەوڵی کودەتا دراوە، بەڵام پووچەڵکراوەتەوە.
ـ بارودۆخی سیاسی: بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبی، لە ساتی سەرهەڵدانی هەڵدانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی عەرەبی لە کاتی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، دەسەڵاتدارانی وڵاتی ئوردن چەند چاکسازییەکی گرنگیان ئەنجام دا، هەروەها چەند گۆڕانکارییەکیان لە دەستووری ئوردنی کرد.
ـ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تردا: پاشای ئوردن بەگشتی خاوەنی دەسەڵاتێکی فراوانە و لە سەرەتای فەرمانڕەواییەکەیدا هەوڵی داوە پەیوەندی ئوردن لەگەڵ هەندێک وڵات ئاسایی بکاتەوە کە بەهۆی جەنگی کەنداوی ساڵی 1990ەوە پەیوەندییەکانی ئوردن تێکچوو بوو.
ـ دەستێوەردانی ئوردن لە جەنگەکان: وڵاتی ئوردن لە جەنگی ناوخۆی سوریا و شەڕی ناوخۆی یەمەن و شەڕی ناوخۆی لیبیادا بەهۆکاری جۆراوجۆر دەستیوەردانی کردووە و سەربازی بەکارهێناوە لەو وڵاتانە. 

باری خێزانی

لە ساڵی 1993 هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێک بە ناوی ڕانیا عەبدوڵڵا کردووە، بوونەتە خاوەنی چوار منداڵ بە ناوەکانی: ئەمیرە و ئیمان و سەلما و هاشم و حسێن کە حسێن وەکوو جێگرەوەی باوکی دەستنیشان کراوە. 


سەرچاوەکان



419 بینین