عەبدولڕەحمان عارف

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-21-20:06:00 - کۆدی بابەت: 7238
عەبدولڕەحمان عارف

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

عەبدولڕەحمان عارف (بە عەرەبی: عبدالرحمن عارف) سێیەمین سەرکۆماری عێراق، سەردەمی دەسەڵاتی دوو ساڵی خایاندووە و لە دوای کۆچی دوایی عەبدولسەلام عارفی برایەوە دەسەڵاتی عێراقی وەرگرتووە، ناوی تەواوی عەبدولڕەحمان محەمەد عارفە و لە ساڵی 1916 لە شاری بەغداد لەدایکبووە، خێزانەکەی لە بازرگانی کوتاڵ و بەرگدووری کاریان کردووە، باپیری شێخێکی ناوداری خێڵی جومەیلی بووە و خاڵێشی "شێخ زاڕی ئەلمحموود" بووە کە سەرکردەی شۆڕشی ساڵی 1920 دژی داگیرکاری بەریتانیا بووە، برا گەورەی عەبدولسەلام عارف بووە کە لە نێوان ساڵانی 1963 بۆ 1966دا سەرکۆماری عێراق بووە، عەبدولڕەحمان قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە بەغداد تەواو کردووە و ساڵی 1939 لە کۆلێجی سەربازی لە عێراق بە پلەی ئەفسەر دەرچووە، لە هێزە چەکدارەکان سەربازیی کردووە بەردەوام بووە لە خزمەتکردن تا ئەو کاتەی لە ساڵی 1962 لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم خانەنشین بووە، وەکوو ئەفسەر بەشداریی لە کودەتای 14ی تەمموزی ساڵی 1958 کردووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولسەلام عارفی برای تاکوو ساڵی 1966 پۆست و ئەرکی سەرکردایەتیکردنی سووپای عێراقی وەرگرتووە.

وەرگرتنی دەسەڵاتی عێراق

لە پاش گڕگرتنی فڕۆکە تایبەتییەکەی عەبدولسەلام عارفی برای، لەوکاتەدا عەبدولڕەحمان وەکوو سەرۆکی ئەرکانی سووپا لە شاری مۆسکۆ لە سەردانێکی فەرمیدا بوو بۆ تەواوکردنی ڕێکەوتنێکی فەرمی بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی، بەڵام دوای بیستنی هەواڵی مردنی براکەی ڕاستەوخۆ گەڕایەوە بۆ عێراق، کە بارودۆخی سیاسی عێراق پشێوی و ئاڵۆزی تێکەوتبوو، سەروەزیرانی ئەوکاتە "عەبدولڕەحمان بەزاز" بۆ جێگرەوەی سەرۆک دەستنیشان کرا، بەڵام هێزی سەربازی ڕەتیانکردەوە، عەبدولڕەحمان عارفیان قایل کرد کە خۆی بەربژێر بکات و پشتیوانی خۆیانیان بۆی مسۆگەر کرد، بەڵام ئەو پشتگیرییە یارمەتیدەر نەبوو چوونکە لە دەنگدانەکەدا ئەلبەزاز سەرکەوتوو بوو، فشارەکانی هێزی سووپا عەبدولڕەحمان عارفیان بۆ ئەو پۆستە پەسەند کرد، ڕکابەرەکەشی "ئەلبەزاز" هەر لە پۆستی سەروەزیران مایەوە، بەو جۆرە عەبدولڕەحمان عارف لە 17ی نیسانی ساڵی 1966 وەکوو سێیەمین سەرکۆماری عێراق هەڵبژێردرا.

کەسایەتی عەبدولڕەحمان عارف

کەسایەتییەکی هێمن و لەسەرخۆ بووە، لە کودەتا و ڕووداوە سیاسییەکانی عێراق وەکوو سەربازێکی سادە ڕۆڵێکی کەمی هەبووە، سەرەڕای ئەوەی کەسێکی سەرباز بووە و لەو بوارەدا لێهاتوو بووە، بەڵام هیچ ئینتیما و مەیلێکی توندڕەویی و شەڕانگێزیی تێدا نەبووە، کەسێکی ئاشتیخواز بووە و هەمیشە درووشمی لێبووردەیی هەبووە تەنانەت لەگەڵ نەیاران و دووژمنانیشی، هەر ئەو لێبووردەییە لە ڕادەبەدەر و بێسنوورەی خاڵی لاوازیی بووە و هۆکاری لە کارخستنی دەسەڵاتەکەی بوو لەلایەن بەعسییەکانەوە.

عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف

ـ دۆخی سیاسی عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف لە سەر ئاستی ناوەکی و دەرکی تا ڕادەیەک ئارام و جێگیر بووە.
ـ لە ماوەی دوو ساڵی دەسەڵاتیدا واژووی لەسەر هیچ بڕیارێکی لەسێدارەدان نەکردووە.
ـ کاری کرد بۆ پێدانی مافی کەمینەکانی عێراق، نموونەی هەوڵە چاکسازییەکانی لەگەڵ کورددا، کە کاری کردووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی کورد لەو سەردەمەدا و سەردانی مەلا مستەفای بارزانی کردووە کە هەنگاوێکی بێوێنە بووە و پێشتر هیچ سەرۆکێک ئەم کارەی ئەنجام نەدابوو.
ـ بڕیارێکی دەرکرد بە ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی ئەو کاتەی وڵات.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا چالاکتر و کاراتر بووە و لە لوتکەدا بووە، نموونەی وڵاتی ئوردن و ئێران، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێزی هەبووە لەگەڵ سەرۆکی میسڕ جەمال عەبدوولناسڕ کە هەمیشە پاڵپشتی خۆی بۆ دووپاتکردووەتەوە. 

دوورخستنەوەی لە دەسەڵات و کودەتای بەعسییەکان 

گروپێک لە ئەفسەران و سیاسەتمەدارانی حیزبی بەعس لە 17ی تەمموزی ساڵی 1968دا کۆتاییان بە فەرمانڕەوایی عەبدولڕەحمان عارف هێنا، دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر کۆشکەکەی و ناچاریان کرد لە بەرامبەر دەستەبەرکردنی سەلامەتی خۆی و خێزانەکەیدا واز لە دەسەڵات و پۆستەکەی بهێنێت لە جێی ئەو ئەحمەد حەسەن بەکریان دانا و پاشان دوورخرایەوە بۆ ئیستەنبووڵ، لە کاتی ئەنجامدانی کودەتاکە عەبدولڕەحمان عارف هیچ هێزێکی سەربازی دژی بەعسییەکان بەکارنەهێناوە و بە هێمنی وازی لە پۆستەکەی هێناوە، لە سەرەتای هەشتاکاندا سەدام حسێن ڕێگای پێدا کە بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، لە ماوەی مانەوەی لە عێراقدا بەشداری هیچ چالاکییەکی سیاسی نەکردووە و ژیانێکی ئاسایی و سادە ژیاوە، هیچ لێدوان و ڕاوبۆچوونێکی لەسەر هیچ بابەتێکی ڕۆژ نەداوە، لە ساڵی 2003 لەدوای داگیرکاری ئەمریکا بۆ عێراق کۆچی بۆ وڵاتی ئوردن کرد و هەر لەوێ مایەوە تاکوو کۆچی دوایی کرد. 

باری خێزانی 

عەبدولڕەحمان عارف هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێک کرودووە بە ناوی فائیقە عەبدولمەجید فارس ئەلعانی، دوو کوڕیان هەبووە بە ناوەکانی قەیس کوڕە گەورەی ئەفسەری هێزی دەریایی سووپای عێراق بووە کە لە ساڵی 2021 بەهۆی کۆرۆناوە کۆچی دوایی کردووە، خاوەن کوڕێکی دیکەیش بووە بە ناوی نەبیل کە لە ساڵی ڕابردوودا کۆچی دوایی کردووە.

کۆچی دوایی

عەبدولڕەحمان عارف لە ڕۆژی 24ی ئابی 2007 لە عەممانی پایتەختی ئوردن کۆچی دوایی کردووە، لە دوای لە مەراسیمێکی گونجاو و شایستەدا لە گۆڕستانی شەهیدانی سووپای عێراق لە ناوگتگەی مەفراق لە ئوردن بەخاک سپێردراوە. 


سەرچاوەکان



1227 بینین